دەسەڵاتی بۆتان لە دێمۆکراسییەوە هەتا خیانەت – بەشی یەکەم

 

کەیهان محەممەدی‌نژاد

 

لە سەرەتای ئەم وتارەدا دەمەوێت بە نموونەیەک دەست پێ بکەم. نووسەری بەریتانی "ڕوودیارد کیپلینگ" دەڵێت: "ئەگەر مێژوو وەک چیرۆک بگێڕدرایەتەوە و وانەکەی بگوترایەتەوە، هەرگیز لەبیر نەدەکرا."

قسەکەی "ڕوودیارد کیپلینگ" ڕاستە، چونکە مێژووی ئێمەی کوردیش هەمیشە بە شێوەیەکی چەواشەکارانە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە نووسراوە و ئەوەی ئێستا بۆ ئێمە ماوەتەوە لەلایەن چیرۆکنووسان و دەنگبێژانەوە سینگ بە سینگ گێڕدراوەتەوە و پارێزراوە.  هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوە که لە ئەمڕۆدا کەسانی وڵاتپەروەر و مێژوونووسانی نیشتماندۆست بتوانن مێژوو و گوتنەکانی ئێمە بکەن بە کتێب و بیاننووسن.

منیش لەو زانیارییانەی کە لەسەر میر بەدرخان لە چەندین سەرچاوە و کتێب بڵاو کراونەتەوە، سوودم وەرگرتووە، بۆیە ئاماژەم بە هیچ سەرچاوەیەک نەکردووە.

بەدرخانی ئەڤدالخان یان بەدرخان بەگی کوڕی "عەبدوڵڵا خان"، ساڵی ١٨٠٣ لە شاری جزیری بۆتان لە باکووری کوردستان لەدایک بووە. بەڵام سەبارەت بە لەدایکبوونی میر بەدرخان بۆچوونی جیاواز هەیە. هەندێک لە مێژوونووسان دەڵێن میر بەدرخان لەنێوان ساڵەکانی ١٨٠٣ بۆ ١٨٠٦ لەدایک بووە. بەدرخان بەگ لە ماڵباتی "عەزیزان" بوو. "شەرەفخان بەدلیسی" لە شەرەفنامەی خۆیدا نووسیویەتی کە بنەماڵەی عەزیزان پێشتر ئێزدی بوون، دواتر بوون بە موسڵمان.

میر بەدرخان ساڵی ١٨٣٠ دەستی بەسەر بۆتاندا گرت. لەگەڵ میر محەممەد، میری سۆران، هاوپەیمانیی دروست کردبوو.

جارێکیان میر سەردانی قوتابخانەیەک دەکات و بە مامۆستاکان دەڵێت: "هەر خوێندکارێک لاپەڕەیەک بەبێ هەڵە بخوێنێتەوە، من پاشایەتیی پێ دەدەم." لێرە دەردەکەوێت کە تەنیا مەبەستی میر ئەوە بووە ئەوان هان بدات کە باشتر بخوێنن و سەرکەوتوو بن. هەروەها لاوێکی زۆر دەنێرێتە ئەورووپا بۆ ئەوەی ببنە شارەزای بواری سەربازی و فێری زانستی سەردەمیانە ببن.

میر بەدرخان چەندین خزمەتی باشی گەلەکەی کردووە، لە سەردەمی حوکمڕانیی میر بەدرخاندا نەتەنیا دادپەروەری و یەکسانییەکی باش هەبووە، تەنانەت دز و گەندەڵکاریش لە دەسەڵاتەکەیدا نەبووە. میر بەدرخان لە سەردەمی خۆیدا دوو کارگەی بۆ بەرهەمهێنانی "چەک و باروت" لە شاری جزیر دروست کردبوو. هەروەها میر بەدرخان پارەی بە ناوی خۆی لێدا. لە لایەکیدا نووسیبووی "ئەمیری بۆتان، بەدرخان" و لە لایەکی دیکەشەوە نووسیبووی "١٢٥٨ی کۆچی."

میر توانی خەڵکی زیاتر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و هەر کەسێک تاوانی ئەنجام دابا، بە توندی سزای دەدا و هەر کەسێکیش دزیی کردبا، دەستی دەبڕی. بە هەرزان زەویی بە جووتیاران دەدا و جووتیاران بە ڕێژەی ٣ لەسەد داهاتەکەیان بە میر بەدرخان دەدا کە زۆر کەمتر بوو لەو ڕێژەیەی کە دەوڵەتی عوسمانی لە جووتیارانی وەردەگرت. هەروەها میر هاوکاریی داراییی دەگەیاندە خێزانە کەمداهاتەکان. بەهۆی ئەمەوە خەڵک زۆر دڵخۆش بوون و زۆر لە میر ڕازی بوون.

شێوازی فەرمانڕەواییی میر بەدرخان ئەوەندە توند بووە کە بۆ نموونە تەنانەت یەک کەسیش وەک دز یان گەندەڵ لە سنووری دەسەڵاتەکەیدا دەرنەکەوتووە و جێگایان لە میرنشینی ئەودا نەبووە. لە سەردەمی دەسەڵاتی بۆتاندا ئارامی و ئاسایشێکی باش و بێ وێنە هەبووە.

لەو کاتەدا دوو ئەمریکیی گەشتیار بە ناوەکانی "ڕاسست و برات" سەردانی ئەو میرنشینەیان کرد. چوار هەفتە لەوێ مانەوە و تووشی هیچ کێشە و گرفتێک نەببوون. هەروەها بینییان خەڵکی ئەو ناوچەیە و سەرۆک عەشیرەکان چەندە دڵسۆزن و میریان چەندە خۆش دەوێت.

دادپەروەریی میر بەدرخان لەنێوان ئایین و کەمینەکاندا بوونی هەبووە و هەمیشە هەوڵی دادپەروەری و یەکسانیی نێوان هەموو کەسێکی دەدا.

میر بەدرخان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەرمەنەکاندا هەبوو و بڕیاری دا هەرکەسێک ژنێکی ئەرمەنی بخوازێت، یارمەتیی بدات. گەنجانی ئەرمەنیش بەشدارییان لە هێزەکانی میر بەدرخان دەکرد و هێزێکی باشیان پێک هێنابوو. میر بەدرخان لە سپا و دەوروبەری خۆیدا چەندین ڕاوێژکاری ئەرمەنیی وەک "دومستیهان مانکۆلیان، ئوجانسی شالکترین و میرمارتۆ" دانابوو.

ئەمەش ئەوە دەردەخات کە میر بەدرخان چەندە بایەخی بە مافی کەمینەکان داوە و تەنانەت ئەوانی لە حکوومەتیشدا بەشدار کردووە. لە ڕووی یەکسانی و دادپەروەریی میر بەدرخان، "میر جەلادەت" نموونەیەکی هێناوەتەوە و گوتوویەتی: "ڕووبارێک هەبوو بە ناوی 'چەم جهوو' یان ڕووباری 'جهوو' لە نزیک جزیرەی "ئیبن عومەر". جولەکەکان بۆ ڕێوڕەسمی ئایینیی خۆیان و جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکانیان دەچوونە ئەو ڕووبارە؛ کوردانیش ڕێگای ئەوانیان دەگرت و دژایەتیی ئەوانیان دەکرد. ڕۆژێکیان 'خاخام'ی جولەکەکان دەچێتە لای میر و سکاڵای ئەوە دەکات و بە دەستی ئاماژە بۆ ئەو شوێنە دەکات، بەڵام ناوی شوێنی مەبەست نابات. میر پرسیاری ناوەکەی دەکات، بەڵام 'خاخام' جارێکی تر ناوی ناهێنێت و بەردەوام بە دەستی ئاماژەی بۆ دەکات. لەو کاتەدا میر پێدەکەنێت و پێی دەڵێت، ناوی ئەو شوێنە 'چەم جهوو' ڕووباری 'یەهوود'ە. میر بڕیار دەدات کە ئەو شوێنە شوێنێکی تایبەتە بۆ جولەکەکان و هیچ کورد و موسڵمانێک ناتوانێت بچێتە ئەوێ و نابێ دەستێوەردان لەو شوێنەدا بکرێت."

کاتێک سوپای عوسمانی سەرقاڵی شەڕکردن لەگەڵ دەوڵەتی میسر بوو. میر بە دەرفەتێکی باشی زانی و دەسەڵاتی خۆی فراوانتر کرد و بۆ سەربەخۆییی کوردستان، لە موکریانەوە هەتا بۆتانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

دوای ئەوەی میر بەدرخان لە ساڵی ١٨٣٥دا دۆخی ئابووری، سەربازی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی بەهێزتر کرد، وردەوردە دەسەڵاتی خۆی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ڕێک خست و جزیری بۆتانی وەک پایتەختی دەسەڵاتەکەی ڕاگەیاند.

ساڵی ١٨٣٨ میر بەدرخان یارمەتیی عوسمانییەکانی دا بۆ شکستپێهێنانی دەسەڵاتی "سەعید بەگ". لەو کاتەدا سوڵتانی عوسمانی پلەی "ئەمیدی کۆلۆنێل"ی بە میر بەدرخان بەخشی. هەروه‌ها ساڵی ١٨٣٩ میر به‌درخان له‌گه‌ڵ سوپای عوسمانی به‌شداریی له شه‌ڕی دژی "ئیبراهیم محەممەد عه‌لی" کرد؛ ئه‌‌و شه‌ڕه له "ترێب" له نزیک "ئه‌نتابیا" ڕوویدا.

میر بەدرخان کەسێک نەبوو کە بە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی بنەماڵەیی و خێڵەکەی کار بکات، بەڵکوو هەوڵی دەدا کوردستانی گەورە لەژێر یەکڕیزییەکی گشتگیردا بنیات بنێت و دادپەروەری و دێموکراسیی تێدا جێگیر بکات. لە درێژەی ئەم گوتارەدا ئاماژە بە خاڵە بەهێزەکانی میر بەدرخان دەکەین.

درێژەی هەیە...

KURDŞOP
566 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!