قۆناغەکانی سینەمای کوردی، ئاستەنگ و دەسکەوتەکان

قۆناغەکانی سینەمای کوردی، ئاستەنگ و دەسکەوتەکان

 

مادورا فارس

بە وتەی شارەزایان، بە تایبەت لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، کەرتی سینەما جووڵەیەکی گەورەی تێکەوت.

تەنانەت لە کوردستانیش لە دوای ساڵی ١٩٥٠ سینەماکاران هەوڵیان دا شوێنی ئەو کەرتە لە کۆمەڵگای کوردیدا بکەنەوە یان ببنە پەنجەرەیەک بۆ گەیاندنی خۆشی و ناخۆشییەکانی کورد بە جیهان. تەنانەت لە سەدەی بیست و یەکەمیشدا هەوڵ هەیە کە وردەوردە سینەما بگوازرێتەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی. بەڵام ئەوەی ڕەخنەی لێ دەگیرێت، پیشەیی نەبوونی ئەو کەرتەیە. ئەگەر لە گۆشەیەکی ترەوە سەیری بکەین، دەرفەت و ئاستەنگ بۆ سینەماکارانی کورد زۆرن. تەنانەت بەو شێوەیەش ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا 10 فیلم دروست بکرێن و تەنها یەکێکیان باش بێ، هەر کارێکی گرنگە.

لە لایەکی تریشەوە دەبینین کاریگەریی فارس و عەرەب و تورک لەسەر سینەما و سینەماکارانی کوردی هێشتا بەهێزە. بەشێک لە دەرهێنەرە گەنجەکان هەوڵ دەدەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە، شێوازی جۆراوجۆری سینەماکاری بەکاربهێنن. بۆ نموونه له هەندێک بەرهەمدا لە هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی کەڵک وەرگیراوە و هه موو توخمێک بۆ گه یاندنی کولتووری دەوڵەمه ندی کوردی به کاردەهێنرێت. بۆ کورد لە ئەفسانە و ئوستوورەکانەوە تا شاعیرانی ٣٠٠-٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر؛ لە دەنگەوە، تا ئامرازەکانی ئەم سەردەمە، دەرگایەکی زێڕین بۆ دروستکردنی "سینەمای کوردی" کراوەتەوە.

بە بڕوای شارەزایان، سینەما هونەرێکی گەڕۆکە کە دەتوانێت سەفەر بکات و ڕەنگ و دەنگی کۆمەڵگایەک یان چەند کۆمەڵگا لە جیهاندا بناسێنێت.

 

لە سەدەی بیستەمەوە تا بیست و یەک، سینەمای کوردی چ ڕێچکەیەکی گرتۆتەبەر؟

بەگوێرەی سەرچاوەکان، دەرهێنەری بەڕەچەڵەک ئەرمەنی، "هێمۆ بەگ نازاریان"، بە فیلمی "زارێ" لە ساڵی ١٩٢٦ لە ڕووسیا، بۆ یەکەمجار هەوڵی داوە سەرنجی جیهان بۆ کێشەی کورد ڕابکێشێت. فیلمەکە باس لە ژیانی کوردانی ئێزیدی دەکات کە لەو سەردەمەدا لە یەکێتیی سۆڤیەت دەژیان. بەم شێوەیە ئەگەر سەیری بکەین فیلمی "زارێ" دەبێتە هەوێنێک بۆ لەدایک بوونی سینەمای کوردی.

سەردەمی لەدایکبوونی سینەمای کوردی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بە فیلمەکانی یەڵماز گۆنەی دەستی پێکرد و دواتر ئەو دەرهێنەرە کوردە وەک "باوکی سینەمای کوردی" ناوی دەرکرد.

یەڵماز گۆنەی لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەگەڵ دەرهێنەری کورد "عەتیف یەڵماز" کاری سینەمای دەکرد. بەڵام لەو ماوەیەدا ئەو قەدەغەیەی کە بە هەموو شێوەیەک لەسەر کورد هەبووە، سینەماش لێی بێبەری نەبوو.

بە سێ فیلمەی گۆنەی، "سورو" (مێگەل) ١٩٧٨، "یۆڵ" (ڕێگا) ١٩٨٢ و "دیوار" ١٩٨٣، هەنگاوی جددی بۆ دامەزراندنی سینەمای کوردی نرا، هەرچەندە حکوومەتی تورکیا ڕێگەی نەدا ئەکتەرەکان بە زمانی کوردی بدوێن، یان زۆر بە ڕوونی باسی کێشەکانی کۆمەڵگای کوردی بکەن.

لە ساڵانی ٢٠٠٠ بە هاتنی نەوەی نوێی سینەماکارانی کورد، بەرهەمی زۆر بەنرخ، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە کوردستان، بەرهەم هات و ئەمەش قۆناغێکی نوێ بوو بۆ سینەمای کوردی.

بەهمەن قوبادی یەکێکە لەو دەرهێنەرانەی کە بە بەرهەمەکانی ژیانی ڕۆژانەی کورد پیشان دەدات کە بەشێکی لە شەڕ و کۆچ و ئازار و نەخۆشی پێکهاتووە.

بەهمەن قوبادی بە فیلمی "کاتێک بۆ سەرخۆشیی ئەسپەکان" (٢٠٠٠) خەڵاتی "CAMERA D`OR"ی لە فێستیڤاڵی کان (٢٠٠٠) و چوار خەڵاتی نێودەوڵەتی وەرگرتووە. جگە لەوەش  بە فیلمی "کیسەڵەکانیش دەفڕن" (2004) خەڵاتی "فێستیڤاڵی سان سێباستیان"ی بەدەستهێنا و وەک نوێنەری ئێران بۆ خەڵاتی ئۆسکاری ساڵی 2004 پاڵێورا و 34 خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەدەست هێنا.

هەروەها دەرهێنەر "مانۆ خەلیل" بە فیلمی "هیچەچیک" بە شایستەی خەڵاتی "باشترین فیلمی فێستیڤاڵی دهۆک" (2016) دانراوە. جگە لەوەش فیلمی "دراوسێکان"ی خەلیل لە "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گانگنۆنگ لە کۆریای باشوور" وەک باشترین فیلمی درێژی ساڵ خەڵات کرا و خەڵاتی "گراند پریکس"ی لە "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مۆنس لە بەلجیکا" بەدەست هێنا.

هەروەها سێ خەڵاتی تایبەتی لە "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین" لە شاری میلانۆ بەدەستهێناوە. ئەم فیلمە لە ساڵی 2021 لە پایتەختی سویسرا  "خەڵاتی بێرن"ی بەدەستهێناوە، تا ئەمڕۆش وەک نوێنەری کورد بەشداریی فێستیڤاڵە جیهانییەکان دەکات.

دەرهێنەرێکی دیکە کە پێمان خۆشە سەرنجی کارەکانی بدەین، "مێهمەت عەلی کۆنار"ە، کە لە "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دهۆک" بە فیلمی "خولیای بێ ڕەنگ" لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی FIBRESCIی بردەوە و بە فیلمەکانی "گۆڤەندا عەلی و دایکی زین" (٢٠٢١) خەڵاتەکانی "فێستیڤاڵی فیلمی ئەستەنبوڵ" و "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەنقەرە"ی وەک باشترین فیلم بەدەست هێنا.

 

دەرهێنەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوی "توورەج ئەسڵانی"یە کە بە فیلمی "بێ دەوڵەت" (2021) خەڵاتی "ڕێگای ئاوریشم"ی "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی چین"ی بەدەست هێناوە.

"هونەر سەلیم" دەرهێنەری فیلمەکانی "ڤۆدکای لیمۆ" (2004) و "وڵاتی من تیژ و شیرینە" (2013)، بەو فیلمانە چەندین خەڵاتی جیاوازی بەدەست هێناوە. فیلمەکانی "کیلۆمەتر سفر" و "دۆل"ی هونەر سەلیم لە ساڵی ٢٠٠٥ لە "فێستیڤاڵی جیهانیی فیلم" لە شاری کان خەڵاتی "شێڤالیێر دیس ئارتس و دیس لێترێس"یان بەدەست هێنا.

 

ئەرسەلان ئەمیری بە فیلمی "زالاوێ" (2021) خەڵاتی "لویجی دی لۆرانتیس"ی لە شاری ڤێنیز بەدەست هێنا.

"حوسێن حەسەن" توانی خەڵاتی "میهری عەرەبی"ی لە "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دوبەی" (2016) بە فیلمی "ڕەشەبا" بباتەوە.

هەروەها "شەهرام عەلیدی" کە وەک دەرهێنەرێکی بەناوبانگی کورد ناسراوە، لە ساڵی ٢٠٠٩ بە فیلمی "چرپەی با" خەڵاتی "ڕەخنەگرانی فێستیڤالی کان"ی بەدەست هێنا و نزیکەی ٢٠ خەڵاتی جیهانیی بۆ ئەم فیلمە بردووەتەوە. عەلیدی 10 خەڵاتی نێودەوڵەتیی بۆ فیلمی "بیرەوەرییەکانی ئەسپی ڕەش" وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی "باشترین فیلم" لە "فێستیڤاڵی ئاڤانکا لە پورتوگال" لە ساڵی 2003.

جگە لەوەش زۆرێک لە دەرهێنەرە کوردەکانی وەک "شوان عەتووف، جانۆ ڕۆژبەیانی، نیزامەدین ئاریچ، بەختیار فەتاح، شەوکەت ئەمین کۆرکی و هتد کەسانێکن کە ڕۆڵیان لە پێشکەوتنی سینەمای کوردیدا لەبیر ناکرێ. لە لایەکی تریشەوە هەندێک هەوڵ هەیە کە لە نێوان سینەمای کوردی و جیهانیدا بوار خۆش دەکات. لە نێویاندا "فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لۆس ئەنجلۆس" (LAKFF)، "فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی کۆچەر" و "فێستیڤاڵی فیلمی گەشتیاری" کە فیلمە کوردییەکان لە کوردستان و هەموو جیهان کۆدەکەنەوە، هەنگاوێکی ئەرێنییە. چەندین بەرهەمی کورت و درێژی دیکەش هەن کە هەم خەڵاتیان وەرگرتووە و هەم پێوانەیەکی بەرچاویان کردووە بۆ گەیشتن بە سینەمای کوردی لە ئاستێکی دیاریکراودا.

بە دڵنیاییەوە ڕێگایەکی دوور و درێژی ماوە بۆ ئەوەی سینەمای کوردی ڕۆڵی سەرەکیی خۆی بگێڕێت. دەرهێنەر شوان عەتووف لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە ئێستادا بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە ئەم کەرتە زیاتر پێش کەوتووە، ئەوە سینەمایە کە کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات. لە کوردستانیش سینەما لە ڕێگادایە، بەڵام هێشتا سەرەتایە و ئاستەنگێکی زۆر هەیە".

KURDŞOP
1453 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!