دەسەڵاتی بۆتان لە دێمۆکراسییەوە هەتا خیانەت – بەشی کۆتایی

کەیهان محەممەدی‌نژاد

 

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

زۆر جار لە مێژوودا یان لەنێو کورداندا دەگوترێت دەسەڵاتی میرەکان یەکگرتوو نەبووە و میرەکان هەموو شتێکیان بۆ خۆیان ویستووە. بەڵام میر بەدرخان کەسێکی ناسیۆنالیست و دێموکرات بوو و هەوڵی دەدا هەموو میر و سەرۆک خێڵەکان کۆ بکاتەوە و بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ ڕێک بکەون.

میر بەدرخان، لە ساڵی ١٨٣٩دا لەگەڵ میرەکانی کوردستان چووە نێو هاوپەیمانییەکی پیرۆزەوە. مەحموود خان لە ناوچەی وان، نوروڵڵا و فەتاح بەگ لە ناوچەی هەکاری، خالید بەگ لە سەرۆکەکانی هیزان، شەریف بەگ لە مووش، حوسێن بەگی کۆر لە قەرس و ئاجار، میری ناوچەی ئەردەڵان، شێخ محەممەد موسلی و شێخ یووسف زاخۆیی وەک زانای گەورە لەو هاوپەیمانییە بەشدارییان کرد. ئەو هاوکاری و ڕێکەوتنەی کە میر بەدرخان هەوڵی بۆ داوە نیشان دەدات کە ویستوویەتی تەنانەت ناوچەی سنەش لە دەسەڵاتی خۆیدا بەشدار بکات و ئەوەش نیشانەی بنیاتنانی کوردستانێکی گەورە بووە.

زانراوە کە میر بەدرخان قەڵا و بورجەکانی دەسەڵاتی خۆی بەهێز کردووە و میرە هاوپەیمانەکانی کوردستان پێکەوە بۆ پاراستنی دەوڵەتی کوردی سوێندیان خواردووە.

زۆرێک لە مێژوونووسان و لێکۆڵەران بە میر بەدرخان دەڵێن: "باوکی تەڤگەری نەتەوەییی کورد" و زۆرێکیش دەڵێن: "سەرکردەی گەورەی سەربازی". "کریس مونشارا" دەڵێت: "میر بەدرخان پاڵەوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بوو لە سەدەی نۆزدەهەمدا".

عوسمانییەکان بە ڕێککەوتنی میرە کوردەکان و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد تووڕە بوون و لە ٢٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٤٧ بە ئامانجی لەنێوبردنی میرنشینی بۆتان هێزێکی گەورەیان ئامادە کرد و ئەو هێزەش پێک هاتبوو لە "٣٠ هەزار سەرباز و ١٥ هەزار بەکرێگیراو و ٤٠ تۆپ". ئامانجیان ئەوە بوو کە کۆتاییی بە دەسەڵاتی میر بەدرخان بێنن. بەم شێوەیە عوسمانییەکان هێرشیان کردە سەر هێزی کوردان لە نزیک شاری ورمێ و شەڕێکی گەورە ڕوویدا. بەڵام سوپای عوسمانی توانای شەڕ لەگەڵ هێزی کوردانیان نەبوو و لە چەند لایەکەوە شکستیان هێنا؛ کوردەکانیش بەرگرییەکی باشیان کرد. لە مێژوودا زانراوە کە لەم شەڕەدا سوپای میر بەدرخان چەندین تۆپ و زۆر غەنیمەتی لە عوسمانییەکان بەدەست هێناوە. لەو کاتەدا نەخۆشیی "کۆلێرا" هەبوو و زۆرێک لە هێزە کوردییەکان تووشی کۆلێرا بوون و ژمارەیەکی زۆریان گیانیان لەدەست دا.

دوای ئەو شەڕە، بەدرخان گرینگترین هەنگاوی نا و بە فەرمی سەربەخۆییی کوردستانی ڕاگەیاند. لە سەرەتادا سنوورەکانی دەسەڵاتی بەدرخان لە شارەکانی وان، مەهاباد، ڕەواندز و موسڵ بوو. پاشان پیرانشار، شنۆ، ورمێ، سۆرەک، ئامەد، سێرت، شنگال و ئاشنایشی لە دەستی داگیرکەران ڕزگار کرد.

بەو شێوەیە دەسەڵاتدارانی تورکیا چەند ڕێگایەکیان گرتە بەر بۆ ئەوەی بەسەر لەشکری کوردەکاندا زاڵ ببن. سەرکردەکانی تورکیا لە ڕێگەی "مەلا مەحموود بایەزید" لە "ئەرزرووم" لەگەڵ میر بەدرخان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا. لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن کرا بۆ ئەوەی هەردوولا هێرش نەکەنە سەر یەکتر. بەڵام پێش ئەوەی مەلا مەحموود بگەڕێتەوە، عوسمانییەکان هێرش دەکەنە سەر شاری جزیر.

مەلا مەحموود جارێکی تر دەچێتە لای دەسەڵاتدارانی عوسمانی و دەیەوێت لەسەر پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە قسەیان لەگەڵ بکات، بەڵام ئەوان فەرمانی دەستبەسەرکردنی دەدەن و دەستبەسەر دەکرێت و دەیگوازنەوە بۆ زیندانی عوسمانی لە شاری ستەنبوڵ.

فێڵی دەوڵەتی عوسمانی و خیانەتی "یەزدانشێر"

دەوڵەتی عوسمانی بینی کە ناتوانێت بە زەبری هێز و لەشکەر حکوومەتی کوردی تێک بشکێنێت، بۆیە ڕێگەی فریودانی کەسایەتی و سەرکردەکانی کوردی هەڵبژارد. دەوڵەتی عوسمانی توانی بەشێک لە سەرکردە کوردەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت؛ لە کۆتاییدا توانییان بە فێڵ، "یەزدانشێر" کە کەسێکی نزیکی میر بەدرخان بوو و سەرکردایەتیی هێزێکی گەورەی میرنشینی بۆتانی دەکرد بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. یەزدانشێر بەڵێنیی بە عوسمانییەکان دا شاری جزیری پایتەختی میرنشینی بۆتان ڕادەستی هێزەکانی عوسمانی بکات. دواجار ئەو کارەی کرد و جزیری ڕادەستی ئەوان کرد، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ورەی شەڕڤانانی کورد، چونکە کارگەیەکی چەک و تەقەمەنیش لەو شارەدا هەبوو.

بەم شێوەیە سوپای عوسمانی شاری جزیری داگیر کرد و میر بەدرخان بە هێزێکی زۆرەوە دەچێتە قەڵای "ئارۆخ". لەوێ میر بەدرخان و سەربازەکانی شەڕێکی قارەمانانەیان کرد و سوپای عوسمانی قەڵاکەی گەمارۆ دا. میر دوای شەڕێکی قارەمانانە و دوای ئەوەی تەقەمەنییەکانیان کۆتایی پێ هات، بەداخەوە دوای چەند ڕۆژێک لە شەڕکردن، لە ١٢ی ئابی ١٨٤٧ خۆی ڕادەستی عوسمانییەکان کرد.

کاتێک میر بەدرخان دەبرێتە ستەنبوڵ بۆ لای سوڵتان و دوای چەندین دادگاییکردن، لەلایەن سوڵتانی عوسمانییەوە بۆ دوورگەی "کریت" لە یۆنان دوور خرایەوە. میر بەدرخان کارەساتی میرنشینی بۆتانی لەبیر نەکرد کە لەلایەن نزیکترین کەسی خۆیەوە خیانەتی لێ کرا.

هۆکاری خیانەتی "یەزدانشێر" چی بوو؟

هۆکاری خیانەتەکەی "یەزدانشێر" بەم شێوەیە بوو: "کاتێک عوسمانییەکان هێرشیان کردە سەر قەڵای 'کۆرنیل'ی 'سەعید بەگ'، ئەوکات میر بەدرخان بۆ گرتنی قەڵاکە پشتیوانیی لە عوسمانییەکان کرد. زانراوە کە سەعید بەگ خاڵی یەزدانشێر بووە و یەزدان شێر لەو هێرشە ناڕازی بووە. هەروەها دەستبەسەرکردنی 'میر سەیفەدین' لەلایەن بەدرخان و چەند هۆکارێکی تر وای کرد یەزدانشێر خیانەت لە میر بەدرخان بکات."

بەڵام هەندێک لە مێژوونووسان و لێکۆڵەران دەڵێن، یەزدانشێر کەسێک بووە کە بەدوای هێز و دەسەڵاتدا بووە و هەوڵی داوە جێگەی میر بەدرخان بگرێتەوە و ببێتە دەسەڵاتدار لە شوێنی ئەو.

لە کاتی شکستی میرنشینی بۆتان، عوسمانییەکان ماڵی زۆریان وێران کرد و سەدان کەسیان کوشت و خەڵکێکی زۆریان لە ناوچەکانی خۆیان دوور خستەوە بۆ ناوچەکانی تر. هەروەها دەستیان کرد بە دەستبەسەرداگرتنی خانوو و زەویی خەڵکی ئەو ناوچەیە و ئەو زەوییانەیان بە هەرزانترین نرخ بە بیانییەکان فرۆشت.

ساڵی ١٨٥٨ سوڵتانی عوسمانی بڕیاری لێخۆشبوونی بەدرخانی دەرکرد، بەدرخانیش گەڕایەوە ستەنبوڵ و لەوێ ژیا و دوای ماوەیەک بەرەو دیمەشق ڕۆیشت. میر بەدرخان تا کۆتاییی تەمەنی لە دیمەشق ژیا و لە ساڵی ١٨٦٩ ناوە درەوشاوەکەی بۆ هەتاهەتایە لە مێژوودا بەجێ هێشت و کۆچی دواییی کرد. تەرمی میر بەدرخان لە گۆڕستانی "مەولانا شێخ خالید نەقشبەندی" لە گەڕەکی "روکنە دین"ی دیمەشق بە خاک سپێردراوە.

میر بەدرخان کۆچی دواییی کرد، بەڵام نەوەیەکی باشی لەدوای خۆی بەجێ هێشت، ئەو دادپەروەری و یەکسانیی لەدوای خۆی بەجێ هێشت، ناوی ناوچەی بۆتانی وەک شوێنێکی نیشتمانپەروەر و کوردپەروەر لە مێژووی کورددا تۆمار کرد.

ئەمڕۆ هەمووان دەزانن کە میر بەدرخان و بنەماڵەکەی هاوکاری و خزمەتێکی زۆریان لە بواری ڕۆشنبیری، مێژوو، ئەدەبیات و زمانی کوردی پێشکەش بە نەتەوەکەیان کرد و کاریگەریی خزمەتەکانیان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بڵاو بووەتەوە.

KURDŞOP
670 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!