شاری زاخیکۆ، یەکێک لە گرینگترین ناوەندەکانی شارستانییەتی میتانی

 

هانی موڕتەزا

 

 

دۆزرانەوەی شاری زاخیکۆ لە هەرێمی کورستان

 

کوردستان خاوەن مێژوو و کەلتوور و شارستانییەت و دەیان و سەدان شوێنەواری مێژووییی دێرینە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاسەوار و ناوچە مێژووییەکانی زیاتر دەدۆزرێنەوە و دەردەکەون.

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆی تۆبنگنی ئەڵمانی شارێکی کۆنی مێژووییان لە کەناری ڕووباری دیجلە دۆزیوەتەوە.

بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی "دیجلە" لە قەزای "سێمێل"ی پارێزگای دهۆک، شارێکی مێژوویی لە ژێر ئاو دەرکەوتووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٣٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا.

"بێکەس بریفکانی" بەڕێوبەری شوێنەوارە مێژووییەکان لە دهۆک دەڵێت: "پێدەچێت ئەو شارەی دۆزراوەتەوە هەمان ئەو شارە بێت کە لە دەقە بابلییەکاندا ئاماژەی پێ کراوە و ناوی "زاخیکۆ"یە و جگە لە دیوارێکی گەورە، کۆشکێک و چەندین بینا و ژووری تێدایە؛ هەروەها چەندین نووسراوەی بزماریی(میونیفۆر) لەم شارە مێژووییەدا دۆزراونه‌ته‌وه"‌.

 

 

مێژووی دروستبوونی زاخیکۆ

شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ساڵی 1378ی پێش زایین و هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی فەرمانڕەواییی پاشا "توشراتا" یان "داشراتا" کە لە ساڵی 1390ی پێش زایین دەسەڵاتی گرتە دەست. لەسەر دەمی ئەو پاشایەدا سنووری دەسەڵاتی میتانی زۆر بەربڵاو بووەوە و گەیشتە سنوورەکانی وڵاتی میسر و پەیوەندییەکی تۆکمەی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ شارستانییەتی ئەوکاتی میسر دامەزراند بەشێوەیەک کە پەیوەندیی ژن و ژنخوازی لەنێوان ئیمپڕاتۆریەتی میتانی و میسری کۆن ساز بوو. خوشکی پاشا توشراتا هاوسەری ئاموون حوتێبی سێیەم  بوو و کچەکەشی هاوسەری ئاخناتوون بووە.

هەر لەو سەردەمەدا پەیوەندیی نێوان ئیمپڕاتۆریەتی میتانی و هیتییەکانیش تا ڕادەیەک باش بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و دوور لە جەنگ. بۆیە میتانییەکان هەلی دروستکردنی شاری لەم شێوەیەیان لەبەر دەستدا بووە  بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی وڵاتەکەیان.

 ئیمپڕاتۆریەتی میتانی ئیمپڕاتۆریەتێکی کوردی بووە کە لە ١٦٠٠ساڵ پێش زایین تا ١٢٦٠ساڵ پێش زایین حوکمی هەموو خاکەکانی باکووری مێزۆپۆتامیا و وڵاتی نێوان دوو ڕووبار بە ڕۆژئاوا و باشوور و بەشێکی باکووری کوردستانی کردووە و لەساڵی ١٢٦٠ی پێش زایین بە هێرشی ئیمپڕاتۆریەتی هیتی لە لای باکوور و ئیمپراتۆرییەتی ئاشورییەکان لە لای باشوورەوە ڕووخێنرا و ئەم دوو ئیمپراتۆرییەتە، خاکی میتانییان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد.

مێژوونووسان پێیان وایە، میتانییەکان لەگەڵ گوتییەکان و لۆلۆییەکان و ... پێکەوە وەک باپیرە گەورەی مادەکان دێنە ئەژمار.

 

 

گرنگترین ئەو کەلوپەلە و شوێنەوارە مێژووییانەی لە شاری دێرینی زاخیکۆ دۆزراونەتەوە:

١- گۆزە

٢- دیواری کۆن

٣- پارچەی بەردی بچووک کراوە

٤- ئێسکەپەیکەر

٥- 10 نووسراوە بە خەتی بزماری

٦- بینای کۆشکێک

 

هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوەکان لە شاری مێژوویی زاخیکۆ

شوێنەوارناسان پێیان وایە شاری زاخیکۆ کە یەکێک لە سەرەکیترین شارەکانی شارستانییەتی میتانی بووە، لە ساڵی 1350ی پێش زایین بە هۆی بوومەلەرزەیەکەوە لەناو چووە. پاشماوەکانی ئەم شارە لە ساڵی 1980 بە دواوە و پاش دروستکردنی بەنداوی موسڵ کەوتووەتە ژێر ئاو. هەر بۆیە ئەو شوێنەوارناسانەی لە هەڵکۆڵینەکانی ساڵی 2022دا بەشدار بوون، تێکنەچوونی ئەو شوێنەوارە و بە تایبەت نووسراوە بزمارییەکان و بیناکان، پاش چل ساڵ مانەوە لە ژێر ئاودا، وەک پەرجۆیەک ناو دەبەن.

لە ساڵی 2018دا و پاش یەکەم دابەزینی ئاوی دیجلە لەم ناوچەیە، کۆشکی شاری زاخیکۆ دۆزرایەوە. بۆ جاری دووهەم و لە پاش دابەزینی ئاو لە ساڵی 2022دا ئەمجارە تیمێکی گەورەتر لە هەڵکۆڵینەکاندا بەشدار بوون و توانیان بە کاری بەردەوام تا بەرلەوەی شارەکە جارێکی دیکە بکەوێتەوە ژێر ئاو، پلانی گشتیی شارەکە و شەقام و کۆڵان و بینا و باڵەخانەکان و دیوارەکانی قەڵای دەوری شارەکە و کۆگاک دەربخەن. تیمەکە توانیان لە 10 ژووری کۆشکەکە، 8 ژووری بە تەواوی دەربخەن. هەروەها بەردپۆشی دروستکراو لە خشتی سوورەوە کراو و دیواری نەخشێنراو بە ڕەنگی سوور و شینیان دۆزیوەتەوە.

دوکتۆر "ئیڤانا پۆلچیز" شوێنەوارناس و مامۆستای زانکۆی فرایبۆرگی ئاڵمانیا کە لەم هەڵکۆڵینانەدا بەشدار بووە پێی وایە: "ئەو کۆگا مێژووییەی لەم شوێنە دۆزراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی مێژووییی تێدا بووە، سەلمێنەریی گرینگیی ئەم شارەیە. لەبەر ئەوەی ئاشکرایە ئەو ئاسەوارانەی لەم کۆگایە دۆزراونەتەوە، لە سەرانسەری ناوچەکەوە هێنراون و لەم شوێنە کۆ کراونەتەوە."

بەرلەوەی ئەم شوێنەوارە مێژوویییە جارێکی دیکە بچێتە ژێر ئاو، تیمی توێژینەوە و هەڵکۆڵین، شوێنەوارەکەیان بە بە لم و ڕووپۆشی پلاستیکی داپۆشی بۆ ئەوەی ڕێگا لە لەناوچوونی بگرن و هیوادارن لە داهاتوویەکی نادیاردا کە جارێکی دیکە ئاستی ئاوی دیجلە دابەزێ، جارێکی دیکە هەڵکۆڵینەکان و لێکۆڵینەوەکانیان لەم شوێنە دەست پێ بکەنەوە.

 

KURDŞOP
500 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!