لێکۆڵینەوەی دوو شیعر لە شاعیرانی کورد لەقەفقازی ڕووسیە

بەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ کوردەکانی ئەرمەنستان نەخوێندەوار بوون. بەڵام گەنجینەی ئەدەبیی ئەوان لە ناو کوردناسان و ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووس و ئەورووپی بووە هۆی سەرسوڕمان و دوای فێرکردنی خوێندەواری و پەرەپێدانی خوێندن لە نێو ئەوان، توانیان دەرگایەکی نوێ لە وێژەی کوردی بکەنەوە.

چیا عەزیزی

 

لە سەدەی بیستم لە ناو خەڵکی کوردی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو، تەنیا لە ناو کوردەکانی ئەرمەنستان لە قەفقاز، وێژە بە زمانی کوردی و بە شێوەی نووسراو بەدەست هاتووە. خەڵکی کورد لەو ساتانەدا بەشێوەی گشتی خەڵکێکی فەقیر و نەخوێندەوار و ئاوارەی وڵاتانی عوسمانی و ئێران بوون. لە بەینی کوردەکانی ئەو ناوچانە گێڕانەوەیەکی ناسراو هەیە کە دەڵێ: تا بەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ تەنیا یەک کەس خوێندنەوە و نووسینی دەزانی و ئەویش عەرەب شەمۆ بووە.

وێنە: عەرەب شەمۆ

 

ئەم گێڕانەوەیە لەوە دەچێت دروست نەبێت، بەڵام لە ڕاستی نزیکە.

بەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ کوردەکانی ئەرمەنستان نەخوێندەوار بوون. بەڵام گەنجینەی ئەدەبیی ئەوان لە ناو کوردناسان و ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووس و ئەورووپی بووە هۆی سەرسوڕمان و دوای فێرکردنی خوێندەواری و پەرەپێدانی خوێندن لە نێو ئەوان، توانیان دەرگایەکی نوێ لە وێژەی کوردی بکەنەوە. ئەم وێژەیە یەکێک لە بەهێزترین بەشەکانی وێژەی کوردی دێتە ئەژمار. لەو کاتەدا، نەتەنیا کوردەکان بەڵکوو خەڵکی ئەو وڵاتەش وێژەی دێرینی بەهێزی ڕووسیا کاری تێ کردبوون. سەبارەت بە کوردەکان، ئەم کارتێکردنە هەروەها لەلایەنی وێژەی ئەرمەنیشەوە هەستی پێ دەکرا.

بەشێوەی گشتی وێژەی کوردی لە قەفقازی سۆڤیەتی پێشوو بە شێوەی تیۆری بە بنکەی  ئایدۆلۆجیای دەوڵەت دەنووسرا و ناوەڕۆکی سوسیالیستی و پاشان کۆمۆنیستی بوو، هەم وێژەی کوردی و هەم وێژەی خەڵکانی دیکەی سۆڤییەتی پێشووو بەم شێوەیە بوو. ئەگەرچی ئێمە تووشی بەرهەم و ئاسەواری بایەخدار لە وێژەی کوردی دەبین و لەگەڵ ئەوەش بینەری ئاسەوارگەلێک بووین کە هێماگەلی پێگەی ژیانی کۆمەڵایەتی و کۆلتووریی تایبەتی کوردەکان نیشان دەدەن.

 

وینە: کوردستانی سوور لە سۆڤیەتی پێشوودا

 

بۆ یەکەمین جار کۆمەڵە وتار و شیعر و چیرۆکگەلی کوردی لە کتێبێک لە ساڵی١٩٣٢ لە ئیرەوان چاپ بوو کە ناوی «ئافراندنا ئەولن» بوو کە لە لایەن بڵاوگەی «حوکمەتا شەورا فلستانێ» لە چاپ درا و پێشەکییەکەی  «ئەمین عەبدوڵڵا» نووسیبووی.

ئەم کتێبە بۆ یەکەم جار میناکی شیعری نوێی بەرهەمهاتووی کوردیی ئەو ناوچانەی بڵاو کردەوە. چەند میناکی پەخشانیش لە وتارگەل و چیرۆکگەلی کورت لەو کتێبەدا دەبینرێن. ئەو کتێبە بەرهەمی ئەدەبیی لەم شاعیر و نووسەرانەی لەخۆ گرتووە: حەجی جندی، ئازات نوشتونی، ئەمین عەبدوڵڵا، عەتار شەرۆ، فتا، ساڵح و بایلۆر چایچا.

وینە: حەجی جندی

 

شتێک کە لەم بەرهەمانە زۆر گرنگ و بەرچاوە واتاگەلی ئەو شیعر و نووسراوانەیە کە زۆرتر لەدوای ئافراندنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی بە بناغەی تیۆریی مارکسیزمییە و لە ئایین و ئەوین و هەست بە دوورە. ئەم بەرهەمانە بەم واتاگەل و بەرچاوبوونە، دیاردەگەلێکی نوێ لە وێژەی کوردین کە دەتوانین لەگەڵ بزووتنەوەی ئەدەبیی «شیعری نوێ» کە لە سلێمانی لە باشووری کوردستان لەسەر دەستی عەبدوڵڵا گۆران و شێخ نووری شێخ ساڵح دەستی پێ کردبوو، بەراوەرد بکەین. ئەم دوو بزووتنەوە ئەدەبییە بەو جیاوازییانەی لە نێوان ئەم دوو ڕۆنێسانسەدا هەیە، بووەتە هۆی بەبایەختربوونی وێژەی کوردی.

 

وێنە: عەبدوڵا گۆران

 

 لێرەدا یەکێک لە شیعرەکانی یەکەمین شاعیری کوردی قەفقاز پێکەوە دەبینین:

 

عەتار شەرۆ لە شیعرێک بەناوی «ئەم ژ دخونن» دەنووسێت:

 

خوەندنا مە ڕۆناییە، فرەییە

عولمێ وێ زەف زێدییە

چێ‌کرنا سۆسیالیزمی ل بەر مە یە

دەورانا مە، دەورانەکا زێدەیە

خوەندنا مە خوەشە و عشقە

ئەم هەڤرا دخوونن تفاقە

خوەندنا مە ب زمانێ دێ یە

ئەم زوو بقەدینن گۆتنا شێورێیە

زمانێ مەیس لال ڤەبوو

خەڤاتچی تەف شا بوو

ملێ مەیی گریدایی ئازا بوو

دەورانا کەڤن وندا بوو

 

 

شاعیر لەم شیعرەدا بۆ هاوزمانانی خۆی کە تا ئەو ڕۆژگارە نەخوێندەوار بوون، سەبارەت بە سوودەکانی خوێندەواری قسە دەکات. لەم شیعرەیدا لە هەندێک لە وشەگەلی بیانی و زاراوەگەلی نوێ وەک سۆسیالیزم  و سۆڤیەت کەڵک وەردەگرێت. شاعیر بەراوەردی ژیانی کۆن و نوێی کوردەکان دەکات. چۆن پێشتر زمانیان لاڵ بوو و تواناییی خوێندن و نووسینیان نەبوو و ئێستا بە هۆی خوێندەوارییەوە زمانیان دیسان بە قسە هاتووەتەوە. بەلاوەتر دیل و بە زەنجیر کێشرا بوون بەڵام ئێستا بە سەربەستی ژیان دەبەنە سەر.

ساڵح کە شاعیرێکی تر لە قۆناغی یەکەمی وێژەی کوردی لە قەفقازە لە شیعرێک بەناوی «یەکێ گولان» دەنووسێت:

 

عەیدا یەکێ گولانێ

سەر ملێ پرۆلێتارا بەیرەقێ سۆرن

دکشن ژ کووچێ بەرلینی، لۆندۆنێ

بەیرەقی سۆر هەر ئالیا دفرن

ژ وان نامینن پرۆلێتارێ دن

گشکی سازی دەزگەنە

سیلح و چەک دەستێ وان دانە

جرگە ب جرگە دکش

گاڤێ درێژ داڤێژن

بەهەڤرا کلامێ ئینگلابێ دڤێژن

دەف زورنە بەر وان دهەژن

پێشدا جمعەتا خەڤاتچیا

قەت تالاشێ نەکیشنن ژ فاشیستا

بسەرکاریا تفاقا کۆمۆنیستا

ببرن کۆکا کاپیتالیستا

دیوانا زولومدا راهلشینن

قەید جیدارا بقەتینن

هەڤالا ژ کەلا زندانا دەرخینن

بەیراقا سۆر هەر دەرا داجکینن

 

شاعیری کورد، ساڵح، بەم شیعرەوە، پێشوازی لە جەژنی یەکی مەی، جەژنی کرێکارانی جیهان دەکات. ئەم جەژنە لە سۆڤییەت جەژنێکی گرنگ و پیرۆزە. لە شیعرەکەی شاعیری ئێمەدا، بڕێک وشەگەل و زاراوەی ڕامیاری و ئابووری دەبینین، کە لەسەر بناغەی بیر و ئایدوڵۆجیی مارکسیسزم داڕێژراون.

ئاڵای سوور ڕەمزی سۆڤیەت و تەواوی کرێکارانی جیهان بوو. شاعیر هەر بەوە قەناعەت ناکات و بڕێک لە زاراوەگەلی تریشی بەکار بردووە وەک: پرۆلیتاریا، فاشیست، کۆمۆنیست، کاپیتالیست و سەرهەڵدان. ئەم وشەگەلە بۆ یەکەم جار هاتوونەتە نێو بەرهەمی ئەدەبیی کوردی ( شیعر و پەخشان)، ئەویش دروست دوای سەرهەڵدانی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧.

 

 

KURDŞOP
324 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!