فیلمسازێکی کورد و ئەزموونی سێ کولتوور و ڕاوێژی جیاواز

کورتە باسێک لەسەر فیلمی "پاریس نیوۆیۆرک چارتێر"
 

فیلمی "پاریس نیۆیۆرک چارتێر" دێکیۆمێنتارێکە کە لە لایەن فیلمسازی کورد "هەژار ڕەمەزانی" خەڵکی بۆکان و خوێندکاری زانکۆی "سۆربۆن"ەوە ساز کراوە. ئەو فیلمە لە چەندین فێستیڤالی نێودەوڵەتیی جیهان نیشان دراوە و چەند خەڵاتی جیهانیی وەرگرتووە.

ڕەمەزانی بەو فیلمە براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی دێکیۆمێنتاریی فێستڤالی "پیور مەجیک"ی ئامستردام بووە.

هەروەها ئەو فیلمە ساڵی ٢٠٢٢ "خەڵاتی مانگانەی ئاتێن"ی بردووەتەوە و هەڵبژێراوی باشترین دێکۆمێنتاریی فێستڤالی "مبیگ"ی ئاڵمان و خەڵاتی تایبەتی لێژنەی داوەرانی فێستڤالی "شامبال"ی هیندوستان بووە.

ئەو  فیلمە لە سێ  بەش پێکهاتووە و هەر کام لە بەشەکان گێڕانەوە و تاکبێژیی کاراکتەرێکی پیرە کە خەریکە ڕابردوو و "ئەزموونی ژیاو"ی خۆی بۆ فیلمساز دەخاتە بەرباس. لۆکەیشێنەکان زۆر کەم گۆڕانیان بەسەردا دێ. چون هەم کاراکتەرەکان لەباری جەستەییەوە ئەو تواناییەیان نییە و هەم فیلمەکە ئەوە ناخوازێ. کاری گرینگی فیلمساز لەو دێکیۆمێنتارییەدا نەک هەڵبژاردنی لۆکەیشێنی سەیر و سەمەرە و مۆسیقای تایبەت، بەڵکوو دەستنیشانکردنی سێ کاراکتەر و سووژەی تایبەتە، کە تایبەتبوون و سەرنجڕاکێشیی ئەزموونی هەر کام لەوانە، بینەر وا لێ دەکا هەموو دیالۆگەکان ببیستێ و ببینێ و بیریان لێ بکاتەوە.

لە بەشی یەکەمدا، فیلمساز دوایین ڕۆژەکانی ژیانی کاراکتەرێکی فیلمەکەی واتە؛ "جیمز" بە دووربینەکەی تۆمار دەکا. ئەو کەسایەتییە مامۆستایەکی زانکۆی، بە ڕەچەڵەک ئەمریکییە کە پەنجا ساڵە لە پاریس دەژی. ئاشقی ژیانە. سی ساڵ لە پاریس و لە زانکۆی نیودێری ئەوێ وانەی کوتووەتەوە. ماڵەکەی مەکۆی دۆست و هەڤاڵ و خوێندەواران بووە. دوازدە کتێبی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نووسیوە. یەکەمیان لەمەڕ "سێکشواڵیتە"وەیە. لێرەوە ڕوانگەکانی سووژەی فیلم خۆ دەردەخەن. کاراکتێر بە گێڕانەوەی ڕابردووی خۆی بۆ فیلمساز، خەریکە پەردە لەسەر بیروڕای فەلسەفی و کۆمەڵایەتیی خۆی هەڵدەداتەوە. جۆری نیگای ئەو بۆ بابەتی سێکشواڵیتە ناباوە. ئەویش بە بەراوەردی نیگای مرۆڤی ئەوسەردەمی پاریس، ناباو بوونی ئەو جۆرە گۆشە نیگایە زیاتر خۆ دەنوێنی. لە وردبوونەوەی زیاتر لە بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندیدار بە بابەتەکانی لەمەڕ سیکشوالیتەوە، دەردەکەوێ کە ئەو کێشەیەی لە چەند دەیەی ڕابردووەوە تا ئێستا لە ئەورووپا و ئەمریکا حەولی بۆ دەدرێ، ئەو کاراکتەرە زۆر زووتر حەولی بۆ داوە و بیری لێ کردووەتەوە و ئێستاش کە دوا ساتەکانی ژیانی تێپەڕ دەکا، هەر بیری لێ دەکاتەوە و داکۆکیی لێ دەکا. ئەویش بابەتێکە بە ناوی "ئازادیی جنسی". ئەو کەسایەتییە بڕوای بە ئازادیی پەیوەندیی نێر و مێ هەیە و لە بەشێک لە کۆتاییی قسەکانیدا، دەریدەخا کە ئەو بابەتەی لە ژیانی خۆشیدا ڕەچاو کردووە.

هاوسەرەکەی کە پێشتر بە شێوەیەکی بەدەر لە یاسا، پەیوەندیی لەگەڵی بووە، خەڵکی ستۆکهۆڵمە. ڕۆژێک لە کاتی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی ڕازێکی پێ دەڵێ. دوو گیانە و چون باوکی ئەفسەرێکی پلەباڵای ئەرتەشە، بە عەیبەی دەزانێ بێ ئەوەی پەیوەندیی ژن و مێردایەتیی هەبێ، منداڵی لەو ببێ و داوای لێ دەکا چەند ساڵێک ببنە ژن و مێرد. دواتر وەکی لە درێژەی قسەکانیدا دەردەکەوێ، ئەو ئەم پەیوەندییە بە بەربەستێک لەسەر ڕێگای ڕەهایی و ئازادیی مرۆڤ دەزانێ و پێی وایە یەکێک لە کێشەکانی سەر ڕێگای ژیانە و لە ژنەکەی جودا دەبێتەوە.

ئەو هەرچەشنە پەیوەندییەکی لەو بابەتە کە دڵخۆشیی مرۆڤی بە دواوە بێ بە ڕەوا دەزانێ و لەبەرانبەر نەیارانی ئەو بیرەدا سەری سوڕماوە.

لایەنێکی دیکەی ژیان و بیری کاراکتێری یەکەم، حەولدانە بۆ ئەوەی دونیا بکاتە شوێنێکی لەبارتر بۆ ژیان. ئەو کارەش بە وەگەڕ خستنی دوو پڕۆژە لە ماڵی خۆیەوە دەست پێدەکا. یەکەم بۆ ماوەی چل ساڵ، ڕۆژانی یەکشەممە دۆست و هاوڕێ و بە گشتی هۆگرانی بۆ خواردن و ڕابواردن و بیروڕا گۆڕینەوە بانگ دەکاتە ماڵی خۆی و دەرکی بە ڕوی هەمواندا کراوەیە. وەکی دەڵێ لەو ماوەیەدا زیاتر لە "دوسەت و پەنجا هەزار" کەس، لە ماڵی ئەودا خواردوویانە و بیریان گۆڕیوەتەوە و پێکەوە بوون. دەڵێ هاورێیەکم بە تەوس پێی دەکوتم: فڵان کەس کاتێک شاد دەبێ کە بتوانێ هەموو خەڵکی دونیا لەگەڵ یەک ئاشنا بکا. ئەو ڕووحە لە ئەورووپایەک کە تاکخوازی و ئیندیویجوالیزم تانوپۆی هەموو ژیانی گرتبووەوە سەرسوڕهێنەرە و هەڵبەت دەتوانین بڵێین ئەو کردە و حەولەی کەسایەتیی بەرباس دژکردەوەیەکە لەبەرانبەر ئەو فەزایەدا.

پڕۆژەی دووەم سازکردنی ناسنامەیەکی نوێیە بۆ خەڵکێک کە هاموشۆی دەکەن. بەو شێوەیە کە دەیهەوێ لە ڕێگای ئەوەوە هەموو کەسێک بتوانێ شوناسێکی تازە وەدەست بێنێ. ئەو دەیهەوێ، یان ویستوویەتی شوناسی مرۆڤە لێک جوداکان سەرلەنوێ ڕێکخاتەوە. لە ناسنامەی ئەودا یەک شت هەموو مرۆڤەکان پێکەوە گرێ دەدا. ئەویش زەوینە. ئەو بنەمایەک بۆ یەکگرتووییی مرۆڤ دەستنیشان دەکا کە نکۆڵیی لێ ناکرێ؛ شوێنی لەدایکبوون، واتە؛ زەوین. ئەو ناسنامەیەی ئەو باسی دەکا و وەک پاسپۆرتی جیهانیی دەناسێنێ، لە لایەن ئەوەوە  بۆ زۆر کەس ساز کراوە و نووسراوە. تا لە ئاکامدا پۆلیس تەگەرە دەخاتە بەر ئەو پلانەی و پێشی پێ دەگرێ. دیارە کەسایەتییەکی لە گوێن ئەو، زانیویە ناسنامە و پاسپۆرتی وا کاری پێ ناکرێ، بەڵام وەک کردەی هێمایین لە جیهانی ئەو سەردەمدا، کە باسێک تەنانەت لە سازبوونی یەکیەتیی ئەورووپاش نەبووە، کارێکی گرینگ و جێگای سەرنجە.

بەشێکی گرینگی دیکە لە دیالۆگەکانی ئەو کاراکتێرەدا کە دەرخەری ڕوانگەی فەلسەفیی ئەوە، لەبەریەک ڕانانی شێوە ژیانی ئەمریکایی و ئەورووپایییە. بە واتایەکی دی سەرمایەداری لە بەرانبەر ئولگوویەکی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیدا دەخاتە بەر ڕەخنە. ئەو بەشە بە هەڵسەنگاندنی شێوەی خزمەتگوزاریی دەرمانی لە ئەمریکا و فەرانسەدا دەخاتە ڕوو. کاراکتێری ڕەمەزانی لەو فیلمەدا بێ ئەوەی باسێکی ڕەخنەکارانەی سیاسی و فەلسەفی پێشکەش بکا، ئەزموونی ژیاوی خۆی لە دوو سیستەمی خزمەتگوزاریی دەرمانیدا دەگێڕێتەوە و  بینەر سەرپشک دەکا داوەری بکا. هەڵبەت بۆخۆشی داوەریی خۆی دەخاتە ڕوو. ئەو بە سەرەتیدانی شێوە خزمەتگوزاری و گوزەرانی فەرانسەوی لەبەرانبەری شێوەی ئامریکاییدا، بە بینەر دەڵێ کە ئەو جۆرە ژیانە چی بۆ بەرهەمهێناوە. ژیانێک کە  تەنانەت لە دوایین چرکەکانیدا هاودڵی و هاوڕێیەتیی بە دواوەیە. بوونی هەڤاڵانی لە جەژنی هەشتا و حەوتەمین ساڵی لەدایکبوونیدا ئەو ڕاستییە بۆ بینەر نیشان دەدەن کە ئەوەی بە کردەوە لە دەیان ساڵی ژیانیدا حەولی بۆ داوە بەرهەمەکەشی  چنیوەتەوە. بەڵام دوا سێکانسی ئەو جەژنە خەمهێنەرە. کەسێکی تەنیا و بێ حوزووری هەڤاڵە هەمیشەیییەکانی و سەرەنجامی ژیانێک کە هەر بە تەنیایی و دڵتەنگی کۆتاییی دێ.

کاراکتێری دووەم و هەڵبژاردنی لەو بابەتەوە گرینگە کە ڕوانگەی ژنی ئەورووپی هاوکات و دوای شەڕی جیهانیی دووەم نیشان دەدا. لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕاستییەش دەردەخا کە بیری ناسیۆنالیستیی فەڕانسەوی تا ئەو چرکەساتەش وزە و گوڕی خۆی هەیە و قسەکان و گێڕانەوەکانی خاتوونی بەساڵاچووی کاراکتەر ئەو ڕاستییە بە بینەر دەنوێنن. ئەگەر کاراکتەری یەکەم ژیانی بە جیهانەوە گرێدراوە و هەڵبەت فەڕانسەشی ئاشقانە خۆش دەوێ، کاراکتێری دووەم، فەڕانسەی ئەوجۆرەی هەیە خۆش دەوێ. واتە وێنەی بێ ڕتووشی فەڕانسە، لای ئەو ئاڕمانییە. وێنەیەک بێ جوانکردن. چون ئەو، فەڕانسە هەر بەو شێوەیەی هەیە جوان دەبینێ و نایهەوێ دەستکاری بکرێ. ئەوەی هەیە بۆی گرینگە، بە باش و خراپییەوە. تەنانەت ئەو کاراکتەرە، وێنەی مۆنتاژ کراوی "ژێنڕال دۆگۆل"یشی ناوێ و وێنەی ڕاستەقینەی ئەوی پێ باشترە، هەرچەند لە جوانیدا بە بەراورد لەگەڵ وێنە ڕوتووش کراوەکە کەمیش بێنێ. ئەو لەمەڕ دۆگۆلەوە دەڵێ: "ئەو دەیویست و ئێمە پێش دەکەوتین". ئەوە ڕازی پێشکەوتن و دەربازبوون لە زەلکاوی شەڕی جیهانی بووە. ئەو زەلکاوەی کاریگەریی تا دوا ساتەکان لەسەر کاراکتەری پیری ناو ئەو دیکۆمێنتارییە ماوە. داخ و دیقی لەدەست ئاڵمانییەکان بۆ ماوەی حەفتا ساڵ، هەر لە دڵدا ماوە. سەرنجام شەڕ و ڕق بە ڕێگای کۆتایی نازانێ و پەرەستارێک؛ ئاکاری پەرەستارێک، مرۆڤێک؛ زانستی مرۆڤێک، دوای حەفتا ساڵ، ڕقی هەموو ئەو زەلکاوەی لە بیر دەباتەوە و ئەوەش هەر بە ئاکامی کاراکتێری یەکەممان دەگەیەنێ کە مرۆڤەکان دەبێ لە یەکتر نزیک ببنەوە و لەو جیهانە گەورەیەدا پێکەوە بدوێن، بنوون، بخۆن و بمرن.

کاراکتێری سێهەم؛ شوناسێکی پارچەپارچەی هەیە. لایەکی بنەماڵەی، واتە بەرەبابی "ئیرلەندی" و لای دایکی "پۆرتوگالی"ن، لە ئامریکای سەردەمی شەڕی جیهانیدا سەرباز بووە، لە فەڕانسە دەژی، هاوڕێکانی ڕووسین و لە ئامریکا دەژین.

بنەوبنەچەی وەکی مامی لێی کۆڵیوەتەوە ڕووت و پێ پەتی و دێهاتی بوون و خۆشی بە کەسێکی داهێنەر نازانێ و ئەوەی بۆی گرینگە "ئازادی"یەکەیەتی. دەڵێ من سەرسپێردراوی کەس نیم و ئازادییەکەمم خۆش دەوێ. بەڵام ئەویش ژیان لە فەڕانسە بەسەر وەحشیگەریی (بە قسەی ئەو) ئامریکادا سەرەتی دەدا. لە ئاکاردا ئامریکا پەسەند ناکا و لە ئاکامدا بە ژێستێکی چاوەڕوانانە و کۆنجکۆڵانە و تەنانەت سەرلێشێواوانەوە، لە پلانی ئاخردا لە دووربین ڕاماوە. سەرلێشێواو لە نێوان شوناسەکاندا. دەیهەوێ لەمەڕ شوناسەوە زیاتر ببیستێ و گوێچکەی خۆی و بەرەبابی لە لای پوورەکانییەوە هەر لە سەرەتاوە گران بووە. گوێچکەیەکی گران بۆ بیستن و چاوێکی وردبین بۆ ئازادی و وەسواسێک کە لە کۆی جووڵەکانیدایە و لە دیالۆگی سەرەتاشدا باسی دەکا. ئەو شوێنەی بە فیلمساز و کامێرامەن دەڵێ: "تۆ جاسووس نی."

KURDŞOP
977 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!