ئایشێ شان، ئەو هونەرمەندەی نازناوی شابانووی بێ تاجی وەرگرت

لە کوردستاندا هونەر یەکێکە لە بابەتە سەرەکی و گرنگەکان، کە پێگەیەکی تایبەت و بەنرخی لە کەلتووری کوردیدا هەیە. چونکە کورد ئەزموونەکانی خۆی لە ڕێگەی هونەر و شیعر و دەنگبێژی و چیرۆکەوە دەربڕیوە.

هەر هونەرمەندێکی کورد لە قوڵاییی دڵەوە لە هونەرەکەیدا هەم ئازارەکانی خۆی و هەم دەردەکانی میللەتەکەی دەربڕیوە و وتووە.

بە دڵنیاییەوە لە ئەزموونی هەر هونەرمەندێکی کورددا،  ئەو ئازار و خەم و سەختییانەی بە درێژاییی تەمەنیان دیتوویانە ڕەنگدانەوەی هەبووە. لەوەش گرنگتر، سەرەڕای ئەو هەموو سەختییانە، خزمەتێکی زۆر بەنرخیان بە میللەتەکەیان کردووە و دەیکەن.

یەکێک لەو هونەرمەندانە هونەرمەند ئایشێ شانە، کە وەک ژنە هونەرمەندێکی کورد گرنگیی بە هونەری کوردی دا و سەرەڕای هەموو سەختییەکان دەستبەرداری هونەرەکەی نەبوو.

ئایشێ شان لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٨ لە شاری ئامەد (دیاربەکر) لە باکووری کوردستان لەدایک بووە. لەو سەردەمەدا "ئایشێ شان" بە "ئایشێ ئێلی"، "ئایشێ عوسمان"، "ئایشێ خان"، "ئایشێ کورد" و "ئایشێ شان" ناسراوە. دایک و باوکی ئایشێ هەردووکیان لە بنەماڵەی گەورە و ناسراون.

هونەرمەد ئایشێ شانی کورد، تەمەنی لە شارەکانی دیلۆک لە باکووری کوردستان، ئەستەنبوڵ، ئیزمیر، ئەڵمانیا و لە بەغدای پایتەختی عێراق، بەسەر بردووە. ئایشێ شان تا کۆتاییی تەمەنی لە زێدی خۆی دوور بوو. تەنانەت دوای مردنیشی، سەرەڕای ویستی خۆی، بەهۆی ناڕەزایی بنەماڵەکەیەوە نەیتوانی بگەڕێتەوە زێدی خۆی واتە تەرمەکەی نەهێنراوە بۆ شارەکەی.

ئەو هونەرمەندە کوردە بەهۆی دژایەتی و فشاری بنەماڵە لە دژی هونەرەکەی لە دیاربەکرەوە ڕووی لە شاری دیلۆک کرد. ئەوکات لەبەر ئەوەی گۆرانیی کوردی قەدەغە کرابوو، لە ڕادیۆ گۆرانیی تورکی دەوتەوە. بەهۆی خراپیی باری داراییەوە لە ساڵی ١٩٦٣ ڕووی لە ئەستەنبوڵ کردووە و لەوێ کۆنسێرتەکانی بە زمانی کوردی و تورکی پێشکەش کردووە. سەرەتا بە گۆرانیی "ئەز خەزاڵم" ناوبانگی دەرکرد، دوای ئەوە شریتێکی بە زمانی کوردی و تورکی تۆمار کرد و لەو کاتەدا لە میوزیکدا بە "کەیبانوو یان شاژنی بێ تاج" ناسرا. بەڵام کاتێک دانی پێدا دەنرێت فشارەکان زیاتر دەبن و تورکیا بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە ئەڵمانیا. بەداخەوە لەوێ شەهنازی کچە ١٨ مانگەکەی لەدەست دا.

دوای ماوەیەک ٣ منداڵی تری ئەو هونەرمەندە دەنگخۆشە لەدایک دەبن، ئەمجارەیان ئایشێ شان وەک دایکێک دەگەڕێتەوە ئەستەنبوڵ. جارێکی تر بەهۆی فشاری بنەماڵەکەی و هەروەها ئەو گۆرانییانەی کە دەیگوت، هەڕەشەی لێ دەکرێت و لە ساڵی ١٩٧٩ دەچێتە بەغدا و لە ڕادیۆ دەنگی بەغدا لە ژێر ناوی "ئایشان عەلی" دەست دەکات بە گۆرانی وتن. لەو کاتەدا لە بەغدا و موسڵ و هەولێر و دهۆک کۆنسێرتی پێشکەش دەکرد.

ئایشێ شان لە گۆرانییەکانیدا هەموو ئەو ئازارانەی لە ژیانیدا تووشی بووە، دەردەبڕێت و لە ڕێگەی گۆرانییەکانییەوە وا لە هەمووان دەکات گوێ لەو سەختییانە بگرن کە لە ژیانیدا شاهیدی بووە. بەداخەوە شێرپەنجە ئازار و خەمەکانی ژیانی ئایشێ زیاد دەکات.

چونکە کەسوکاری لەو کاتەدا ڕێگا نادەن دایکی بێ بۆ لای و تەنانەت لە دوای مردنیشی ناهێڵن بچێتە سەر گۆڕەکەی، ئەمەش وەک کونێکی قووڵ لە ژیانی ئایشێ شانەدا دەمێنێتەوە و هەر بەو هۆیەشەوە گۆرانیی "دایک" تۆمار دەکا و دەبێتە ئەفسانە .

ئەو هونەرمەندە زەحمەتکێش و دەنگخۆشە لە 18ی کانونی یەکەمی ساڵی 1996 لە شاری ئیزمیر بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دواییی کرد. هەرچەندە وەسیەتی کردبوو لە زێدی خۆی بە خاک بسپێردرێت، بەڵام وەسیەتنامەکەی جێبەجێ نەکرا.

 

گۆرانییە بەناوبانگەکانی هونەرمەندی کورد ئایشێ شان:

ئەز خەزاڵم

قەدەر

هەی واخ دایێ

لێ لێ بێماڵ

لۆرکێ لۆرکێ

KURDŞOP
732 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!