دیاکۆ شاسواری
بیرەوەری نووسین لە دەیەی ڕابردوودا، لە کوردستان بووەتە نەریتێکی جێکەوتوو. ئێستا هەموو چین و توێژەکان، لە سیاسی و ڕۆشنبیر و ڕێبەر و تەنانەت پێشمەرگە کۆنەکان خەریکن بیرەوەرییەکانی خۆیان دەنووسنەوە. ئەو شەپۆلی بیرەوەری نووسینە هەندێک کاردانەوەوی بە دوادا هاتووە. یەکەم ئەو پرسیارە ساز بووە کە ئایا هەر بیرەوەرییەک پێویستە بنووسرێتەوە؟ دووەم ئەوەوی کە هەر کەسێک بیرەوەری بنووسێتەوە شیاوی کەڵک لێ وەرگرتنە. دیارە وڵامی هەر دوو پرسیاری پێشوو نەرێنییە. واتە نە هەر بیرەوەرییەک پێویستە بنووسرێتەوە و نە هەموو کەس بیرەوەرییەکانیان شیاوی خوێندنەوەیە. بیرەوەریی ئەو کەسانە شیاوی خوێندنەوەیە کە شتێکی تایبەت لە سەردەمی خۆی بەدەستەوە بدا. جا ئەو شت یان بابەتە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری ئابووری یان هەر بابەتێکی دیکەی گرێدراو بە ژیانی خەڵکەوە بێ. دەی دیارە دەبێ شتێکیش بگێڕدرێتەوە کە لەو بازنەیەدا شیاوی توێژینەوە و لیکۆڵینەوە بێ.
لە ناو ئەو بیرەوەرییانەی نووسراون، نزیک بیست ساڵە کتێبێک چاپ بووە و کەم کەس هەر ئاوڕی لێ داوەتەوە. ئەویش بیرەوەرییەکانی "قادری مەحموودزادە" ناسراو بە "دکتۆر ئاسۆ"یە. ئەو کتێبە لە یەکەم کتێبە بیرەوەرییەکانە کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بڵاو بووەوە، بەڵام دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبووە. دەتوانم بڵێم کەمتر خوێندراوەتەوە بۆیە سەرنجی گشتیی بۆ لای خۆی ڕانەکێشاوە. ئەو کتێبە کە لە ژێر ناوی "بیرەوەرییەکانی ژیانی پڕ لە ڕووداوی دکتۆر ئاسۆ"دا بڵاو کراوەتەوە، لە قەبارەی وەزیری و لە توێی ٦٢٨ لاپەڕەدا بڵاو بووەتەوە.
نووسەری ئەو بیرەوەرییانە خاڵی سەرەتای گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی زۆر زیرەکانە دەگێڕێتەوە بۆ حەوت ساڵ بەر لە ساڵی بەوەلەد بوونی خۆی. ئەوەش بۆ خوێنەر سەیرە، ئەوەیە کە چۆن نووسەرێک بیرەوەری دەگێڕێتەوە، بەڵام باسی حەوت ساڵ بەر لە هاتنە سەر دونیای خۆی دەکا و چ پێوست بووە کە ئەو کارە بکا. وڵامی ئەو پرسیارە نیشاندەری زیرەکیی نووسەری ئەو بیرەوەرییانەیە.
دکتۆر ئاسۆ بۆخۆی ساڵی ١٣٠٢ی هەتاوی، (1923ی زایینی) واتە سەدەیەک لەوەپێش لە مهاباد لە دایک بووە. سەر بە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا بووە و لە بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتوو و دارا هاتووەتە دونیا. بەڵام چون نووسەر دەیهەوێ جودا لە بیرەوەریی تاکەکەسیی خۆی، بەشێکی زۆر لە مێژووی زارەکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی مهابادیش بگێڕێتەوە، بۆیە خاڵی دەستپێکی کتێبەکەی بە ڕووداوێکی یەکجار کاریگەر لە شاری مهابادەوە دەست پێ دەکا. ئەو ڕووداوە دواتر هەم لە سەر ژیانی ئەو، هەم لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی مهاباد کاریگەریی زۆر دادەنێ و بۆیە پێویست بوو نووسەر لە پێشدا ئەو ڕووداوە گرینگە بگێڕێتەوە.
ئەو ڕووداوەی لە زمانی بابییەوە گێڕاوەتەوە کە ڕاستەوخۆ ئاگاداری هەموو ورد و درشتی ڕووداوەکانی بووە. ئەویش کوشتاری ساڵی ١٢٩٥ی هەتاوی (1916ی زایینی)ی هێزەکانی ڕووسیای تێزاری بووە لە شاری مهاباد کە بە کوشتاری "ساڵداتی ڕووس" ناسراوە. ئەو ڕووداوە لە کتێبی دیکەشدا ئاماژەی پێ کراوە، بەڵام جیاوازیی ئەو گێڕانەوەیەی دکتۆر ئاسۆ ئەوەیە ئەو ڕاستەوخۆ لە باوکی بیستووە کە خۆی لە ڕووداوەکاندا ئامادە بووە.
بە بڕاوی من بە هۆی گێڕانەوەی هەستەکی و ڕاستەوخۆی بگێڕەوەی ئەو ڕووداوە لە کتێبەکەی دکتۆر ئاسۆدا، خوێنەر زیاتر لەگەڵ ڕاستیی جینایەت و دڕندەییی ساڵداتی ڕووس ئاشنا دەبێ و زیاتریش داماوی و بێدەرەتانیی خەڵکی مهابادی بۆ دەردەکەوێ.
نووسەر دەڵێ: حەوت ساڵ بەر لە لەدایکبوونی من، لە مهاباد کوشتارێکی ترسێنەر لە لایەن قەزاقە ڕووسەکانەوە، لە ساڵانی سەردەمی شەڕی جیهانیی یەکەم ڕووی دا و زیاتر لە دە هەزار کەس لە کۆی چاردە هەزار کەسی دانیشتووانی مهاباد، لە ژن و منداڵ و گەورە و بچووک لە زستانی ساڵی ١٢٩٥دا (1916ی زایینی)، بە تێغی شمشێری زاڵمان و پیاوکوژانی خوێنخۆر و لە خودا بێخەبەری قەزاقی ڕووس کوژران. شاری بچووک و بێ بەرگریی مهاباد و دێهاتی دەوروبەری، لە خوێن گەوزان. جەنازەی کوژراوان لە کووچە و کۆڵانەکان کەوتبوون و دەبوونە خۆراکی داڵاش و گورگ و ڕێوی و کەس نەبوو بیان نێژێ. بۆگەنی جەنازەی کوژراوەکان هەموو وڵاتی داگرتبوو. نووسەر باسی ئەوەش دەکا کە ئاسەواری ئەو کوشتارە هەر لە مهاباد نەبوو، بەڵکوو هەموو دێهاتەکانی دەوروبەری مەهابادیشی گرتووەتەوە. بۆ وێنە باسی ئاواییی ئیندرقاش دەکا، کە بە دەستی ڕووسەکان بە تەواوی خاپوور و قەڵاچۆ کراوە و هەرچی نێرینەی لێی بووە کوژراوە.
لێرەوە گێڕانەوەی نووسەر لە بارێکەوە لەگەڵ گێڕانەوەکانی دیکە جیاوازیی هەیە. لە گێڕانەوەکانی دیکەدا باسی هۆکاری هێرش بۆ مهاباد ئاوا کراوە کە؛ گۆیا "قازی فەتاح" گەورە پیاوی مهاباد چون لایەنگری عوسمانییەکان و سوننە مەزهەب بووە، بۆیە ڕووسەکان ئەو هێرشەیان کردووە و ئەوەش تا ڕادەیەک خوێنەر بەو قەناعەتە دەگەیەنێ کە ڕەنگە کایەی سیاسیی هەڵەی قازی فەتاح، هۆکاری ئەو کوشتارە بووبێ. بەڵام دکتۆر ئاسۆ باسی ئەو ساتە دەکا کە قازی فەتاح لەگەڵ سەرۆکی ساڵداتی ڕووسەکان قسە دەکا. ئەوەش ئەو ڕاستییە دەردەخا کە قازی فەتاح بە باشی ئامانجی ڕووسەکانی زانیوە و ڕاستەوخۆ و بی پێچ و پەنا پێی کوتوون کە خەڵکی مەهاباد هیچ فڕیان بە سەر عوسمانییەوە نییە و زۆرینەی خەڵکی خەریکی ژیانی ئاساییی خۆیانن. ئەگەر چەند کەسێکیش بیر و بڕوایەکی وایان هەیە ئەوە چ پەیوەندیی بە خەڵکی مهابادەوە نییە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ڕووسەکان هێرش دەکەن.
گێڕانەوەی بەرگریی دلێرانەی قازی فەتاح و لایەنگرانی، ئەویش خاڵێکی سەرنجڕاکێشی ئەو بەشەیە کە نووسەر بە حەماسەتەوە دەیگێڕێتەوە و دواتر باسی ئەوەش دەکا کە پاش کوشتاری ڕووسەکان، عوسمانییەکانش هێرش دەکەنە مهاباد و ئەوەش ئەو قسەیەی پێشوو ڕەت دەکاتەوە کە گۆیا بە هۆی لایەنگریی عوسمانییەوە هێرشیان کردووەتە سەر مهاباد.
لە گێرانەوەی ئەو ڕووداوە تایبەتەدا ئەوە گرینگە کە نووسەر جودا لە گێڕانەوەی کوشتاری خەڵکی مهاباد، باسی ئاکامەکانی ئەو جینایەتە لە مهاباد دەکا. باسی ئەوەش دێنێتە گۆڕێ کە چۆن ژیانی خەڵکی تێک دەچێ و سەیر لەوەدایە کە دکتۆر ئاسۆ بۆخۆشی ژیانی لەو کوشتارەوە دەست پێ دەکا. بەو واتایە کە دایکی دکتۆر ئاسۆ کچێکی باب و برا کوژراوی لێقەومای ئاوایی ئیندرقاش بووە. باوکی دکتۆر ئاسۆ لە مهاباد بە فەقیری دەیبینێ و دەیباتەوە ماڵی. دوو ساڵ وەک قەرەواش لە ماڵی ئەوان کار دەکا و داوتر باوکی دکتۆر ئاسۆ مارەی دەکا و نووسەری ئەو کتێبە لە دایک دەبێ.