ئیماڕەتی مەرداسییەکان لە ناوچەی دیاربەکر

 

لەیلا زەمانی

 

ئیمارەتی "مەرداسی" یا "میردەسی" لە مێژووی کورددا زۆر ناسراوە و خوێندەواری مێژوو زۆری  ناوی "ئەکیل" ، "پاڵوو" و "چەرمووک" بیستووە. بە تایبەت لە شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسیدا بە وردی باسیان کراوە. لە باسی حاکمانی دیاربەکردا لەگەڵ بەشێک بە نێوی مێژووی ئەکیل و پاڵوو و چەرمووک ڕووبەڕوو دەبین. سەرەتا پێویستە بزانین مەرداسییەکان کێ بوون. مەرداسی نێوی عەشیرەیەک لە کوردەکانی دیاربەکرن. کە نیشتەجێی ناوچەی ئەکیلن. لە سەرەتای سەدەی حەڤدەی کۆچیی مانگی بەرابەر بە سێزدەی زایینی، ئیمارەتێک لە ناوچەی ئەکیل دامەزرێندرا کە هەر بە نێوی عەشیرەتێک کە لەو ناوچەیە دەژیان بە ئیمارەتی مەرداسی ناوبانگی دەرکرد. "شەرەفخانی بەدلیسی" لە کتێبی "شەرەفنامە"دا دەڵێ: دامەزرێنەری ئەو ئیمارەتە ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە سەر عەبباسیەکان. ئەوانە دواتر دێن و لە ناوچەی کوردستان نیشتەجێ دەبن. هەم لە باری مەزهەبییەوە و هەم لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لە نێو خەڵکیدا کاریگەری دادەنێن و سەرنجی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناوجەی دیاربەکر بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. مەرداسییەکان سەرەتا بە بۆنەی ڕێبەرایەتیی دینی و شێخایەتی و ئیڕشاد و پەروەردەی دینییەوە دەست بەکار بوون. بەڵام دوای ئەوەی کاریگەرییەکی زۆر لە نێو خەڵکدا دادەنێن، دەکەونە بیر دامەزراندنی ئیمارەت و فەرمانڕەواییەک لە ناوچەی ئەکیل و هاورێ و یەکگرتووکردنی عەشیرەت و عێل و تایفەکانی ئەو ناوچەیە دەبێتە یەکێک لە کەڵکەڵە سەرەکییەکانیان و بەو شێوەیە ئەوان دەتوانن هەم لە ڕێگای کارتێکەریی ئایینی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیانەوە دەست و پێوەندێکی زۆر لە عەشیرە و تائیفەکانی ناوچەی دیاربەکر بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بەو شێوەیە ئیمارەتێکی گەورە و مەزن دابمەزرێنن.

دیارە ئیمارەتی مەرداسی هەم لە باری زەمانییەوە زۆری دەوام هێناوە و هەم زۆر کەس لەو ئیمارەتەدا میرایەتییان کردووە. لە سێ شاخەدا میرانی ئەکیل و پاڵوو و چەرمووک دەسەڵاتدارییان کردووە. ئەو سێ لقە لە مەرداسییەکان بیست و یەک ئەمیریان هەبووە و میرایەتییان بە سەر ئەو ناوچانەدا کردووە. واتە ڕادەی ئەمیرەکانیان یەکجار زۆر بووە.

شەرەفخانی بەدلیسی

 یەکەم میر و کەسایەتیی ناسراوی بنەماڵەی مەرداسی کەسایەتییەک بووە بە ناوی "پیرمەنسوور"ی کوڕی "حسێن" کە سەرەتا پلەی شێخایەتیی هەبووە و شەرەفخان لە شەرەفنامەدا باسی کەشف و کەرامات و پارێزگاری و زانیاریی ئەو دەکات. پیرمەنسور سەرەتا لە ناوچەکە پەرستگایەکی گەورە بۆ ڕێنوێنیی خەڵک دادەنێ و خەڵکی ئەو ناوچەیە هاموشۆی دەکەن. بەو شێوەیە گەلێک مرید و هۆگر بە دەوری خۆیەوە کۆ دەکاتەوە و بەو شێوەیە کارەکەی برەو دەستێنێ. دوای پیرمەنسور کوڕەکەی بە نێوی "پیر مووسا" لە جێی ئەوە دادەنیشێ و پاڵ وە تەختی شێخایەتییەوە دەدا. پیر مووساش خانەقایەکی گەورە لە ئاوایی "پیران" دادەمەزرێنێ. ئاواییی پیرانیش ناوەندی قەڵا و شوێنی حوکمڕانیی "ئەکیل" بووە. پاش پیرمووسا کوڕەکەی واتا "پیر بەدر" ئەرک و کاروباری ڕێنوینیی دینیی خەڵکی وەستۆ دەگرێ و کاروباری خانەقا و پەرستگای خۆیان ڕادەپەڕێنێ. پیر بەدر لە باری سیاسییەوە لە ڕێبەرانی دینیی پێش خۆی واتە پیر مووسا و پیر مەنسور تێگەیشتووتر و وریاتر بووە.

هەر بۆیە ئەو ڕێبەرایەتیی دینیی کردە پلیکانێک بۆ بە دەستەوەگرتنی پلەی سیاسی یا بە واتایەکی تر ئەو توانی لە ئایین و خانەقا و پەرستگا و شێخایەتی وەک پلیکانێک بۆ ڕاپەڕاندنی کار و باری سیاسی و بەڕێوەبەرایەتیی دنیایی کەڵک وەربگرێ. هەر بۆیە لە نێو مریدان و مەنسووبانی خۆیدا کاتێک دیتی هەموو حازرن دەستوورەکانی ئەو بەڕێوەبەرن و جودا لە ڕاپەڕاندنی کاروباری خانەقا و پەرستگا ئەرکی کۆمەڵایەتییش وەستۆ بگرن، هەوای میرایەتی لە سەری دا و زۆر سەرباز و سوار و چەکداری بە دەوری خۆیەوە کۆوە کرد و بۆ یەکەم جار قەڵای ئەکیلی لە ناوچەی پیران داگیر کرد. بەو جۆرە ئەو بە شێوەیەکی فەرمی دەسەڵاتدارێتیی ئەکیلی ڕاگەیاند. دوای ماوەیەک یەکێک لە سوڵتانەکانی سەلجووقی لەشکرێکی گەورە و گرانی بەرەو قەڵای ئەکیل و بەمەبەستی لەناوبردنی دەسەڵاتی کوردانی ئەکیل جووڵاند. لەو کاتەدا پیربەدر لەوێ حوکمڕانیی دەکرد. لە بەرانبەر ئەو هێرشە بەربڵاوەی سەلجووقییەکاندا، پیربەدر مەجبوور بوو ئەوێ بە جێ بێڵێ و ڕوو بکاتە "میافارقین".

هەر ئەو هێرشەی سەلجوقیەکان شەڕەفخان ئاوای دەگێڕێتەوە: "کاتێک پیر بەدر لە دەست زۆرداریی سوڵتانە سەلجووقییەکان ڕای کرد، ڕووی کردە میافارقین و پەنای بۆ "میر حیسامەددین" حاکمی ئەوێ برد. ماوەیەک لەوێ خۆی داشارد و ڕۆژگاری گوزەراند تا سوڵتان "ئەلب ئەرسەلان"ی سەلجووقی "میر ئەرتەق"ی کە لە لایەن خۆیەوە کردبوویە والی ”ماردین" و "ئامەد" بۆ بەربەرەکانیی کوردەکان و بۆ شەڕ لەگەڵ میربەدر بەرەو میافارقین دەنێرێ. بە کورتی ئەمیر ئەرتەق بۆ داگیرکردنی قەڵای میافارقین ڕاسپێردرا و ئەو ئەرکەی بەجێ گەیاند. دەوراندەوری قەڵای گرت و دانیشتووانی قەڵای خستە تەنگانەوە. قەزا و قەدەری ئاسمانی وا بوو تیری لەشکرییەکانی ئەمیر ئەرتەق وە جەرگی ئەمیر حیسامەدین سەرۆکی قەڵا کەوت و ئەو میرە مەزنە ئەو جیهانەی بەجێهێشت و لایەنگرانیشی توانای ڕاوەستان لە بەرابەر ئەمیر ئەرتەقیان نەما و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لاوازتر و بێهێزتر بوون. تا وای لێهات شەوێک ئەمیر ئەرتەق هێرشی کردە سەر قەڵا و قەڵای داگیر کرد و ئەوەی لە قەڵادا بوو کوشتی و نەیهێشت کەسێک بە زیندوویی بمێنێتەوە. لەو شەڕ و کێشەیەدا پیر بەدریش شەربەتی شەهادەتی نۆشی و ئیتر کەسێک لە حاکمانی ئەکیل بە زیندوویی نەماوە، جگە لە منداڵێک کە لە زگی ژنی پیر بەدردابوو. هەر بۆیە شەو و ڕۆژ چاوی تایەفەی مەرداسی لەوە بوو کە ئەو ژنە دووگیانە منداڵی بێ و هەر واش بوو. خودای گەورە لە خەزێنەی غەیبەوە گەوهەرێکی بە نرخی دا بە بنەماڵەی مەرداسی."

واتە بە کورتی ئەوەی شەرەفخان باسی دەکا ئەوەیە کە لە ساڵی هەزار و حەفتا و سێی کۆچیی زایینیدا، پیربەدر کە دەکوژرێ، جووقەوار لە بنەماڵەی مەرداسی دەبڕێ. تەنیا هیوایەک کە هەیانە منداڵێکە کە لەزگی ژنە دووگیانەکەیدایە. کاتێک ئەو منداڵە لە دایک دەبێت نێوی دەنێن "بولدوق". ئەو کوڕە میرە کاتێک هەڵدەدا و گەورە دەبێت بە هۆی کارامەییی دایکیەوە و ئەو تەربیەت و پەروەردەیەی کردوویەتی و هەروەها بە هۆی هاوکاریی عەشیرەتی مەرداسی، لەسەر کاروباری حکوومەتی ڕادەهێنرێ و جێگای باوکی دەگرێتەوە و دەبێتە حاکمی ئەکیل و ماوەیەکی زۆر بە تواناوە فەرمانڕەواییی ئەو ناوچەیە دەکا. دوای ئەمیر بۆلدوق، کوڕەکەی واتا ئیبراهیم جێگای دەگرێتەوە. ئیبراهیم بە پێی ئەوەی شەرەفنامە نووسیویەتی دەستی کرد بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات و پەرەپێدانی بەرابەریخوازی و ڕاگەیشتن بە ڕەعیەت و حکوومەتێکی بەتوانا و پتەوی دامەزراند. ئەو حکوومەتە لە لایەن خەڵکییەوە  زۆر بە باشی پشتگیری دەکرا. بەڵام مەرگ مەودای نەدا و ئەویش بە زوویی کۆچی دواییی کرد. لە پاش ئەمیر ئیبراهیم، ئەمیر موحەممەدی کوڕی دەگاتە حکوومەت و ئەمیر موحەممەدی مەرداسییش وەک بابی عەمر کورت دەبێ و بە زوویی دەمرێ. ئەمیر محەممەد سێ کوڕی دەبێ بە نێوەکانی ئەمیر عیسا، ئەمیر تەیموورتاش و ئەمیر حوسێن. ئەو سێ برایەش ئەو ویلایەتەی بە میرات پێیان گەیشتبوو لە بەینی خۆیاندا دابەش دەکەن. واتە یەکیان دەبێتە حاکمی ئەکیل، یەکیان دەبێتە حاکمی پاڵوو، یەکیان دەبێتە حاکمی چەرمووک یا چەرمیک. بەو شێوەیە مەرداسییەکان لە سێ بەشی جودادا دەست دەکەن بە میرایەتی و بیست و یەک ئەمیریان دەبێ.

وەکی کوتمان مەرەداسییەکان  بەسەر سێ بەرەبابدا دابەش دەبن و هەرکام دەبنە حاکمی ناوچەیەک.

لقی یەکەمیان دەبنە فەرمانڕەوایانی ناوچەی ئەکیل. فەرمانڕەوایانی ناوچەی ئەکیل حەوت کەس بوون کە بریتین لە: ئەمیر عیسا ئەکیل، ئەمیر دەوڵەت شای ئەکیل، ئەمیر عیسای سانی یا دووەم، ئەمیر موحەممەد بەگی ئەکیل، ئەمیر قاسم بەگی ئەکیل، ئەمیر مرادبەگی ئەکیل و ئەمیر جەعفەر بەگی ئەکیل.

لقی دووەمی حاکمانی مەرداسی میرانی هەرێمی پاڵوو لە ناوچەی دیاربەکرن کە ئەوانیش حەوت ئەمیریان دەبێ. ئەو ئەمیرانە بریتین لە: ئەمیر تەیموورتاشی پالوو، ئەمیر حەمزەی پاڵوو، ئەمیر حوسێن بەگی پاڵوو، ئەمیر جەمشید بەگی پاڵوو، ئەمیر حوسێن خانی پاڵوو، ئەمیر حەسەن بەگی پاڵوو، ئەمیر ئەحمەد بەگی پاڵوو.

 لقی سێهەمی حاکمانی مەرداسی فەرمانڕەوایانی چەرمووکن لە ناوچەکانی باکووری دیاربەکر کە ئەوانە هەشت ئەمیریان دەبێ. ئەو میرانە بریتین لە: ئەمیر حسێنی چەرمووک، ئەمیر سەیفەدینی چەرمووک، ئەمیر یۆسفی چەرمووک، ئەمیر وەڵابەیکی چەرمووک، ئەمیرعەلی بەیکی چەرمووک، ئەمیر ئیسفەندیاری چەرمووک، ئەمیر بایندۆری چەرمووک و ئەمیر موحەممەدی چەرمووک.

KURDŞOP
388 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!