ئارام تیگران، هونەرمەندێکی ئەرمەنی و تەمەنێک خزمەتی مۆسیقای کوردی

هونەرمەندی ناودار و نەمر "ئارام تیگران"، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی جێگەی خۆی لە ناو گرنگترین مۆسیقاژەنەکانی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرتووە و لەلای زۆر کەس خۆشەویستە. ئارام تیگران ئەو هونەرمەندەیە کە کاتێک هونەرەکەی پێشکەش دەکرد، بە ئامێری جومبووش و مێلۆدییەکانی دڵی مرۆڤەکانی خۆش دەکرد. ئەو گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرە ئەرمەنییەی موزیکی کوردی، بە ئاواز و گۆرانی و ژیانی خۆی دڵی هەزاران کەسی بەدەستهێناوە.

لە ساڵی ١٩١٥ لە سەردەمی جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا، بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستانەوە ڕوویان لە شاری قامیشلۆ لە ڕۆژاوای کوردستان کردووە. هونەرمەندی ناودار ئارام تیگران لە ساڵی 1934 لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە.

ئارام تیگران لە ڕێگەی باوکیەوە حەزی بۆ لای مۆسیقا چووە و دەستی بە چالاکیی هونەری کردووە. باوکی هونەرمەند ئارام، لەلای ئەرمەنییەکان بەو هونەرمەندە ناسراوە و دەناسرێتەوە کە لە ساڵی 1915 لە "کارەساتی گەورە" (جینۆسایدی ئەرمەنییەکان) ڕزگاری بووە.

بە دڵنیاییەوە ئەو کەسەی سەرەتا هونەری بە ئارام تیگران بەخشی باوکی بوو. باوکی هونەرمەندی ئارام، لە ژەنینی فلووت زۆر شارەزا بوو. ئارام تیگران لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە دەستی بە فێربوونی ئامێری جومبووش کردووە. دوای ئەوە بە بەهرەمەندیی خۆی و شارەزاییەک کە لە ژەنینی جومبووشدا هەیبوو لە زەماوەند و بۆنەکاندا دەستی بە چالاکیی هونەری کرد. هونەرمەند ئارام کە بە زمانەکانی ئەرمەنی، کوردی، عەرەبی، تورکی و یۆنانی ئاواز و گۆرانیی داناوە، دەنگی خۆی بە گوێی خەڵکێکی زۆر لە نەتەوەکان گەیاندووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە هونەردۆستان و گوێگرانی ئارام زۆر زیادی کرد و تا ئەمڕۆش هەر خۆشەویستە و گوێی لێ دەگیرێت.

دوای ساڵی 1966 هونەرمەند ئارام چووە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمەنستان و بۆ ماوەی 18 ساڵ لەوێ لە ڕادیۆی یەریڤان، کە یەکێک بوو لە وێستگە گرنگەکانی پەخشی مۆسیقای کوردی، کاری کردووە. لە دوای ساڵی ١٩٩٥ لە ئەورووپا درێژەی بە کارەکانی دا. دواتر هونەرمەند ئارام لە ئەسینای پایتەختی یۆنان نیشتەجێ بوو. لە ساڵی ٢٠٠٩ لە شاری دیاربەکر لە باکووری کوردستان بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆزدا کرد. دوای ئەوە هونەرمەند ئارام تیگران بە سەختی نەخۆش کەوت و بۆ چارەسەری بۆ نەخۆشخانەی ڤان گێلیسمۆس لە ئەسینا گوازرایەوە. ئەو هونەرمەندە بەناوبانگە لە ٨ی ئابی ٢٠٠٩ دوای چەندین ساڵ خەباتی هونەری کۆچی دواییی کرد.

هونەرمەند ئارام تیگران باوکی ٣ منداڵ بوو. بڕیار بوو بە گوێرەی وەسیەتنامەکەی لە دیاربەکر بنێژرێت، بەڵام داواکارییەکەی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕەت کرایەوە و لە برۆکسل بەخاک سپێردرا.

ئارام تیگران یەکێک بوو لەو هونەرمەندانەی بە گۆرانییەکانی هەمووانی دڵخۆش دەکرد و خەڵک لە گوێگرتن لە دەنگی بێزار نەدەبوون، بەپێچەوانەوە تێکەڵ بە هونەر و کەسایەتییەکەی دەبوون و تەنانەت تا ئێستاش بە سەرسامییەوە گوێ لە دەنگی دەگرن. بە تایبەتی بە گۆرانیی "ئەی دڵبەرێ" کە دەقەکەی لە شیعری فەقێ تەیران وەرگیراوە زۆر بەناوبانگە.

ئارام تیگرام بە گشتی ١٤ ئەلبۆمی ئامادە کردووە. لە ئەلبۆمەکانیدا ٢٣٠ گۆرانیی کوردی، ١٥٠ گۆرانیی عەرەبی، ١٠ گۆرانیی سریانی، ٣٠ گۆرانیی تورکی، ٧ گۆرانیی زازاکی و ٨ گۆرانیی یۆنانیی تۆمار کردووە..

 

بەشێک لە ئاوازەکانی هونەرمەندی بەناوبانگ ئارام تیگران:

 

شەڤ چوو

پەنابەر

ئای دلبەرێ

گەلۆ ئەو ک بو؟

لۆ لۆ پسمامۆ

لۆ شڤانۆ

رۆژباش دیاربەکر

شەڤا تار

رابە لاوۆ

ناڤە یارا من نار

چیایێ گابارۆ

لێ لێ رهێ

زمانێ کوردی

دیلبەرام دیلبەر

خەملی زۆزان

دەنگێ سازا من

خوەز دسا زار بوما

چاڤرەشا من

بلبلۆ

دلۆ لۆ

لەیلا لەیلا

ئەمان نەمان

سەبرا دلا

تووزک ل سەر ئاڤایە

لەیلا لەیلا

 

هەندێک لە ئەلبۆمەکانی ئارام تیگران کە سەرنجی خەڵکیان ڕاکێشا:

چیایێ گابارۆ، زیلان، سەربەخۆیی، جوان

 هەموو ئەم ئەلبوومانە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن ئایدن موزیکەوە بڵاوکراونەتەوە.

یەکێک لە قسەکانی هونەرمەند ئارام تیگران:

• ئەگەر بێمەوە سەر زەوی هەموو تانک و تفەنگ و چەکەکان دەتوێنمەوە و ئامێر و جومبووش و  زوڕنا دروست دەکەم.

KURDŞOP
892 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!