خوێندنەوەیەک لەسەر "کتێبی ساڵ"ی حەسەن مەتێ

کاتێک بەگشتی کتێبەکە هەڵسەنگێنین، دەتوانین بڵێین تەوەری زۆرێک لە چیرۆکەکان حەسرەت و غەریبی کردن و دوورکەوتنەوە لە نیشتمانە. بێگومان ئەم تەوەرە تامی خۆی لە تەوەری ئەدەبی دیاسپۆرا وەردەگرێت، کە "حەسەن مەتێ" یەکێک لە نووسەرانی دیاسپۆرایە و ئەم کتێبەش لە ژێر چەتری ئەدەبی دیاسپۆرادایە.

شێرکۆ ژانزێم

 

کوردشۆپ – "کتێبی ساڵ" پێنجەمین کۆمەڵە چیرۆکی "حەسەن مەتێ"یە کە لە ١٣ چیرۆک پێکهاتووە. من لەسەر هەموو چیرۆکەکان نادوێم، تەنها باسی ئەو چیرۆکانە دەکەم کە کاریگەرییان لەسەر من هەبووە و چێژم لێ وەرگرتوون و سەرنجەکانم بە چەند وشەیەک لەگەڵ ئێوەدا بەش دەکەم.

کاتێک بەگشتی کتێبەکە هەڵسەنگێنین، دەتوانین بڵێین تەوەری زۆرێک لە چیرۆکەکان حەسرەت و غەریبی کردن و دوورکەوتنەوە لە نیشتمانە. بێگومان ئەم تەوەرە تامی خۆی لە تەوەری ئەدەبی دیاسپۆرا وەردەگرێت، کە "حەسەن مەتێ" یەکێک لە نووسەرانی دیاسپۆرایە و ئەم کتێبەش لە ژێر چەتری ئەدەبی دیاسپۆرادایە.

هەندێک چیرۆک بە سورپرایز کۆتاییان دێت و خوێنەران سەرسام دەکەن بەڵام لە هێندێکی چیرۆکیشدا دڵی خوێنەران هێشتا لە حەسرەت و چاوەڕوانیدایە بەڵام چیرۆکەکە لەوێ کۆتایی دێت. ئەمەش یەکێکە لە شێوازەکانی چیرۆکی پۆستمۆدێرن.

لە هەندێک چیرۆکدا پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو لاوازە، تەنانەت دەتوانین بڵێین کارەکتەرە ژنەکان زۆر لاواز بوون و لە سایەی پیاودا ماونەتەوە. هەروەها ململانێی نێوان ژن و پیاو له هەندێک چیرۆکدا باس کراوه، ئەمەش یەکێک لە کێشەکانی ژیانی مۆدێرنه. جگە لە شەڕی ژن و پیاوی مۆدێرن، شەڕی نووسەر لەگەڵ خوداشدا هەیە، کە ئێستا بووەتە چیرۆکێکی کلاسیکی "حەسەن مەتێ". دەتوانین ئەم دۆخە بەم شێوەیە لێک بدەینەوە؛ چونکە نووسەرانی گەلانی ستەملێکراو دەرەقەتی سەردەستەکانیان نایەن یان دڵیان لەو سەردەستانە ئاو ناخواتەوە، ئەمجارەیان بەرەنگاری خودا دەبنەوە و لەگەڵ ئەودا بەشەڕدێن.

زمانی کتێبەکە بە تەواوی سەرکەوتووە، زمانەکە ستانداردە، بەڵام لە هەندێک بەشدا (چیرۆکی مەروان عیسا) زمانی شێوەزار بەکارهاتووە، بەڵام بە گشتی زمانی کلاسیکی حەسەن مەتێیە. کاتێک بەراوردێکی گشتی لەگەڵ بەرهەمەکانی پێشووی نووسەر دەکەین، دەتوانین بڵێین، جگە لە چەند چیرۆکێک، ئەوانی دیکە لاوازن و بەقەد چیرۆک و ڕۆمانەکانی حەسەن مەتێ بەهێز نین؛ هەندێک چیرۆک بە خاوی ماونەتەوە. ئێستا باس لە چەند چیرۆکێک لە کتێبی ساڵ دەکەین و چەند سەرنجێک لەسەر ئەو چیرۆکانە دەخەینە ڕوو.

 

کتێبی ساڵ

ئەم چیرۆکە، چیرۆکی چیرۆکێکە. بە واتایەکی تر چیرۆکێکە لەناو چیرۆکێکی دیکەدا. سەرەتای لە سەردەمێکدایە؛ چیرۆکی چیرۆکەکەش لە سەردەمێکی دیکەدایە. بەڵام بێ ئەوەی درک بەوە بکەین کە چۆن لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر دەڕۆین، ئەو دوو چیرۆکە بە شێوەیەکی وەستایانە لەناو یەکدا تواونەتەوە بۆ ئەوەی لە هەناسەیەکدا بخوێنرێتەوە.

چیرۆکی سەرەکی لە وڵاتێکدا ڕوودەدات کە مرۆڤ تێدەگات کە ئەم وڵاتە کوردستان نییە. لەم وڵاتە کۆمەڵەیەک هەیە بە ناوی X کە خەڵاتێکی ئەدەبی ئامادە دەکات. کەسێک لە کۆمەڵەکەوە تەلەفۆن بۆ ئەو نووسەرە دەکات کە خەڵاتی ئەمساڵ وەردەگرێت. ئەمە بە کورتی سەرەتاکەیە. بەڵام چیرۆکی ناو چیرۆکەکە باس لە دۆخی ١٦ ساڵ لەمەوبەری وڵات دەکات لە ڕاستیدا باس لە کارەساتی داعش دەکات، کە چۆن دەست بەسەر دەڤەری چیای کورمانجدا دەگرن و باوکی کارەکتەرەکەمان، مەروان عیسا، لەبەردەم ئەو و پووریدا دەکوژن. مەروان عیسا و خێزانەکەی ناچار دەبن سنوور ببڕن و لە کەمپێکی پەنابەران لە دیلۆک بمێننەوە و لە کەمپەکە دەست بە سواڵکردن دەکات.

  "کات تێپەڕی و ئێستا فێری سواڵکردن بووم، دەتوانم بڵێم کە چێژم لە سواڵکردن وەرگرتووە... بەتایبەتی کاتێک ژن و پیاوی بەتەمەن دەستێکیان دەخستە سەر گیرفانی خۆیان و دەستێکی دیکەیان دەخستە سەر سەرم. هەر بۆیە هەستم بە گەرمیی دەستی دایک و باوکێک دەکرد" (ل 21).

بەم قسانە هەست بە دڵی منداڵێکی پاک دەکەین کە ئاگاداری ئازارەکانی نییە. منداڵێک کە باوکی لەبەردەمیدا دەکوژرێت و لەسەر شەقامەکانی شارێکی بێگانە سواڵ دەکات. ئەمە ناچاری و واقیعی ژیانە. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەوەیە کە سەرەڕای ئەم کارەساتە، ئاسەواری زەبر و عەقڵیەتی خراپ لە کارەکتەری منداڵەکەماندا نابینین. ژیانێکی بە هەژاری و غەریبی و دەربەدەری دەژی. ئەوەی سەیرە ڕۆژێک پیاوێکی تەمەن مامناوەند لە ماڵی دەنگبێژان کتێبێک و بڕێک پارەی ئینگلیزیی دەداتێ. مەروان عیسا لەبەر ئەوەی خوێندەواریی نییە و کتێب بۆ مناڵێکی سواڵکەر هیچ مانایەکی نییە، کتێبەکە دەفرۆشێ. بەڵام ئەو کتێبە هەرگیز مەروان عیسای بەجێ نەهێشت.

دوای ماوەیەک مەروان عیسا دەوڵەمەند دەبێت و دەبێتە سپۆنسەری کۆمەڵەی X بۆ بەخشینی خەڵاتەکە و خەڵاتەکەی ناوناوە خەڵاتی "پووری من". ئەو کتێبەی ئەمساڵ خەڵاتەکە وەردەگرێ ناوی "شوێنپێی کەڵەکێوییان"ە. لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆکی مەروان عیسادا تووشی سورپرایزێک دەبین. ئەو کەسەی خەڵات وەردەگرێت و ئەو کەسەی کتێبەکەی بەخشیبوو بە مەروان عیسا هەر یەک کەسن، بەڵام ناگوترێت یەکن و سیحری چیرۆکەکە تێکنادات...

زمان و تۆنی چیرۆکەکە زۆر باش و گێڕانەوەی نووسەر زۆر سەرکەوتووە. لە هەندێک شوێن لەهجەیەک بەکارهاتووە، بەڵام بەگشتی زمانێکی ستاندارد بەکارهاتووە.

 

کۆچکردن

ئەم چیرۆکە، وەک چیرۆکی پێش خۆی، لە دوو چیرۆک پێکدێت. لە سەرەتای چیرۆکەکەدا دیمەنێکی ڕۆمانسی هەیە، بەڵام بە دەنگ و دیمەنی تەلەفزیۆنەکە، ئەو کەشوهەوای ڕۆمانسییە دەگۆڕێت بۆ زەبر و کارەساتێکی کۆمەڵایەتی. بە پێداگریی هاوڕێی شەیما، شەیما  دەگەڕێتەوە بۆ سی و سێ ساڵ لەمەوبەر و باسی یەکەم ڕۆژەکانی لە قوتابخانە دەکات. شەیما لەژێر فشاری داپیرەیدا دەچێتە قوتابخانە و تەنانەت کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵەوە قسە لەگەڵ کەس ناکات و دەگری. دوای یەکەم ڕۆژی قوتابخانە، مامۆستاکەی هەوڵی لەگەڵ دەدات بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ قوتابخانەدا بگونجێنێت. مامۆستاکەی خۆشی دەوێت و پێی دەڵێت کچەکەم.

 هەر جارێک مامۆستاکەی شەیما باوەشی پێدا دەکات، بۆنێکی خۆش دەکەوێتە بەر لووتی شەیما. هەرچەند شەیما لەگەڵ مامۆستاکەی گەرموگوڕتر دەبێت زیاتر دەچێتە قوتابخانە. تا ڕۆژێک مامۆستاکەی لە قوتابییەکان دەپرسێ جگە لە تورکی چ زمانێکی دیکە دەزانن؟ و داوا لە خوێندکارەکان دەکا بە زمانی خۆیان شتێکی پێ بڵێن. هەریەکەیان بە زمانێک؛ ئەڵمانی و ئینگلیزی و فەرەنسی و هۆڵەندیش شتێکی دەڵێن. شەیماش بە مامۆستاکەی دەڵێ "منیش زمانێک دەزانم" و بە مامۆستاکەی دەڵێ؛ "تۆم خۆش دەوێ". مامۆستا دەپرسێ ئەمە کام زمانە؟ کاتێک شەیما لە وڵامدا دەڵێ کرمانجی، مامۆستا کاردانەوەی دەبێ و دەڵێ: زمانێکی لەو جۆرە نییە ...

ئەو دیمەنەی ئێستا لە تیڤیدا لەبەردەم شەیمادایە، دیمەنی سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی تورکیایە و ئاڵاکانی کوردستان و تورکیاش لە تەنیشت یەکتر لەسەر مێزەکەیان دانراون. ئەم ساتەدا شەیما دڵخۆش دەبێ و هەست بە سەرکەوتن دەکات. لێێ دەبێتە مەراق ئاخۆ مامۆستاکەی ماوە و ئەو دیمەنانە دەبینێ؟ ئەگەر مامۆستاکەی ئەو دیمەنانەی دیتبا، شەیما تۆڵەی ئەو برینەی کردبووەوە کە سی و سێ ساڵە ساڕێژ نەبووە. تۆڵەی ئەو ئازارەی لەو تەمەنە کەمەدا کە ناوی نەتەوە و گەلی خۆی نەدەزانی و وڵاتەکەی تەنیا گوندی کۆچان بوو. بەڵام شەیما بەم شێوەیە زانیی کە مامۆستاکەی ڕەگەزپەرەستە.  لەم چیرۆکەدا نووسەر حاکمانی بە شێوەیەک پێشان داوە کە بۆنیان خۆشە بەڵام بیر و مێشکیان پیس و بۆگەنە.  بۆ نمونە مامۆستایەکی جوان و بۆنخۆش هەیە کە بە بیر و مێشک وا نییە. بەمەش هەم دڵی خۆی و هەم دڵی کارەکتەری خۆی حەساندووەتەوە.

 

پێمەکەنە دادە

چیرۆکەکە بەگشتی خۆشییەکی گەورەیە. خۆشەویستی و ژوان و یەکەم ماچ. لەم چیرۆکەدا کارەکتەرێک کە لەگەڵ کوڕێکی نامۆدا خەوتووە و دەکەوێتە ناو دەریای خۆشییەوە و ئەمە بۆ ژنێکی تر دەگێڕێتەوە، بەڵام هەرجارێک دەڵێت پێمەکەنە ئەبڵە(دادە)، ناهێڵێت خوێنەر بچێتە ناو ناخی چیرۆکەکە. چیرۆکەکە بەم دووبارەبوونەوەیە سەرنجڕاکێش دەبێت. دەتوانین لە دەستەواژەی "پێمەکەنە دادە" وا تێبگەین کە ئەوە لەبەر شەرمەزاریی خۆی ئەم قسەیە دەکات و پێکەنینەکەی ئەبڵە بەهۆی بێ وڵام مانەوەی قسەکانیەتی.

 

عەنکەبووت

چیرۆکەکە ناوی خۆی لە سورەتی "العنکبوت" وەرگرتووە، کە باس لە موعجیزەی پێغەمبەران دەکات. کارەکتەری ئێمە دوای ٣٩ ساڵ دەچێتە گوندەکەی، دەبینێ گوندەکە گۆڕاوە، هیچ وەک جاران نییە، ئەو ماڵەی لێی لەدایک بووە دوای مردنی دایک و باوکی وێران بووە. بەڵام مزگەوتی گوندەکە ئاوەدانتر لە جارانە. کارەکتەری ئێمە دەچێتە ماڵی خوشکەکەی. دوای گفتوگۆیەکی پڕ لە حەسرەت، حاجی موختاری مێردی خوشکەکەی (کە ئەویش یەکێک لە کاراکتەرەکانی ئێمەیە) دێت. ئەو، حاجی موختار بەم شێوەیە وەسف دەکات:  ئێستا ڕوومەتەکانی ناسکن، سکی گەورە بووە و سەریشی بچووک بووە...' (R59) لە وەسفەکەدا و لە درێژەی چیرۆکەکەدا تێدەگەین بۆچی حاجی موختار بەم شێوەیە وێنا کراوە، بچووک بوونی سەری نیشانەی کەمیی بیرکردنەوە.

حاجی موختار بووە بە کەسێکی ئایینی و پەیوەندیی بە ڕێکخراوێکی ئیسلامییەوە کردووە، لەوێدا دەبینین ئەم ڕێکخراوەیە وەک زۆرێک لە مەزهەب و گرووپەکانی ئەمڕۆ بە ناوی ئایینەوە مامەڵە دەکات، بەڵام جێگای سەرنجە کە مەلا سەفەری مەلای گوندەکە بەرپرسی ڕێکخراوەکەیە. مەلا سەفەر بە منداڵی جوجکەی چۆلەکەی لە هێلانەکانیان دەدزی و دەیبرد لە دوکانەکەی هیچۆی ئەرمەن و پێی دەگوت ئەگەر نانە شەکرە و بنێشتم نەدەیەی دەیکوژم.

لە کاتی گفتوگۆکەدا کارەکتەرەکەمان بە حاجی موختار دەڵێت: نووحی پێغەمبەر نۆسەد و پەنجا ساڵ ژیاوە و بۆ ئەم بابەتەش کتێبی تەوڕات وەک سەرچاوە دێنێتەوە. کاتێک حاجی موختار ناوی تەورات دەبیستێ تووڕە دەبێ و دەڵێ باوەڕ بە قسەی ئەم کافرانە مەکە. بەم قسانە تێدەگەین کە ئەم بەناو دیندارانە هیچ زانیارییەکیان لەسەر کتێب و قسەکانی خودا نییە. نووسەر لە بڕگەی دواییدا زۆر شت دەڵێت کە دەتوانین لێیان وردبینەوە: حاجی موختاری ئازیز، بەخوا ئەوە بە مێشکی منیشدا ناچێ مرۆڤ بتوانێت ئەوەندە ساڵ بژی، بەڵام لە قورئانی پیرۆزیشدا هەر وا دەڵێت... ئەمە دەقاودەق لە قورئاندا هاتووە: " وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَىٰ قَوْمِهِ فَلَبِثَ فِيهِمْ أَلْفَ سَنَةٍ إِلَّا خَمْسِينَ عَامًا ". بەڵام ئەگەر ناچار بوویت، دەتوانیت لە مەلا سەفەریش بپرسیت... مەلا سەفەر ئەو کەسەیە کە لەبەردەم دوکانی هیچۆی ئەرمەن، بۆ دوو نانەشەکرە و بنێشێک، فەرخە چۆلەکەی بە زیندوویی کەوڵ دەکرد. (R.62-63)

 

وشەی خودا

ئەم چیرۆکە وەک چیرۆکی عەنکەبووت، لەسەر جەهالەت و نەزانی نووسراوە. لە چیرۆکەکەدا دیسان ئاماژەیەک بۆ تەورات هەیە، ئەمجارەش کەسانی دەسەڵاتدار ئاگاداری قسەی خودا و پێغەمبەرەکانی نین. کارەکتەری ئێمە نووسەرە و لەبەر ئەوەی لە کتێبەکەیدا ئایەتێکی تەوراتی نووسیوە، دەگیرێت و کوێر دەکرێت. ئەم چیرۆکە هەستێکی مێژوویی بە خوێنەرانی دەبەخشێت، ڕەنگە بەهۆی جۆری ئەشکەنجەدان یان بەهۆی بابەتێکی هاوشێوە کە لە سەردەمی مۆدێرندا وەبەرچاو نایە. ئەوەی چیرۆکەکە بە شێوەیەکی جیاواز دەگۆڕێت و ڕەنگێکی دیکەی بە بەردا دەکات ئەوەیە کە لە کۆتاییدا دەردەکەوێ چیرۆکەکە خەونێک بووە.

بە گشتی چیرۆکێکی باش و شیاوی خوێندنەوە بوو و چێژ بە خوێنەر دەبەخشێ. بەڵام دیالۆگەکانی نێوان کەسی دەسەڵاتدار و زیندانی لاواز بوون. لەبەر ئەوەی کەسێک کە زیندانی کرابێ و چاویان دەرهێنابێ ئەگەر بە شێوەیەک بدوێ وەک ئەوەی دۆخەکە ئاسایییە و هیچ شتێک رووینەداوە، ناتوانێ سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێ و پەلکێشی ناو ڕووداوەکانی بکا.

 

چاوەکانی دایکم

ئەم چیرۆکە وەک زۆرێک لە چیرۆکەکانی ئەم کتێبە، لە دوو چیرۆک پێکدێت، چیرۆکێک لەناو چیرۆکێکدا. چیرۆکێکی بیرەوەرییە و پڕە لە حەسرەت. هەم حەسرەتی نیشتمان هەیە و هەم حەسرەتی دایکیش. کارەکتەری ئێمە دەچێتە وڵات و ژنێک دەناسێت کە لە دایکی دەچێت و لەبەر ئەوەی لە دایکی دەچێت جلوبەرگی بۆ دەکڕێت. دۆخی لێکچواندن لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆر بەسەر مرۆڤدا دێت، بەڵام ھاوشێوەکردنی دایک شتێکی جیاوازە، مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی کەسێک بە دایکی بەراورد بکات. بەڵام بەو پێیەی کارەکتەری ئێمە ماوەیەکی زۆرە دایکی نەدیتووە، ئەم دۆخە ئاسایی دەبێتەوە.

 

کووپۆ

شەڕی نێوان دوو منداڵ دۆخێکی کۆمەڵایەتی دەهێنێتە بەرچاومان. باس لە کێشەی بێ ئیرادەیی دەکات. کاتێک ئیرادەی مرۆڤ لە دەستی کەسانی دیکەدا بێت، هەرچەندە خۆی بەهێز و مەزن بیت، هیچ سوودێکی نابێت. کووپۆ کوڕێکی بەهێزە بەڵام کوڕێکی لاواز دەتوانێت لێی بدات تا باوکی مۆڵەتی پێ دەدات کە لێی بداتەوە. لە کۆتاییدا نووسەر دەڵێت: "پێم وایە شتێکی خراپە ئەگەر یاسا و هێز و دەسەڵاتی مرۆڤ لە دەستی کەسانی دیکەدا بێت... تەنانەت ئەگەر ئەو دەستە، دەستی باوکی مرۆڤیش بێت". کەسێک کە بزانێت دەسەڵاتەکەی لە دەستی کەسێکی تردایە، تەنیا ترسەنۆک دەبێت و هیچی تر!' (ل.٩٠)

KURDŞOP
743 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!