شانۆی دایکی نیشتمان

سۆلین ورمێ

کوردشۆپ- شانۆی دایکی نیشتمان یەکێک بوو لەو شانۆ گرینگانەی کە لە ساڵی ١٩٤٦ لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بەڕێوە دەچوو. لەو ماوەیەدا چەندین کاری گرینگ بۆ هۆشیارکردنەوەی کورد ئەنجام درا. یەکێک لەو بەرهەمانە شانۆی "دایکی نیشتمان" بوو.

شانۆی دایکی نیشتمان بە یەکەم شانۆ بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت.

شەهید قازی محەممەد لەبارەی ئەم شانۆیە وەهای گوتووە: "ئەمە پەیامێکە بۆ نەتەوەی کورد؛ وەک ئەوە وایە من بچمە سەر سەحنە و بۆ خەڵک قسە بکەم. بەڵام کاریگەریی شانۆ لە قسەکانی کەسێکی وەک من گەورەترە، بۆیە پێویستە بە جوانی ئەم شانۆیە لەبەر بکەن و ڕاهێنانی لەسەر بکەن."

"کریس کوچێرا" لە کتێبی "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد"دا نووسیویەتی: "قازی محەممەد چەندین شانۆنامەی بە ناوەڕۆکی مێژوویی و نەتەوەیی نووسیوە، بەتایبەت شانۆنامەی مێژوویی سەلاحەدین کە باس لە خەباتی کورد لە دژی خاچپەرستان دەکات یان شانۆنامەی دایکی نیشتمان کە باس لە چارەنووسی گەلی کورد دوای ڕێککەوتنی "سەیداباد" دەکات کە لەنێوان ئێران، عێراق، تورکیا و ئەفغانستان (١٩٣٧) واژۆ کرا. ئەم دوو شانۆیە لە شاری مەهاباد پێشکەش کران.

دەگوترێت شانۆنامەکە لە ساڵی ١٩٤٦ لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا پێشکەش کراوە. باس لەوە دەکرێت لەو ماوەیەدا پێنج سەحنە پێشکەش کراون کە بریتین لە: "سەحنەی فریشتە، پەیمانی سەیداباد، دایکی نیشتمان، ڕزگارکردنی دایکی نیشتمان و سەحنەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان."

چیرۆکەکەی بەم شێوەیە: فریشتەیەک باسی مرۆڤ و نیشتەجێبوون و نەتەوەکان دەکات؛ دایکی نیشتمان بە زنجیر بەستراوەتەوە و داوای ئازادی و ڕزگاری دەکات، ڕۆڵەکانی دایکی نیشتمان بە هانای دایکی نیشتمانەوە دەچن، دوژمنان پیلان دادەڕێژن، پێشمەرگە و ڕزگارکەران خەریکی ڕزگارکردنی دایکی نیشتمانن. کورد دەگاتە ئومێد و کۆماری کوردستان دادەمەزرێت.

کاتی شانۆ

بەپێی کتێبی "شانۆی دایکی نیشتمان و شانۆی کۆشکی ئاوات"، ماوەی شانۆکە ٢ و نیو بۆ ٣ کاتژمێر بووە. بەڵام لەنێوان دوو سەحنەکەدا گرووپی مۆسیقا بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک مۆسیقایان دەژەند و گرووپی سروود سروودیان دەگوتەوە، بۆیە ٤٠ بۆ ٦٠ خولەک یان کاتژمێرێک مۆسیقا و سروود پێشکەش دەکرا. بەو شێوەیە شانۆکە ٩٠ خولەکی خایاندووە.

لە نێوئاخنی شانۆکەدا سروودەکانی "خوایە وەتەن ئاوا کەی"، "ئەرێ هەی کوردستان"، "کوردستانی جوان" و "دینمان ئایینمان" دەخوێنرانەوە.

ڕۆڵگێڕانی شانۆکە بەم شێوەیە بوو: فریشتەکان، دایکی نیشتمان، نوێنەرانی ئێران، عێراق، تورکیا و ئەفغانستان، سەرۆککۆمار، پێشمەرگە ٧ بۆ ٨ کەس و چەند ئەندامێکی کابینە.

شانۆکە لە مەهاباد، نەغەدە و شنۆ بەڕێوە چوو. ئەم شانۆگەرییە لە ٤٠ ڕۆژەوە تا دوو مانگی خایاند. خەڵکێکی زۆر بانگهێشتی شانۆی دایکی نیشتمان کران و لەنێویاندا "Ceiferof" لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی ڕووسی بەشدارییان کردووە. سەرەتای شانۆنامەکە، "سیرووس حەبیبی" ڕۆڵی فریشتەی دەگێڕا. بە جلی سپی و دوو باڵ دەهاتە نێو شانۆکە و شیعرەکەی "حاجی قادر کۆیی" دەخوێندەوە کە بەم شێوەیەیە:

ئەی بێ نەزیر و هەمتا هەر تۆی کە بەرقەراری

بێ دار و بێ دیاری، بێدار و پایەداری

بۆ باغی مەردی یاغی سەرمایەکەی خەزانی

بۆ مەزرەعەی فەقیران سەرمایەکەی بەهاری

تۆ پادشا نیشانی بۆ هەر سەوادی ئەعزەم

بێ سەدر و شانشینی، بێ پەردە پەردەداری

خەللاقی بێ فتووری، سوڵتانی بێ قسووری

ڕەززاقی مار و مووری، ئاودێری دێمەکاری

فیرووزە تەختی گەردوون مەسنووعی نەقشی تۆیە

یاقووت و لەعلی ڕۆژە، ئەستێرەکان دەراری

جێ و مەکانی تۆیە بێ جێ و بێ مەکانی

لەیل و نەهاری تۆیە بێ لەیل و بێ نەهاری

هەر ئەمری تۆ مەدارە بۆ کاروباری عالەم

هەرچەندە بێ وەزیر و بێ سەدر و کاروباری

سەحنەی دووەمی شانۆکە سەحنەی پەیمانی "سەیداباد" بوو. گۆرانی و مۆسیقا لەنێوان ئەو بەشەدا بڵاو دەبووەوە. لە سەحنەی سێهەمدا دەست و قاچی دایکی نیشتمان بە جلی ڕەشەوە بە زنجیر بەسترابووەوە و شیعرەکەی حاجی قادر کۆیی بە دەنگێکی خۆش دەخوێنرایەوە.

گۆرانی و مۆسیقا لەنێوان ئەو بەشەدا بڵاو دەکرانەوە. لە سەحنەی چوارەمدا پێشمەرگەی کورد و سەربازانی ڕووس دایکی نیشتمانیان ڕزگار دەکرد. سەحنەی پێنجەم پێکهێنانی کۆماری کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دیاریکردنی سەرۆککۆمار بوو.

لەم سەحنەیەدا سەرۆککۆمار قسەی دەکرد و باسی لە ڕزگاریی کوردستان و بندەستیی نەتەوەی کورد لەژێر دەستی تورک و عەجەم و عەرەب دەکرد. باسی لە کوردستانی گەورە و ڕێبازی شێخ عەبدولقادر، شێخ سەعید و شێخ مەحموودی دەکرد.

لە کۆتاییدا هەموو بەشداربووان دەهاتنە سەر سەحنەی شانۆ و گۆرانیی "نیشتمان ڕەنگینە"یان دەگوتەوە.

دەگوترێت دوای شانۆکە "پێشەوا قازی محەممەد" دەچووە سەر سەحنەی شانۆکە و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە قسەی دەکرد و خەڵکیش لەگەڵی دەگریان. قازی محەممەد لەوێ باسی مێژووی خەباتی کوردی کردووە و باسی کۆلۆنیالیزم و دابەشکردنی کوردستان و داگیرکردنی کوردستان لەلایەن دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانەوە کردووە، هەروەها پەرژاوەتە سەر شۆڕشەکانی کوردستان.

KURDŞOP
579 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!