ناوچەی موکریان و عێلی موکری لە هەڵچوون و داچوونە مێژووییەکان دا - بەشی ١

 

لەیلا زەمانی

 

وشەی "موکری" بۆ یەکەم جار لە سەردەمی تورکە سەفەوییەکان و لە لایەن مێژوونووسانی وەک "ئەسکەندەر بەیگی تورکمان" خاوەن کتێبی "عالەم ئارای عەبباسی" و "خاندمیر"  نووسەری کتێبەکانی "کورتەی هەواڵەکان" و "حبیب السیر" کە لە مێژوونووسە گەورەکانی ئەو چاخەن، هاتە نێو سەرچاوە مێژووییەکانەوە. لە سەرچاوە مێژووییەکانی سەردەمی سەفەوییە بۆ یەکەم جار ئەو سەرچاوانەی کە باسی ڕووداوەکانی خولی دەسەڵاتداریی "شا ئیسماعیلی یەکەمی سەفەوی" دەکەن، باسی کوردانی موکرییان کردووە. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بە نێوی "سارم بەگی موکریانی" کە ئەویش کوڕی "سەیفەدین خان" بووە کردووە. پاش ئەو دووانە وەچە و نەوەکانی دواتریان حاکمانی موکرییان لێ کەوتووەتەوە کە دواتر باسیان لێ دەکەین.

ئەو کتێبە مێژووییانە لە پاش ئەوەی باسی عێلی موکرییان کردووە، ئەو عێلەیان وەک عێلێکی کورد زمان ناودێر کردووە.  دواتر و هەر لە سەردەمی سەفەوییەکاندا مێژوونوسێکی کورد بە ناوی "شەرەفخانی بەدلیسی" لە کتێبی "شەڕەفنامە"دا، باسی کوردەکانی موکریان دەکا. لە شەرەفنامەدا ژیان و جۆغڕافیا و مەودای دەسەڵاتدارێتیی حاکمە موکریانییەکان بە وردی تاوتوێ کراوە.  لە بارەی چۆنێتی و ڕادەی دەسەڵاتی حاکم و میرەکانیشەوە زانیاریی ورد بە دەستەوە دراوە. هەروەک دەزانین حاکم و میرانی سەردەمی سەفەوی هەموو شان و شکۆ و تواناییان بە قەت یەک نەبووە. هێندێکیان دەسەڵات و ڕادەی سەرباز و توانایی و دەرامەتیان زیاتر بووە و هێندێک دەسەڵاتیان کەمتر و بەو پێیە ڕادەی سەرباز، دەرامەت و تواناییان کەمتر بووە. لەو نێوەدا وەکی شەرەفنامە باس دەکا، حاکمانی موکری هاوشان و هاودەسەڵاتی میرانی ناوچەکانی "سۆران" و "بابان" بوون.

 ئەوەی کە ئەسکەندەربەیگی تورکمان وەک مێژوونووسی دەرباری، لە کتێبی عالم ئارای عەباسیدا، بەردەوام باسی موکرییەکان دەکا، نیشان دەدا ئەو کوردانە کاریگەریی زۆریان لە سەردەمی سەفەوییەدا هەبووە و پێگە و توانایی سەربازی و ئابوووریی باشیان بووە کە مێژووونووسی دەرباری سەفەوییەکان لێیان غافڵ نییە و بەردەوام نێوی کوردەکانی موکریان دێنێ و کاریگەریی ئەوان لەسەر ڕووداوەکانی سەردەمی سەفەوی باس دەکا. ئەو مێژوونووسە، هەموو ئەو کوردانەی کە لە باشووری "گۆلی ورمێ" دەژین بە کوردی موکری دەزانێ. هەم ئەو  و هەم کەسانێکی وەک "میرزا بەیگ کوڕی حەسەن" ناسراو بە "جەنابەزی" لە کتێبی "رەوزەتوسەفەوییە"دا، کە باسی مێژووی بنەماڵەی سەفەوی لە سەرەتاوە تا چلەمین ساڵی پاشایەتی شاعەبباسی سەفەوییە، ویلایەتی موکری بە ویلایەتی ئەو کەسانە دەزانن کە کوردن و ڕەچەڵەک و زمانیان کوردییە و دەسەڵاتەکەیان لە خوارووی گۆڵی ڕەزایەوە خۆی گرتووە. پەیوەندییان لەگەڵ پادشایانی سەفەوی لە هەڵکشان و داکشاندا بووە. جاری وایە پەیوەندییە سیاسییەکانیان لەوپەڕی باشیدا بووە و جاری وایە پەیوەندییان لەگەڵ پادشاکانی سەفەوی باش نەبووە و تووشی ململانێ و کێشەی قووڵ بوون.

ئەو ناوچەیە هەر لە سەرچاوەکانی سەردەمی سەفەوییەوە تا سەرچاوەکانی سەردەمی قاجار زۆر نێوی هەبووە. پاشگر و پێشگری لێ زیاد بووە، بەڵام لە هەموو نێوەکاندا موکری ڕاگیراوە. بۆ وێنە بە ویلایەتی موکری، کوردستانی موکری، سابڵاغی موکری، حکوومەتی سابڵاغ، موکریان، کوردستانی شومالی، نێوی هاتووە. ئەو نێوە لە نێوی عێلێکەوە وەرگیراوە کە هاتوونەتە ئەو ناوچەیە. واتە خەڵکی موکریان سەر بە عێلێک بوون بە نێوی عێلی موکری. بەڵام ئێمە بۆوەی بزانین جوگرافیایەکی سیاسی کە ئەو عێلە تێیدا ژیاوە لە کوێ بووە دەبێ سەرچاوەی جیاواز ببینین.

ژاک دیمۆرگان

 

چون زانیارییەکان لە سەرچاوەیەکەوە بۆ سەرچاوەیەکی دیکە جیاوازن.  ئەو جوگرافیا سیاسییە ئاڵوگۆڕی زۆری بە سەرداهاتووە. سنوورەکانی موکریان لە سەردەمی سەفەوییەوە تا سەردەمی قاجارییە بەردەوام گۆڕانکارییان بە سەردا دێ. واتە جاری وایە سنووری ژێر دەسەڵاتی میرانی موکری لەبەر یەک دەکشێنەوە و تا نزیک "دێهخارقان" واتە "ئازەر شار"ی نزیک "تەورێز" فراوان دەبێتەوە و جاری وایە ئەو سنوورانە چکۆلە دەکرێنەوە وە تا نزیک شاری "میاندواو" بەرتەسک دەبنەوە. بە پێی سەرچاوەکان سنووری ڕۆژئاوای ویلایەتی موکری، سنووری ئێستای ئێران و عێراقە. سنووری باشووری ئەو ناوچەیە لە مێژوودا بە کوردستانی ئەردەڵان ناسراوە یا ئەو ناوچەیە کە چۆمی جەغەتوو جودای دەکاتەوە لە ناوچەی خوارووی خۆی. سنووری ڕۆژهەڵاتی بە پێی نووسینی نووسەرانی گەورەی وەکوو "دیمۆرگان"ی کە جوگرافیزانێکی فەرەنسەوییە، لە کتێبی "جوگرافیای مێژوویی ڕۆژئاوای ئێران"دا، چۆمی جەغەتوو وەک سنووری ویلایەتی موکری و مەراغە دەناسێ. ئەو نووسەرە واتە دیمۆرگان دەڵێ ویلایەتی موکریانی لە باکوورەوە تا دۆڵی ورمێ و ناوچەی سندووس و شنۆ دەگرێتەوە. بە پێی نوسینێک کە دیمۆرگان نووسیویەتی، حەد و سەدی موکریان بە دەقیقی دەستنیسان دەکا و بە هۆی پەیوەندییەکیش کە لەگەڵ "سەردار عەزیز خان"ی بۆکان بوویەتی، دەکرێ ئەو زانیارییانەی لەو وەرگرتبێ کە خۆی لە میرانی ئەو ناوچەیە بووە. دێمورگان حەدو سەدی ویلایەتی موکری ئاوا دیاری دەکا و دەڵێ: ویلایەتی موکری ناوچەکانی سابڵاخ، بۆکان، سەردەشت، لاجان، پیرانشار ،نەغەدە، سندووس، شنۆ وبەشێک لە سەقز و میاندواو و ساین قەڵا یان شاهیندێژ کە دەبێتە لای ڕاستی چۆمی جەغەتوو دەگرێتەورە. ئەوە ئەو کاتەیە کە جوغڕافیای موکریان تەواو بەرتەسک بووەتەوە؛ واتە سەردەمی قاجارەکان.

سەردار عەزیزخانی بۆکان و موزەففەرەددین شای قاجار

 

خەڵکێک کە لە ناوچەی موکریان دەژین واتە لەو جوگرافیایەی کە باسی کرا، لە بواری زمانەوە بە یەکێک لە زاراوەکانی زمانی کوردی دەدوێن بە نێوی زاراوەی سۆرانی. زاراوەی سۆرانی بە پێی نووسینی ، مێژووونوسی مەهابادی "سەید محمدی سەمەدی" کە ئەویش لە دەستنوووسیکی مێژووویی ڕاگوازتووە دەڵێ: ئەو زاراوەیە زاراوەی ئەو کوردانەیە کە لە ناوچەکانی کەرکووک و سلێمانی و شارەزوور و کۆیە و حەریر و سابڵاغ و بەشێک لە بانە پێی دەدوێن. ئەو زاراوەیەی کە خەڵکی موکریان پێی دەدوێن بە هۆی ئەوەی تا ئێستا زۆربەی هەرە زۆری دەقە کوردی و ئەدەبییەکان بەو زاراوەیە نووسراون، بە شێوەیەکی نافەرمی وەک زاراوەی ستانداردی نووسینی کوردیی لێهاتووە. وەکی دیمۆرگانیش لە کتێبەکەیدا باس دەکا و دەڵێت لە نێوان یازدە بنزاری کوردیدا، زاراوەی موکریانی پاکترین زاراوەی کوردییە و بە بەراورد لەگەڵ زاراوەکانی دیکە کەمتر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی زمانە غەیری کوردییەکانەوە. ئەو هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە کوێستانەکانی موکریان بوونەتە هۆی پاکتر مانەوە و ڕەسەنتر مانەوەی هەم زاری موکری و هەم ئەو داب و ڕەسمانەی کە لە موکریان بوون و تایبەت بە مرۆڤی کورد و ئینسانی کوردن.

ناوچەی موکریان بە هۆی بەربڵاویی جوگرافیایەوە هەم ناوچە شاخاوی و بەرزەکان دەگرێتەوە و هەم ناوچە دەشتاییەکان. واتە لە هەر دوو بواری دەشتایی بوون و شاخاوی بووندا خاوەن هەندێک تایبەتمەندییە کە لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانی هەڵداوێرێ. بەرزترین کێوەکانی ناوچەی موکریان چیخیدەرەیە کە سێ هەزار و شەشسەد و یازدە میتر بڵیندە. بەڵام دەشتاییەکانی موکریان زۆر گرینگن و ئەو عەردانە دەگرنەوە کە یەکجار بەپیتن و ئەمڕۆ یەکێک لە ناوچە هەرە باشە کشتوکاڵییەکانی وڵاتی ئێران پێک دێنن. ئەو دەشتانە بریتین لە دەشتەکانی لاجان، شاروێران، کۆنە لاجان، شامات، کەڵوێ، وەزنی، سندووس، دەشتەکانی بۆکان و دەشتی چۆمی مەجیدخان. ئەوانە ئەو دەشتاییە گرینگانەن کە لە جوگرافیادا بە زاراوەی فارسی پێی دەڵێن "جۆلگە" کە بریتین لە ئەو دەشتانەی کە دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو چۆمانەوە کە لە کێوەکانەوە دێنە خوارەوە و بە هۆی ئەوەی خاکی داماڵدراو بە ئاو، ئەو دەشتانەی داپۆشیوە، وڵاتێکی زۆر بە پیت و بەرەکەتن بۆ کشتوکاڵ و موکریان بە عەمبار و خەزێنەی دانەوێڵەی ئێران و پارێزگای ورمێ ناسراوە.

KURDŞOP
839 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!