بەردەنووسی کێلەشین، میراتێکی چوار هەزار ساڵە

 

هەڵکەوتەی بەردەنووسی کێلەشین

بەردەنووسی کێلە شین یەکێک لە میراتە گرینگە مێژووییەکانی کوردستانە کە نزیک چوار هەزار ساڵ لە شوێنێک کە ئێستا سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە دانرابوو و ئێستا لە مۆزەخانەی شاری ورمێ ڕاگیراوە.

بەردەنووسی کێلەشین، لە نزیک گوندی کێلەشین کە کەوتووتە سەر سنووری ئێستای نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نزیک گوندی "درود"ی ڕۆژئاوای شاری شنۆ دۆزراوەتەوە. ئەم بەردەنووسە لە ملەی شاخێک کە لە نێوان شارۆچکەی سیدەکان و شاری شنۆ هەڵکەوتووە دانرابوو. لە کاتی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق کە ناوچە سنوورییەکان بوونە شوێنی پێکدادانی هێزە چەکدارەکانی دوو وڵات، لەسەر داوای خەڵکی ناوچەکە و بە مەبەستی پاراستنی بەردەنووسەکە، گوازرایەوە بۆ مۆزەخانەی ورمێ.

هەرچەند بە پێی یاسا دەبووایە پاش کۆتاییهاتنی شەڕ بەردەنووسەکە بگەرێندرێتەوە شوێنی خۆی لە یا مۆزەخانەیەک لە شاری شنۆ دابنرێ بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگای نەداوە ئەم کارە بکرێت.

تایبەتمەندییەکانی بەردەنووسی کێلەشین

بەرزیی ئەم بەردەنووسە 167 سانتی مەتر و پانییەکەی 40 سانتی مەترە. لە بنەوەی بەردەنووسەکە پایەیەک هەیە کە درێژییەکەی 23 سانتی مەتر و بەرزییەکەی چوار سانتی مەترە. ئەستووریی کێلەشین لە سەرەوە بۆ خوارەوە لە نێوان 28 تا 30 سانتیمەترە و کێشی ئەو بەردە لەگەڵ پایەکەی بەسەر یەکەوە 1600 کیلۆگرەمە.

جۆری ئەو بەردەی کێلەکەی لێ دروست کراوە لەو ناوچەیە دەست ناکەوێ هەر بۆیە پێدەچێ بەردەکە لە شوێنێکی دوورەوە بۆ ئەم شوێنە هێنرابێ.

ئەم بەردەنووسە لە هەر چوار لاوە بە دوو زمانی ئورارتوویی و ئاشووری و بە پیتی بزماری لەسەری نووسراوە. ئەو بەشەی بە زمانی ئاشووری نووسراوە بە هۆی بەرکەوتنی فیشەک زیانێکی زۆری پێ گەیشتووە و بەشی ئورارتووییەکەشی بە هۆی با و بارانەوە زیاتر سواوە بەڵام بە گشتی نووسراوەی سەر بەردەنووسەکە دەخوێندرێتەوە.

ناوبانگی کێلەشین و مێژووی دۆزرانەوەی

شوێنەوارناسێکی ئاڵمانی بە ناوی "شوڵتز" یەکەم کەس بوو کە کێلەشینی بە دنیا ناساند. ئەو شوێنەوارناسە لە ساڵی 1829ی زایینی ئەو بەردەنووسەی دۆزییەوە و نووسراوەکەی سەر بەردەکەی لە لای خۆی نووسییەوە. بەڵام پاش ئەوەی لە ساڵی 1838دا کوژرا، هیچ ئاسەوارێک لەو نووسراوەیەی لە ڕووی نووسراوەکانی کێلەشینەوە هەڵیگرتبووەوە، دەست نەکەوت.

لە دوای ئەم ڕووداوە، شوێنەوار ناسێکی بریتانیایی بە ناوی "ڕاوڵسنین"، کە شوێنەواری بێستوونی کرماشانیشی تۆمار کردبوو، دووهەم کەس بوو کە بەشێک لە نووسراوەکانی سەر ئەم بەردەنووسەی لەسەر کاغەز نووسییەوە و گەیاندییە دەست زانایان و شوێنەوارناسان و شارەزایانی نووسراوە کۆنەکان.

دواتر دوو کەس بە ناوەکانی "خانیکۆف" و "بلاو" لە ساڵەکانی 1853 و 1858 توانیان لە بەردەنووسی کێلەشین قاڵب بگرن. بلاو لە ساڵی 1858دا وتارێکی سەبارەت بە کۆی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر کێلەشین نووسراون ئامادە و بڵاو کردەوە.

لە ساڵی 1882دا ڕۆژهەڵاتناسێک بە ناوی "سایکە" توانی دەقی ئورارتۆیی کێلەشین بخوێنێتەوە  و وەریبگێڕێ.

لە ساڵی 1890 دا توێژەرێکی شوێنەوارناس بە ناوی "ژاک دۆمۆرگان" کە خەڵکی فەڕانسە بوو سەردانی ناوچەکەی کرد و لەگەڵ یەکێک لە ئاغاکانی هۆزی "زەرزا"ی شنۆ سەردانی ناوچەکەی کرد و لە ماوەی دوو کاتژمێردا بە شێوازی "ئاشامپاژ"، بۆ یەکەمجار قاڵبێکی تەواوی لە هەموو بەردەنووسەکە دروست کرد. ئەم شوێنەوارناسە دواتر بەشێک لە دەقە ئاشوورییەکەی کێلەشینی بۆ "پرشیل" بەڕێ کرد کە یەکێک لە ئاشووریناسە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە بوو. پرشیل، بە هەوڵێکی زۆر سەرئەنجام توانی دەقەکە وەربگێڕێ و لەگەڵ پێشەکییەک لە یەکێک لە ڕۆژنامەکانی پاریسدا چاپی بکات.

دەقی نووسراوەکەی سەر بەردەنووسی کێلەشین:

کاتێک "ئیشپوینی" کوڕی "ساردور"

پاشای گەورە، پاشای بەھێز،

پاشای جیھان،

پاشای وڵاتی "نایری"

سەروەری گەورەی شاری "تووشیباشار" و "مەنوا"ی کوڕی،

بۆلای خودای “خالیدی” لە شاری “مووساسیر” و

بۆ ئەم پەرستگە بەرزەی کە بۆ خودای “خالیدی” بینا کرابوو ھاتن،

"ئیشپوینی" کوڕی "ساردور" ئامرازی بە نرخی شەڕ و ڕەوەی جوانی ھێناون،

"ئیشپوینی" کەلوپەلی مەفرەغی و دەفری مەفرەغی ھێناون.

"ئیشپوینی" ڕەوەی زۆری ھێناون،

ھەمووی ئەم دیارییانەی دووبارە بۆ پەرستگە داناون.

"ئیشپوینی" تەواوی ئەم دیارییانەی لە بەرانبەر دوازدە "خالیدی"

بۆ بەردەوامی ژیانی خۆی، پێشکەش بە خودای “خالیدی” دەکا …

"ئیشپوینی" بە نیشانەی خێر، ۱۱۱۲ مانگا،

۹۱۲۰ مەڕی قەڵەو و ۱۲٤۸۰ بزنی قەڵەوی بۆ بەخشین ھێناوە.

کاتێک "ئیشپوینی" کوڕی "ساردور"

پاشای گەورە، پاشای بەھێز،

پاشای جیھان،

پاشای وڵاتی "نایری"

سەروەری گەورەی شاری "تووشیباشار" لە بەر خودای "خالیدی" پاڕایەوە،

بۆ بەزەیی خودای "خالیدی"

ئەم…

دواتر "ئیشپوینی" ئەم ئاژەڵ و کەلوپەلانەی لە ڕێگای دەروازەکانی پەرستگەی خودای “خالیدی” دانا.

لە "مووساسیر"، پاسەوانەکان ڕەوەکانیان بەردابوون یان لە پاراستنیان کۆتاییان کردبوو،

لە بەر دەرگای خودای "خالیدی" دزییان و فرۆشتیان.

ئەوەی لەم کاتەدا کە "ئیشپوینی" کوڕی "ساردور" و "منوا" کوڕی "ئیشپوینی" بۆ پاڕانەوە ھاتنە شاری "مووساسیر"

ڕەوەیەکیان پێشکەش بە خودای “خالیدی” کردو ئاوایان گوت:

ھەر کەس ئەو ڕەوانە لە بەر دەرگای خودای "خالیدی" بدزێ، ھەر کەس ببینێ کە دەیاندزن و خۆیان لە تاریکیدا ون دەکەن،

ھەرکەس لە ناو شاری "مووساسیر" دەژی و دەبیسێ کە ئەو ڕەوانە لە بەر دەرگای خودای "خالیدی" دەدزرێن و لەگەڵ خۆیانیان دەبەن و پێی ناڕەحەت نابێ، خودای "خالیدی" ھیچ بەزەییەکی بۆ ئەو کەسانە نییە و وەچەی لە سەر زەوی ھەڵدەگرێ.

ھەر کەس ئەم نووسراوەیە لێرە ھەڵگرێ، ھەرکەس ئەم نووسراوەیە بشکێنێ، ھەرکەس بە کەسێکی تر بڵێ: بچۆ ئەم نووسراوەیە بشکێنە، تەواوی خوداکانی شاری "مووساسیر"، خودای "خالیدی"، خودای "ھەوا" و خودای "ھەتاو" وەچەی لەسەر زەوی ناھێڵن.

KURDŞOP
866 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!