٩ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزیدیدا تێدەپەڕێت

ڕێکەوتی ٣ی ئابی ٢٠١٤، گرووپی تێرۆریستیی داعش پەلاماری شنگالی دا و کوردانی ئێزیدیی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی ڕفاند. تاوەکوو ئێستا (٣ی ئابی ٢٠٢٣)، ٢٧١٣ کوردی ئێزیدی بێسەروشوێنن کە ١٢٧٠ کەسیان ژن و ١٤٤٣ کەسیان پیاون.


کوردانی ئێزیدی

ئێزیدییەکان بە درێژایی مێژوو لە کوردستان و لەنێوان سنووری باکوور و ڕۆژاوا و باشوور ژیاون. لە کتێبی شەڕەفنامەدا لەلایەن شەڕەف‌خانی بەدلیسییەوە (ساڵی ١٥٩٩) باس لەوە کراوە کە ئێزیدییەکان لە ناوچەکانی "مووسڵ، دهۆک، ئامەد، حەلەب و بۆتان"دا دەژین. 

ئێزیدییەکان بە زمانی کوردی و شێوەزاری کورمانجی و ئەوانەشی لە دەوروبەری مووسڵ و سووریە و بەعشیقەن، بە عەرەبی قسە دەکەن. هەموو ئەرکە ئایینییەکانیان بە شێوەزاری کورمانجییە، بەڵام کتێبە ئایینییەکانیان بە زمانی "سریانی" نووسراون. بنکەی ئایینەکە پەرستگای "لالش"ە لە نزیک مووسڵ و دیارترین هۆزەکانیان بریتین لە: "هەبابات، مەسقورە، عەمرا، عەبیدی، هەراقی، شەهوان، حەیالی و جەحش."

ئێزیدییەکان جیا لە کوردستان، عێراق و سوویە، لە وڵاتانی ئەرمەنستان و جۆرجیاش بوونیان هەیە.

بە درێژایی مێژوو، ئێزیدییەکان ٧٢ جار تووشی کوشتن و پەلاماری کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، بەهۆی ئەمەشەوە ئێزیدییەکان لە وڵاتەکانی دیکە بڵاو بوونەتەوە و زۆرێکیان بە ناوچەکاندا بڵاوەیان کردووە و بەو هۆیەشەوە خەڵکێکی داخراون و لەنێو خۆیاندا کۆکن و هەمیشە پێکەوەن. لە دوایین پەلاماردانی سەر ئێزیدییەکان، ساڵی ٢٠١٤ی زایینی لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی "داعش"ەوە پەلامار دران و سەدان کەسیان کوژران و هەزارانیان لە شنگال ئاوارە بوون و زۆرێک لە کچەکانیشیان وەک کاڵا لە بازاڕەکانی مووسڵ و سووریە فرۆشران.

جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەلایەن داعشەوە

ڕێکەوتی ٣ی ئابی ٢٠١٤، گرووپی تێرۆریستیی داعش پەلاماری شنگالی دا و کوردانی ئێزیدیی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی ڕفاند. تاوەکوو ئێستا (٣ی ئابی ٢٠٢٣)، ٢٧١٣ کوردی ئێزیدی بێسەروشوێنن کە ١٢٧٠ کەسیان ژن و ١٤٤٣ کەسیان پیاون.

لە پەلامارە دڕندانەکەی داعشدا، تەنیا شوێنێک کە ئێزیدییەکان هانایان بۆ برد، چیای شنگال بوو؛ ئەوانەی لە شەڕەکەدا هەڵاتن، ڕوویان کردە چیای شنگال؛ دواتر لەوێوە خۆیان گەیاندە ڕۆژاوای کوردستان و پاشان زۆرینەیان لە ڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون و بەشێکیشیان ڕوویان کردە وڵاتانی دەرەوە.

تاوەکوو ئێستا، ٣٥٧٠ کەس لەو ڕفێندراوانە رزگار کراون کە ٣٣٩ کەسیان پیاو و ١٢١٤ کەسیان ژنن و ئەوانی دیکەش منداڵی کچ و کوڕن.

پاش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شاری شنگال لەلایەن داعشەوە، ئه‌و گرووپه‌ تاوانكاره‌ تیرۆریستە، ده‌ستیان به‌ كوشتن و زیندەبەچاڵکردنی بەشێکی زۆری خه‌ڵكی سڤیلی ئەو دەڤەرە کرد و به‌پێی هه‌موو پێوه‌رێكی نێودەوڵەتی، ئەم تاوانە دژە مرۆییە ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی تاوانی جینۆسایده‌وه.

پەلاماری دڕندانەی داعش بۆ سەر کوردانی ئێزیدی، ئەوکات تا ڕادەیەک سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەدەست هێنا و بووە هۆی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە ئەمەش بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر داعش دەستی پێ کرد. سەرەڕای ئەوەش، ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا فڕۆکەیەکی فریاگوزارییان بۆ ئێزیدییەکان نارد کە بەرەو چیای شنگال هەڵهاتبوون.

ڕێکەوتی ١٥ی ئاگوستی ٢٠١٨، یەکەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی لە هەولێر بەڕێوە چوو. لەو کۆنفڕانسەدا خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزیدییەکان و بەرپرسی دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزیدی ڕایگەیاند کە زیاتر لە شەش هەزار کوردی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کوردی ئێزیدی بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.

ناوبراو باسی لەوە کردبوو: "ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی لێرە کۆ کردووەتەوە، باسکردنی کۆمەڵکوژییەکی دیکەیە دژ بە پێکهاتەیەکی ئاشتیخواز و ژیانخواز کە لەلایەن دڕندەکانی ئەم سەردەمە، تیرۆریستانی داعش ئەنجام دراوە کە بووەتە هۆی کوشتنی زیاتر لە ٢٥٠٠ خەڵکی سڤیل، بێجگە لەو قوربانییانەی تاوەکوو ئێستا لەنێو ٦٢ گۆڕی بەکۆمەڵدان. زیاتر لە شەش هەزار و ٤٠٠ کچ و ژن و منداڵ ڕفێندراون و ٦٨ شوێنی ئایینیی ئێزیدییەکان تەقێندراونەتەوە. هەروەها نزیکەی ٢ هەزار و ٨٠٠ منداڵیش بێ دایک و باوک کراون و زیاتر لە ٣٦٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون کە لە کەمپەکاندا ژیانێکی سەخت بەسەر دەبەن."

دیاریکردنی ٣ی ئاب وەک ڕۆژی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە

له‌ كۆبونه‌وه‌‌ی‌ په‌رله‌مانی کوردستان لە ڕێکەوتی‌ ٣ی‌ ئابی‌ ٢٠١٩، کە بۆ ده‌نگدان بوو له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای‌ ناساندنی‌ ڕۆژی‌ كۆمه‌ڵكوژیی‌ كوردانی‌ ئێزیدی، یاساکە بە دەنگی ٨٧ پەرلەمانتار پەسەند کرا.

ئەوکات، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "هەرچەندە ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی غەمناکە، بەڵام پیرۆزبایی لە ئێزیدییەکان دەکەم بۆ دەرکردنی ئەو پرۆژە بڕیارە."

نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش جینۆسایدی لە دژی ئێزیدییەکان ئەنجام داوە

ڕۆژی پێنجشەمە ڕێکەوتی ۱٦/٦/۲٠۱٦، لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان- ژێنێڤ، لێژنەی لێکۆڵینەوەی سەر بە کۆمیسیونی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند: "تاوانەکانی داعش دژ بە کوردانی ئێزیدی جینۆسایدە."

ئەوکات لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند: "داعش جینۆسایدی لە دژی ئێزیدییەکان لە عێراق و سووریە ئەنجام داوە و دەیەوێت لە ڕێگەی کوشتنکاری و کۆیلایەتیی سێکسی و تاوانی دیکەوە، ئەم گرووپە نەژادییە ئاینییە کە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس دەبن، لەنێو بەرێت."

لێکۆڵەرەکان ڕاپۆرتەکەیان لەسەر بنچینەی چاوپێکەوتن لەگەڵ دەیان کەسی ڕزگاربوو، ئەنجام دابوو.

ئەوکات، "کارلا دێل پۆنتێ"، لێکۆڵەر لە کۆمیتەکە گوتبووی: "داعش نایشارێتەوە کە نیازی هەیە ئێزیدییەکانی شنگال لەنێو بەرێت، ئەمەش یەکێل لەو بابەتانەیە کە وەهایان کرد بگەینە ئەم ئەنجامەی ئەوەی داعش کردوویەتی جینۆسایدە."

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو: "داعش لە بەرامبەر ژنان و منداڵان و پیاوان، هەرسێ تاوانی دژە مرۆڤایەتی و جەنگ و جینۆسایدی ئەنجام داوە و لە ڕۆژی داگیرکردنی شنگالەوە هەتا ئێستا تاوانەکان بەردەوامن. داعش بە توندی لە هەوڵی لەنێوبردنی ئێزیدییەکاندایە، هەر لە کوشتار و بە بەندەکردنەوە هەتا دەگاتە دەستدرێژیی سێکسی و فرۆشتنی ژنان و کچان. ئەم کردەوانەش دەرهاویشتە و کاریگەریی زۆری جەستەیی و دەروونیی لەسەر ئەو گرووپە نەتەوەیی و ئایینییە بەجێ هێشتووە."

حکوومەتی بریتانیا بە فەرمی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی بە "جینۆساید" ناساند

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی ئاب، حکوومەتی بریتانیا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، بە فەرمی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی لەلایەن داعشەوە بە جینۆساید ناساند، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ نزیکبوونەوەی نۆیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان. حکوومەتی بریتانیا لە بەیاننامەکەیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە کە ساڵی ٢٠١٤، داعش ئێزیدییەکانی جینۆساید کردووە.

پێشتر و لە ساڵی ٢٠١٦دا، پارلمانتارانی بریتانیا دەنگیان بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئێزیدییەکان دا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ڕێنمایی وەزیرەکانی کرد کە خۆیان لەو بڕیارە بەدوور بگرن، ئەویش لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەو جۆرە بڕیارانە کاری حکوومەت نییە.

لەمبارەوە لۆرد ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕایگەیاند: "نۆ ساڵ لەمەوبەر، خەڵکی ئێزیدی لەسەر دەستی داعش تووشی نەهامەتیی گەورە بوون و کاریگەرییەکانی تا ئەمڕۆش هەستیان پێ دەکرێت. دادپەروەری و لێپرسینەوە لە تاوانکاران بۆ ئەو کەسانە گرینگن کە ژیانیان وێران بووە."

لەم پێوەندییەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "ستایشی بڕیاری حکوومەتی بەریتانیا دەکەم بۆ بەفەرمی دانپێدانان بە جینۆسایدی ئێزیدیان لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە. لە کاتێکدا لە نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی نزیک دەبینەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕوویدا، بە ڕێزەوە یادی قوربانییانی ئێزیدی و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە بەدەستی گرووپە تیرۆرستییەکە ئازاریان چەشتووە".

کۆتایی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان شنگال بە ناوچەی دابڕێندراو لە کوردستان هەژمار دەکات و پێیوایە زۆنێکی تەواو ستراتیژییە بۆ نەخشەی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستان و خواستی ئەوەیە کە بیخاتەوە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام مەودایەکی زۆر لەنێوان ئەم خواستە و کارکردن لە واقعیدا هەیە. چونکە لە ٢٠١٤وە تا ئەمڕۆ، ڕکابەرەکانی هەرێمی کوردستان زۆر بوون، ئەگەر جاران تەنیا حکوومەتی عێراق بووبێت، ئێستا ئێران و تەنانەت تورکیایشی هاتووەتە سەر. بەم حاڵەوە ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و کوردانی ئێزیدی، زۆر ئەستەم پێشبینی دەکرێت.

KURDŞOP
559 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!