مەلا مستەفا بارزانی و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی لە تاراوگەدا

 

دیاکۆ شاسواری

 

زۆرن ئەو کەسایەتی و نووسەر و سیاسییە ناودارانەی دوای ئەوەی لە نیشتمان دادەبڕێن، بە هۆی کەوتنە دۆخی تازەوە و زاڵ بوونی فەزای تاراوگە دەکەونە بارێکی تازەی ژیانەوە و بەرەبەرە کەسایەتیشیان ئەو کەسایەتییەی پێشوو نامێنێ. کەمیشن ئەوانەی تا دەمێنن لە سەر ڕێباز و ویست و ئامانجی خۆیان سوورن و سەرەڕای هەموو چەرمەسەرییەکان لەسەر وادەی پێشوویان دەمێننەوە.

یەکێک لەو کەسایەتییانەی بە پێی گێڕانەوەی یار و نەیاری لە تاراوگەش وازی وازی لەسەری نەدا و نەگۆڕا، ڕێبەری سیاسیی کورد، مەلا مستەفا بارزانی بووە. یەکێک لەو گێڕانەوانە، گێڕانەوەی قادر مەحموودزادە ناسراو بە دکتۆر ئاسۆیە کە لە دووتوێی کتێبێکی ٨٠٠ لاپەڕەییدا بە دەیان جار باسی مەلا مستەفا لە تاراوگە دێنێتە گۆڕێ. ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە دکتۆر ئاسۆ بۆخۆی لەو کەسانەیە هیچ سوبات و سەقامگیرییەک لە بیری سیاسی و کەسایەتییدا نییە، بەڵام لەسەر ئەوە سوورە کە مەلا مستەفا لە تاراوگەی وڵاتی شۆڕاکان؛ واتە یەکیەتیی سۆڤیەت، وێڕای گەلە ئاوارەکەی ژیا و پێ بە پێی ئەوان ڕۆیشت و هەر لەگەڵ ئەوانیش ڕووی لە نیشتمان کردەوە.

بۆ هەر دوو باسی سەرێ، بەڵگە لە کتێبەکەی دکتۆر ئاسۆ دێنمەوە. نووسەر باسی ئەوە دەکا کە ژیانی مەلا مستەفا بارزانی لە سۆڤیەت بە دوو خول دابەش دەکرێ. بەشێکی دوابەدوای ئەوەیە دەچێتە یەکیەتیی سۆڤیەت و وێڕای هاوڕێیانی دوور دەخرێتەوە بۆ ناوچە دوورەدەستەکانی سۆڤیەت و وەک کەسێکی ئاسایی دەکەوێتە دژوارترین دۆخی ژیانەوە. ئەوان وەک هەموو بیانییەکان بۆ بژیوی ژیانیان شان دەدەنە بەر کاری سەخت و تا سەردەمی مەرگی ستالین لەو دۆخەدا دەبن. پاش مەرگی ستالین کە تاڕادەیەک فەزای سیاسی کراوەتر دەبێ، مەلا مستەفا دەست دەکاتەوە بە چالاکیی سیاسی و سازماندانی هەموو ئەو کوردانەی لە یەکیەتیی سۆڤیەت پەنابەر و لێقەوماو بوون. ئەو کارەی مەلا مستەفا لەو سەرەوە گرینگە، کە ئەو بێ گوێدانە ئەوەی ئەو کوردانە خەڵکی کام پارچەی کوردستانن کارەکانیان بۆ ڕادەپەڕێنێ و لە نفووزی خۆی وەک ڕێبەرێکی سیاسیی دژە دیکتاتۆڕی کەڵک وەردەگرێ. بۆ نموونە دکتۆ ئاسۆ ئاماژە بەو خوێندکارە کوردانە دەکا کە مەلا مستەفا کاروباری بۆ ڕێکخستوون. یەک لەوان کە لە لاپەڕەی ٢٦٠ی کتێبەکەیدا باسی دەکا دکتۆر مستەفا ناوێکە کە وێڕای خێزانەکەی، مەلا مستەفا باڵی وەسەر کێشاون و کاری بۆ دیتوونەتەوە و ژیانی خستوونەتە سەر باری ئاسایی. هەر لە ڕێگای ئەو دکتۆرەوە قادر مەحموودزادە لەگەڵ مەلا مستەفا ئاشنا دەبێ. لەیەکەم چاوپێکەوتندا ئەوەی باسی دەکا جێگای سەرنجە کە چۆن وەک کوردێکی ڕۆژهەڵات ڕێزی لێ دەگرێ و باسی هاوپەیمانەتیی خۆی و قازی محەممەدی بۆ دەگێڕێتەوە. باسی چارەنووسی هاوبەشی کوردی هەموو پارچەکانی بۆ دەکا. ئەوە باسی سەردەمێکە کە هێشتا قادر مەحموودزادە هیچ خوێندەوارییەکی نییە و لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی "عەزیز فەرهادی" لە دوورخرانەوەی ڕووسەکان نەجاتیان بووە. بەڵام عەزیز بە هۆی ئەوەی لە زانکۆ گوشاری لەسەر دەبێ خۆی دەکوژێ. نووسەر دەڵێ مەلا مستەفا کوتی حەیفە جەوانی کورد خۆی بکوژێ. ئێوە دەبێ بخوێنن. ببنە پسپۆڕ و ئەوەش زیاد دەکا کە بەشێک لەو نالەبارییانەی بۆ ئێوە هاتووەتە پێش کاری ڕەحیمی قازییە.

مەلا مستەفا بارزانی و دوو کوردی ئاوارە لە سۆڤیەت

 

لە جێگایەکی دیکە ولاپەڕەی ٢٧٠دا باسی دکتۆر "مستەفا شەڵماشی" دەکا کە بە یارمەتیی مەلا مستەفا وێڕای ژنەکەی بۆ تەواو کردنی پلەی فەوقی دوکتۆڕا نێردراونەتە مۆسکۆ و ماڵیان بۆ گیراوە و کارهاسانییان بۆ کراوە.

لە لاپەڕەی ٣١٩دا باسی ئەوە دەکا کە بۆخۆی لە تاقیکردنەوەی کۆنکووری زانکۆ ڕەت بووەتەوە. مەلا مستەفا دەیبینێ و دڵخۆشیی دەداتەوە و دەڵێ: خودا کەریمە. ئەگەر دەرگایەک دابخرێ سەد دەرگا دەکەوێتە سەرپشت و دیسان خەریکی دەرس بەوە و دەست هەڵمەگرە.

دکتۆر ئاسۆ بەڵێن بە مەلا مستەفا دەدا بخوێنێ و کات بە فیڕۆ نەدا. بەڵام هاوکات شانۆنامەیەک دەنووسێ و بۆ مامۆستایەکی شانۆکاری دەبا و لەگەڕانەوەدا لەگەڵ سکرتێری ئەو مامۆستایە، قۆڵ لە قۆڵی یەک دێنەدەر و لە شەقام دەخولێنەوە. لەو کاتەدا لە مۆسکۆی گەورە شاردا، دەڵێ جیبێک ڕایگرت و گوتی قادر وەرە. ئەگەر دەچێ تەماشا دەکا مەلا مستەفایە، پێی دەڵێ بڕیاڕ بوو دەرس بخوێنێ یان خەریکی هەرزەکاری بی. ئەوەش ئەو ڕاستییە دەگەیەنێ کە ڕێبەرێکی سیاسی چۆن خۆی بە بەرپرس زانیوە لەبەرانبەرهەموو ئەو کوردانەی ناسیونی.

لە لاپەڕەی ٣٢٣دا باسی پەیوەندیی مەلا مستەفا و دکتۆر "عەلی گەلاوێژ" دەکا. دکتۆر گەلاوێژ وەک مەئمووری دەوڵەتی ئازەربایجان ماوەی دوو مانگ پەیوەندیی لەگەڵ مەلا مستەفا بووە و نەیگوتووە کوردم. بە هەڵکەوت لە کۆبوونەوەیەک ئەوە دەزانێ و لە عەلی گەلاوێژ دڵگران دەبێ کە بۆچی شوناسی خۆی شاردووەتەوە و وەک کوردێک پەیوەندیی لەگەڵی نەبووە.

مەلا مستەفا بارزانی و خڕۆشۆف

 

قادری مەحموودزادە سەرنجام لە لقی پزیشکیی زانکۆی باکۆ وەردەگیرێ. دیسان سەردانی مەلا مستەفا بارزانی دەکاتەوە. مەلا مستەفا بە دانپێدانانی خودی دکتۆر ئاسۆ کارێک دەکا لە نەخۆشخانەیەکی باشی باکۆ کاری پێ بدەن. هەروەها لە سەر داوای دکتۆر ئاسۆ، مەلا مستەفا کارێک دەکا بۆ خوێندنی خولی پسپۆڕی بینێرنە فەڕانسە. لە سەر داوای نووسەر داوا دەکا یارمەتیی ژن و منداڵەکەی بدرێ لە مهابادە بیانبەن بۆ بەغدا و لەوێوە بیاننێرنە مۆسکۆ و دوای ٩ ساڵ بە دیداری ژن و منداڵەکەی شاد بێ.

لە چەند جێگاش دەگێڕێتەوە کە مامۆستا و پڕۆفیسۆرەکانی ڕووس ڕێزێکی زۆریان بۆ مەلا مستەفا داناوە و یەکیان کە پرۆفسۆرێکی بواری نەشتەرگەرییە پێی دەڵێ: من شانازی ئەوەم هەبووە مەلا مستەفا لە نزیکەوە ببینم. ئەو کە ئەندامێکی سادەی حیزبەکەی، کە لەگەڵی ئاوارە ببوون نەخۆش دەکەوت، بۆخۆی لەگەڵی دەهاتە نەخۆشخانە و لە لای دەماوە و تا چاک دەبۆوە بەجێی نەدەهێشت، ڕێبەر دەبێ ئاوا بێ.

ئەوانە و زۆر بابەتی دیکە کە لەو نووسراوەیەدا ناگونجێ و لە بیرەوەرییەکانی دکتۆر ئاسۆدا هاتوون، ئەوە نیشان دەدەن کە مەلا مستەفا بارزانی، وەک ڕێبەرێکی سیاسیی بەرپرس، هەمیشە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردی بۆ گرینگ بووە و بە دەرد و مەرگیانەوە بووە. بەڵام بەداخەوە خودی دکتۆر ئاسۆ پاش ئەو هەموو یارمەتییەی لەلایەن مەلا مستەفاوە پێی دەکرێ، دواتر کە دەبێتە پزیشکی نەشتەرگەری، ئامادە نابێ بچێتە ڕیزەکانی شۆڕشەوە و دەچێتە بەغدا و لەوێ خەریکی نەشتەرگەری بۆ سەدام دەبێ.

 

 

 

KURDŞOP
651 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!