کوردستانی کۆن (سوئییەکان، لۆلۆبییەکان و گۆتییەکان)

ڕۆژ قادری

 

دەرکەوتنی مرۆڤ لەسەر زەوی لەپڕ و بە ڕێکەوت نەبووە. واتە بەو شێوەیە نەبووە کە مرۆڤ لە سەرەتادا سەرجەم تواناکانی هەبووبێت، بەڵکوو مرۆڤ لە سەرەتای دەرکەوتنیدا بە سادەیی ژیاوە. پاشان نێر و مێ یەکتریان ناسیوە، بەدوایدا خێزانیان پێکەوەناوە و کۆمەڵگە دەرکەوتووە. دواتر ڕێکخراوی خێڵەکییان وەک یەکەمین بنەماکانی دەرکەوتنی کۆمەڵگە دامەزراندووە. دواتر لە ئەنجامی هاوسەرگیری، پەیوەندیی خزمایەتی و خوێن، کۆمەڵ کۆمەڵ مرۆڤەکان لە دەوری یەکتر کۆ بوونەوە کە دواجار کار و بەرگری و بەرژەوەندیی هاوبەش، زیاتر پێکەوە گرێیانی داوە.

ڕەوڕەوەی ئەو گۆڕانکارییانە و دروستبوونی کۆمەڵگە و فراوانبوونی بیری مرۆڤەکان، پێشڕەوییان لە ژیاندا کرد. ئەم پێشکەوتنە دواجار لە دامەزراندنی دەسەڵاتی ناوچەیی و پاشایەتیدا خۆیان بینییەوە.

کوردستانیش وەک خاکی لەمێژینەی کورد، لەو ڕووداو و گۆڕانکارییانە بێبەری نەبووە، بۆیە بە مەبەستی ناساندنی دانیشتووانی کوردستانی کۆن، گرینگترین کۆمەڵە کۆنەکانی ئەو خاکە دەخەینەڕوو:

 

١- سوئییەکان

یەکەمین ئاماژە بۆ ئەم کۆمەڵەیە لە نووسینەکانی پادشای سۆمەریدا (سۆشین/ ٢٠٣٦ - ٢٠٢٨ پ.ز) هاتووە بە ناوی "سوبار" که "سو" بە ناوچەکانی باشووری خۆراوای دەریاچەی وان گوتراوە. "بار"یش لە زمانی سۆمەری بە مانای "دەرەوە" هاتووە. مەبەستیش لە مانای "سوبار" ئەو کۆمەڵە بوون کە لە ناوچە بەرزەکانی دەوری سنووری "سۆنەرییەکان" ژیاون.

 

٢- لۆلۆبییەکان

دەرکەوتنی لۆلۆبییەکان لە کوردستاندا و نیشتەجێبوونیان، بۆ هەزارەی سێیەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەمان کە لە دەشتاییەکانی شارەزوور و زەهاو نیشتەجێ بوون، لای ئاشوورییەکان بە وڵاتی "زاموا" ناسراوە. هەروەها توانییان لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین میرنشینی "خەمازی" دابمەزرێنن و پەیوەندییەکی باش لەگەڵ میرنشینی "ئێبیلا"ی باشووری حەلەب دروست بکەن. سەبارەت بە ژیانی ئابووریی لۆلۆبییەکانیش ئەوەندەی کە زانراوە ئەوەیە کە کشتوکاڵیان زانیوە و ئاژەڵداری و بازرگانیی کۆیلە و شتومەکی نێوماڵیان کردووە. تەنانەت لەو سەردەمەدا ناوچەکانیان لە باشترین بازاڕەکانی دانەوێڵە بوون.

لەلایەکی ترەوە لۆلۆبییەکان بەو زمانە قسەیان کردووە کە "ئەکەدییەکان" قسەیان پێ کردووە و داب و نەریت و ئایینی ئەکەدییەکانیان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکار هێناوە. دیارە ئەوەش سەرباری زمانی خۆیان و پەرستنی خودای خۆر، کە گەورەترین پەرستراوی ئەوان بووە. بۆ نموونە "ئانوبانینی" کە پادشایەکی ئەوان بووە لە زمانی ئەکەدیدا بە خودای ئاسمان هاتووە، ناوی خودای خۆری ئەوان بووە.

 

٣- گۆتییەکان

تۆمارە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە خەڵکانی باکوور و باکووری خۆراوای لۆلۆبییەکان گوتراوە گۆتییەکان. ئەوانیش ئەو کۆمەڵە بوون لە هەزارەکانی سێیەم و دووەمی پێش زاییندا کە "ئاراپخا"یان کرد بە بنکەی دەسەڵاتیان. یەکەمین پادشای ئەوانیش وەک لە تۆماری سۆمرییەکاندا هاتووە، ناوی "ئیردویزیر" و هاوچەرخی پادشای ئەکەدی (نرام سین) بووە. دواپادشایان "ئیلۆ لۆمیش" بوو کە لە شاڵاوێکی سەربازیدا شاری ئەکەدی پایتەختی ئیمپراتۆریی ئەکەدیان داگیر کرد و ئەو دەسەڵاتەیان ڕووخاند.

گۆتییەکان لە مێژوودا بە خەڵکانێکی شەڕکەر و ئازا ناسراون. نووسینی "بزماری" و زمانی ئەکەدیان لە پاڵ نووسین و زمانی خۆیاندا بەکار هێناوە و خۆریان دەپەرست کە لای ئەوان بە "ئاراپخا" ناسرابوو. سەبارەت بە زاراوەی "گوتی یان کوتی"ش بڕوا وایە لە زاراوەی "کردا"وە هاتبێت کە لە وشەی "کور"ی سۆمەری وەرگیرابێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەکەدییەکان پیتی "د"یان بۆ پیتی "ت" گۆڕیوە، بۆیە وشەکە لە "کور"ەوە بووەتە "کوت" و دواتر زاراوەی "کوتی" وەک دانیشتووانی ناوچەی "کوت" بەکار هاتووە.

گۆتییەکان گەورەترین زلهێزی ئەو سەردەمە بوون کە ترسێکی گەورەیان بۆ هەریەکە لە سۆمەری و ئەکەدی و ئاشوورییەکان دروست کرد. تەنانەت ئیمپراتۆریی ئەکەدی لەسەر دەستی ئەم کۆمەڵە ڕووخا. سەرکردەی ئەم کۆمەڵەش لە ئەنجامی هەڵبژاردن و لەلایەن "ئەنجومەنی پیران"ەوە دیاری دەکرا. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بە بوونی سیستەمێکی دێمۆکراتی لەو سەردەمە و لە کوردستانی کۆندا. هەروەها بەپێچەوانەی پادشایانی مێژووی کۆن کە تا مردن فەرمانڕەوایەتیی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان دەکرد، لە بەرامبەردا پادشای گۆتی بەپێی بڕیاری ئەنجومەن بۆ ماوەی حەوت ساڵ فەرمانڕەوایەتیی دەکرد.

لەلایەکی دیکەوە بەر لە مردن یان کوژرانی لە شەڕێکدا، یان بەهۆی هەڵەیەکەوە، لەلایەن ئەنجومەنەوە لا دەبرا و یەکێکی تر لە پاکترین، شیاوترین، بەتواناترین و ئازاترین خەڵکانی گۆتی بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێرا. واتە سیستەمی دەسەڵاتەکەیان پشتاوپشت و هەتا مردن نەبوو.

هەروەها سەرجەم خەڵکانی گۆتیش ملکەچی یەک یاسا و بنەماکانی دەوڵەت بوون. پیاوانی ئایینیش لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا یارمەتیدەری ئەنجومەن و پادشاکەیان بوون. لە بواری هونەریشدا لە ئاستێکی بەرزدا بوون. گۆتییەکان لەلای سۆمەری و ئەکەدییەکان بە ڕەگەزێکی سپی و باڵابەرز و چوارشانە ناسرابوون. هەر بۆیە توانای جەستەییان بەرز بووە و توانییان لەهەمبەر زلهێزەکانی ئەو سەردەمە بووەستنەوە. ئەمە و کوتییەکان لەسەر دەستی پادشای شاری "وەرکای سۆمەری" بە ناوی "ئۆتۆحیکال" لە میزۆپۆتامیا دەر کران و کۆتایی بە دەسەڵاتیان هات.

ئەم بابەتە درێژەی هەیە...

سەرچاوەکان:

- میدیا، دیشنەر، د. گۆینتەر، وەرگێڕانی بورهان قانع، بەغداد، ١٩٧٨

- چەردەیەک لە مێژووی کورد، پڕۆفیسۆر د. کەیوان ئازاد ئەنوەر، چاپی یازدەهەم، سلێمانی، ٢٠٢١

KURDŞOP
925 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!