محەممەد شێخۆ و تەمەنێک خزمەت بە موزیکی کوردی

محەممەد شێخۆ بە گشتی ١٤ کاسیتی تۆمار کردووە و بەرهەمەکانی له هەموو پارچه کانی کوردستاندا بڵاو کراونەتەوه. زۆرێک لە گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندە کە یەکێکیان گۆرانیی "ئەی لێ گولێ"یە، لەلایەن زۆرێک لە هونەرمەندانەوە وتراونەتەوە.

محەممەد شێخۆ، هونەرمەندی کورد لە ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی "گیربانین" لە نزیک شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە. ناوی ڕاستەقینەی "محەممەد ساڵح شێخمووس"ە.

محەممەد شێخۆ لە سەردەمی منداڵیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی دەچنە گوندی خێکۆک و لەوێ نیشتەجێ دەبن. ئەو کوڕە گەورەی بنەماڵەکەی بووە. بەهۆی دۆخی داراییی خێزانەکەی لە ساڵی ١٩٥٩ و  لە تەمەنی 11 ساڵییەوە دەستی بە خوێندن کردووە و دوای 3 ساڵ خوێندنی جێهێشتووە.

ئەو لە ساڵانی خوێندندا چەندین هونەرمەندی کوردی ناسیوە و لەبەر ئەوەی زۆر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو هونەرمەندانەوە، لە ساڵی ١٩٦٩ دەستی بە گۆرانی وتن کردووە. محەممەد شێخۆ لە ساڵی ١٩٦٩ تا ١٩٧٢ بۆ هونەری کوردی لە لوبنان کاری کردووە و بۆ ماوەی ٢ ساڵ وانەی مۆسیقای لە بەیروت وەرگرتووە. ساڵی 1972 لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێیانی، گرووپێکی موزیکییان بە ناوی "کۆما سەرکەفتن" پێکهێنا. لە ساڵی ١٩٧٣ ڕووی لە باشووری کوردستان کرد و لەوێ درێژەی بە کارە هونەرییەکانی دا و پەیوەندیی لەگەڵ هونەرمەندانی دیکەی کورد دامەزراند.

دوای ماوەیەک مانەوە لە باشووری کوردستان، محەممەد شێخۆ دەچێتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و لەوێ کاسێتەکەی بە ناوی "ئەی گەورێ" تۆمار دەکات. بەڵام لەو کاتەدا دەوڵەتی سوریا نەیهێشت پشوو بدات و بەهۆی ئەوەوە چەندین جار دەستبەسەر کرا.

ئەو هونەرمەندە کوردە جارێکی دیکە بەهۆی توندوتیژیی دەوڵەتی سوریاوە ڕووی لە باشووری کوردستان کرد و پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد. دوای نسکۆی شۆڕشی باشوور، محەممەد شێخۆ ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و وەک دەگوترێ، چووەتە شاری گومبەدی پارێزگای گۆڵستانی ئێران و کاسێتێکی لەوێ تۆمار کردووە.

محەممەد شێخۆ جگە لە کاری موزیک چەند ساڵێکیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستایەتی دەکا. پاش ماوەیەک ڕێژیمی ئێران، بە دژبەری ڕێژیم وەسفی دەکات و بڕیار لەسەر دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی دەدات. بەهۆی ئەو دۆخەوە محەممەد شێخۆ دوای ١١ ساڵ دەگەڕێتەوە سووریا و لەوێ بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە پێشوازیی لێ دەکرێت. بەهۆی ئەم خۆشەویستی و پێشوازییە گەرمەی خەڵک بەرانبەر محەممەد شێخۆ، دەوڵەتی سووریا ناوەستێت و دووبارە و سێبارە دەستگیری دەکات و دەیخاتە زیندانەوە. بەڵام ئەم بڕیارەی دەوڵەت ناتوانێت دەنگی محەممەد شێخۆ ڕابگرێت. باشترین گۆرانیەکانی لە زیندانەکاندا دەڵێتەوە و بە سۆزێکی زۆرەوە ئازار و خەم و ئارەزوو و باوەڕەکانی گەلەکەی دەردەبڕێت. محەممەد شێخۆ لە ساڵی 1983 گەڕایەوە قامیشلۆ و تا ساڵی 1988 چەندین خزمەتی باش و بێهاوتای پێشکەشێ هونەری کوردی کرد. ئەو هونەرمەندە لە ٩ی ئازاری ١٩٨٩ کۆچی دواییی کرد و زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس لە قامیشلۆ ماتەمینییان بۆ گێڕا.

محەممەد شێخۆ بە ئاواز و گۆرانییەکانی کاریگەریی زۆری لەسەر مۆسیقای کوردی هەبووە و تا ئەمڕۆش گۆرانییەکانی لەلایەن زۆرێک لە هونەرمەندانەوە شڕۆڤە دەکرێن و دەوترێتەوە. ئەو هونەرمەندە کوردە، بە ئاواز و گۆرانییەکانی، فەرهەنگ و هونەری نەتەوەی کوردی دەوڵەمەند کرد. محەممەد شێخۆ بە گشتی ١٤ کاسیتی تۆمار کردووە و بەرهەمەکانی له هەموو پارچه کانی کوردستاندا بڵاو کراونەتەوه. زۆرێک لە گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندە کە یەکێکیان گۆرانیی "ئەی لێ گولێ"یە، لەلایەن زۆرێک لە هونەرمەندانەوە وتراونەتەوە. دوای کۆچی دوایی هونەرمەند محەممەد شێخۆ، زۆرێک لە گۆرانییەکانی دووبارە بڵاوکرانەوە خەڵکێکی زۆر تا ئێستاش گوێیان لێ دەگرن و دەیانڵێنەوە.

یەکێک لە گۆرانییەکانی محەممەد شێخۆ لە کاتی پرسەکەیدا و لە کاتی ناشتنیدا بە دەنگی بەرز بە دەنگی خۆی بڵاو کراوەتەوە ئەم گۆرانییە بوو:

 

گاڤا ئەز مرم گەل زندیا

من نەڤەشێرن وەک وە هەمییان

گۆرا من چێکن ل بن سیها چیان

کێلێن من چەکن ژ دور کەزیان

هەمی ئاداران هوون من شیارکن

دا بکمە شێنی بۆ مە هەمیان

KURDŞOP
900 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!