سەرە مریشکی ون بوو

با پێتان بڵێم مەبەستی دایکم چییە، ڕەنگە بێتەوە بیرتان، لە پاییزی ٢٠١٤ لە شارەکەم کۆبانی شەڕ ڕوویدا و خەڵکەکە ئاوارە بوون.

نووژین دەمر

بەهۆی گرانیی نرخی گۆشت، هەموو مانگێک کە باوکم مووچەکەی وەردەگرێت، نیو کیلۆ گۆشت یان مریشکمان بۆ دەکڕێت و هەندێکجار ماسی دەکڕێت، ماسییەکانی ڕووباری فورات، کە من دەڵێم باشترین ماسیی سەر زەوین.

ئەو ڕۆژە سکم قۆڕەقۆڕی دەکرد و بە ئەنقەست شتمان نەخوارد. چونکە ئێمە ڕۆژی گۆشت و خواردنی بەتاممان دەناسی، ئێمە خۆمان برسی دەکرد، وەک ئەوەی بڕیارە بۆ نانی نیوەڕۆ ژەمێکی قورس بخۆین.

باوکم هاتەوە و مریشکێکی هێنا، هەموومان چووینە پێشوازی مریشکەکە و بە گاڵتەجاڕی گۆرانییەکمان لەسەر باوکمان گوت:

- رێ بدنێ ڤایە هات، هەمی وەرن دۆرێ...

هەموومان پێکەنین و دایکم کیسەکەی کردەوە و گوتی:

- وییی.. مسۆ!! ئەوە چییە، تۆ کەوت هێناوە یان مریشک، بۆچی ئێسک و پێستە؟!

باوکم پێکەنی و گوتی:

- ئەوانەی تۆ دەیڵێیت، گرانیشن.

دایکم سەیری کردم و گوتی:

- وەرە یارمەتیم بدە، با زوو چاکی بکەین و بیخۆین، با وەک دۆڵمەکەمانی لێ نەیەت!

گوتم:

- دۆڵمەی چی؟

- ئەو دۆڵمەیەی ساڵی ٢٠١٤ پێش ئاوارەبوونمان، لەبیرت نییە؟

پێکەنیم و گوتم: با زوو مریشکەکە چاک بکەین!

با پێتان بڵێم مەبەستی دایکم چییە، ڕەنگە بێتەوە بیرتان، لە پاییزی ٢٠١٤ لە شارەکەم کۆبانی شەڕ ڕوویدا و خەڵکەکە ئاوارە بوون. پێش ئەوەی شەڕ بگاتە شار و هێشتا لە دەوروبەری بوو، نیوەی خەڵکەکە چوونە سنوور و نیوەکەی تریش هەر لە ماڵەوە بوون و دەیانگوت لەوانەیە شەڕ بووەستێت و ماڵی ئێمەش باوەڕیان نەدەکرد شەڕەکە بگاتە ئەوان. ئەو ڕۆژە دایکم گوتی با بۆ خۆمان دۆڵمە دروست بکەین. پێشتر لە ماڵەوە شتی دۆڵمەمان ئامادە کردبوو، بەهۆی شەڕەوە هەموو دووکانەکان داخرابوون، ئێمە لەو دۆخە ئاڵۆزەدا دۆڵمەمان دروست دەکرد. چەند ڕۆژێک بوو ئێمە ژەمێکی گەرممان نەخواردبوو، سکمان دەیقۆڕاند، دۆڵمەکەمان ئامادە کرد و خستمانە سەر ئاگر و کوڵاندمان. هاوەنێک بەر ماڵی دراوسێکەمان کەوت، مەنجەڵی دۆڵمەکەمان پڕ بوو لە قوڕ و بە خێرایی ماڵەکەمان بەجێ هێشت و بەرەو سنوور هەڵاتین.

هەموو ئەو شتانەی کە بەجێمان هێشت، دڵی ئێشاندین، بەڵام داخی دۆڵمەکەش جیاواز بوو.

و لەبەر ئەوەی دوو ڕۆژ بوو دۆخی ڕۆژاوا ناسەقامگیر بوو و فڕۆکەکان دەسووڕانەوە، دایکم لەبەر خۆیەوە دەیگوت: مریشکەکەش وەک دۆڵمەکەی لێ نەیەت. بە گاڵتە بە دایکمم گوت:

- مانگێکە چاوەڕێی ئەم مریشکە دەکەین، فڕۆکەش لە ژووری خواردنی ئێمە بدات، هەر من لە ژوورەکەی خۆمدا سفرە دادەنێم و دەیخۆم.

مریشکەکەمان چاک کرد و کوڵاندمان، بڕێک برنجمان کوڵاند و هەندێک بیبەری قلهەید (گوندێکی کۆبانییە کە بە بیبەری زۆر تیژ ناسراوە) و سەرێک پیوازمان دانا و سفرەکەمان ڕاخست. خێزانێکی گەورەین، سێ برا و چوار خوشکین لەگەڵ دایک و باوکم و داپیرەم، ١٠ کەس دەبین و ١٠ سکی برسی.

سەیری مریشکەکەمان کرد و هەمووان دەستیان خستە سەر پارچەیەکی. وەک هەمیشە دایکم دواهەمین کەس بوو کە بەشی خۆی وەرگرت و بەشی ئەویش سەری مریشک بوو، چونکە جگە لە ئەو کەس سەرەکەی نەدەخوارد. دایکم دەستی خستە سەر سەری و هەر بردی بۆ دەمی، دەنگی زرمەیەک هات و هەموومان ڕاچەڵەکین. سەری مریشکەکە لە دەستی دایکم دەرپەڕی و دیار نەما.

دایکم گوتی:

- کوا سەری من، کوا سەری من؟

داپیرم وڵامی دایەوە:

- سەرت هیچی لێ نەهاتووە، لە جێی خۆیەتی.

باوکم چووە دەرەوە و هاتەوە و گوتی:

- مەترسن، دیسان لە مشتەتنووری داوە، پەنجەرەکان بکەنەوە و بچن نانی خۆتان بخۆن با لە برسێتی نەمرین.

دایکم سەیری دەوروبەری دەکرد و سەری مریشکەکەی نەبینییەوە، لەبەر خۆیەوە دەیگوت:

- پێم نەگوتن وەک ئەو دۆڵمەیەم بەسەردا دێت، بۆم ڕوون بوو کە تامی ئەو مریشکەش ناکەم.

ئێمەش هەستاین و بە دوای سەری مریشکەکەدا گەڕاین. بەڵام ئەوەندەی بە دۆخی خۆمان و سەری مریشکی ونبوو، پێکەنین کە سکمان هاتە ئێش.

 

KURDŞOP
701 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!