جوولەکەکانی بۆکان پێش چوونیان بۆ ئیسڕائیل – بەشی1

پەیمان

بەشێک لە مێژووی کوردستان کە ڕوونکەرەوەی باری ژیان و دۆخی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینزایی وڵاتەکەمانە بە بێ باسی جوولەکەکانی دانیشتووی ئەم وڵاتە ڕوون نابێتەوە. زۆر گرنگە کە بزانین جوولەکەکانی کوردستان بەر لە چوونیان بۆ ئیسڕائیل ژمارەیان چەندە بووە، چۆن و لە کەیەوە هاتوون، بڵاوبوونەوەیان بە شار و گوندەکاندا چۆن بووە، لە کام ناوچەی کوردستان ژیاون، بە چییەوە خەریک بوون و کار و پیشەیان چ بووە، هەڵسوکەوتی موسڵمانان؛ خەڵکی ئاسایی و دەسەڵاتبەدەستەکان لەگەڵ ئەوان چۆن بووە. لە نێو خۆیاندا چۆن ژیاون و خۆیان و ئەویدیی کوردیان چۆن دیتووە.

لێرەدا بە کورتی باسی جووەکانی کوردستان و بە تایبەتی تر دانیشتووی شاری بۆکان بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەین:

ئەوەی کە جووەکان لە کەیەوە لە وڵاتی کوردان ژیاون ڕەنگە زۆر ڕوون نەبێت بەڵام بە دڵنیاییەوە لە زۆر کۆنەوە جووەکان بە ناوچە جیاجیاکانی هەموو کوردستاندا بڵاوبوونەتەوە و کۆمەڵگەی خۆیان هەبووە و لە زۆر شوێن پانتاییەکی جوگرافیی سەربەخۆیان بۆ نیشتەجێبوون داگیرکردووە و لە شارەکانیش گەڕەک یان کۆڵانی جوولەکان دیار بووە.

 جووی کوردستان بە جووی "میزراهی" واتە ڕۆژهەڵاتی ئەژمار دەکرێن کە لە کۆنەوە دانیشتووی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بوون و هەروەها ڕەنگە بە ڕێژەی کەم یان زۆر جووە "سەفاردی"یەکان لەگەڵیان تێکەڵ بووبن. جوولەکەی سەفاردی بە واتای جوولەکەی هاتوو لە ئیسپانیا و پۆرتوگال، ئەوانە بوون کە لە کۆتایی سەدەی پازدە و دوای تێکچوونی ئەندەلۆس و داگیرکرانی لە لایەن دەسەڵاتی ئیمپراتۆری کریستیانی ئیسپانیاوە لە نیوەدوورگەی ئایبیریا واتە ئیسپانیا و پۆرتوگالی ئێستا دەرکران و زۆربەیان بە وڵاتانی موسوڵماندا بڵاو بوونەوە.

پێویستە بشزانین کە جووەکان لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا واتە وڵاتە مسوڵمانەکان بە ڕێژەی زۆروکەم هەبوون، بەڵام رەنگە گەورەیی و بچووکیی کۆمەڵگاکانیان و ڕێژەی حەشیمەت و باری گوزەرانیان جیاواز بووبێت و ئەوەش دەرخەری زۆر لایەنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێکەوەهەڵکردنی خەڵکی ئەو وڵات و ناوچانەیە. وەک باس دەکرێت جووەکانی کوردستان مێژووی خۆیان بۆ 2500 تا 2800 ساڵ بەر لە ئێستا و بۆ سەردەمێک کە شای ئاشوور ئیسرائیلی ئەوکاتی داگیر کردووە و جووەکانی ئاوارە کردووە دەگەڕێننەوە، بەڵام هەر وەک ئاماژەمان بە جووە سەفاردییەکانی هاتوو لە نیوەدورگەی ئایبیریا کرد کە دواتر تێکەڵ بە جووەکانی کوردستان بوون، لە سەردەمانی جیاواز و بە چەندین قۆناغ جووی دانیشتووی شوێنی تر هاتوون و تێکەڵاو بە کۆمەڵگاکانی جووی کوردستان بوون کە بە کۆمەڵگای ژیانخۆش و ڕوو لە گەشە دانراون.

 لە کتێبی گەڕیدەی جوو "بینیامینی تودێلا" یان بە ‌ئارەبی "بینیامین ئەلتوتەیلی" کە لە شاری تودێلای باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیا ژیاوە و ژیان و گەشتەکەی بە ماوەیەکی کەم دوای داگیرکرانی ئەو شارە لە لایەن کریستیانەکان و ڕووخانی دەسەڵاتی موسوڵمانەکان بووە باسی جوولەکەی شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی کردووە. بینیامین هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتی سەلاحەددینی ئەییووبی و دەسەڵاتی ئەییووبییەکان، بە باکووری ئەفریقا، شام، مێزۆپۆتامیا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەلجووقییەکاندا گەڕاوە و گەشتنامەکەی پێش مارکۆپۆلۆ بووە و زیاتر بۆ باسی جوولەکەکانی تەرخان کردووە. ئەو باسی جووەکانی مووسڵ و هەولێر و ئامێدی و جزیر دەکات، زۆر شوێنی دیکەش کە چووە دیارە بەشێک لە جوگرافیای کۆن یان نوێی کوردستانن و ئەوەی سەرنجڕاکێشە وەرگێڕی کتێبەکەی لە عیبرییەوە بۆ ئینگلیسی لە ساڵی 1907 ی زایینیدا لە پەراوێز و ڕوونکردنەوەکانی لە سەر شوێنە جوگرافییەکان و ناوەکان و شارەکان چەندین جار نێوی کوردستانی هێناوە بە بێ ئەوەی بینیامین بۆخۆی وشەی کوردستانی بەکارهێنابێ.

 سەردەمانی وا هەبووە کە جووەکان ئەوەندە ژمارە و پێگەیان هەبووە و خۆیان بە خاوەن هێز زانیوە کە سەربەخۆیانە جووڵاونەتەوە و تەنانەت کەوتوونەتە شەڕ و شۆڕش دژ بە دەسەڵاتداران. لە نێو گێڕانەوەی بەسەرهاتەکاندا بینیامین باسی جووەکانی ئامێدی دەکات کە لە ژێر فەرمانی "داوود ئەلرۆی"دا دەستیان داوەتە شۆڕش و تەنانەت ویستوویانە جووەکانی ژێر دەسەڵاتی پادشایەتیی ئەوکاتی زاڵ بە سەر جوگرافیای ئێرانی ئێستا ڕزگار بکەن کە وەک باسی دەکەن سەدان کۆمەڵگەی جوو بوون و لە ئامێدی هەتا وڵاتی میدیا و هەتا گیلان و تەبەرستان بڵاوو بوون؛ باسی ئەوە دەکات کە جووەکان لە پانتایی ژێر دەسەڵاتی ئەو پاشایەتییەدا زۆر لە ژێر زوڵم و زۆردا بوون. "داوود ئەلرۆی" ویستوویەتی بگەڕێتەوە و وڵاتی ئیسڕائیل بستینێتەوە و زەویی پیرۆز بکاتەوە بە مڵکی جووەکان.  لێرەشدا وەرگێڕی کتێبی بینیامین، "ئامێدی" یان "ئامادیا" یان "ئەلئامادیا" بە ناوچەیەکی کوردستان لە سەرووی مووسڵ ناو دەبات. ئەو ڕووداوی شۆڕشە لە نێوان ساڵانی 1160 تا 1170ی زایینیدا بووە.

زمانی جووەکانی دانیشتووی کوردستان

بابەتێکی زۆر جێی سەرنج و گرینگ زمانی جووەکانی دانیشتووی کوردستانە. ئەو جووانە بە شێوەزارگەلێک لە زمانی جوو-ئارامی ئاخافتوون. زمانی ئارامی کە زمانێکی نزیک لە عیبرییە و لە بنەماڵەی زمانە سامییەکانە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ زمانی هەرە گرینگی پێوەندی و دیپلۆماسی و زانست لە نێوان گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بووە. مێژووی ئەو بەکارهێنانە دەگەڕێتەوە چەندین سەدە پێش زایین. زمانی ئارامی بەرە بەرە لە زۆر شوێن جێگەی بە عیبری لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بازاڕ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێژ کردووە تا وای لێ هاتووە لە ماڵەوەش قسەی پێ کراوە و عیبری هەر ماوەتەوە بۆ بۆنە و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان. لەسەر زمانی ئارامی دەبێ ئەوەش بڵێین کە زمانی بەشێک لە کریستیانەکانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین هەر شێوەزارگەلێک لە زمانی ئارامی بووە و هەیە. بە دیاریکراوی کاتێ باسی زمان یان شێوەزارەکانی جوو-ئارامی دەکرێت کە لە نێو جووە میزراهییەکان یان هەمان جووە ڕۆژهەڵاتییەکان دا باو بووە ئاماژە بە زمانی جووەکانی کوردستانە.

 جووەکانی کوردستان بە چەندین شێوەزاری ئەو زمانە قسەیان کردووە و دیالێکتەکانیان جیاواز بووە. جووە میزراهییەکانی کوردستان چوار شێوەزاری سەرەکییان هەبووە بە شێوەیەک کە شێوەزاری جووەکانی بۆکان لەگەڵ شێوەزاری جووەکانی مهاباد لەیەکدی جیاواز بووە. ئەو چوار شێوەزارە بریتی بوون لە "لیشانا دەنی" کە لە بۆتان و جزیرەوە هەتا دهۆک و ئاکرێ و بارزان، شێوەزاری جووەکان بووە. "لیشان دیدان" کە لە گەڤەر و ورمێ هەتا مهاباد قسەی پێ کراوە. "لیشانید نۆشان" کە لە هەولێر و ڕواندز و قەڵادزێ و کۆیە ئاخێوەری هەبووە. شێوەزاری "هولاولا" کە لە بۆکان و سەقزەوە هەتا سنە و کامێران و هەڵەبجە و سلێمانی و قەسری شیرین باو بووە. هەروەها جووەکانی کوردستان بە زمانی کوردی و بە شێوەزارە جیاوازەکانی بە پێی شوێنی نیشتەجێ بوونیان قسەیان کردووە کە دەگوترێ زاراوەی کرمانجیی بادینان زۆرترین ئاخێوەری هەبووە؛ گەلۆ جووەکانی کوردستان زمانی کوردییان تەنیا بۆ پەیوەندی و پێویستی ژیانیان لەگەڵ کوردان بەکار هێناوە یان لە نێو خۆشیان لەو زمانە لە پەنا زمانەکانی دی کەڵکیان وەرگرتووە؟ وەک دەزانین ئێستاش جووەکانی کۆچکردوو لە کوردستان لە وڵاتی ئیسرائیل خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ مۆسیقای کوردی هەیە و گۆرانیی کوردی دەڵێنەوە. جووەکان دانیشتووی سێ بەشی باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون بەڵام پانتایی بڵاوبوونەوەیان لە باشوور و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات زۆر بەربڵاوتر بووە.

KURDŞOP
620 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!