ئامێرناسیی مۆسیقا – بەشی 3 (دەف)

هاوار هەورامان

 

دەف(دەفە)

_ ئەم ئامێرە بە ناوەکانی دەف، دەفە، عارەبانە، دایرە(دەفەی بچووک) دەناسرێ.

_ یەکێکە لە ئامێرە زەربیەکانی(ریتمیەکانی) مۆسیقای کوردییه. به ئەندازەی جۆراوجۆر دروست دەکرێ و خاوەن کەمەیەکی دارینە که بە پێست  دادەپۆشرێ.

                      دەفەی گەورە و چکووله

 

_ لە لای ژوورەوەی کەمەکە قولاپ و ئاڵقەی لێ دەدرێ.

_ بە هەردوو دەست و سەری پەنجەکان دەژەندرێ.

لەموسیقای کوردی ئێزەدی و تەریقەتی قادری و به گشتی له مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیدا  کەڵکی لێ وەردەگیرێ.

_ ئامێری دەف لە ئەم بەشانە دروست بووە:

 کەمه، پێست، ئاڵقە، قولاپ، بزماری سەرپان

 

 

کەمە

_ لە دارەکانی گوێز، بی(شۆڕه بی، چەوره بی، سوورە بی)، چنار(سپیدار)، هەنجیر، دروست دەکرێ. لەمرۆدا بە داری ڕووسی و داری سەنعەتییش دروست دەکرێ که بۆ فێر بوون و ڕاهێنان کەڵکی هەیه.

_ پانیی کەمە لە  نێوان ٤ هەتا ٨سانت دا جیاوازە.

_ لە سەر لێواری کەمە چاڵێک بە مەبەستی ڕاگرتنی ئامێر لە کاتی ژەنین دا چاک دەکرێ. ژەنیار بۆ ڕاگرتنی ئامێرەکە پەنجەی گەورەی دەستی چەپی خۆی لەوێ  دادەنێ و دەفەکەی پێ ڕادەگرێ.

                  جێگەی دانانی قامکی گەورەی دەست

 

_ کەمەی دەف لە سەر بنەمای توانا وشارەزاییی وەستای ئامیرساز بە شێوەی یەک کەمە و دوو کەمە و سێ کەمە دروست دەکرێ.

_ دوو کەمە و سێ کەمه به چەسپی دار یان سرێش بە یەکەوە دەلکێندرێ. ئەستووریی هەرکەمە لە نێوانی یەک و نیو هەتا چوار سانتدایە.

_ ژەنیارانی بە ئەزموون و شارەزا، دەفی یەک کەمەیان پێ باشترە.

_ کەمە پێویستە بە شێوەیەکی باش دروست بکرێ و قایم بێ؛ هەروەها پێویسته چەمانەوە و قەوسی کەمە، بازنەیی و خڕ بێ و لار و گێڕ نەبێ.

 _ بەری ژوورەوە‌ی کەمه پەخ دەکرێتەوە، هەتاکووئاوازەی بێ، واتە دەنگ بداتەوە و دەنگی دەفەکە لە کاتی ژەنیندا کپ نەبێ.

 

پێست(چەرم)

_ پێستی مامز، مەڕ، کاوڕ، بزن، گیسک خۆش دەکرێ و لەپاشان بەسەر کەمەدا دەگیرێ.

_ خۆش کردنی پێست بە سێ شێوازە کە بریتین لە:

خۆشکردنی پێست بە "دۆ و پنگە"

خۆشکردن بە شێوەی "لەبەر تاو دانان و بۆگەنکردن"

خۆشکردنی پێست بە "ئاهەک"

لەهەر سێ شێوازدا خوری و موو لە پێست دادەماڵدرێ و پێست ئامادەی تێگرتنە.

_ ئەستووری و تەنکیی پێست لەسەر گڕ(بەم) بوون و تیژ(زیل) بوونی دەنگ کاریگەرە.

پێست

_ باریکی و پانیی کەمە هەروەها کێشانی زۆر(توندی) و کەمی(شلی) پێست لە کاتی تێگرتندا، هۆکاری زیلی و بەمیی دەنگی ئامێرەکەیە.

_ پێست بە سەر ڕووی کەمەدا دەگیرێ و چەسپ یان سرێش لە نێوان پێست و داری کەمە دەدرێ.

_ له ئەمرۆکە‌دا بە جێگای پێست لە دەلقیش کەڵک وەردەگیرێ. بە یارمەتیی ئامێری نوێ کە "پێست کێشی" پێ دەگوترێ، دەڵق کە جنسی نایلۆنە بە سەر کەمەدا دەگیرێ

  

                  دەفەی‌دەڵق   

 

ئەم جۆره کەمەیه شێوەی نویێ کەمەی دەفەیه و بۆ هەر دو جۆری پێست ودەڵق کەڵکی لێ وەردەگیرێ.

قولاپ

_ قولاپ لە ئاسن، مس یان مادەیەکی کانزایی دروست دەکرێ و لە دیوی ژوورەوەی کەمە لە سەر دیواری کەمە بە میانەی یەکسان و بە قەد یەک دادەکوترێ.

_ بە ئەندازەی سێ میلی مەتر نووکی قولاپەکان لە دیوی ژوورەوەی کەمە دادەکوترێ.

لە ڕابردوودا قولاپەکان لەو بەری کەمەی دەفەکەوە دەهاتنە دەرێ و دەچەمێنرانەوە.

قولاپەکان بە گشتی سەرێکی خڕیان هەیە و خوار دەکرێتەوە هەتاکوو ئاڵقەکانی پێوە ڕاگیر بکرێ.

_ دووریی نێوان هەر یەک لە قولاپەکان یەک و نیو بۆ دوو سانتی مترە.

 

_ قولاپێکی تر بە جیا لەسەر دەفە لە لای لێواری کەمه دەردێ کە پەتێکی تێ دەخرێ و لە ملی ژەنیار دەکری. بەم شێوەیە دەفەکە ڕاگیر دەبێ.

 هەڵبەت ئەم شێوازە له ڕابردوو بەکار دەهات لەمڕۆکەدا بەهۆی باریکبوونی دەفەکان و تەسک کردنەوەی کەمە ئەم قولاپە لێنادرێ.

 

 

ئاڵقە

لە زەرد، مس و هێندێ کانزای تر دروست دەکرێ.

لەرابردوو دا لە ئاڵقەی مس کەڵک وەرگیراوە. ئاڵقە لەکاتی ژەنین دا خشە خشی لێ دێ و لە گەڵ دەنگی پێست تێکەڵاو دەبێ.

_ سەد دانه قولاپ لە بەری ژوورەوەی کەمە دەدرێ و هەر قولاپیش چوار ئاڵقەی پێوەدەکرێ. هەرچەن لەمڕۆکەدا ڕێژەی قولاپەکان کەمتر بوونەتەوە.

 

بزماری سەرپان (پۆنیس)

_ لەلێواری دەرەوەی دەفەکە لەسەر پێست  دادەکوترێ و پێستەکە بە کەمەی ئامێرەکەوە  ڕاگیر دەکا.

_بەهۆی ئەوەی کاتی وشک بوونەوەی پێست قەراغی پێستەکە هەڵدەگەرێتەوە و چرچ و لۆچ دەبێ، ئەم بزمار ڕێز کردنە لەدەوری دەفەکە پێستەکە ڕێک و پێک ڕادەگرێ.

 

 

   _ دەفەی دەڵق بزمار ڕێزناکرێ و پارچه یان قۆماش لەدەوری کەمه دەدرێ.

 

_ له هەرێمی کوردانی ئێزدی چوار ئاڵقەی گەوره له سەر کەمه دەدرێ.

کەمەی دەفەکان پانن وئاڵقەیان لێ نادرێ. ئەو ئامێره به ناوی دەفەی شنگالی دەناسرێ. (دەف سنجار)

 

KURDŞOP
681 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!