ئامێرناسیی مۆسیقا – بەشی 2 (نایە)

هاوار هەورامان

 

نایە:

- ئەو ئامێرە چەند نێوی دیکەشی هەیە: نەرمەنایە، نەرمەنەی، باڵەبان، باڵابان، باڕەبان، دوودووک، دوڕدووک و مەی.

- سەر بە بنەماڵەی ئامێرە دارینە پیکدارەکانە و لە دار دروست دەکرێ و بە فووتێکردن لە پیکەوە دەنگی لێوە دێ.

داری جۆراوجۆر بۆ دروستکردنی ئەو ئامێرە له کار دەکرێ، بەڵام داری قەیسیی ناوکەتاڵە و هەڵووچەسوورە و شمشاد و عەنناب و کەوت و ئابنووس و کەهوور، لە دارە هەرە باشەکانن. ئەو دارانە پتەوترن، واتە "چگالی"یان زۆرترە، هەروەها دەنگێکی سافتر و زوڵاڵتریش دروست دەکەن.

نایە دەنگێکی هەستبزوێن و بەسۆزی هەیە، کەچی بە ئامێرێکی شادیهێن و بەزمییش نێوبانگی دەرکردووە؛ بە باشترین شێوە هەستی پەژارە و مەراقی گوێگر دەورووژێنێ و سۆز و خەمی ناخی ژەنیار ئاشکرا دەکا.

ڕوانگە و دۆز و ئایدۆلۆژیی جیاواز، کارێکیان کردووە هونەری مۆسیقا بۆ مەبەست و بۆنەی جۆربەجۆر کەڵکی لێ وەربگیرێ. بۆ وێنە، دەرەوەی هەرێمی زاگرۆس و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە ئورووپا و وڵاتانی ڕۆژاوا، مۆسیقای خۆیان هەیە و شێوازی دەنگبێژی و ژەنیارییان لەگەڵ وڵاتانی تر فەڕقی هەیە.

بۆ سازکردنی هەر ئامێرێک دەبێ لە داری تایبەت کەڵک وەربگیرێ و ئەندازەی تایبەتیش ڕەچاو بکردرێ. ئاوا جوانتر و چاکتر دەتوانین هەست بە تاموچێژی تایبەت و جیاوازیی مۆسیقای ناوچەکان بکەین. ئەو تایبەتمەندییانە لە ئامێری نایەشدا هەر بەو شێوەیە دەردەکەون.

لە باکوورەوە تا باشووری زاگرۆس، گەلانی ئەرمەنی و ئازەری و کورد (کورمانج، زازا، سۆران، کەلهوڕ، هەورام، لەک و...) ئەو ئامێرە دەژەنن.

 

شایانی باسە، لاساییکردنەوەی گەرووی دەنگبێژانی هەر ناوچەیەک، دەبێتە هۆی جیاوازیی شێوەی بەکارهێنانی تەکنیکە مۆسیقاییەکانی وەک: گلیساندۆ، ویبرە، نۆتی زینەت، لێگاتۆ، ستاکاتۆ، کرێشێندۆ، دیکرێشێندۆ و...

لە سازکردنی ئەو ئامێرەدا، چەند شێوازی جوانکاری ڕەچاو دەکردرێ کە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر دەنگی ئامێرەکە نییە.

 

ئەگەر نایە درێژتر دروست بکرێ و کونەکانیشی لە خوارتر بن، دەنگێکی بەمتر دروست دەکا. هەتا دەنگی زیلترمان پێویست بێ، پیک و نایە دەبێ قوڵەتر بن. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ درەنگتر یان خێراتر دەربازبوونی هەوا لە کونی ئامێرەوە.

گەورە و بچووکیی کونەکان، ڕێژەی ناوکۆڵکردنی دار و ڕادەی ئەستوورییەکەی، شوێن لەسەر کپبوون یان کراوەتربوونی دەنگی نایە دادەنێن.

دیارە کونەکان نابێ هێندە گەوره بن کە لە کاتی ژەنیندا نۆتی فاڵش دروست بکەن.

 

پیک

لە قامیش ساز دەکرێ و دەمبەست و چەڵەمەی هەیە.

 

دەمبەست

- دەمی پیک وێکدێنێتەوە و لە خراپبوون و خواربوون دەیپارێزێ.

- بەر لەوەی پیک خۆش بکرێ، واتە ئامادەی ژەنین بێ، بە دەمبەستێکی چکۆلە شانی پیک ئوتوو دەکرێ و دەق دەدرێ.

- دەمبەست لە دوو لەتەداری بچووک کە بە دەزوو یان بەن پێکەوە دەلکێن، دروست دەکرێ.

 

چەڵەمە

- چەڵەمە لەسەر پشتی پیک دادەندرێ، واتە ئەو جێیەی کووڕی و هەڵتۆقاویی هەیە. چەڵەمەی دارمێو (ترێ سپی یان ترێ ڕەشە)، خۆشتر دەچەمێتەوە و درەنگتریش خراپ دەبێ. ئەوڕۆ چەڵەمە لە داری دیش دروست دەکرێ.

- ڕێژەی هەوای نێو پیک کەم و زۆر دەکا و زیلی و بەمیی دەنگ دەگۆڕێ.

- مەبەست لە کۆککردن، میزانکردنی زیلی و بەمیی دەنگە.

- چەڵەمە لەسەر پیک هاتوچۆ دەکا و هەتا چارەگەپەردەیەک (¼) کۆکی نایە دەگۆڕێ.

- میزانکردنی چەڵەمە بەو مانایەیە کە دەنگێکی ساف و بێخشە لە پیکەوە بێتە دەر. بۆ ئەو مەبەستە، دەبێ چەڵەمە لە ژوورەوە زۆپایی و هەڵتۆقاویی هەبێ و قەراغەکانیشی پەخ بێ؛ ئاوا تەواوی بەری ژوورەوەی چەڵەمە ناکەوێتە سەر پیک و تەنیا ئەو بەشەی زۆپایی و هەڵتۆقاویی هەیە پیکەکە دەگرێ.

 

 

فووتێکردن

- پاش دانانی پیک لەسەر لێو، بۆ ئەوەی ئامێرەکە دەنگ ساز بکا، هەوای نێو سینگ و گەروو لە ڕێگای گووپ و دەمەوە بە نێو پیکدا دەکرێ.              

  - فووتێکردن ڕۆڵێکی گرینگی لە دەرهێنانی جۆری دەنگی نایەدا هەیە. بەداخەوە، زۆربەی ژەنیاران لە نێو گووپ و دەمەوە فوو لە ئامێر دەکەن، کە شێوازێکی دروست و زانستی نیە. هەر ئامێرێکی بایی، شێوازی فووپێداکردنی خۆی هەیە. بۆ وێنە، لە قەرەنەی (کلارینێت)دا، ژەنیار هەوا لە ماسوولکەی زگ و سییەکانەوە بە دەنگی "توو" و لە فلووتدا بە دەنگی "فوو"، بۆ نێو ئامێر ڕادەدا.

 

- لە نایەدا ئەو ڕێژەهەوایە بە دەنگی "هوو" لە ڕێی سینگ و ماسوولکەی زگەوە لە ئامێر دەکرێ. ئەو جۆرە فووتێکردنە دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگی نایە پڕ و تەواو بێ و دەنگی زیادیی (هاشە و هەناسە و...) لێوە نەیە. ئەو شێوازە فووتێکردنە لە دووزەلە و زوڕناشدا باوە. چونکە ئەو ئامێرانە دەچنە نێو دەمی ژەنیارەوە، ڕێگایەکی دیکە بۆ ڕادانی هەوا بۆ نێو ئامێر نییە.

- کاتێک لە سینگ و گەروو و ماسوولکەی زگ بۆ فووتێکردن و دەنگدەرهێنان کەڵک وەردەگرین، دەنگی نایە بێ کەموزۆری و بە یەک ڕادە دێتە دەر.

- هەروەها دەتوانین بە هەوای نێو گووپ و فشاری لێو، کۆکی نایە بگۆڕین و لە زیلی و بەمیی دەنگ لە کاتی پێویستدا کەڵک وەرگرین. لەو شێوە فووتێکردنەدا، زوڵاڵی و سافیی دەنگ زۆر بەرچاوە، جگە لەوەش، لە کاتی بینخواردنەوەدا دەنگی نایە کەموزۆر نابێ (کەموزۆریی دەنگ لە کاتی بینخواردنەوە، نۆتەکان فاڵش دەکا).

 

 

 

KURDŞOP
669 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!