كاروانسەرای شاری كۆیە مێژوویەكی ١٦٠ ساڵە


 

- سیپان سۆفیزادە

كاروانسەرای كۆیە یان "خانی کۆیە"، یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی ناوچەی کۆیە کە تا ئێستا پاشماوەکەی ماوە و لە سەردەمی خۆیدا وەک کاروانسەرایەک بەمەبەستی مانەوەی بازرگانان و هەڵگرتنی کەرەستە و کاڵاکانیان تیایدا دروست کراوە.

شاری کۆیە کە دەکەوێتە چەقی نێوان هەرسێ پارێزگای هەولێر، کەرکووک و سلێمانی و خاڵی بەیەکگەیشتنی هەرسێ شارەکەیە، یەکێکە لە شارە دێرین و خاوەن شارستانییەتەکانی هەرێمی کوردستان.

بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە لە کۆندا، سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی بووە و ناوەندی بەیەکگەیشتنی بازرگانانی ناوچەكە و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە.

مێژووی كاروانسەرای كۆیە

كاروانسەرای كۆیە کە بە "خانی مەحموود ئاغا"ش ناسراوە، لەساڵی "١٨٦٢"  لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکاندا، لەلایەن مەحموود ئاغای غەفووری، کە گەورەی یەکێک لە بنەماڵە ناودارەکانی کۆیە بووە، دروست کراوە.

هۆکاری لە دروستکردنی ئەم کاروانسەرایە ئەوە بووە کە کۆیە لە سەدەکانی هەژدەهەم، نۆزدەهەم و تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش یەکێک لە سەنتەرە بازرگانییەکانی ناوچەکە و خاڵی بەیەک گەیاندنی قەڵادزێ، سەردەشت، کەرکووک، سلێمانی و هەولێر بووە.

کاروانەکان، کەلوپەلی بازرگانییان لەم شارانەە هێناوە و لەسەر ڕێگای گواستنەوەیان بۆ شارەکانی دیکە لەم کاروانسەرایە ماونەتەوە و جیا لە حەسانەوە و فرۆشتنی بەشێک لە کەلوپەلەکانیان، باقیی کەلوپەلەکانیشیان گواستووەتەوە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراق.

شێوازی درووستكردنی كاروانسەرای كۆیە

کاروانسەراكە لە ٢ نهۆم پێکهاتووە و ٦٠ ژووری تێدایە. شێوەی نیمچە چوارگۆشەیی هەیە. ڕووبەرەکەی ١١٢٢ مەتر چوارگۆشەیە. ژوورەکانی بەسەر هەرچوار لای بیناکەدا دابەش بوون. ژوورەکانی بەشی سەرەوەی بیناکە وەک شوێنی مانەوەی کاروانچییەکان و نووسینگەی بازرگانەکان بەکارهاتوون. هەموو ئەم ژوورانە، ئاگردان و پەنجەرەی ڕێکیان تێدایە و بەشێوەیەکی خاوێنتر درووست کراون. زۆرینەی بەشی خوارەوەی بیناکەش وەک کۆگا بۆ هەڵگرتنی کەلوپەلی بازرگانەکان و بەشێکیشی وەک تەویلەی ئاژەڵەکان بەکارهاتووە. لە هەندێ ژوورەکاندا ئێستاش پاشماوەکان ماونەتەوە.

لە زۆرینەی شارەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە بۆ نموونە لە کفری، سلێمانی و هەولێر خان هەبووە. لە کۆیە خانی دیکەش هەبوون بەڵام بەداخەوە هەموویان تێکدراون و تەنیا ئەم خانە وەک نموونەی خانەکای ئەم ناوچەیە ماوەتەوە.

گرینگیی كاروانسەرای كۆیە لە سەردەمی خۆیدا

كاروانسەرای كۆیە یارمەتیی شاری کۆیەی داوە لە سەردەمی کۆندا ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی. هەڵکەوتە جوگرافییە ستراتیجییەکەی، کە خاڵی بەیەکگەیشتنی هەولێر، سلێمانی و کەرکووکە و کەوتووەتە چەقی بەیەکگەیاندنی ئەو سێ پارێزگایەوە زیاتر یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی ئەم شارە رۆڵی سەنتەرێکی بازرگانیی گرینگ بگێڕێ.

خاڵێکی دیکەی گرنگی کۆیە، هەبوونی زێی بچووکە کە بەشی زۆری کەلوپەلە بازرگانییەکانی ناوچەکە لەوێ کۆکراونەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ پردێ و لەوێشەوە براون بۆ کەرکووک و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

 لەو سەردەمەدا لە شارەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، پێستە، دانەوێڵە و تووتن نێردراوە بۆ شارەکانی عێراق و لەوێشەوە کوتاڵ، جلوبەرگ، خورما و خوێ و هەندێک پێداویستیی دیکە هاوردەکراون بۆ ئەم ناوچەیە، واتا ئەم كاروانسەرایە وای كردووە پەیوەندییە بازرگانییەكان ئاسانترو پتەوتر بن.

نۆژەنكردنەوەی كاروانسەرای كۆیە

کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو، بەشێکی كاروانسەراكە لەلایەن خاوەنەکانییەوە نۆژەن کراوەتەوە و ساڵی ٢٠٠٥یش بەشێکی کەمی ئەو بەشانەی کە مەترسیی ڕووخانیان لەسەربووە نۆژەن کراونەتەوە. بەڵام نۆژەنکردنەوەکە بە گوێرەی پێویست نەبوو فەرمانگەی شوێنەوار ئەوکاتە پڕۆژەکەی ڕاگرت، بۆیە بەداخەوە گرینگییەكی ئەوتۆی پێ نەدراوە و بەشێكی كاروانسەراكە لەناوچووە.

كاروانسەرای كۆیە لە ڕووی گەشتیارییەوە

رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی کۆیە دەکەن، ئەو شوێنانەش کە دەیانەوێت بیبینن كاروانسەرای "كۆیە یان خانی کۆیە، قشڵەی کۆیە و هەندێک بینای دیکەی مێژووی و کەلتووری، وەک قەیسەری و مزگەوتی گەورەیە. بەشێوەیەکی بەردەوام گەشتیاری بیانی دێنە کۆیە. هەروەها گەشتیارانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش زۆر دێن. بەتایبەت ئەوانەی لەگەڵ گرووپە گەشتیارییەکان دێنە کۆیە، سەردانی كاروانسەراكە دەكەن و مەبەستیانە لە نزیكەوە لە مێژووەكەی بڕوانن و ئاسەوارەكان ببینن.

KURDŞOP
827 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!