ژنێکی شۆڕشگێڕ

 

شنۆ ڕەسووڵی

 

فاتێ ڕەش، نازناوی "ئایشە خانم" کچی "حاجی عوسمان بەگ" خەڵکی 'ئاندیرین'' سەر بە پارێزگای قارەمان مەرعەش و سەرۆکی یەکێک لە گەورە عەشیرەکانی باکووری کوردستانە کە پاش گیران و زیندانیکرانی هاوسەر و سەرۆک عەشیرەکەی لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، بووەتە سەرۆک عەشیرە و بۆ دەربڕینی ئەمەگداری بەرانبەر سوڵتانی عوسمانی و بە هیوای ئازادکردنی هاوسەرەکەی؛ لەگەڵ نزیکەی ٣٠٠ کوردی شەڕڤان بەشداریی شەڕی کریمەی کردووە و ئازایەتییەکی بێوێنەی لەم شەڕدا نواندوە.

 سەرەڕای ئەوەی لە بەشێک لە کتێب و گۆڤارەکاندا بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی لە ''پال مال گەزت'' بڵاو بووەتەوە بە کورتی باس لە ''فاتێ ڕەش'' کراوە، بەڵام بە تەواوی بیۆگرافی و بەسەرهاتی ئەم خاتوونە دلێرە ڕوون نەکراوەتەوە. تورکەکان و تورکەمەنەکان حاشا لە کوردبوونی فاتێ ڕەش دەکەن و لە نێو کوردیشدا بە هۆی نەبوونی دەوڵەت و کیانی کورد لە لایەکەوە و نەبوونی فەرهەنگی نووسینەوەی بیۆگرافیی کەسایەتییە مێژووییەکان لە لایەکی دیکەوە، لێکۆڵینەوەیەکی جیددی لەم پەیوەندییەدا نەکراوە.

بەشداریی ئەم ژنە شەڕڤانە لە شەڕی کریمە لە پێناوی ئازادکردنی هاوسەرەکەیدا، پیشاندەری کارەساتی مێژووییی گەلێکە، کە بێ ویست و ڕەزامەندیی خۆی کراوە بە بەشدار و قوربانیی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیی دەوڵەتە داگیرکەرەکان.

دابەشکرانی نیشتمانی کوردان لە نێوان ئێران و عوسمانی ، هەروەها دوژمنایەتیی بەردەوام و شەڕەکانی ئەم دوو ئیمپراتۆرییە لە گەڵ یەکتر هەتا دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی، هۆی نەهامەتی و کارەساتی بێبڕانەوە بۆ گەڵی کورد، خاپوور و وێران بوونی خاکی کوردستان و کوژرانی بە هەزاران کەس لە خەڵکی بێتاوان بووە.

ئەم دەوڵەتانە هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد، هەوڵیان داوە لە هێزی چەکداری کورد دژ بەیەکتر یان دەوڵەتە دراوسێیەکان کەڵک وەربگرن. لە شەڕەکانی ئێران و عوسمانی لەگەڵ ڕووسیەی تێزاری، ڕووسەکان کەڵکیان لە هەستی نەتەوایەتیی کورد دژ بە عوسمانی و ئێران وەرگرتووە و ئێرانی و تورکە عوسمانییەکانیش بە ورووژاندنی هەستی ئایینیی کوردەکان دژ بە ڕووسییە "مەسیحی و کافرەکان" ویستوویانە سەرۆک عەشیرە و ئەمیرەکانی کورد بۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسەکان هان بدەن.

کوردەکان بۆ هەوەڵ کەڕەت لە کاتی شەڕی ئێران و ڕووس ڕووبەڕووی ڕووسەکان بوونەتەوە. لە ئاکامی ئەم شەڕەدا قەرەباغ، شوێنی ژیانی کوردان کەوتووەتە ژێر دەستەڵات و کۆنترۆڵی ئێمپراتۆریی ڕووسیە. لە شەڕی ڕووسیەی تێزاری لەگەڵ فەڕانسە، بریتانیا، پاشایەتیی ساردنی و عوسمانی کە لە مێژوودا وەکوو "شەڕی کریمە" پێناسە کراوە، لایەنەکانی شەڕ هەوڵێکی زۆریان داوە عەشیرەکانی کورد بەرەو خۆیان ڕابکێشن.

 لەم شەڕەدا تورکەکان سەرەڕای بەشداریی بەشێک لە کوردەکان، نەیانتوانیبوو پشتیوانیی هیچکام لە ڕێبەرە ناسراوەکانی کورد وەدەست بێنن. لەم بەینەدا بەشێک لە عەشیرەکانی نزیک بە سنووری ڕووسیە وەکوو زیلان، حەیدەران و هتد، پشتیوانییان لە تورکەکان کردبوو و ڕووسەکانیش توانیبوویان دوو لەشکر لە کوردەکانی باشووری قەفقاز بۆ شەڕ پێک بێنن. بەپێی لاواز بوون و پاشەکشەی تورکەکان لە شەڕ، عەشیرە ناوبراوەکان پەیتا پەیتا لە پشتیوانیکردنی خۆیان لە تورکەکان پاشگەز بوونەوە و پەیوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵ ڕووسەکان پێکهێنابوو. پاش سەرکەوتنی ڕووسەکان و شکستی تورکەکان لە ناوچەی بایەزید[ ژوئیەی ١٨٥٤ز]، کوردەکان ڕیزی سپای تورکیان لە تەواوی ئاستەکاندا بەجی هێشت. دابەزینی شوێن و پێگەی سیاسی-نیزامیی عوسمانی، ڕێخۆشکەری گەشە و پەرەسەندنی ڕاپەڕینی کوردەکانی باکوور بە سەرۆکایەتیی یەزدانشێر برازای بەدرخان بووە. لەماوەیەکی کورتدا ئەم ڕاپەرینە بەشێکی بەرچاوی لە خاکی کوردستانی لەخۆ گرتووەتەوە و شاری بتلیس، سیرت، مووسڵ و ناوچەکانی باشوری گۆمی وان و هتد کەوتونەتە ژێر دەستەڵات و کۆنترۆڵی هێزی ڕاپەرین. ئەم ڕاپەرینە پاش گیرانی یەزدانشێر لە کاتی وتووێژ لەگەڵ تورکەکاندا، بەرەو کوژانەوە چووە.

کورتە لێکدانەوەیەکی ئەم ڕووداوانە پێشاندەری ئەم ڕاستییەن، هەتا کورد دەوڵەت و کیانی خۆی نەبێ، خەڵکەکەی بە هۆی جۆراوجۆر قوربانیی شەڕ و ململانێی دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەبێ، نەتەوەی باڵادەستیش بۆ سەقامگیریی دەستەڵاتی خۆی هەوڵدەدات بە چەشنی جۆراوجۆر کورد و نەتەوەکانی دیکە بخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆی یان بێبەزەییانە سەرکوتیان بکا.

KURDŞOP
557 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!