کەلتوور لە چوارچێوەی گشتیدا

شنۆ

کەلتوور دوو بەشی مادی و مەعنەوی لەخۆ دەگرێت ئەوەش لە بەشێکی گشتیدا دەبێتە دوو بەشی وردکراو کە ئەو بەشانەش زۆر بواری دیکە دەگرنە خۆیان. لەلایەکی دیکەوە کەلتوور تێکەڵاویی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەش هەیە. ناکرێ تۆ باس لە کەلتوورێک بکەی کە تێکەڵاوی نەبێت. لە وڵاتێکی وەکوو کوردستانیشدا بەهۆی ئەوەی هەڵکەوتەی کوردستان لە مێژوودا خاوەنی چەند شارستانییەتی گەورە بووە ئەو کەلتوورە لەلایەک زۆر دەوڵەمەندە کە قسەکردن لەسەری زۆر شارەزایی دەوێ؛ لەلایەکی دیکەوە خودی ئەو کەلتوورە تێکەوڵاویی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا هەیە.

سیاسەتمەداران دەڵێن هەتا ئەو کاتەی کوردستان نەبێتە وڵاتێکی سەقامگیر باسکردن لە خۆشی و ئەمنییەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا قسەیەکە لەسەر کاغەز و ئەگەر هەشبێ ئەوە کاتییە. لەبەر ئەوەی کورد سەرەڕای ئەوەی لە مێژوودا هەمیشە وڵاتەکەی بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و تێکهەڵچوون بەڵام کەلتووری خۆی ڕاگرتووە.

هەر بۆیە ئەگەر چاو لە کوردستانی گەورە بکەین لە هیچ کام لە پارچەکانی کوردستان تەبایی و ئەمنییەت نەهاتووەتە دی و ئەوەی هەیە تەنیا ڕێککەوتنێکی کاتییە کە زۆر جار خۆمان دیومانە چۆن هەڵوەشاوەتەوە. شایەد پرسیارێک بۆ ئێمە بێتە پێش باشە بۆ وایە؟ وڵامەکەی ئەوەیە کە کورد نەتەوەیەکە کە وڵاتی دابەش کراوە و ئەو دابەشکرایە چونکە دەسکردە بۆیە هیچ کام لەو وڵاتانەی کوردستانیان تێدا دابەش کراوە ناتوانن خۆیان لەگەڵ کورد بگونجێنن و کوردیش بەهەمان شێوە.

هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد مێژووی هەیە، خاکی هەیە، حەشیمەتی هەیە، هەستی هاوبەشی هەیە. ئەو چوار توخمەی کە بنەمای پێکهێنانی هەر وڵاتێکە بۆ نەتەوەیەک؛ کە وابوو هەتا کورد نەگاتە مافی خۆی ئەو گڵۆڵەیەی خوێن هەر بەرەو ژوور دێت و مێژوو بە خوێن سوور دەبێت.

لە ئێستاشدا دەزانین و دەبینین زۆر کەس کە لە بواری مێژوودا لێکۆڵینەوە دەکەن باس لەوە دەکەن یا دان بەوەدا دەنێن کە کورد خاوەنی داب و نەریتێکە کە ئێستا بە ناوی هەندێک نەتەوەی دراوسێی تۆمار کراوە. ئەو بابەتە لە وشە و چەمکەکاندا زۆر ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە زمانەکانی تورکی، فارسی و عەرەبی بەشێکی زۆر لە زمانی کوردییان بە قەرز وەرگرتووە. بە قەولی ماموستا هەژار وتەنی ئەگەر بوێرم و بڵێم فارسی دوو لەسەر سێی کوردییە و دانەدانەی عەرەبییە.

لەلایەکی دیکەوە چوارچێوەی کەلتوور تەنیا بە جلوبەرگ، زمان، هەستان و دانیشتنی جیاواز پێناسە نەکراوە. بۆ نموونە مۆسیقا خۆی بەشێک لە کەلتوورە. ئەو کەلتوورە لە مۆسیقادا خۆی لە بەشی فولکلۆریشدا دابەش کراوە. فولکلۆر ئەو شتەیە کە تایبەت بە نەتەوەکەتە؛ بۆ نموونە لاوک، حەیران، بەیت، سیاچەمانە و ... ئەوانە لە کەلتووری تۆ لە بەشی فولکلۆردا جێگای دەبێتەوە. چونکە فولکلۆر ناتوانراێت وەرگێردرێتەوە. بۆ نموونە هیچ کەس ناتوانێ گۆرانیی حەسەن زیرەک کە دەڵێت: "بۆ خۆم دەچمە ڕێگای مەڕی" وەرگێڕێتەوە. تەنیا ئەو کەسانەش لێی تێدەگەن و دەزانن باسی چی دەکات کە کورد بن. لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە هەڵقوڵاوی نەریت و هەڵسوکەوتی کوردە. هەتا فولکلۆریش بەهێزتر بێت کەلتوور بە هەمان شێوە بەهێز دەبێت.

هەندێک لە شارەزایان و لێکۆڵەرانی کەلتوور باس لەوە دەکەن کە کەلتوور چوارچێوەیەکی گشتیی هەیە کە لە چوار بەش پێک هاتووە. ١ـ کاریگەریی کۆمەڵگا و پەروەردە لەسەر کەلتوور ٢ـ بەرهەمهێنەر ٣ـ بەکارهێنەر ٤ـ کاریگەریی کەلتوور لەسەر کۆمەڵگا و پەروەردە.

ئەو چوار بەشە هەموویان پێکەوە گرێ دراون یانی لێک ناترازێن. ئەو چوار کۆڵەکەیە کەلتووری کۆمەڵگاکە دروست دەکەن. کاتێک کەسێک بەرهەمێکی دروست دەکات یا فکرێکی هەیە و بڕیارە ئەو بەرهەمە یا فکرە بداتە کۆمەڵگا. دەبێ بەرهەمهێنەر لەبیری ئەوە دابێ کە کاریگەریی لەسەر تاکەکان چی دەبێت. بەپێچەوانەی ئێستاوە کە ئەو شتەی بەرهەم دەهێنرێت بە بێ هیچ چاودێری و فیلتێرێک دەدرێتە نێو کۆمەڵگا و تاکیش بەرهەمەکەی بەکار دێنێت.

کێشەکانی ئێستای تاکی کورد لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەوەیە. کەسێک گۆرانییەک بەرهەم دێنێت یا نەخێر ئاڵبۆمێکی مووسیقی دروست دەکات. هیچ کەس یا ئۆرگانێک نییە چاودێری لەسەر ئەو بەرهەمە بکات، بەڵکوو گرینگ ئەوەیە داهاتی ماددیی هەبێت و تەواو. بەڵام ئێمە و خەڵک بە گشتی لە وردەکارییەکانی ئاگادر نین کاتێک ئەو مۆسیقایە یا بەرهەمە گوێ دەدەنێ چ کاریگەرییەکی لەسەر میشكی و هزری ئەوان هەیە.

ئەگەر ئەو بەرهەمە بۆ نموونە بە ڕیتمێکی تورکی بەرهەم هاتبێ ئەوە هەڕەشەیەکە لەسەر مۆسیقای کوردی کە بەشێکە لە کەلتووری نەتەوەی کورد؛ هەڕەشەکە ئەوەیە مۆسیقایەکە لەلایەن زۆربەی ئەو کەسانەی کاری مۆسیقا دەکەن لاسایی دەکرێتەوە و بەرەبەرە ڕەوتی ئاسمیلاسیۆن دەست پێ دەکات بێ ئەوەیکە هیچ کەس لێی ئاگادار بێت.

سیستەمی پەروەردە و بارهێنان کە شاڕەگی هەر وڵاتێکە ئەو بەشەیە دەتوانێت بە باشترین شێوە کار لە سەر نەتەوەکەت بکات و لە هەمان کاتیشدا دەتوانێت خراپترین بێت. لەبەر ئەوەی منداڵ کە لە یەکەم ڕۆژەکانی خوێندنەوە وەبەر خوێندن دەدرێت و دەڕواتە قوتابخانە، دەبێ لەگەڵ فکرێک بەرەوڕوو بێت کە فکری کوردی بێ. دەبێ داماڵراو لە هەر فکرێکی هاوردە بێت و تەنیا کوردی بێت.

فکری هاوردە لە پەروەردە و بارهێناندا دەبێتە هۆی ئەوەی قوتابییەکی ٦ ساڵان مێشکی بە فکرێکی هاوردە گەورە بێت. گەورەبوونی ئەو قوتابییە لەگەڵ فکرەکە لە ئاکامدا دەبێتە هۆی ئەوەی تاکێک لە کۆمەڵگادا دروست بێ کە هەموو شتێکی پێ ڕاستە جیا لە هی خۆی.

کەلتوور لە چوارچێوەی گشتیدا ئەوەندە بابەتێکی ناسک و وردە کە تەنانەت خەوتن و خواردنی تاکەکانیش دەگرێتەوە. لە وڵاتی ئێمەدا کە کوردستانە و هەتا ئێستا ڕزگار نەکراوە، بەشێکی زۆر لە کەلتووری ئێمە خەریکە دەدزرێت و بە شێوەیەکی پاڵێورا بە خۆمان دەدرێتەوە کە دوای ماوەیەک بۆمان ڕوون دەبێتەوە یا کەسانێک هەن زوو لەو پلانانە ئاگادار دەبن و دژی دەوستنەوە کە ئەوە خەریکە دزی لە کەلتووری کورد دەکەن یا کراوە.

ئێمە وەک ئەو نەسلە و بە تایبەتی ئەوەی ئەمڕۆ بەهۆی ئینتێرنێت دنیامان بچووکه و پڕە لە زانیاری؛ دەبێ پێش لەوە بگرین و کەلتوورمان بپارێزین. دژی هەر کەسێک بوەستینەوە کە خەریکە بە ناوی بەرهەمهێنان، کەلتووری کورد بەلاڕێدا دەبات. کەلتووری کوردی دەبێ لە قوتابخانە، شەقام و کوچە و کۆڵانەکدا ڕەنگ بداتەوە. ناکرێت ئێمە پشت بەوە ببەستین کە شاعیران و ڕۆشنبیرانی ئێمە بۆیان بەجێ هێشتووین. بەڵکوو ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەو میراتەی ئەوان بە شێوەی ئەمڕۆیی بدەینە دەستی نەتەوەی خۆمان.

KURDŞOP
645 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!