ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەری

مەحاڵە و لە پارادۆکسدایە، بۆ نموونە گرووپێک، یان پارتێکی سیاسیی کوردی، کار بۆ ئازادی و ڕزگاری بکات و شۆڕشگێڕ بێت و چەک هەڵبگرێت و هەموو سەختییەک قەبووڵ بکات، بەڵام تۆوی ئاسمیلەکردنی دوژمنان بڕژێنێت و کوردێک بێت کە دڵی بۆ زمان، کەلتوور و داب و نەریتی نەتەوەکەی لێ نەدات.

ڕۆژان سۆفیزادە

لە پێناسەی نیشتمانپەروەریدا زۆر تیۆری و لێکدانەوە هەیە کە تا ڕادەیەک تەنانەت ئێمەی کوردیش لێی تێدەگەین کە هەستی وڵاتپەروەری بە چ پێوەر و لێکدانەوەیەکی گشتی لەنێو گەلی کورددا جێی گرتووە.

هەستی وڵاتپەروەری یەکێکە لە باشترین هەستەکان، بە شێوەیەک کە هەریەک لە ئەندامانی کۆمەڵگەیەک و نەتەوەیەک، خۆشەویستیی خۆیان بۆ خاک، ئاو، جوگرافیا، زێد و نیشتمانەکەیان بە ئاسانی دەردەبڕن. هەرکەسێک ئەم هەست و خۆشەویستییەی بەرامبەر جوگرافیاکەی و نیشتمانەکەی هەبێت، دەتوانین ئەو کەسە وەک نیشتمانپەروەرێک بناسین.

بەڵام من لەم بابەتەدا دەمەوێت جیاوازیی نێوان "ناسیۆنالیزم" و "نیشتمانپەروەری" ڕوون بکەمەوە.

ئێمە لە سەرەوە باسمان لە مرۆڤی نیشتمانپەروەر کرد، بێگومان لەنێو گەلی کورددا زۆر کەس کە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانەی سەرەوەن، زۆرجار پێیان دەگوترێت ناسیۆنالیست. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو کەسەی کە خاک و ئاوی وڵاتەکەی خۆش دەوێت و کەسێکی دوگماتیکە، بەپێی بۆچوونی شارەزایانی سیاسی، ئەو کەسە وڵاتپەروەرە و هیچ پەیوەندییەکی بە ناسیۆنالیزمەوە نییە. ڕەنگە زیاتر دەمارگرژیی نەتەوەیی و پاراستنی هەندێک هێڵی نەتەوەیی وەک پاراستنی زمان، کەلتوور، ئەدەب، داب و نەریت و بۆنە و هتد بێت کە نەتەوەیەکی پێ پێناسە دەکرێت. بەتایبەت خاوەندارێتی و پاراستنی سێ خاڵی بنچینەیی وەک کەلتوور، زمان و مێژوو دەکرێت بە ناسیۆنالیزم پێناسە بکرێت. واتە ناسیۆنالیزم پەیوەندیی بە نەتەوەپەروەرییەوە هەیە نەک خاک و بەشەکانی دیکەوە.

بەپێی ئەو پێوانە و پێناسەیە تێدەگەین کە مانای ناسیۆنالیزم چییە، کاتێک کەسێک کە کار بۆ دەوڵەمەندکردنی زمان، کەلتوور، ئەدەب و پاراستنی داب و نەریت و کەلتووری نەتەوەکەی دەکات، بێگومان ناسیۆنالیستە، واتە نەتەوەپەروەرە. به‌ڵام ئه‌گەر به پێچه‌وانه‌وه مرۆڤ لە خەمی کەلتوور و زمانی نه‌ته‌وه‌که‌یدا بێت، له هه‌مان کاتدا بۆ ئازادی و ڕزگاری خەبات بکات و بەبێ ئەوەیکە کەسێکی نەتەوەپەروەر بێت، نیشتمانپەروەرە.

مەحاڵە و لە پارادۆکسدایە، بۆ نموونە گرووپێک، یان پارتێکی سیاسیی کوردی، کار بۆ ئازادی و ڕزگاری بکات و شۆڕشگێڕ بێت و چەک هەڵبگرێت و هەموو سەختییەک قەبووڵ بکات، بەڵام تۆوی ئاسمیلەکردنی دوژمنان بڕژێنێت و کوردێک بێت کە دڵی بۆ زمان، کەلتوور و داب و نەریتی نەتەوەکەی لێ نەدات.

ناسیۆنالیزم واتە نەتەوەپەروەری، پێش هەموو شتێک دەبێ پارێزەری ئەو پێوەر و هێما و هێڵانە بێت کە نەتەوەکەی وەک نەتەوە بناسێنێت.

کوردێک ناتوانێت بڵێت کوردم و نەتەوەییم، بەڵام ناسیۆنالیست نەبێت. لەلایەکی ترەوە هیچ کوردێک ناتوانێت بڵێت من کەسێکی نەتەوەییم، بەڵام پارێزەری خاک و نیشتمانی خۆی نەبێت و بۆ ڕزگاری و ئازادیی نەتەوەیی و نیشتمانی خەبات نەکات.

بۆ نەتەوەی کورد، بۆ خەڵکی کوردستان کە بەداخەوە ئێستاش نە ئازادیی نەتەوەیی و نە ڕزگاریی نیشتمانیی هەیە، زۆر پێویستە ئەم دوو پرس و خاڵە، واتە ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەری وەک جەستە و ڕۆح پێکەوە گرێ بدات، چونکە هیچیان بەبێ یەک کامڵ نین.

ئەرکی ڕۆشنبیران، پارتە سیاسییەکان و خەباتکارانە کە لەسەر ئەو پرسە کار بکەن و وانەی وڵاتپەروەری و نەتەوەپەروەری بکەنە بنەمای کوردایەتی و هەموو لایەک تێبگەیەنن کە دەبێ کوردێکی ڕاستەقینە کە دڵی بۆ کوردستان و نەتەوەکەی لێ دەدات، هەم پارێزەری کەلتوور و زمان و ئەدەبیات و ئەو هێڵانەی بێت کە پێناسەی نەتەوە دەکەن، هەم پارێزەری خاک، ئاو و جوگرافیا و هتد بێت.

کوردێک کە هەردوو ئەم تایبەتمەندییانەی هەبێت، دەتوانێت بڵێت: "من کوردم و کوردستانیم"، واتە من هەم وڵاتپەروەرم و هەم نەتەوەپەروەرم.

KURDŞOP
730 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!