ململانێی شاعەباسی سەفەوی و هەڵۆخانی ئەردەڵان

پێشەوا کوردستانی

     "ھەڵۆخان" کوڕی "سوڵتان عەلی ئەردەڵان"ە کە لە ( ٩٩٦) هەتا ( ١٠١٤)ی کۆچی حکومەتی ئەردەڵانی لە دەستدا بوو و ماوەیەک لە "قەڵای مەریوان"ەوە فەرمانڕەوایی ئەم میرنشینەی کردووە. ئەو ڕەونەقی زۆری دا بە "قەڵای مەریوان" و مزگەوت و خوێندنگە و عەمباراو و حەمامێکی تێدا دروست کردووە و قەڵاکانی "زەڵم" و "پاڵەنگان" و "حەسەناوا"یشی ئاوەدان و پتەوکردووەتەوە. بە فەرمانی "هەڵۆخان" قەڵای "حەسەناوا" بە ڕادەیەک بەرز و پتەو و لەشکان نەهاتوو کرابوو کە بێوێنە بووە. "مەستوورەی ئەردەڵان" لەو بارەیەوە دەڵێ: من بە چاوی خۆم دیتم لە دەورانی فەرمانڕەواییی "ئەمانوڵڵاخانی ئەردەڵان"دا باڵوێزەکانی ڕووس و ئینگلیس بەتایبەتی هاتبوونە کوردستان تاکوو سەیری ئاسەواری ئەو قەڵایە بکەن. ئەگەرچی وێرانە بوو بەڵام ئەوان بەلایانەوە شتێکی زۆر سەیر بووە (اردلان، ٢٠٠٥). 

     "ھەڵۆخان" پیاوێکی زیرەک و نەترس و کارامە بوو. وڵاتی خۆی زۆر ئاوەدان کرد. گەنجینەی ھەمیشە لە زێڕ و زیو ئاخنا بوو، زۆریش بەخشندە بوو. گەلێک مزگەوت و تەکیە و خانەقا و فێرگەی ئایینیی دروست کرد. خۆشی و ھەرزانی شاباڵی بەسەر خاکی قەڵەمڕەویدا کێشا بوو. نە سەری بۆ شای ئێران دەچەماندەوە و نە خۆی لە تورکانی عوسمانی دەگەیاند. دەوڵەتی تورک و عەجەمیش بە جووتە لێی دەترسان (هەژار، ١٣٨١).

قەڵای مەریوان

     دەسەڵات و سەربەخۆییی "هەڵۆخان" ترسی خستە دڵی "شاعەباسی سەفەوی" و ویستی خاکی کوردستان داگیر بکات. لەشکرێکی دەهەزار سەربازیی ناردە سەر قەڵای "حەسەناوا" کە ئەو دەم  هەڵۆخان لەوێ بوو. چوار جار هێرشیان کردە سەر قەڵای "حەسەناوا" بەڵام هیچیان پێ نەکرا. "هەڵۆخان" بە هێزێکی کەمەوە ئەو لەشکرە گەورەیە تێک دەشکێنێت. خەبەری ئەم تێکشکانە دەگاتە "شاعەباس" و بۆ دووهەم جار سپایەکی گەورە دەنێرێتەوە سەر کوردستان و ئەم لەشکرەش دەشکێن. "شاعەباس" بۆ جاری سێهەم لەشکرێکی گەورە بەرەو کوردستان ڕێ دەخات و خۆی فەرماندەیی دەکات و بڕیار دەدات کوردستان داگیر بکات و "هەڵۆخان" بگرێت. لە پاڵ هەمەداندا کوردێکی نێو سپاکەی بە ناوی "عەلی بەگی زەنگەنە" یان "ئاڵی باڵی زەنگەنە"  بانگ دەکات کە کەسێکی ژیر بووە و سەبارەت بە ڕێگاکانی کوردستان و قەڵاکانی پرسی پێ دەکات. ئەویش تێی دەگەیەنێ کە بە شەڕ هیچی پێ ناکرێت و ئەگەر ئەمجارەش هێزی "ئێرانی سەفەوی" بشکێ ئیتر ئەم پەڵەی شوورەیی و بێ ئابڕووییە هەرگیز ناسڕدرێتەوە؛ چاکتر وایە بە ئاشتی لەگەڵیا بجووڵێیتەوە. "شاعەباس" ئەم ڕاوێژەی لا پەسەند بوو و بە لەشکریەوە گەڕایەوە بۆ ئیسفەهان.


قەڵای حەسەن ئاوا

    شاعەباس "ئاڵی باڵی زەنگەنە" ئەکاتە بەرپرسی جێبەجێکردنی ئەو کارە و بە دیارییەکی زۆرەوە بۆ لای "هەڵۆخان"ی دەنێرێ. ئەویش بۆ جێبەجێ کردنی پیلانەکەی لە "قەڵای مەریوان" چاوی پێ دەکەوێ و متمانەی "هەڵۆخان" بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و دەیکاتە دۆستی  "شاعەباس". شا بناغەی دۆستایەتیی لەگەڵ داڕشت و بە زمان بوو بە دۆستی "هەڵۆخان" و پەیتا پەیتا نامەی بۆ دەنووسی، لە ئەنجامدا متمانەی پێ کرد. شا داوای لێ کرد بچێت بۆ بارەگای پادشایی و لەوێ ببێتە میوانی. "هەڵۆخان" لێی دڵنیا نەبوو و بە بیانووی پیری نەڕۆیشت. "شاعەباس" بۆی نووسییەوە: ئێستا کە خۆت ناتوانی "خان ئەحمەدخان"ی کوڕت بنێرە با لە دەرباری شادا بە شێوەیەکی شاهانە پەروەردە بێت. "هەڵۆخان" پرس بە پیاوماقووڵانی دەوروبەری دەکات؛ پێی دەڵێن: نێوانتان زۆر خۆشە و لە شا دڵنیا بە و بینێرە. هەڵۆخان "خان ئەحمەدخان"ی نارد و ئەویش بردیە سەراپەردەی پادشایی و ئەوەندە پلەوپایە و خەڵاتی بۆ زیاد کرد تا بوو بە گوێڕایەڵی شا (سنندجی, ١٣٦٦). 

قەڵای حەسەن ئاوا

     "شاعەباس" بۆ گەیشتن بە ئاواتەکەی کە گرتنی "هەڵۆخان" بوو، نەخشەی بۆ "خان ئەحمەدخان" کێشا و بڕیاری دا بیکات بە زاوای خۆی و "کڵاوزێڕ خانمی" خوشکی خۆی لێ مارە بڕێت. بووکیان لە زاوا مارە کرد و هەر لە کۆشکی شاهیدا ماڵیان پێ داوە و بۆیان گواستەوە. لەپاش ماوەیەک "شاعەباس" کە دەیزانی تازە "خان ئەحمەدخان" هی خۆیەتی و کاتی ئەوە هاتووە کوردستان و "هەڵۆخان"ی پێ بگرێت؛ بانگی کرد و تێی گەیاند باوکی بخاتە بەر چنگی ئەو و خۆی ببێتە حاکمی کوردستان. "خان ئەحمەدخان" بەڵێنی دا کە ئاواتەکانی بۆ بهێنێتە دی. شا فەرمانی دا لەگەڵ سپایەکی مەزندا، بارگە و بنە و خەڵات و خزمەتکارێکی زۆر ببەن و بووکیش بۆ خان ئەحمەدخان بگوێزنەوە بۆ کوردستان. خان ئەحمەدخانیش خەڵات و پارەی زۆری لەگەڵ خۆی هێنا و کەوتنە ڕێ و لە دوورەوە و ژێربەژێر کەوتە دڵدانەوە و لەخشتەبردنی فەرماندەکانی دەوروبەری باوکی و بە دیاری و دراو هەموویانی کڕی.

     "خان ئەحمەدخان" هەموو پیاوەکانی دەوروبەری "هەڵۆخان"ی فریو دا و دڵنیا بوو کە دەتوانێ باوکی بەدیل بگرێت. بەپێی ڕەسمی کوردەواری بە گوێز و مێوژ میوانداریی مەجلیسێکیان کرد کە پیاوماقووڵانی کوردستان و میوانەکانی ئیسفەهانیشی لێ بوون. بۆ ئەوەی تانە لە باوکی بدات و سووکی بکات، بە پیاوێکی خۆی وت بڕۆن شەربەت و نوقڵ و شیرینیی ئیسفەهانمان بۆ بێنن کە شازادە خانم بەدیاری هێناویە، با تۆزێک دەممان شیرین کەین. "کڵاوزێڕخانم"یش چەندین جۆر شەربەت و شیرینیی نایابی ناردە کۆڕ و مەجلیسەکە و بوو بە هۆی شکانی شکۆی باوکی و میوانەکانی شازادەی ئیسفەهانیش کەوتنە فەخر فرۆشتن.

قەڵای حەسەن ئاوا

     "هەڵۆخان" تێگەیشت مانای ئەم کارە خراپە، تووڕە بوو و ڕووی کردە "خان ئەحمەد خان" و وتی: کوڕم تۆ بە شیرینیی فێڵاوی، تاڵاوت بە گیانی مندا کردووە. تا ئەو ڕادەی کە تێگەیشتووم ئەم دووگە زەردە کە بە دیاری هێناوتە بێ دەرد و بەڵا نییە. ڕۆڵە جوانەمەرگ بیت وا پێی هێزی قزڵباشت بە خاکی کوردستاندا کردەوە. ئەم مێوژ و گوێزە کە بۆ ئێمە لە ئاوی ژیان باشتر بوو، بەو نوقڵ و شیرینییانە لێمانت کرد بە ژەهری مار. ئێمە تاکوو ئێستا بە شەلەم و دۆینەی خۆمانەوە بە ئاسانی ژیاوین و لەوپەڕی دەسەڵاتدا سەربەرزانە سەربەخۆ بووین و نەڕۆیشتووینەتە ژێر باری مننەتی هیچ پادشا و وەزیرێک، بەڵام ئیتر لەوەناچێت وازمان لێ بێنن و بە فێڵ تاجی سەربەرزی و سەربەخۆییمان لەسەر لا ئەبەن و وڵاتمان داگیر دەکەن. "هەڵۆخان" مەجلیسەکەی جێهێشت و ڕۆیشتە نێو قەڵای حەسەن ئاوا و دەرگاکانی داخست. "خان ئەحمەدخان" شپرز بوو و ڕۆیشتە دەرەوە و سوارەی چەکداری خۆی لە دەوری قەڵا دامەزراند و لێ بڕا بە شەڕ باوکی دەسبەسەر بکات.

     "خان ئەحمەدخان" زۆر لەدەوری قەڵا مایەوە بەڵام هیچی بۆ نەکرا. پەنای بۆ دایکی برد کە لەناو قەڵاکەدا بوو، پەیامێکی بۆ نارد بەڵکوو کارێکی بۆ بکات. دایکیشی پاسەوانەکانی قەڵای تێ گەیاند ئەبێ یاریدەی کوڕەکەی بدەن. ژنی خان لە نیوەشەودا دەرگای قەڵا دەکاتەوە و دێنە ناو قەڵاکە و دەچنە شوێنی خەوی "هەڵۆخان" و دەستبەسەری دەکەن و دەینێرن بۆ ئیسفەهان. "شاعباس"یش لێی خۆش دەبێت؛ بەڵام ناهێڵێ ئیتر بچێتەوە کوردستان و بە دەسبەسەری لەوێ دەیهێڵێتەوە تاکوو کۆچی دوایی دەکات. بەم شێوازە دوژمنانی کورد لەو سەردەمەشدا چاویان بەو ڕەونەق و سەربەخۆییەی کورد هەڵنەهات و بە فێڵ و خەیانەت زەبریان لەم میرە کوردە دا و کوردستانیان لە سەربەخۆیی خست.

قەڵای مەریوان

KURDŞOP
663 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!