چاپەمەنیی کوردی: ڕۆژنامەی کوردستان (١٨٩٨)

لەو ڕۆژەوەی ڕۆژنامەی کوردستان دەستی بە چاپ و بڵاوکردنەوە کرد هەتا ئەو ڕۆژەی کە چاپی وەستاند، هەمیشە قەدەغە و ستەمی حکوومەتی عوسمانی و پاشاکەی (عەبدولحەمید) لەسەر بوو.

شێرکۆ ژانزێم

قۆناغی یەکەمی ڕۆژنامەگەریی کوردی، ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەلایەن میقداد میدحەت بەدرخانەوە دەستی پێ کرد. زمانی ڕۆژنامەکە کوردی و تورکی بوو.

بەگشتی ٣١ ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان دەرچوو، بەڵام ئەم ٣١ ژمارەیە بەهۆی زۆر هۆکارەوە، هەموویان لە قاهیرە دەرنەچوون. سێ ژمارەی یەکەم لە چاپخانەی ئەلحیلال و ژمارە ٤ و ٥ لە چاپخانەی جەریدەی کوردستان دەرچوو. دوای ژمارەی شەشەم، میقداد میدحەت بە ھەندێک هۆکار (گوشارەکانی پاشای عوسمانی و نەخۆشی)، بەرپرسیارێتیی ڕۆژنامەکەی جێ هێشت. لە شوێنی ئەو، عەبدولڕەحمان بەدرخانی برای، بوو بە بەرپرسی ڕۆژنامەکە.

عەبدولڕەحمان بەدرخان ڕۆژنامەی کوردستانی لە قاهیرەوە بەرەو ژێنێڤی سویس گواستەوە. ڕۆژنامەکە لەوێ لە چاپخانەی کۆمەڵەی تەفاق و قەنجی موسڵمانان چاپ کرا، هەتا ژمارەی نۆزدەهەم لە ژێنێڤ چاپ کرا. ناوەندی ڕۆژنامەکە دیسانەوە لە ژمارە ٢٠ هەتا ژمارە ٢٣ بوو بە قاهیرە. ژمارەی ٢٤ی ڕۆژنامەکە لە شاری لەندەنی پایتەختی بریتانیا دەرچوو. ژمارە ٢٥ تا ژمارە ٢٩ لە بریتانیا لە شاری فۆلکستۆن بڵاو کرایەوە. پاشان ڕۆژنامەی کوردستان گەڕایەوە ژێنێڤ و ژمارە ٣٠ و ٣١ لەوێ دەرچوون. ژمارە ٣١ کە دواژمارەی بەردەستە، لە ١٤ی نیسانی ١٩٠٢ بڵاو کراوەتەوە.

ڕۆژنامەی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵدا پێنج شوێنی گۆڕیوە. بە گشتی ٣١ ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان دەرچووە، ڕەنگە لە ٣١ ژمارەش زیاتر بێت. بەڵام کۆی گشتیی ٣٠ ژمارە بەردەستە، چونکە ژمارەی ١٩ نەماوە.

٢٦ ژمارە لە ٣٠ ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن د. کەماڵ فوئاد، وەک کتێبێک لە بەغدا چاپ کرا. دوای کەماڵ فوئاد، محەممەدئەمین بۆزارسلان دەیاننووسێتەوە و لە ساڵی ١٩٩١دا وەک کتێب لە دوو بەرگدا بڵاویان دەکاتەوە. ژمارەکانی ١٧ و ١٨ کە کەماڵ فوئاد و مەحمەدئەمین بۆزارسلان دەستیان نەکەوتووە، لەلایەن مالمیسانژەوە دەبینرێتەوە و لە ساڵی ١٩٩٢دا چاپ دەکرێت. دوای ئەوەی دوو ژمارە ونبووەکە دەدۆزرێتەوە، ژمارە ١٠ و ١٢ لەلایەن جەلیل جەلیلەوە ڕادەستی بنەماڵەی بەدرخان دەکرێت. هەردوو ژمارەکە لەلایەن کەرەم سۆیلوەوە نووسراوەتەوە و لە گۆڤاری زەند، ژمارەی بەهاری ٢٠٠٧دا بڵاو کراوەتەوە.

عەبدولڕەحمان بەدرخان

زمانی ڕۆژنامەی کوردستان تورکی و کوردییە، بەڵام لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەو شێوەیە نییە. سێ ژمارەی یەکەم بە کوردییە. ژمارەکانی ٤ و ٥ و ٦ و ٧ کوردی و تورکیە. ژمارەکانی ٨، ٩، ١١، ١٢، ١٥ و ١٦ بە کوردین. ژمارە ١٠ بە کوردی و تورکیە، جگە لە ژمارە ١٩ چونکە نەماوە، نازانین بە کوردییە یان بە کوردی و تورکی. یەکێک لەو هۆکارانەی کە زمانی ڕۆژنامەکە کوردی و تورکی بووە، نەبوونی پەروەردە و خوێندەواریی کوردە بە زمانی کوردی.

برایانی بەدرخان لە هەموو ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستاندا لە چوارچێوەیەکی ئایینی- سیاسیدا بارودۆخی کوردیان هەڵسەنگاندووە و بە دوای چارەسەردا گەڕاون. هەم بەهۆی ئەمەوە و هەم لەبەر ئەوەی کوردستان لەگەڵ ڕووسیە هاوسنوور بوو، هەمیشە ڕووسیە وەک هەڕەشەیەک لە ڕۆژنامەکەی دەڕوانی.

میقداد میدحەت لە ژمارەی دوووەوە دەست دەکات بە بڵاوکردنەوەی بەشەکانی مەم و زینی ئەحمەدی خانی. لە ژمارەی دووەمی ڕۆژنامەی کوردستاندا، بۆ چاپی مەم و زین، دەڵێت: "هەموو جارێک بەشێک لەو کتێبە دەنووسم، تا تەواو دەبێت".

لەو ڕۆژەوەی ڕۆژنامەی کوردستان دەستی بە چاپ و بڵاوکردنەوە کرد هەتا ئەو ڕۆژەی کە چاپی وەستاند، هەمیشە قەدەغە و ستەمی حکوومەتی عوسمانی و پاشاکەی (عەبدولحەمید) لەسەر بوو. عەبدولحەمید گوشاری خستە سەر حکوومەتی میسر بۆ ڕاگرتنی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکە و گەڕاندنەوەی میقداد میدحەت بۆ ئەستەنبوڵ.

بەڵام ئەم گوشارانە سەریان نەگرت و ڕۆژنامەی کوردستان وەشانی خۆی ڕانەگرت. میقداد میدحەت لە ژمارە ٤ دەڵێت: "لەو وڵاتانەی کە نامەیان بۆ دەنێرم، بۆم دەنووسن کە بەرپرسانی حکوومەت گرینگی بەو نامانە نادەن کە دەینێرم. چونکە ئەوان کورمانجی نازانن، دەڵێن داخوا من چیم لەسەریان نووسیوە."

سەرچاوەکان:

دڵگەش ف. یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیی کوردستان، بڵاوکراوەکانی نەوبەهار، ئەستەنبوڵ، چاپی دووەم، ٢٠١٧.

کانی ئا. کوردستان: یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی کوردی، بڵاوکراوەکانی J&J, Amed، ٢٠١٨.

ئاکار ‌هـ. قۆناغەکانی ڕۆژنامەگەریی کورمانجی لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ.

KURDŞOP
525 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!