کۆمەڵکوژکردنی 61 گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

 

شەهاب خالیدی

 

 

ساڵی ١٩٧٩ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی  سیاسەتە دژەگەلییەکانیدا له زۆر  گوند و شار و ناوچەکانی کوردستان کۆمەڵکوژیی ئەنجام دا. جگە لەوەش هێزەکانیان بە دەیان هەزار کەسیان دەستبەسەر کرد و لە ژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەدا کوشتیان یان لە سێدارەیان دا و یانیش تیربارانیان کرد.

 

لەو ساڵانەدا کە ڕێژیم زۆر درندانە خەڵكی کۆمەڵکوژ دەکرد، لانیکەم ٥١ گوند وێران کران یانیش سووتێنران کە لەو ٥١ گوندە، گوندێک سەر بە شاری سنە، ٧ گوند سەر بە پیرانشار، ١٣ گوند سەر بە هاوشار و ٣٠ گوندیش سەر بە ورمێ بوون.

بەم شێوەیە بە پێی ئەو زانیارییانەی کە ئێستا لە بەر دەستماندان کۆمەڵکوژی لە ٦١ گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هات و لە ئاکامدا لانیکەم ٥١٨ کەس شەهید  کران.

 

 

ئەو گوند و ناوچە و شارانەی کە کۆماری ئیسلامی کۆمەڵکوژیی تێیدا ئەنجام داوە ئەمانەن:

 

سنە: لە ڕێکەوتی ١٨-٠٣-١٩٧٩(٢٧-١٢-١٣٥٧) تەنیا دوو ڕۆژ پێش نەورۆز و ٣٥ ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران هێزەکانی ڕێژیم لە ڕێگای وشکانی و ئاسمانییەوە هێرشیان کردە سەر شاری سنە کە لە ئەنجامدا سەدان هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست دا. (عەبدوڵڵا حەسەنزادە باسی ٤٥٠ کەسی کردووە غەنی بلووریانیش باسی ٢٣٠٠ کەسی کردووە).

 

سنە: لە ڕێکەوتی ١٩-٠٨-١٩٧٩(٢٨-٠٥-١٣٥٨) دوای فتوای جیهادی خومەینی هێزەکانی ڕێژیم چەندین جار لە ڕێگای وشکانی و ئاسمانییەوە هێرشیان کردە سەر شاری سنە کە لە ئەنجامدا ٦٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

گوندی قارنێ: سەر بە شاری نەغەدە لە ڕۆژی ٠٢-٠٩-١٩٧٩(١١ی خەرمانانی ١٣٥٨) لە شاری نەغەدە ٦٨ کەس لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کۆمەڵکوژ کران کە ناوی ٦٠ کەسیان لە بەر دەستە. کاتێک مەلای ئایینیی گوند بە ناوی مەلا مەحموود بێهتەرزادە قورئانێک لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و دەباتە لای پاسدارەکان و بە کتێبی پیرۆزی قورئان سوێندیان دەدات کە دەست لە کوشتنی خەڵک هەڵگرن پاسدارەکان رەحم بە ناوبراویش ناکەن و دەیکوژن و دواتریش زۆر وەحشیانە سەری دەبڕن. زۆر قوربانی هەبوون کە تەمەنیان لە نێوان ٦-١٠ ساڵدا بوو.

کۆکردنەوەی تەرمەکان لە گوندی قاڕنێ

 

قەڵاتان: سەر بە شاری نەغەدە لە ڕێکەوتی ٢٦-٠٣-١٩٨٠ (٦ی خاکەلێوێ ١٣٥٩) ١٢ کەس کۆمەڵکوژ کران.

 

بایزاوێ: سەر بە نەغەدە  لە ڕێکەوتی ٠٨-١١-١٩٨١ (١٨ی خەزەڵوەری ١٣٦٠) ٩ کەس کۆموڵکوژ کران.

 

باپیراوا: سەر بە نەغەدە لە ڕێکەوتی  ٠٩-١١-١٩٨١  (١٨-٠٨-١٣٦٠) ٩ کەس کۆمەڵکوژ کران.

 

دیلانچەرخ حەلبێ کوێکان کارێزەی شکاکان یۆنسلیان: سەر بە شاری نەغەدە لە ڕێکەوتی  ١٤-٠٣-١٩٨٣ (٢٣ی ڕەشەمەی ١٣٦١) ٤٠ کەس کوژران بەڵام تەنیا ناوی ٢٣ کەسیان لە بەر دەستە.

 

 خەلیفان و گۆڕخانە: سەر بە نەغەدە ڕێکەوتی ٢٥-٠٣-١٩٨٣ (٥ی خاکەلێوەی ١٣٦٢) ٨ کەس کوژراون.

 

چەقەڵ مستەفا: سەر بە نەغەدە ڕێکەوتی ٢٥-٠٣-١٩٨٣ (٥ی خاکەلێوەی ١٣٦٢) ١٦ کەس کۆمەڵکوژ کران کە ناوی ١٣ کەسیان لە بەر دەستە.

 

کانی عەرد: سەر بە نەغەدە ساڵی ١٩٨٤ (١٣٦٣) کەسێک کوژرا.

 

سیناوا: سەر بە ورمێ ڕێکەوتی ١٨-٠٣-١٩٨٥  (٢٧-١٢-١٣٦٣) ٩ کەس کۆمەڵکوژ کران.

 

گێچێ: سەر بە ورمێ ڕێکەوتی ٢٣-٣-١٩٨٣  (٢٧-١٢-١٣٦٣) ١٣ کەس کۆمەڵکوژ کران کە ناوی هەموو قوربانییەکان لە بەر دەستە.

 

گێچێ: سەر بە ورمێ، لە ڕێکەوتی ٢٣-٠٣-١٩٨٣ (٢ی خاکەلێوێ ١٣٦٢) ١٣ کەس کۆمەڵکوژ کران کە ناوی هەموویان لە بەر دەستە.

 

هێزەکانی ڕێژیم ٣٥ کەسی دیکەش دەستبەسەر دەکەن و بە دڕندانەترین شێوە لە زیندانەکاندا ئەشکەنجەیان دەکەن. لەژێر ئەشکەنجەدا هاووڵاتیێک بە ناوی شەکوور ئەحمەدی برای شەهید ئیبراهیم ئەحمەدی عەقڵی لەدەست دەدات و شێت دەبێت. جگە لەوەش لە ئەنجامی بۆردومانی ئاسمانی ژنێک بە ناوی ڕەحیما ڕوحانی گیانی لەدەست دەدات و چەند کەسێکیش بریندار بوون

 

پیرانجغ: سەر بە ورمێ لە ڕێکەوتی ٢٧-٠٣-١٩٨٣ (٠٧-٠٤-١٣٦٢) ١٧کەس کۆمەڵکوژ  کران.

 

میراوا: سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ، لە ڕێکەوت ٠٢-٠٤-١٩٨٣ (١٣-٠١-١٣٦٢) ١١ کەس کۆمەڵکوژ کران کە ٦ کەسیان منداڵ بوون. ئەو منداڵانە لەگەڵ دایکیان کوژران. لە نێو کوژراوەکاندا ژنێک بە ناوی ڕەفیا خدری کچی شاکر هەبوو کە تەمەنی ٧٠ ساڵ بوو. هەروەها ژنێک بە ناوی مەریەم مستەفازادە لەگەڵ سێ منداڵی کوژران. ژنێک بە ناوی حەنیفە خدری لەگەڵ منداڵەکەیدا کوژرا، ژنێکیش بە ناوی فەریدە مامەدی لەگەڵ دوو منداڵی کوژران.

گوندی "کوورێ"ی ژووروو: سەر بە ناوچەی ئەنزەلی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٣-٠٤-١٩٨٣  (٢٤-٠١-١٣٦٢) ٥ کەس کوژران.

 

گوندی "کوورێ"ی خواروو: سەر بە ناوچەی ئەنزەلی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٣-٠٤-١٩٨٣  (٢٤-٠١-١٣٦٢) ١٠ کەس کوژران کە چوار کەسیان خەڵکی گوندی حەماما و کەسێکیش خەڵکی مەمەکان و کەسێکیش خەڵکی مینگۆڵ بوو.

 

قۆجخ: سەر بە ناوچەی ئەنزەلی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٩-٠٨-١٩٨٣ (٢٨-٠٥-١٣٦٢) دوو ژن بە ناوەکانی نازێ ئەحمەدی و گوڵێ ئەحمەدی کوژران.

 

کارێز: سەر بە ناوچەی ئەنزەلی ورمێ، لە سێ ساڵی جیاواز واتە ساڵەکانی ١٩٨٣ -١٩٨٤- ١٩٩١ (١٣٦٢ -١٣٦٣ و ١٣٧٠) سێ کەس کوژران.

 

ڕولا: سەر بە ورمێ، لە ڕێکەوتی ٢٠-٠١-١٩٨٧(٣٠-٠١-١٣٦٥) ٧ کەس کوژران کە ناوی ٦ کەسیان لە بەر دەستە.

 

گولانک: لە هەرێمی ئەنزەلی سەر بە ورمێ، ساڵی ١٩٨٣ (١٣٦٢) ٨ کەس کۆمەڵکوژ کران.

 

ئیندرقاش و وسووکەند: سەر بە مهاباد، لە ڕێکەوتی ٠٤-١١-١٩٨٠ (١٣ی خەزەلوەری ١٣٥٩) ٥٣ کەس کوژران کە ناوی ٣٥ کەسیان  لە بەر دەستە. هێزەکانی بەسیج بە سەرپەرەستیی کەسێک بە ناوی مەعبوودی ئەو هێرشەیان ئەنجام دا.

 

قەرەگوڵ: سەر بە مهاباد ڕێکەوت ٢٦-٠١-١٩٨٣ (٦ی ڕێبەندان ١٣٦١) ١٨ کەس کوژران. بەشێک لە کوژراوەکان تەمەنیان لە سەرووی ٧٠ ساڵەوە بوو.

 

سەوزی: سەر بە شاری مهاباد لە ڕێکەوتی ٢٦-٠١-١٩٨٣ (٦ی ڕێبەندانی ١٣٦١) ٩ کەس کوژران.

 

مهاباد: ڕێژیمی ئێران لە ڕێکەوتی ٠٢-٠٦-١٩٨٣ (١٢-٠٣-١٣٦٢) ٥٩ لاوی خەڵکی مهابادی لە سێدارە دا کە بەشێکیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بوو.

 

دێمە سوور، جافرئاوا ، مەرجان ئاوا: سەر بە مهاباد،  لە ڕێکەوتی ١٦-٠٣-١٩٨٣ (٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٦١) خەڵکێکی زۆر کوژران بەڵام تەنیا ناوی ٩ کەسیان لە بەر دەستە.

 

جەعفەرئاوا: سەر بە مهاباد لە ڕێکەوتی ١٦-٠٣-١٩٨٣ (٢٥-١٢-١٣٦١) دوو کەس کوژران.

 

سۆفیا: سەر بە شنۆ، لە ڕێکەوتی ١٨-١١-١٩٨٠ (٢٧-٠٨-١٣٥٩) ١٢ کەس کۆمەڵکوژ کران. ٧ کەس لە کوژراوەکان تەمەنیان لە سەرووی ٥٠ ساڵەوە بووە. جگە لەوەش تاوانباران لەم هێرشەدا ٢٠ کەسیان بریندار کرد.

جبرائیل ئاوا، گوندەوێلە، دووئاو: سەر بە شنۆ، لە ڕێکەوتی ١٤-٠٩-١٩٨٣  (٢٣ی خەرمانانی ١٣٦٢) ٦ کەس کوژران.

 

هەرێمی کۆتۆڵ و حەبەش: سەر بە شاری خۆی، لە ڕێکەوتی ٠٩-٠٤-١٩٧٩ (٢٠ خاکەلێوەی ١٣٥٨) ٢٠ کەس کۆمەڵکوژ کران.

 

یارمق: سەر بە شاری ماکو لە ٠٤-٠٥-١٩٨١ (١٤-٠٢-١٣٦٠) کەسێک بە ناوی ئیسماعیل ڕامینی کوڕی محەمەد کوژرا. ٢ کەسی دیکەش لە ڕێکەوتی  ٠٥-١١-١٩٨١ (١٤-٠٨-١٣٦٠) کوژران، هەروەها لە ساڵی ١٩٨٣ (١٣٦٢) کەسێکی تر بە ناوی ئیبراهیم هیمەتی کوڕی عەلی کوژرا.

 

خەرمان: سەر بە شاری ماکو، لە ڕێکەوتی ٠٢-٠٦-١٩٨١ (١٢-٠٣-١٣٦٠) کەسێک کوژرا.

 

تیکمە: سەر بە شاری ماکو، لە ڕێکەوتی ٠٥-١١-١٩٨١ (١٤-٠٨-١٣٦٠) کەسێک کوژرا.

 

نییەر: سەر بە شاری سنە، لە ڕێکەوتی ٢٨-٠٥-١٩٨٣ (٠٧-٠٣-١٣٦٢) کەسێک کوژرا.

 

کورەخانەی سارۆقامیش: سەر بە بۆکان، لە ڕێکەوتی ١٣-٠٩-١٩٨١ (٢٣ی خەرمانانی ١٣٦٠)  ١٨کەس کوژران کە تەنیا ناوی ١٣ کەسیان لە بەر دەستە.

 

نەبیکەندی: سەر بە هاوشار، لە ساڵی ١٩٨٠ (١٣٥٩) هێزەکانی ڕژیم ٩ کەسیان کوشت.

 

ئەحمەدئاوای خواروو: سەر بە هاوشار، ساڵی ١٩٨٠ (١٣٥٩) ٦ کەس کوژران کە یەکێکیان تەمەنی ١١ ساڵ بوو.

 

شێرمەرد: سەر بە هاوشار، لە ساڵی ١٩٨٠ (١٣٥٩) ٢ کەس کوژراون

 

قزقاپان: سەر بە هاوشار، ساڵی ١٩٨٠ (١٣٥٩) کەسێک کوژرا.

 

ئاغدەرەی ناوەڕاستی: سەر بە هاوشار، ساڵی ١٩٨٠ (١٣٥٩) کەسێک کوژرا.

 

حەسەن ئاوا: سەر بە هاوشار، ساڵی ساڵی ١٩٨٠ (١٣٥٩) کەسێک کوژرا.

 

حەسەن لەولان: سەر بە هاوشار، ساڵی ١٩٨٠ (١٣٥٩) ٢ کەس کوژران کە باوک و کوڕ بوون.

 

یارعەزیز و چراغ تەپە: سەر بە هاوشار، لە ساڵی ١٩٨٠ (١٣٥٩) ٤ کەس کوژران (کە لە ڕەگەزی مێ بوون).  

 

ماین بلاغ: سەر بە هاوشار، لە ڕێکەوتی ٠٣-٠٧-١٩٨١ (١٢-٠٤-١٣٦٠) هێزەکانی ڕیژیم لە کاتی شەودا ١١ کەس لە خەڵکی مەدەنیان دەستبەسەر و دواتریش ئێعدام کرد.

 

گوێ ئاغاج: سەر بە هاوشار، لە ساڵی ١٩٨١ (١٣٦٠) هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ٥ کەسیان کۆمەڵکوژ کرد. 

 

قزقووپی: سەر بە هاوشار، لە ساڵی ١٩٨١ (١٣٦٠) دوو کەس کوژران.

 

خاتوون ئاوا: سەر بە هاوشار، لە ساڵی ١٩٨١ (١٣٦٠) کەسێک کوژرا.

 

داشکەستان: سەر بە شاری هەوشار، لە ساڵی ١٩٨١ (١٣٦٠) سێ کەس کوژران.

 

دوومەسکەنی: سەر بە هاوشار، لە ساڵی ١٩٨١ (١٣٦٠) سێ کەس کوژران.

 

ئاخەجەری: سەر بە هاوشار، لە بەهاری ساڵی ١٩٨٢ (١٣٦١) پیرە پیاوێک لەگەڵ ژنەکەی کوژران. ئەوان لە بەر ئەوەی کە پیر بوون و پێیان وابوو هێزەکانی ڕێژیم کاریان پێ نیە و نایانکوژن خۆیان دەرباز نەکردبوو، بەڵام بەداخەوە هێزە چەکدارەکان زۆر بێرەحمانە ئەوانیان کوشتبوو.

 

ساینجووت: سەر بە هاوشار، لە هاوینی ساڵی ١٩٨٢ (١٣٦١) چوار کەس کوژران.

 

قوزلو: سەر بە هاوشار، لە ساڵی ١٩٨٢ (١٣٦١) دوو کەس کوژران. خەڵکێکی زۆریش دەستبەسەر کران و دوو کەسیان لەسێدارە دران.

 

سەرچاوەکان:

 

-کتێبی "کشتار بی پایان"   ن:  جەواد دانشپەژووه

 

٢-کۆمەڵکوژیی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان     ئامادەکار: رەحمان نەقشی

 

٣-ڕۆژنامەی ئاگری ژمارە   ٨٥ لاپەڕەی ٥.

 

٤- کوردیپێدیا - کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  (kurdipedia.org)

 

٥-اعدام ۵۹ جوان مهابادی؛ بازخوانی یک روایت تکان‌دهنده تاریخی (iranwire.com)

 

٦-  کۆمەڵکوژی جینۆساید و تاڵان و سووتاندنی ژمارەیەک لە خەڵک و گوندەکانی هەوشار لە ساڵی 1358 تاکوو 1360     ئامادەکار: مستەفا پیرانی

 

 

KURDŞOP
552 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!