شێرکۆ ژانزێم
زمان چییە؟ زمان ئەو شتە سروشتییەیە کە دەبێتە هۆی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی نێوان مرۆڤەکان، هەروەها تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ئەم تایبەتمەندییانەی زمان چین؟
- زمان زیندووە، دەگۆڕدرێت.
- لەسەر بنەمای کۆمەڵگە و کولتوور دامەزراوە، کەواتە زمان کۆمەڵایەتییە.
- ئامرازێکی پەیوەندییە. (زمانی فیزیکی، زمانی ئیشارەت)
- خاوەن تایبەتمەندییە و لە چوارچێوەی ئەو تایبەتمەندییانەدا گەشە دەکات و دەگۆڕدرێت.
- بەرکەوتەی لەگەڵ زانستەکانی تردا هەیە.
- نەتەوەیەک لەسەر زمان بنیات دەنرێت.
لە سەرەوە گوتمان، زمان ئامرازێکی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە، واتە زمان بەپێی کۆمەڵگە شێوەی خۆی وەردەگرێت. زمانی کۆمەڵگەیەک بەپێی کولتوور و جوغرافیا و مەعریفەی ئەو کۆمەڵگەیە پێک دێت. زمان دوو لایەنی هەیە، یەکێکیان کۆمەڵایەتییە و یەکێکیان فیزیکییە. زمان پەیوەندیی بە کولتووری خەڵک و لایەنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. مرۆڤ ناتوانێت زمان، فیکر، کولتوور، مێژوو و جوغرافیا لێک جیا بکاتەوە، چونکە زمان لەو چەمکانەدا دروست دەبێت. هەروەها بەبێ ئەوەی ئاوڕێک لە کولتووری کۆمەڵگەیەک بدەینەوە، کاتێک سەیری زمانی ئەو کۆمەڵگەیە دەکەین، بە ئاسانی دەتوانین هەندێک شت لەسەر کولتووری ئەو کۆمەڵگەیە بڵێین. ئەمەش بەو مانایەیە کە زمان و کۆمەڵگە لە پەیوەندییەکی بەهێزدان یان زمان "ئاوێنە"ی کۆمەڵگەیە.
بۆ نموونە کاتێک سەیری زمانی کوردی دەکەین دەبینین زۆر وشە، گوتەی پێشینییان، قسەی نەستەق و بابەت لەسەر میوانداری دەگوترێت. کاتێک گرینگی بەم قسانە بدەین، باش تێدەگەین کە "میوانداری" لە کولتووری کوردیدا جێگەی گرینگی هەیە.
هەروەها بۆ نموونە کاتێک سەیری زمانی ناوچەیەکی گەرم دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە لەو زمانەدا سەبارەت بە گەرما وشەی زۆر هەیە. ئەمەش پێمان دەڵێت کە زمان پەیوەندیی بە جوغرافیاشەوە هەیە.
ئەگەر باسمان لە کۆمەڵگە و زمان کردبێت، دەبێ باسی پرسی کولتوورە باڵادەست و ژێردەستەکانیش بکەین، ئەمەش کاریگەریی لەسەر زمان هەیە. کاتێک زمان پەیوەندیی بە کولتوور و کۆمەڵگەوە هەبێت، هەرچییەک بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا بێت، هەمان کاریگەریی لەسەر زمانی ئەو کۆمەڵگەیە دەبێت. ئێستا کۆمەڵگەی کوردی لەژێر زوڵمی داگیرکەراندایە و هەر ستەمێک کە بەرامبەر کۆمەڵگە دەکرێت، بە زمانی کۆمەڵگەش دەکرێت. ئێمە لە پێناسەی زماندا گوتوومانە کە زمان هەندێک تایبەتمەندیی هەیە و لە چوارچێوەی ئەو تایبەتمەندییانەدا گەشە دەکات. ئەگەرنا کاتێک لەم تایبەتمەندییانە دوور بێت، گەشە ناکات. بۆ نموونە کاتێک دەسەڵاتداران ستەملێکراوان دەچەوسێننەوە و زمانەکەیان بە سووک و لاواز دەزانن و ئیدیعا دەکەن کە زمانەکەیان بە کەڵکی ئەدەب و کولتوور نایەت و ڕێگە نادەن ئەو کۆمەڵگەیە بە زمانی خۆی قسە بکات و گەشە بکات، ئەو کاتە ئەو زمانە وردەوردە بەرەو لەنێوچوون دەچێت. بۆیە زمان پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ بارودۆخی سیاسیی کۆمەڵگەشەوە هەیە. بۆ گەشەسەندنی زمان، دەبێ هەلومەرجی سیاسیی ئەو کۆمەڵگەیە گونجاو بێت.
هیچ زمانێک خۆڕسک نییە. زمانەکان کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. بۆ نموونە لە ئێستادا زمانی عەرەبی و فارسی کاریگەرییان لەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. ئەمە بۆ زمانەکان شتێکی نائاسایی نییە.