لەیلا زەمانی
هەر وەک دەزانین شەڕی جیهانیی دووەم لە ساڵی هەزار و سێسەد و هەژدەی هەتاوی (1939ی زایینی) دەستی پێ کردوو تا ساڵی هەزار و سێسەد و بیست و چواری هەتاوی (1945ی زایینی)ی خایاند. ئەو شەڕە بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزەکانی سۆڤیەت و ئینگلیزەوە داگیر بکرێت. هەر لەو سەردەمەدایە کە "ڕەزا شا" دەستی لە دەسەڵاتداری کێشایەوە و ئینگلیزییەکان ناچاریان کرد ئێران بەجێ بێڵێ و لە ئێرانیان دوو خستەوە و بە جێی ئەو کوڕەکەی واتە "حەمە ڕەزاشا"یان لەسەر تەختی پاشایەتیی ئێران دانا.
وێنە: حەمە ڕەشیدخانی بانە
لە سەردەمی دەستاودەستبوون و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ئێراندا، لە ڕەزاشاوە بۆ حەمە ڕەزاشا، لە هەموو ناوچەکانی ئێران ئەو بۆشاییی دەسەڵاتە هەستی پێ کرا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرۆک عەشیرە و سەرۆک عێلەکان پێش هەموو کەس هەستیان بەوە کردووە کە بە هۆی لەناوچوون یا لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندی، دەتوانن بەشێک لە داواکارییەکانی خۆیان بخەنە ڕوو و ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیان فراوانتر بکەنەوە و هێزی خۆیان زیاتر بکەن. لە سەردەمی رەزا شادا بەشێکی زۆر لەو سەرۆک عەشیرە و سەرۆک عێلانەی کوردستان، خرابوونە بەندیخانەوە. بە تایبەت ئەو کەسانەی هەست و ئینتمایەکی نەتەوەییان بوو. بەشێک لەوانە بۆ وێنە "حەمە ڕەشید خان"ی قادرخان زادە، "مەحموودخانی دزڵی" "مەحموودخانی کانی سانانی" لەو کەسانە بوون کە خرابوونە بەندیخانەوە.
وێنە: حەمەڕەشید خان لە دیداری عەبدولکەریم قاسم
لە دوای ئەوەی ڕەزا شا لە ئێران دوور دەخرێتەوە و کوڕەکەی دێتە سەرکار، پشێوییەک لە کۆی ناوچەکانی ئێراندا دێتە ئاراوە. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەڕتەشی شای ئێران تووشی ئاڵۆزی و لاوازی بێ. بەشێکی زۆر لە سەرۆکی ئەرکان و پادگان و بنکە نیزامی و چەکدارەکانی ئێران کە بە هۆی نەبوونی فەرمانێکی ناوەندییەوە تووشی سەر لێشێوان ببوون، ئەو دۆخە وای کردبوو خەڵکی ئاسایی لە ناوچەکانی وەک کوردستان و لوڕستان و خۆراسان و زۆر ناوچەی دیکەی ئێران هێرش بکەنە سەر پادگانەکان و چەکدارانی دەوڵەتی شاهەنشایی چەک بکەن. هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو کە دەوڵەتی ڕەزا شا، لە ناوچە غەیرە ناوەندییەکان و لە ناوچە غەیرە فارسەکاندا، توندوتیژییەکی یەکجار زۆری نواندبوو.. بۆیە لە ناوچەکانی وەک خۆراسان و ئەهواز و کوردستان و ئەو ناوچە سنوورییانە، خەڵکی دڵیان لە حکوومەتی ناوەندی پڕ بوو، بە تایبەت ڕێبەرانی خەڵکی و سەرۆک عەشیرەکەکان کە هەستێکی نەتەوەییشیان هەبوو، لە ڕێژیمێک کە خۆی تەیار کردبوو بۆ ئەوەی هەموو ماکە شوناس سازەکانی ئەو نەتەوانە بسڕێتەوە و کەسایەتییە کاریگەرەکانیان بخاتە بەندیخانەوە داخدار بوون. بەو هۆیەوە دوای لە سەرکار لابرانی ڕەزاخان، ئەوانە هێندێک جموجوڵیان دەست پێ کرد.
حەمەڕەشید خان و کۆمەڵێک لە چەکدارەکانی لە شاری سەقز
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوەی خەڵک و سەرۆک عەشیرەکان هەستیان بە لاوازیی حکوومەتی ناوەندی کرد، بە هەموو شێوەیەک یەکییەتی و یەک دەنگییەک لە نێوان عەشیرە و هۆزەکان شکڵی گرت. سەرۆک عەشیرەکانی ناوچەکانی بانە و مەریوان و هەورامان یەکتریان دیت و لەسەر داواکاریی خۆیان و خەڵکی کورد دانوستانیان کرد. خەڵکی خۆیان و کەسانی خۆیان چەکدار کرد. بە تایبەت سەرۆک عەشیرەکانی مەریوان و هەورامان لەژێر فەرماندەریی ڕێبەرایەتیی "حەمەڕەزا خانی مەریوانی" و مەحمودخانی کانی سانان"ی و "مەحمودخانی دزڵی" دا خۆیان رێک خست. ئەوانە خۆیان تەیار کرد و ناوچەکانی دەوروبەری شار و ئاواییەکانیان بە دەستەوە گرت و تەنانەت هێزیان پۆشتە کرد بۆ ئەوەی بچنە نێو شاری سنەوە و ئەو شارە گەورەیەش ئازاد بکەن.
وێنەی حەمەڕەشید خانی بانە لەگەڵ کۆمەڵێک کەس دا لە گوندی شیوە گوێزانی چەمی شلێری سەربە شاری پێنجوێن ساڵی۱۹٥۹..!
لە لایەکی دیکەوە لە ناوچەکانی سەرووی سنە و هەورامان و مەریوان، واتە لە ناوچەی بانە، حەمە ڕەشید خان و باقی خان و دەسەڵاتدارانی ناوچەی مەریوان و هەورامان کە هەستێکی نەتەوەییان هەبوو، جیا لەوەی دەیانهەویست ناوچەکانی خۆیان بە دەستەوە بێ، ویستێکی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیشیان هێنا ئاراوە. ئەوانە خوازیاری ئەوە بوون کە کوردستانێکی سەربەخۆ پێک بێنن. دیارە هەم حەمە ڕەشید خان و هەم ئەو خانانەی دیکەی لەگەڵ ئەو هاوپەیمان بوون، پێکەوە بڕیاریان دابوو کوردستان و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەربەخۆ بکەن. ئەوان ئەوەندەش لە کار و باری نیودەوڵەتی و سیاسی تێدەگەیشتن کە دەبێ پشتیوانێکی نێونەتەوەیی بۆخۆیان بدۆزنەوە و دەیانزانی بە بێ پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حکوومەتە دەسەڵاتدارەکان ناتوانن پڕۆژەی خۆیان جێبەجێ بکەن.
حەمە ڕەشید خان و مەلامستەفا بارزانی
بەو مەبەستە حەمە ڕەشیدخان و باقی خانەکانی مەریوان و هەورامان، داوایان لە وڵاتی بەریتانیا کرد لەگەڵیان دابنیشێ. نوێنەرانی ئەو وڵاتە و بە تایبەت ئەفسەر و پلەدارەکانیان کە لە شاری سنە نشتەجێ بوون پێمل بوون لەگەڵ ئەو کەسانە وەک نوێنەرانی کورد دابنیشن و داخوازییەکانیان ببیستن. وتووێژی حەمە ڕەشیدخان و وەفدی هاوڕێی لەگەڵ ئەفسەرانی ئینگلیزی لە شاری سنە دە ڕۆژی خایاند. سەرەنجام دوای ئەوەی لەو دە ڕۆژ دانیشتنانەدا حەمە ڕەشیدخان و لایەنگرانی ئەو خواستەکانەی خۆیان وەک خواستی نەتەوەی کورد بۆ بە فەرمی ناسینی وڵاتێکی سەربەخۆ بە نێوی کوردستان بە ئەفسەرانی ئینگلیزی ڕاگەیاند، بەرپرسانی ئینگلیزی، بێ ئەوەی وڵامی ڕاستەوخۆ بە داخوازییەکانی و حەمە ڕەشید خان و وەفدی یاوەری بدەنەوە، ئەو بابەتەیان هەڵگرت بۆ ئەوەی پێشتر لەگەڵ فەرماندەرە باڵاکانی ئەڕتەشی ئینگلیز کە لە بەغدا نیشتەجێ بوون بیخەنە بەر باس.
درێژەی هەیە ...