شیعرەکانی پێرەمێرد بۆ نەورۆز و بەهار

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە /جەژنێکی کۆنی کوردە، بە خۆشی و بە هاتەوە /چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێ‌پەست بوو تاکوو پار /هەر خوێنی لاوەکان بوو، گوڵی ئاڵی نەوبەهار

نەورۆز

مژدە بێ ساڵ گەڕایەوە

ئاگری نەورۆز کرایەوە

بەفری زستان توایەوە

سەرچاوەی دڵ ژیایەوە

نووخشەیش بێ لە کوردی هەژار

 

وا فەرشی چیمەن ڕاخرا

گوڵاڵە بوو بە شەوچرا

لاولاو تێک‌ئاڵان وەک برا

بەفر و هەڵەکۆک پێک برا

کەوتنە لەنجە سەرو و چنار

 

بولبول شەو بە ئاواتەوە

بادەی شەونم ئەخواتەوە

دەگری بە موناجاتەوە

بەڵکوو گوڵ دەم بکاتەوە

ئەو پێ‌بکەنێ و ئەم بگری زار

 

وەنەوشە وەک من شین‌پۆشە

گەردنی کەچ و خامۆشە

بەهاری لەلا ناخۆشە

بە داخەوە بە پەرۆشە

بۆ ئێمەی بێ‌کەسی هەژار

 

خوا زەوی زیندوو کردوەوە

تەمی لەسەر لابردەوە

ئێمەیش بە دەشت و وەردەوە

دەستمان لای خوا بەرز کردەوە

دوعامان بۆ بکەوێتە کار

 

ئاگرێ لەسەر گردی یارە

لەم دیارەوە وا دیارە

ئاگری نەورۆزە و بەهارە

رووناکی ڕێی کردگارە

لەگەڵ نووری (توور) بوو بە یار

 

ئاوی ئەو کارێزە جوانە

چەند خۆش و ڕوون و ڕەوانە

ئەمە نموونەی دڵمانە

با بزانن کورد موسڵمانە

لێڵ نابێ بە لێزمەی بەهار

...

 

گۆرانیی بەهار

 

کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە

چەندە مەڵبەندی ئێمە شیرینە

بچۆ سەر گردی یارە بیبینە

لە جیهاندا گوڵێکی ڕەنگینە

چونکە وایە خوایە ئاوا بێ

ئەو دەمەی ڕۆژ دەگاتە ئێوارە

ڕوو بکەرە شاخی گۆیژە بنوارە

عەرشی پەروەردگاری لێ دیارە

دامەنی وەک بەهەشتی ئابدارە

خۆشە بۆ هەڵبژاردە ئاوا بێ

زەمزەمەی بولبولی بەهارانی

وردە بارانی ژێر دەوارانی

لە شەوی بەزمی سەرچنارانی

وشکە سۆفی ئەخاتە گۆرانی

جێی سلێمانە بڵێ ئاوا بێ

....

 

بەهار و نەورۆز

یاران بەهارە یاران بەهاره

شنەی پڕ نەشئەی بادی بەهارە

لالە ئاگری، ناو چیمەن‌زارە

ئاگری نەورۆزیش لە گردی یارە

پێشخانەی نوورە، بۆ ئەم دیارە

 

ئەو ئاگرەی مووسا، دی لە کێوی (توور)

بۆ ڕێی سەربەرزی، بوو بە گڕی نوور

ئاگری نەورۆزیش، لە نزیک و دوور

بۆ ڕێی کورد ئەبێ بەچرای سروور

مەشخەڵی نووری پەروەردگارە

 

ئەو شەوەی وتیان ئەمشەو نەورۆزە

جۆشا و خرۆشا، لاوی ئەم هۆزە

دەهۆڵ و زۆڕنا و جەژنە پیرۆزە

ئاگرەکەی گردی یارە بەسۆزە

رووناکی بەختی بەخشی بەم شارە

 

ئەمە جەژنێکی باوک و باپیرە

نەورۆزنامەیان، ئێستاش لەبیرە

دەهۆڵ و زۆڕنا و شایی هی پیرە

نازانین بۆچی هاوسێ دڵگیرە

کۆڵەوەی بابمان مارێکی هارە

....

 

ئەمڕۆ نەورۆزە

ئەمڕۆ نەورۆزە، وا گوڵ پەیدا بوو

لە عەشقی گوڵدا، بولبول شەیدا بوو

بولبول لەسەر گوڵ، مانگی بە بانگە

خوێندنی ئێمە ساڵ دوانزە مانگە

ئەو تەنها بۆ گوڵ، سەر دەرهەوایە

ئێمە سەربەرزی قەوممان هیوایە

بولبول لە عەشقی گوڵدا بەسۆزە

سۆزی ئێمە بۆ دایکی دڵسۆزە

بولبول لە بەرگی، گوڵ پەیدا نابێ

ئێمە لەم خاکەین، یاخوا ئاوابێ

بولبول ئەتۆرێ، چون بێ‌وەفایە

ئێمە ڕیشەمان لەم خاکەدایە

بولبول دەڕەنجێ، بە جەفای خاشاک

ئێمە بۆ سوجدە، سەر دەخەینە خاک

وا دایکی وەتەن، هات و دەفەرموێ

من نەغمەی ڕۆڵەی زانستیم ئەوێ

چونکە زانستی جێگای هیوایە

میللەت بە زانست لە برەودایە

زیرەکی ئێمە، لەگەڵ زانستی

ئەگەر یەک کەون ناکەونە پەستی

... 

 

رۆژی تازه

رۆژی تازەی ساڵی تازەی ئێمە هات

رۆژهەڵات ڕۆژی هەڵات، سەرما هەڵات

بای بەهار هات ‌خاکی زیندوو کردەوە

بۆیە نێرگس چاوی مەستی کردەوە

نەوجوانی هات و پیری بردەوە

تیشکی ڕۆژ دەرکەوت، تەمی لابردەوە

هەردە سەوز و مۆر وێنەی بەرگی بووک

شایی دەنوێنێ، چراخانی گڵووک

شەونمی ناو لالە بادەی بولبولە

بەو مەیە سەرخۆشە وا شەیدای گوڵە

چونکە خۆش ئاوازە، هەم ئاواتەخواز

زۆر بەسۆزە، ناڵەکەی وەک سۆز و ساز

هاتە جونبوش ئاو و سەوزە و با و دەشت

دەوری کانی بوو بە گوڵزاری بەهەشت

ئەو بەهەشتە خۆشە جێی بەزمی جەمە

دەم بە دەم جێی یەک بگیری هەمدەمە

بورجی بەرخە، ڕۆژ سەرەفرازی ئەکا

بەرخی ئێمەش بۆیە وا بازی ئەکا

....

 

نەورۆز

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە

جەژنێکی کۆنی کوردە، بە خۆشی و بە هاتەوە

چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێ‌پەست بوو تاکوو پار

هەر خوێنی لاوەکان بوو، گوڵی ئاڵی نەوبەهار

ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵیندی کورد

مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد

نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە

لاوان بە عەشق ئەچوون، بە بەرەوپیری مەرگەوە

وا ڕۆژهەڵات، لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە

خوێنی شەهیدە، ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە

تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تەئریخی میللەتا

قەڵغانی گوللە، سنگی کچان بێ، لە هەڵمەتا

پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن، شیوەن و گرین

نامرن ئەوانە، وا لە دڵی میللەتا ئەژین

 پیرەمێرد

KURDŞOP
773 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!