هونەری بەرپرس و بەرەنگار بوونەوەی نەیار

بەشی 1

هونەری بەرپرس و بەرەنگار بوونەوەی نەیار

(رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ نەیارانی جوانی و مرۆڤ)

دوکتور سۆران ڕواندزی

 

سەردەمێک بەسەر دروشم و ڕێبازی "هونەر لە پێناو هونەر"دا تێپەڕیوە. ئەو بیر و ڕێبازە ئاکامی شێوە ڕوانینێکی تایبەت بۆ هونەر بوو کە پێی وابوو تەنیا بایەخی دەروونی و زاتیی هونەر جێگای سەرنجە و هەرچی ببێتە پاشکۆی هونەر یان وەک پاشناو لەگەڵی بێ ڕەسانەیەتیی هونەر تێکدەدا.  لە ڕاستی دا ئەو دەستەواژەیە لە ڕستەیەکی فەڕانسەوی وەرگیراوە کە دەڵێ: "l'art pour l'art" هونەر هەر بۆ هونەرە. ئەوەش واتە هونەر دەبێ لە بایەخە ئاکاری و کۆمەڵایەتی و فێرکاری و بەرژەوەندییەکانی دیکە داببڕدرێ. بە قسەیەکی سادەتر دەتوانین بڵێین؛ هونەر بە پێی ئەو بایەخانەی لە زاتی خۆیدا هەیە گرینگە نەک ئەو بایەخە دەرکییانەی دەخزێندرێنە ناو دەقی هونەرییەوە.

یەکەم جاریش "تێئۆفیل گۆتییە" لە پێشەکیی ڕۆمانی "مادمازێل دۆمۆپین" ئەو دەستەواژەیەی دەکار کرد.

بەڵام هەر لە فەڕانسە یەکەم ڕەخنەگری بۆ پەیدا بوو. ئەویش "ژۆڕژ ساند" بوو. ساند دژ بەو ڕەوتە کوتی: هونەر بۆ هونەر قسەیەکی پڕوپووچ و بێ مانایە. فەیلەسووفی گەورەی ئاڵمانی "فڕێدریش ویلهێلم نیچە"ش لە کتێبی "ئاوا بوونی بوتەکان"دا نووسی؛ شتێک بە ناوی هونەر بۆ هونەر هەر ناتوانێ ببێ.

 دیارە هەر دوو تاقم بۆ قسەی خۆیان بەڵگە و شیکاری بەدەستەوە دەدەن. چ ئەوانەی پێیان وایە هونەر تەنیا جوانیی دەروونی بەرهەمی هونەرییە و چ ئەوانەش کە پێیان وایە هونەر لە پێناو شتێکی گرینگتر کە ئینسان و کۆمەڵگایە دەبێ ببیندرێ و بەرهەم بێ. ئێمە جارێ نامانهەوێ بکەوینە یەکلاکردنەوەی ئەو باسە، بەڵام جەخت لەسەر چەشنێک لە هونەر دەکەین کە لە بەرانبەر ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و چارەنووس و شکۆی مرۆڤ خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ.

هەر وەک دەزانین هونەرمەند بوونەوەرێکی جودا و دابڕاو لە کۆمەڵگا نییە کە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و چارەنووسی مرۆڤی بەلاوە گرینگ نەبێ. لەلایەکی دیکەوە هەر ئەو ڕووداوانە و جۆری بوونی مرۆڤی کۆمەڵگا کاریگەری لەسەر کەسایەتی و هەست و نەستی هونەرمەند دادەنێ. هونەرمەندێک کە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو ڕووداو و هەڵکەوت و ڕێکەوتانەوە چۆن دەتوانێ خۆیان لێ لابدا و جودا لەو فەزا و کەشە بیر بکاتەوە و تەنیا لە فۆڕم و پێکهاتەی دەقە هونەرییەکەی خۆی ورد بێتەوە.

هەر لەبەر ئەو بابەتە گرینگەیە کە ئەوەندی دەڕوانین کەمتر دەبینین هونەرمەندێک لە ئاست ڕووداوەکان خۆی بە بەرپرس نەزانیبێ.

هەڵبەت بوون و هەشن کەسانێک کە ئەو بابەتەیان بەلاوە گرینگ نەبووە و دیارە کۆمەڵگاش ئاوڕێکی ئەوتۆی لێ نەداونەتەوە.

ئەگەر نموونەی ئەدەبی جیهانی باس بکەین دەتوانیین لە زۆربەی وڵاتان هونەرمەند و نووسەرانی بەرپرس ببینینەوە کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە و بوون بە شانازیی وڵاتی خۆیان و مرۆڤاتیش. هەڵبەت ئەوەشمان لەبیر بێ هونەری بەرپرس و بەرەنگاری بە واتای دروشمی ڕووت و دابەزاندنی جوانی و ئاستی هونەری و فۆڕمیکی دەقەکانیش نییە.

بۆ وێنە بەرهەمی نیگارکیشی گەورەی وەک "پابلۆ پیکاسۆ" بەناوی "گۆڕنیکا"، دژکردەوەیەکە لەبەرانبەر دڕندەیی سەربازانی دیکتاتۆڕ و تەنانەت کاتێک سەربازان دەچنە نیگارخانەکەی و ئەو تابڵۆ گرینگە بە دیوارەکەیەوە دەبینن لێی دەپرسن ئەوە بەرهەمی جەنابتە؟ ئەویش دەڵێ نەخێر ئەوە بەرهەمی جینایەتی ئێوەیە.

لە بواری ڕۆماندا ئەگەر بمانهەوێ ئاماژە بە بەرهەمی وابکەین دەتوانین ڕۆمانی "جێژنی نێری" لە نووسینی "ماریۆ بارگاس یووسا" ناو بەرین. ئەو شاکارە جیهانییە باسی دیکتاتۆری "تڕۆخیۆ" دەکا و وڵاتێکی دیکتاتۆڕ لێدراو و جۆرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیکتاتۆڕ لە وڵاتی "دومینیکن" دەخاتە بەرباس. لە بواری شێعر دا دەتوانین ئاماژە بە "فێدریکۆ گارسیا لۆرکا" بکەین کە لەسەر شێعرەکانی گیانی خۆی دانا و دەقی بەرپرس و هونەری وەک "گۆرانی گاڕدی سیویل" و "کاتژمێر پێنجی ئێوارە" و ...ی خوڵقاند. لە بواری مووسیقادا دەکرێ ئاماژە بە "ڤیکتۆر خارا" بکرێ کە تا دوا دڵۆپەی خوێنی بۆ خەڵک و دژ بە دەسەڵات گۆرانیی کوت و سازی ژەند و بوو بە بەشێک لە مێژووی هونەر و شکۆی مرۆڤی مودێڕن. کەواتە ئەگەر کورتی ببڕمەوە دەتوانم بڵێم هونەرێک لەئاست زام و ژانەکانی کۆمەڵگا و مرۆڤ بەرپرسیار نەبێ، شتێکی پێ نییە بیدا بە مرۆڤ. جوانی و فۆڕم بە تەنیا بەس نییە. ئەوانە دوو شەرتی پێویست بەڵام ناکامڵن بۆ دەقی هونەرمەند. ڕەنگە ئەو قسەیە دژیشی هەبێ بەڵام ڕاستییەکانی مێژووی هونەر شەرم لە ڕەخنەگرانی ئەو بوارە ناکەن.

لە کوردستانیشدا لەهەموو بوارەکانی هونەردا هونەرمەندانی کورد حەولیان داوە شان بە شانی ژان و کەڵکەڵەکانی کۆمەڵگا و زۆر جار پێش ئەویش هەنگاو هەڵبگرن. لە نیگارکێشانی کوردی وەک دکتۆر ڕێبوار سەعید و ڕۆستەم ئاغالە و شۆڕش ئاهی و هادی زیائەدینییەوە بگرە تا شاعیرانی وەک سوارە و هێمن و هەژار و شێرکۆ و پەشێو و تا نووسەرانی وەک قزڵجی و  حسێن عارف و برایم ئەحمەد و شێرزاد حەسەن و عەتا نەهایی و ...ئەوانە و زۆری دی، نموونەکانی ئەدەب و هونەری بەرپرسی کورد و لە نووسینەکانی دیکەدا باسی گرینگیی کار و بەرهەمی هونەری ئەوان وەک هونەری ناڕەزایەتی و بەرەنگاری دێنینە گۆڕێ.

 

درێژەی هەیە....

KURDŞOP
1000 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!