مەکان یان شوێن لە ڕۆماندا

سلتانا ئەتۆ

 

کاتێک دەڵێین شوێن، بە گشتی هەموو گەردوون دێتە بەرچاومان، لەلایەکی ترەوە شوێن وەک جێگەیەک کە تێیدا نیشتەجێبوون دەکرێت، پێناسە دەکرێت. بە ڕستەگەلێکی وەها "من لە ماڵەوەم، ئێوە لێرەن، من دەچمە شار" واتای شوێن دەردەبڕدرێت. بۆیە شوێن وەک چەمک مانایەکی فراوانی هەیە و تەنیا لە ژوورێک، شارێک یان ناوچەیەک وێنا ناکرێت. چونکە شوێن لەوانەدا سنووردار ناکرێت، دەتوانرێت بڵێین هەموو ئەزموونەکانی ژیانی مرۆڤەکان بە دڵنیاییەوە لەسەر شوێن پێک دێن.

مرۆڤ ناتوانێت مانایەکی جێگیر بە شوێن بدات، چونکە شوێن کەشێکی فراوانی هەیە. شوێن چەمکێکی کۆنە، بۆ پاراستن و نیشتەجێبوون بەکار دێت. بەڵام شوێن جێگیر نییە، بۆ نموونە پێشتر زۆر شوێن پڕ ئاو بوون، بەڵام ئەمڕۆ بێ ئاون. چونکە شوێن گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی لەسەر مرۆڤەکانیش هەیە. بۆیە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و شوێن بە قەد مێژووی مرۆڤایەتی کۆنە؛ لە کاتێکەوە مرۆڤ چاوی بەڕووی دنیادا دەکاتەوە، ئەو پەیوەندییە دەست پێ دەکات. جگە لەوەش هەبوون لەسەر شوێن پێک دێت، مرۆڤ لە ڕێگەی شوێنەوە هەبوونی خۆی نیشان دەدات.

شوێن یەکێکە لە توخمە بنەڕەتییەکانی نێو بەرهەمە ئەدەبییەکان کە نووسەر دەیبەخشێتە بەرهەمەکەی. لە ڕۆماندا شوێن تەنیا جێگەیەک نییە کە ڕووداوەکان تێیدا ڕوو دەدەن. جگە لەوەش شوێن ئەرکی دیکەی هەیە، بە جۆرێک کە شوێن کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پاڵەوانەکان و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دروست دەکات و خوێنەران لە کۆمەڵگە و ئابووری و کەسایەتیی پاڵەوانەکان ئاگادار دەکاتەوە. نووسەر ڕۆمانەکەی دەنووسێت، بەڵام بەو نووسینە زۆر شوێن دەردەکەون.

"ڕێناس ژیان" دەڵێت:

"نابێ خەڵک لە چەمکی 'شوێن' تەنیا وەک یەکەیەکی جێگە وەک گوند، ناوچە و شار، تێبگەن. بەپێی چیرۆکی ڕۆمانێک، هەندێکجار دەتوانێت ببێتە 'گاراژ'ێک، هەندێکجار دەتوانێت ببێتە 'بار'ێک، هەندێک جار دەتوانێت ببێتە 'ئاسیاو'ێک، هەندێکجاریش دەتوانێت ببێتە 'تەوالێت'ێک."

هەروەها لە درێژەدا دەڵێت کە شوێن کاریگەریی لەسەر شێواز و زمان هەیە و شێواز و زمان کاریگەریی لەسەر تەکنیک و گێڕانەوەی ڕۆمانەکە هەیە. نووسەر بەپێی شوێنی خۆی زمان و شێوازی خۆی دەگۆڕێت. وەک چۆن کاتێک شوێنەکە زەماوەند بێت و کاتێک شوێنەکە مزگەوت بێت، بەدڵنیاییەوە نووسەر شێوازی خۆی دەگۆڕێت.

بێگومان نووسەر خۆی لەسەر شوێن دەژی، بۆیە شوێنەکانی نێو ڕۆمانەکە لەژێر کاریگەریی ڕاستیدان، بەڵام دیسان بەپێی خواستی خۆی، دادەڕێژرێت.

وەک "Murat Lülic" دەڵێت:

"شوێنی ڕۆمان و شوێنی جیهانی دەرەوە بێگومان وەک یەک نین."

زانراوە کە شوێن بەپێی داخوازیی نووسەر دەگۆڕدرێت. ڕەنگە ژوور لە ڕاستیدا شوێنێکی داخراو بێت، بەڵام لە ڕۆمانەکەدا بۆ پاڵەوانەکە شوێنێکی بەرفراوان بێت. واتە ڕاستەوخۆ نیشانی نەدات، بەڵام دەتوانێت نوێنەرایەتیی ئەو بکات.

لە هەمان کاتدا شوێن لە ڕۆماندا خاوەن کاریگەرییە، یان خاوەن دەروونناسییە، پاڵەوان بەپێی شوێن دەگۆڕدرێت. شوێن لەنێو ڕۆماندا لەژێر سێبەری هێزی زمان و بەو وشانەی کە نووسەر بەکاریان دەهێنێت، دادەڕێژرێت. لێرەدا پێویستە خوێنەر ئاگاداری ئەوە بێت کە شوێنەکانی نێو ڕۆمانەکە خەیاڵین یان ڕاستەقینە؟

ئەگەر ئەمە وا نەبێت، ئەوا کەشی ئەو بەرهەمە لەنێو دەچێت. هەر نووسەرێک بەپێی خواستی خۆی بەکارهێنانی شوێن دەگۆڕێت. ڕەنگە گۆڕستان بە گوێرەی نووسەرێک شوێنێکی فراوان بێت و بە گوێرەی نووسەرێکی دیکەش شوێنی خۆف و ترس بێت. کەوایە بۆ ڕوودانی ڕووداوەکانی ڕۆمان، شوێن پێویستن. ئەو شوێنانە هەندێکجار دیارن، هەندێکجاریش نا. شوێن وەک توخمێکی جەوهەریی ڕۆمانەکە، لە گەشەسەندنی ڕۆمانەکەدا، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت.

بەم شێوەیە خوێنەر دەتوانێت شرۆڤە لەسەر ڕۆمانەکە بکات و بە وێناکردنی شوێنەکان بچێتە نێو ژیانی پاڵەوانەکانەوە. "شەنگول" لە ڕۆماندا شوێن بە ئەکتەرێک دەشوبهێنێت و دەڵێت: "شوێن لە ڕۆماندا هەندێکجار شایەتحاڵی خودی ڕۆمانەکەیە و هەندێکجار سنووری دەروونی پاڵەوانەکان ئاشکرا دەکات."

سەبارەت بە شوێن، "یاشار" وەها دەڵێت: "لە هەر ڕۆمانێکدا، ڕووداو بە شوێنەوە گرێ دراوە و بەم شێوەیە ڕووداو لەگەڵ شوێندا وێنا دەکرێت".

هەروەها دروستکردنی شوێنەکان هەستێکی ڕاستیبوون بە بەرهەمەکە دەبەخشێت و دەتوانێت واقیع و خەیاڵ تێکەڵ بکات.

"مەهمەت تەکین" ئامانجەکانی بەکارهێنانی توخمی شوێن بەم شێوەیە باس دەکات:

بۆ ناساندنی ئەو ژینگەیەی کە ڕووداوەکە تێیدا ڕوودەدات.

بۆ کێشانی پاڵەوانەکانی ڕۆمانەکە.

بۆ نیشاندانی کۆمەڵگە.

بۆ دروستکردنی کەش.

شوێنی کراوە و داخراو لە ڕۆماندا

شوێنی کراوە بە واتای شوێنی فراوان پێناسە دەکرێت، واتە تێیدا ڕووداوەکان زۆر بن. لەلایەکی تریشەوە زۆرێک لە پاڵەوانەکان لە ڕووداوەکەدا جێ بگرن، چونکە شوێن پێویستی بە جووڵە و چالاکییەکی زۆر هەیە، بۆیە لە ڕۆمانی مێژووییدا زیاتر ئەو شوێنانە هەن.

"Şengül" لەسەر شوێنی کراوە وەها دەڵێت:

ئاسوودەیی و دەرفەتگەلێک کە پاڵەوان لە شوێنە فراوانەکاندا بەدەستی دەهێنێت، لەلایەکەوە ڕێگە بە ڕووداوەکە دەدات لە ناوچەیەکی فراواندا بڵاو ببێتەوە. لە ڕۆمانی مێژووییدا، چیرۆکەکە زۆرتر لە شوێنی کراوەدا ڕوودەدات. لە ڕۆمانە مێژووییەکاندا ڕووداوەکە لە شوێنێکەوە دەست پێ دەکات و بۆ شوێنەکانی تر فراوان دەبێت. ئەو ڕووداوە مێژووییەی کە باس دەکرێت، قۆناغ و دۆخە کۆمەڵایەتییەکەی، پێویستی بە جوگرافیایەکی فراوان هەیە.

شوێنی کراوە ڕێگە بە پاڵەوان دەدات لە ڕووداوەکەدا چالاک بێت، چونکە ئەو فراوانبوونە بەپێی دەروونناسیی پاڵەوانەکە نیشان دەدرێت. لە هەمان کاتدا ئەو شوێنەی پاڵەوان هەست بە ئازادی یان فراوانبوون دەکات، دەبێتە شوێنی کراوە. لە ڕۆمانێکدا ڕەنگە گۆڕستان شوێنێک بێت کە پاڵەوان تێیدا هەست بە ئازادی بکات.

هاوکات لەگەڵ شوێنی کراوە، شوێنی داخراویش کاریگەریی خۆی لە ڕۆماندا هەیە. شوێنی داخراو بەپێی دەروونی پاڵەوان دیاری دەکرێت و زیاتر لە ڕۆمانە دەروونناسییەکاندا باوە. ئەو شوێنەی کە پاڵەوان هەست بە ئازادی ناکات، پاڵەوان کێشەی دەروونیی هەیە و لە هەمان کاتدا لەگەڵ کۆمەڵگە کێشەی هەیە، بەو مانایەی کە لە کۆمەڵگەدا چالاک نییە.

لە شوێنی داخراودا هەر بەشێک یان ژوورێک یان گۆشەیەک کاریگەریی لەسەر پاڵەوانەکە دەبێت. کاریگەریی لەسەر هەستەکانی پاڵەوانەکە دەبێت، وەک چۆن کۆچبەربوونی پاڵەوانێک کاریگەریی لەسەر کەسایەتیی پاڵەوانەکە دەبێت.

وەک بۆ قارەمانەکانی ڕۆمانی کوردی، وڵاتانی غەریب دەبنە شوێنێکی داخراو، چونکە هەمیشە لە حەسرەتی وڵاتەکانیانن، بۆیە شوێنە داخراوەکان زیاتر لەنێو پاڵەوانی ڕۆماندا خۆی جێ دەکاتەوە.

لە ڕۆماندا شوێنە ئەبستراکتەکان لەگەڵ خەیاڵ، حەسرەت، هیوا و بیروباوەڕی ئایینیی پاڵەواندا دەردەکەون و ئەم شوێنانە بە پێوەرە یۆتۆپیایی - خەیاڵی و میتافیزیکییەکان هەڵدەسەنگێندرێن. ئەو کێشانەی کە پاڵەوان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پاڵەوانەکە بێدەسەڵات دەکات. ئەم شوێنانە زیاتر لە ڕۆمانی فانتازیا و ئایینیدا دەردەکەون.

ئەنجام

وەک بۆمان دەرکەوت، شوێن دەبێتە ڕۆحێک بۆ بەرهەمە ئەدەبییەکان، واتە لەژێر سایەی توخمی شوێندا، بەرەوڕووی ڕۆحی ڕووداوی ڕۆمانەکە دەبینەوە. لە هەمان کاتدا، لە ڕێگەی شوێنەوە، نووسەر لایەنی پاڵەوان و ئەو دۆخەی کە تێیدا دەژی، نیشانی خوێنەرانی دەدات و باس لە دۆخی کۆمەڵگە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.

سەرچاوەکان

- جیهان کاینار، ٢٠٢١، مەکان د رۆمانێن کوردی دە، و، پەیوەند، چ، ١ وان.

- رێناس ژیان، ٢٠٠٨، ژ شەڤێ رە، چەند تێگەهێن دەرا هانێ، و، بەلکی، چ، ١ ستەنبۆل.

- ئاراس حسۆ، ٢٠٢٢، مەکان و کاراکتەرێ سەرەکە د رۆمانا وەهشێ د هوندرێ من دە، کۆڤارا سیوان، هـ: ١١.

- باهار ئەنچ، مەکان د رۆمانێن  کوردییێن سۆڤیەتێ دە: میناکێن فنجانا فەرفووری و خاتێ خانم. لێکۆلین.

- کۆڤارا وێژە و رەخنە، هەژ:٥، وەشانێن دەمانە.

- کۆڤارا وێژە و رەخنە، هەژ: ١٢ وەشانێن دەمانە 

 

 

 

KURDŞOP
593 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!