کڵاو و پەیک: شکستی هزری ئازاد لە بەرامبەر کۆمەڵگەیەکی کاڵفامدا

شانۆکە لە ڕێگەی فلاشباکەوە دەمانباتە ژیانی ڕۆژانەی سزادراوەکە، بەهۆیەوە ڕاستی و ناڕاستیی تاوانەکانی، ژیانی، پەیوەندییەکانی و خۆشەویستی و خێزانەکەی دەبینین.


 

Engin Ölmez

ڕۆژی ٦ی ئەیلوول لە شانۆی شاری ئامەد، شانۆیەک بە ناوی "کڵاو و پەیک" لەلایەن خوێندکارانی بەشی شانۆی زانکۆی دهۆکەوە نمایش کرا. ئەم شانۆیە لە نووسینی غەسان کەنەفان و لە دەرهێنانی عادڵ حەسەنە و باسەکەی گرێدراوی کۆمەڵگەی کوردییە.

لە سەرەتادا بۆ تێڕوانینێکی گشتگیرتر، پێویستە ئاماژە بە دوو هێما یان نیشانە بکەین کە ناوی شانۆکەش هەر لەوێوە هاتووە. "کڵاو"، لێرەدا بە مانای دواکەوتوویی، دیانەت و نەریت دێت، بە پێچەوانەوە "پەیک" بە مانای داهێنان، مۆدێڕنیتە و بیری ئازاد دێت. شانۆکە بە هاتنی کەسێکی بێگانە لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی دەست پێ دەکات و ئەو دیمەنە کۆتایی دێت. پاشان دەبینین تاوانبارێک (ئەکتەری سەرەکی) لەلایەن دوو دادوەری گەمژەوە بە چەند تۆمەتی جیاواز دادگایی دەکرێت.

شانۆکە لە ڕێگەی فلاشباکەوە دەمانباتە ژیانی ڕۆژانەی سزادراوەکە، بەهۆیەوە ڕاستی و ناڕاستیی تاوانەکانی، ژیانی، پەیوەندییەکانی و خۆشەویستی و خێزانەکەی دەبینین. سزادراو کەسێکی هەژارە و خۆشەویستەکەی دووگیانە. خۆشەویستەکەی نایەوێت منداڵەکەی ڕابگرێت و دەیەوێت پێش ئەوەی لەدایک بێت، بیکوژێت.

لەم دووفاقییەدا خەسووەکەی بۆی دەردەکەوێت کە کچەکەی دووگیان بووە و گلەیی ئەوە دەکات کە ئەوان وەک کەسانی دواکەوتوو سەیر دەکرێن. ئەوان کڵاویان هەیە، وەک لە سەرەوە گوتمان، کڵاو نیشانەی دواکەوتوویی و کۆیلایەتیی کۆمەڵایەتییە بەرامبەر بە تاک و دامەزراوە و یاساکان.

کارەکتەری سەرەکیمان تووشی شۆک دەبێت، کاتێک چاوی بە بوونەوەری ئاسمانی دەکەوێت و دەزانێت لە جیهانی ئەواندا ئازادی و سەربەخۆیی و بیرکردنەوەی ئازاد هەیە و بەختیان باشە و تاکە شتێک کە بۆ مانەوە پێویستیانە، ئاوە و هیچی تر. بەراوردێک لەگەڵ ژیانی ئێستای دەکات و دەبینێت کە جیاوازیی زۆر لەنێوان ئەو دوو جیهانەدا هەیە. چونکە بوونەوەرە ئاسمانییەکە، ئەکتەری سەرەکیی ئێمەی بەدڵە، ئەکتەری سەرەکیمان بوونەوەرە ئاسمانییەکە دەباتە نێو ماڵەکەی خۆی و ژیانی ئەکتەرە سەرەکییەکەمان دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ بوونەوەرە ئاسمانییەکە بە تەواوی دەگۆڕدرێت. بوونەوەرە ئاسمانییەکە هەڵگری ژیانێکی ئازاد و بیر و بیرۆکەیەکە کە کاریگەری لەسەر ئەکتەری سەرەکیمان دادەنێت و ئەو بوونەوەرە بە بیرکردنەوەی ئازادی بەرامبەر ئەو ڕووداو و پرسانە دەوەستێتەوە کە دەبنە هۆی ناکۆکی لەگەڵ کۆمەڵگەکەی. چونکە ئەو کۆمەڵگەیەی کە ئێستا تێیدایە، کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و نەزانە. بەهۆی کارە ئازادەکانی و بیرکردنەوەی نوێیەوە زۆرجار لە بەردەم دادگادا تۆمەتبار دەکرێت، چونکە کڵاو لە سەر یاسادایە، ئێستا یاساش کوێرە، ئەوان ڕاستی قەبووڵ ناکەن. چونکە کڵاوی سەر سەریان دەبێتە بەربەست بۆ بینینی هەموو جۆرە حەقیقەتێکی ژیان.

بەو پێیەی بیرۆکەی نوێی بوونەوەرە ئاسمانییەکە لەم کۆمەڵگەیەدا بنەمایەک نادۆزێتەوە و ئەکتەری سەرەکیمان ناتوانێت ئەو ڕوانگەیە لەو کۆمەڵگەیەدا جێبەجێ بکات، لەلایەن وڵات و گەلانی پێشکەوتوو و ئەورووپییەوە سەدان نامە و داواکاری دێنە سەر ئەکتەری سەرەکیمان بۆ کڕینی بیرۆکەی ئەو بوونەوەرە ئاسمانییە. بەڵام ئەکتەری سەرەکیی ئێمە بە هیچ شێوەیەک پارە قەبووڵ ناکات، چونکە دەیەوێت دونیایەکی نوێ و بیرۆکەیەکی ئازاد بۆ خۆی و کۆمەڵگەکەی بنیات بنێت و بەو بیرۆکەیە دەیەوێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئازاد، بە دوور لە کۆیلایەتی، بنیات بنێت.

وەک دەرئەنجامی کلاسیکی چیرۆکی لەم جۆرە، کارەکتەری سەرەکیمان بەرامبەر کۆمەڵگە شکست دەهێنێت و لە دەستی ئەو کۆمەڵگەیە شێت و تووڕە دەبێت. هەمان ڕووداو لە کتێبی Labîrenta Cinanی حەسەن مەتێ دەبینین، لە کارەکتەری کەڤانۆت کە مامۆستایە و لە گوندێکی دواکەوتوودا دەستنیشان کراوە و هەوڵی بڵاوکردنەوەی زانست و خوێندنەوە و بیری مۆدێڕن و ئازاد دەدات، بەڵام ناهێڵن. گۆڕانکاری، مەعریفە و عەقڵ بەرامبەر نەزانی شکست دەهێنن و کەڤانۆت وەک ئەو کۆمەڵگەیەی لێ دێت و دەبێتە کەسێکی کاڵفام.

هەرچەندە ئەستەمە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا هزرێکی ئازاد و سەربەخۆ جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە نموونەی ئەکتەرە سەرەکییەکەماندا بینیمان ئەوەی گرینگە ئەو خەبات و خۆڕاگرییە فیکرییەیە کە پاڵنەرە بۆ بەردەوامیی ژیان لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا.

 

KURDŞOP
662 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!