پیرشالیار پردێک بۆ دوو قۆناغ

ئەنوەر کەریم سەعید

     هەموو ساڵێک لە ناوەڕاستی مانگی ڕێبەنداندا لە هەورامانی سەربەرزدا ڕێوڕەسمێکی کۆن بە ناوی "زەماوەندی پیرشالیار" بەڕێوە دەچێ کە تەمەنی نزیکەی هەزار ساڵە. لە کۆمەڵگای کوردەواریدا هەتا ئەمڕۆ کەسانێکی زانا دەوری ڕێبەرایەتییان گێڕاوە و خەڵکیان بەرەو ئامانجە بەرز و پیرۆزەکان ڕێنوێنی کردووە. "پیرشالیار" لەو ڕێبەرانەیە کە دوو قۆناغی مێژوویی نەتەوەکەمانی لێک گرێ داوە و ڕێبەری خەڵکی بەشێک لە کوردستان بووە. ئەم پیرە لە "هەورامانی تەخت" بیری فەلسەفی و ئایینی و کۆمەڵایەتیی پەرە پێ‌داوە و خەڵکیش باوەڕێکی قووڵیان پێ بووە.

           "هەورامانی تەخت" کە ئێستا قەزایە و لەکۆندا "شاری هەورامان"ی پێ وتراوە، سەر بە هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و گڵکۆی " پیرشالیار"ی لێیە و هەورامییەکان لە کۆنەوە بوونی ئەو گڵکۆیە لەوێ بە فەڕ و بەرەکەت دەزانن؛ بۆیە پاش هەزار ساڵ شوێنەوارەکانیان پاراستووە کە بریتین لە: "دیوانی ماریفەت"، "یانەو پیری" (کە ماڵێکی لە بەرد سازکراوە)، "ژێرەکڵاشی پیر"، "چلەخانە"، "چراوگی ڕووناککەرەوە" و بەردی "کۆمساو"، هەروەها "زەماوەندی پیر".

     شرۆڤەیەکی کورتی ناو و وشەی "پیرشالیار"

     وشەی "پیرشالیار" لە دوو ناوی "پیر" و "شالیار" دروست بووە. لە کۆندا لە کوردستان بە پیاوانی ئایینی "پیر"، "بابا"، "سەیید" و "شێخ" وتراوە. فەرهەنگی موعین بۆ وشەی" شالیار" دەنووسێ: "شالیار": ١- کەلانتەری شار، گەورەی شار و فەرمانڕەوای شار ٢- شا و پادشا. کەوایە "پیرشالیار" گەورەیەکی ئایینییە کە فەرمانڕەوا و میری وڵات و شار بووە. هەروەک پێشتر وترا خەڵکی دەڤەرەکە لە کۆنەوە بە "هەورامانی تەخت" دەڵێن "شاری هەورامان" و لە شاخەکانی دەوروپشتیدا ئاسەواری کۆنە قەڵا هەیە کە بەڵگەی ئاوەدانیی ئەو ناوچەیەیە لە ڕابردوویەکی کۆندا. پێویستە بڵێم لە ئایینی پێشوو و کۆنەکاندا پەرستنی "میترا" یان "هۆرمز" تایبەت بە گەورەکانی وڵات، عێڵ و بنەماڵە بووە. کە وایە "پیرشالیار" کەسایەتییەکی ئایینی بووە کە فەرمانڕەوای ناوچەکەش بووە.

 پیرشالیار؟

     ئایەتوڵڵا مەردۆخ لە بەشی یەکەمی کتێبی (تاریخ مردوخ)دا سەبارەت بە "پیرشالیار" دەڵێ: " هەرچەن خەڵکی هەورامان هەشت قەڕن و نیو دەبوو ئایینی ئیسلام هاتبووە ناویان، بەڵام هەر لە سەر ئایینی پێشوویان مابوونەوە و هەتا ساڵی ٨٢٤ی کۆچی کە مەلاگوشایش دەستی کرد بە دەرس وتنەوەی قورئان لە ناوچەی هەوراماندا، خەڵک لە ئامۆژگارییەکانی پیرشالیار کە لە "مۆغە" گەورەکان بووە، دەستیان هەڵنەگرتووە. "جان ناس" لە کتێبی "تاریخ جامع ادیان" لاپەڕەی ٤٤٥ بەشی دوازدەیەمدا دەڵێ: مۆغ یان کارپان پێشەوایان ئایینی پێش لە زەردەشت بوون، تەنانەت لە ئاوێستاشدا بە خراپی ناویان لێ‌براوە و وەک کاهینانی چروک و دنیاپەرەست باسیان لێوە کراوە. دێوەکان خوای ئەو مۆغانە بوون و هۆرمزدیان نەپەرەستووە. بە پیاوانی ئایینیی زەردەشتیان گوتووە "مۆبد". ئێستاش قسەیەک هەیە کە گوایە خەڵک لە ڕیش سپییەکانیان پرسیوە کە: قوڕوونی قەدیما یان ماریفەتوو پیرشالیاری؟ (واتە: قورئان کۆنە یا "ماریفەتی پیر شالیار"؟)  لە وڵامدا وتوویانە: ماریفەتوو پیری قەدیما، قوڕوونی هێزیکە گوشایشە کۆرێ ئاردەنش. (واتا "ماریفەت" کۆنترە. قورئان دوێنێ گوشایشە کوێر هێناویەتی). مەلا گوشایش کەسێکی کوتوکوێر و چاو مژموور ( احوص) بووە"( مردوخ، ١٣٥١: ١٢٣ ). مەلاگوشایش سێ سەدە لە دوای پیرشالیار ناوبانگ دەردەکا و لە هەوراماندا پەرەی داوە بە وتنەوەی وانەی "تەجوید" و خوێندنی قورئان، کە وایە ماریفەت کە دەگوترێ هین پیرشالیاری یەکەم بووە و پیرشالیاری دووهەم دەسکاری کردووە و مێژینەی نووسینی کۆنترە لە هاتنی مەلاگوشایش و ئەو قسەیەش کە لە لایەن پیرەکانەوە کراوە، شتێکی ئاسایییە.

     " کتێبی ماریفەت" لە سەرچاوەکانی کتێبی (تاریخ مردوخ)ە و ئایەتوڵڵا مەردۆخ لە درێژەی باسی پیرشالیاردا دەڵێ: "ماریفەتی پیرشالیار" بریتییە لە کتێبێکی دوور و درێژی شیعری کە لە چەند بەند پێک هاتووە و کۆتاییی هەرکام لە بەندەکان ئەم بەیتەیە:

گۆشت جەواتەی پیرشالیار بۆ   /   هۆشت جە کیاستەی زانای سیمیار بۆ

     واتە گوێ ڕاگرە بۆ وتەی پیرشالیار و بە دڵیش ئاگات لە زانای ڕەمزگۆ بێ. خەڵکی ئەمڕۆی هەورامان (زانای ڕەمزگۆ) بە حەزرەتی محەممەد دەزانن، لە حاڵێکدا حەزرەتی محەممەد ڕەمزگۆ نەبووە و بەبێ ترس و بە ئاشکرایی پێغەمبەرایەتیی کردووە. زانای ڕەمزگۆ – هەر ئەو زەردەشتەیە کە بە (وەخشوور سیمیار) واتە نێردراوی ڕەمزگۆ بەناوبانگە. "ماریفەت" لە هەوراماندایە و بە وەسیەتی پیرشالیار شاراوەیە و نادرێت بە دەستی بێگانەوە(مردوخ، ١٣٥١: ١٢٤).

     لە سەرچاوەکاندا باسی دوو پیرشالیار دەکرێت: "پیرشالیاری یەکەم کوڕی جاماسپ" و زەردەشتی بووە و پیرشالیاری دووەم کە لە نەتەوەی پیرشالیاری یەکەمە و ناوی "مستەفای کوڕی خوداد"ە. "مەردۆخ" لەهەمان سەرچاوەدا درێژەی بە باسەکە داوە و دەڵێ: "پیرشالیاری دووەم لە خەویدا حەزرەتی محەممەد دەبینێ کە بە وشەی "کوڕم" بانگی لێ‌دەکا. لە خەو ڕادەپەڕێ و ئیمان بە ئیسلام دێنێ و ناوی خۆی دەگۆڕێ و دەیکات بە "مستەفا". پیرشالیاری دووەم، (مستەفا) کە بە دڵ ئیمانی بە ئایینی ئیسلام بووە و نەیتوانیوە بە ئاشکرایی ناوی ئیسلام بهێنێ، وردە وردە مانا و ڕاستیی ئیسلامی فێری خەڵک کردووە و کتێبێکی پڕ لە ئامۆژگاری و پەند و ڕەمزی بۆ نووسیون، بە ناوی "ماریفەتی پیرشالیار"(مردوخ،١٣٥١: ١٢٥ ).

     مامۆستا مەلا کەریم مودەڕێس لە کتێبێ "بنەماڵەی زانیاران"دا دەڵێ: پیرشالیار ناوی "مستەفا"، کوڕی "خواداد"ی کوڕی "بابل"ە و شەجەرەنامەی دەیباتەوە سەر ئیمام حەسەن. ... لەگەڵ ئەمەشدا لەو سەردەمەدا کابرایەک بووە گەورەی دنیایی شوێنەکە بووە و پێیان وتووە " شالیار سیاو" کە ‌هێشتا لە سەر یاسانی کۆنی مەجووسیی ئاگرپەرستان بووە و خەڵکیی مودارایان لەگەڵ کردووە(مودەڕیس، ١٩٨٤ : ٣٦٢).

لە هەورامانی تەخت گۆڕێکی تاقانە هەیە کە بە بەرد دیوار و قسنیان بۆ دروست کردووە و خەڵک پێی دەڵێن "شالیار سیاوی". سەبارەت بە  "شالیار سیاو" دەڵێن: پیرە پیاوێکی ئایینیی و دۆست و خۆشەویستی "پیرشاڵیار" بووە و تاکوو ئەمڕۆیش لە ناو خەڵکیدا جێگایەکی تایبەتی و پیرۆزی هەیە. "پیرشالیار" هەر لەسەردەمی ژیانی خۆیدا کارێک دەکات خەڵک ڕێز لە "شالیار سیاوی" ‌بگرن و دابونەریتێکی دامەزراندووە کە خەڵک حەوتوویەک پاش زەماوەندی پیر پێویستە بچنە سەر گڵکۆی "شالیار سیاوی" و زیارەتی بکەن و ڕێزی لێ‌بگرن؛ ئەم ڕێوڕەسمی زیارەتکردنی "شالیار سیاو"ە ناوی "تەربی"یە و تا ئەمڕۆش هەر بەڕێوە دەچێت.

سەرچاوەکان:

معین، محمد(١٣٨٢ ش)، فرهنگ معین،  تهران‌: زرین‌

مردوخ، محمد(١٣٥١ش) ، تاریخ مردوخ (کورد و کوردستان)، سنندج: غریقی

سەجادی، عەلائەدین(١٩٥٢ز)، مێژووی ئەدەبی کوردی ، بەغدا: چاپخانەی معارف

ناس، جان(١٣٧٢ش)، تاریخ جامع ادیان ، تهران: علمی فرهنگی

مودەڕێس، مامۆستا عەبدولکەریم(١٩٨٤ز)، بنەماڵەی زانیاران، بەغدا: شەفیق

 

 

KURDŞOP
603 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!