شۆڕش و پێویستیی هەنگاونان بۆ پێشخستنی کولتوور

ڕۆژان سۆفیزادە

 

هەر مرۆڤێکی مافخواز و شۆڕشگێڕ، زۆر باش ئاگاداری ئەم پرسەیە کە تەنیا لە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا دەتوانێت ئاسانتر بگاتە ماف و داواکارییەکانی خۆی.

لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێڕن و پێشکەوتوودا بەدڵنیاییەوە دەرفەتی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن زیاترە و زمان و لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتن دەرفەتی زیاتر دەخوڵقێنن بۆ ئەوەی هەمووان بەبێ دوودڵی باس لە ماف و بارودۆخی خۆیان بکەن.

بە پێچەوانەوە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان و بە تایبەتی ئەگەر حکوومەت لەسەر ڕێگای دواکەوتوویی بێت، دەرفەت بۆ گۆڕانکاری و باسکردن لە مافەکان لەم کۆمەڵگەیەدا نامێنێت.

بۆیە بۆ هەر مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ کە کار بۆ مافە نەتەوەییەکان و ڕزگارکردنی خاک و نەهێشتنی ئاسمیلەکردن دەکات، زۆر گرینگە کە هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ ڕزگاری، هەوڵ بۆ پەرەپێدانی کولتووری کۆمەڵگەش بدات. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە ئەگەر کۆمەڵگە ئازاد و ڕزگار بکات، بەڵام لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێڕن و پێشکەوتنخواز شکست بێنێت، ئەو شۆڕشە و ئەو کارەی کە کراوە، ئەو ڕزگاری و ئەو ئازادییەی کە بەدەست هاتووە، لەلای خەڵک و کۆمەڵگەوە نرخ و بەهای خۆی لەدەست دەدات.

هەرچەندە ڕزگاری و ئازادی و بەدەستهێنانی مافەکان گرینگە، بێگومان دەبێ ئەوەندەش دروستکردنی هەست و هۆشیاریی نەتەوەیی و فەرهەنگ و پێشکەوتنی شارستانییەت بۆ شۆڕشگێڕ گرینگ بێت.

لە مێژووی دوورودرێژی دۆزی گەلی کورددا، چەندین نموونەی ئەرێنی و نەرێنی هەن کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر خەبات یان دەسەڵاتی بەدەستهێنراو هەبووە.

لەنێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا، هیچ ڕێبەر و سەرکردەیەک لە سەردەمی شۆڕشدا لەو پرسە گرینگە خافڵ نەبوون و هاوکات لەگەڵ خەبات، لە ڕاستای گلۆبالیزم و مۆدێڕنیتە و گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا کاریان کردووە و هەوڵی گەشەسەندنی کولتووری گەلەکەیان داوە. بۆ نموونە، ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، سمکۆی شکاک، تەنیا پشتی بە خەبات و شەڕ نەبەستووە و بۆ گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەشی کاری کردووە.

لە مێژووی خەباتی گەلی کورددا، شۆڕشگێڕان و ڕێبەرانی شۆڕش، وێڕای بایەخدان بە خەبات و شەڕکردن، پێیان وابوو کە هەموو شتێک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و دەوڵەمەندیی فەرهەنگ و ئەدەب و شارستانییەت دەبێ بۆ قۆناغی دوای ڕزگاری بمێننەوە. بێگومان ئەم جۆرە تێڕوانینە دەتوانێت بە باری نەرێنسیدا بشکێتەوە، چونکە دوای قۆناغی ڕزگاری پێویستە مرۆڤی شۆڕشگێڕ هەموو تواناکانی خۆی بۆ پرسی هۆشیاریی نەتەوەیی و گەشەپێدانی کولتووری تەرخان بکات. بەڵام کاتێک لە سەردەمی شۆڕشدا کار لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەکەیت، ئەمە دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت و وەک ئامادەکاری بۆ قۆناغی دوای ڕزگاری وا بێت.

سمکۆی شکاک ڕێبەرێکی زانا و پێشکەوتنخواز بوو کە لە گەرمەی شۆڕشی ڕادیکاڵی خۆیدا کە بۆ ڕزگاری خەباتی دەکرد، بۆ بنیاتنانی بناغەی پەروەردەی مۆدێڕنیش لە کۆمەڵگەدا کاری دەکرد. دەتوانین ئاماژە بە بەشێک لە کار و هەوڵەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنەی کورد بکەین کە دواتر بوو بە وانە بۆ شۆڕشەکانی کورد.

- سمکۆ لە ساڵی ١٩١٢دا بە هاوکاری و ڕاوێژی عەبدولڕەزاق بەدرخان بۆ یەکەمین جار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری کەلاخوێدا قوتابخانەی زمانی کوردیی دامەزراند. ئه‌مه له کاتێکدا بوو که ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌که نه‌‌یانتوانی یان به گرینگیان نه‌دەزانی قوتابخانه دامەزرێنن.

- سمکۆ لە گەرمەی شۆڕشەکەیدا، ڕۆژنامەی بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو دەکردەوە و تێیدا بابەت و زانیاری لەبارەی ماف و ئازادی و هۆشیاریی نەتەوەیی بڵاو دەکرایەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە ڕۆژنامە نەبوو یان خوێنەوار نەبوو.

- سمکۆ لە بارەگا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، هێڵی تەلەفۆنی دانا و دەیتوانی پەیوەندی بە هەر شوێنێکەوە بگرێت. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا هەر تەلەفۆن نەبوو.

- لە ماڵی سمکۆدا "پیانۆ" هەبوو کە نیشانەی هەستی خۆشی و شادی و ئارامیی ئەو بوو کە ئەگەر دەرفەتی هەبووایەت و بیتوانایەت بگاتە قۆناغی ئازادی، بناغەی کولتوورێکی لەو شێوەیەی لەنێو گەلەکەیدا بنیات دەنا.

ئەم نموونانە و چەندین نموونەی دیکە کە ڕەنگە هەبن، نیشانەی هەوڵی سمکۆیە بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگە لە بواری کولتوورییەوە.

بۆیە بناغەی هەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، دەوڵەمەندیی فەرهەنگ و ئەدەب و مۆدێڕنیتەبوونی ئەو کۆمەڵگەیەیە.

KURDŞOP
651 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!