مهاباد و  بەڵگەیەک لە کوشتاری بە کۆمەڵ

 

 

لە سەدەی بیستەمدا هیچ ناوچەیەک بە قەرا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ لە شەڕ و کێشە نەبووە و لەو ناوچەیەشدا، هیچ نەتەوەیەک بەقەد کورد، زیانی وێ نەکەوتووە.  هەبوون گەلانی دیکەش کە لە لایەن گەل و نەتەوە سەردەستەکانەوە چەوساونەتەوە و تەنانەت بە کۆمەڵیش کوژراون، بەڵام بە زۆر هۆی ناوخۆیی و دەرەکی هەم حەولیان داوە بابەتی کوشتارەکەیان بکەنە بابەتێکی  بەرباس بۆ بیروڕای گشتیی جیهان و سیاسەتوانانی ئەوکاتی دونیا و هەم لە لایەن دەسەڵاتدارانی سەردەمی مودێڕنەوە، هەم لە  ئەورووپا و هەم لە ئەمریکا پشتیگرییان  لێ کرا و کێشەکەیان لە کێشەیەکی ناوخۆییەوە، ڕەنگی کێشەیەکی ناوچەیی و جیهانیی بەخۆوە گرت. هەر ئەو بابەتە ش بووە هۆی ئەوەی بپارێزرێن و تەنانەت ببنە خاوەن کیان و دەوڵەتی سەربەخۆش. ئەگەر بمانهەوێ نموونەیەک باس بکەین دەتوانین ئاماژە بە کوشتاری  ئەرمەنییەکان بکەین کە لە دەوروبەری ساڵەکانی  ١٩١٦دا ڕوو ی داوە و هەڵبەت ئەوەندەی ئەو کوشتارە ناخۆش و گورچووبڕ بووە بۆ نەتەوەی ئەرمەن، ئەوەندەشی دەنگدانەوە لە جیهاندا هەبوو. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بە فەرمی لە پەیماننامەی سیڤەردا ناویان بێ و بەندێک لەو پەیماننامەیە بۆ ئەرمەنییەکان  تەرخان بکرێ و وڵاتی سەربەخۆیان بۆ دیاری بکرێ .

بەڵام هەر لەو سەردەمەدا، واتە لە سا ڵی  ١٩١٦ بە پێی ئەو بەڵگانەی نووسەرانی ئامریکایی لە شارێکی وەک شاری سابڵاغ یان مهابادی ئێستا، بەدەستیانەوە داوە، نیشان دەدا زلهێزەکانی جیهانی، لە شاری مهاباد دەستیان داوەتە گەورەترین جینایەتەکانی  مێژووی ناوچە و لەماوەی چەند مانگدا، زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی خەڵکی مهابادیان قەتڵوعام کردووە. ئەو ژمارە لە کوشتار ئەگەر وەک ئامار چاوی لێ بکەین، هەم بۆ ئەوکات کە حەشیمەتی گشتیی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەم بووە، یەکجار زۆرە و  هەم بۆ ئێستاش کوشتنی دە هەزار کەس، ژمارەیەکی هێند زۆرە کە ویژدانی  مرۆڤ ڕادەچڵەکێنێ.

بەڵام چ ئەوکات و چ ئێستاش، ئەو ڕووداو و کارەساتە مێژووییە، لە هیچ کوێی مێژوی سیاسیی ئێران و جیهان و ناوچەدا ئاماژەی پێ نەکراوە و هەر  لەو کاتەوە بەردێکی نراوەتە سەر و تەنانەت بە پێی بەڵگەکان، وڵاتی ئێرا نیش لە کاتی سکاڵا تۆمار کردنی بە دژی وڵاتانی داگیرکەری بەشی ڕۆژئاوای ئێران کە مهابادیش لەوێ هەڵکەوتووە، هەر ناوی کوشتاری  بەکۆمەڵی مهاباد لە کوولەکەی تەڕیشدا نەهاتووە. ئەوەی نوێنەری ئێران لە کۆنفڕانسی  وێرسای  باسی دەکا و دەیهەوێ، هەموو شتێکی تێدایە جگە لە باسی کوشتاری بە کۆمەڵی مهاباد. ئەوەش ئەو ڕاستییە دەردەخا  کە ئەوەندی کورد، لە لایەن هێزە سەردەستەکانی ناوچە وەک عوسمانی و ڕووسیەوە سەرکوت و قەڵاچۆ کراوە، هەر بەو ڕادەیەش لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە لە ژێر گوشاردا بووە و لە کاتی تەنگانەدا ئەو حکوومەتەش پشتی تێ هەڵکردوون و ئاوڕی وێ نەداونەتەوە و دوای کارەساتەکەش تەنانەت بە دێڕێک داوای قەرەبووی مافی ئەو خەڵکەی نەکردووە کە بە دە هەزار کەسیان تەنیا لە شارێک لێ قەتڵو عام کراوە.

لەوبارەیەوە حەسەنی قازی لە وتارێکدا بە ناوی "حەوت بەڵگەی ڕاتڵەکێن"، ئەو بەڵگانەی لەسەر ئەو کوشتارە لە نووسینەکانی نووسەرانی بیانی و غەیرە کورد وەدەستی کەوتوون وردەگێڕێ و تێیاندا نێشان دەدا کە تەنیا لە گوزارشی ئەو نووسەرانەدا و ئەوکات وەک هەواڵ باسی ئەو ڕووداوە کراوە و دواتر باسی نەکراوەتەوە. بۆ ڕوون بوونەوەی باسی ئەو کوشتارە هێندێک لە زانیارییەکانی یەکێک لەو بەڵگانە بە دەستەوە دەدەین کە لەوتاری گۆرین  هەڵێنجراون:

دیارە ئەوکات بڵاڤۆکیک لە لایەن میسێۆنۆرە بیانییەکانەوە بە ناوی " کوردستان میشنێری" بڵاو کراوەتەوە. لەو بڵاڤۆکەدا هەر جارەی باسی  بابەتەکانی پێوەندیدار بە کار و باری ئەو میسیۆنۆرانە لە کوردستان کراوە. لە ژمارەی ١٢ی کوردستان میشنێریدا، کە لە سێپتامبری ١٩١٦دا بڵاو کراوەتەوە یەکێک لەو کەسانە بە ناوی "یای گودهارت" باسی ئەوەی کردووە کە بە چاوی خۆی ڕووداوەکانی ئەو کوشتارەی دیتووە. وەکی حەسەنی قازی دەڵێ هێندێک کەس کوتوویانە ئەو ڕووداوە ساڵی ١٩١٧ ڕووی داوە و دواتر ئەو بەو بەڵگەیە قسەکەیان ڕەت دەکاتەوە کە "یای گودهارت" ساڵی ١٩١٧ لە ئامریکا بووە و ئەو بابەتە ساڵی ١٩١٦ نووسراوە و ڕاوێژەکەشی جۆرێکە کە نیشان دەدا نووسەر دەبێ بە چاو ڕووداوەکانی دیتبێ. بۆیە یای گودهارت نووسیوێتی:

ژماری ئەو کەسانەی کووژراون بە دە هەزار کەس تەخمین  دەکرێ. ئەو ژن و کچانەی نەیانکوشتوون، بەشێکیان لەگەڵ خۆیان برد... لە نێو سابڵاغدا ژمارەی کوژراون ٧٦٧٠  کەس بوون . کە زۆربەیان پیاو بوون. "قەشە فاسۆم" هەر لە ماڵێکدا سەد و پەنجا مەیتی دۆزییەوە.

پێوستە ئاماژە بکرێ کە قەشە فاسۆم و خاتوو یای گودهارت، هەردووکیان  لە ساىلاغ بوون و ڕووداوەکانیان بە چاوی خۆیان دیتووە و ئەو نووسینەش ئەوە دەردەخا کە قەشە فاسۆم  کە هاوکاری گودهارت بووە، خۆی ١٥٠ مەیتی  لە ماڵێکی سابلاغدا دۆزیوەتەوە.

 ئەو کورتە نووسینە ڕاستییەکی تاڵمان بۆ دەردەخا. ئەویش  ئەوەیە کە لە کێشەی نێوان ڕووسیە و عوسمانیدا، لە ساڵی ١٩١٦ کە لە مهاباد ڕووی داوە و عوسمانییەکان مهاباد بەجێ دێڵن و ڕووسەکان دەستی بەسەردا دەگرن، خەڵکی مهاباد، جودا لەوەی دە هەزار کەسیا ن لێ د ەکوژرێ و سەروەت و سامانیان بە گشتی تاڵان دەکرێ، ژن و کچیان لە لایەن ڕووسەکانەوە دەست درێژییان  دەکرێتە سەر و تەنانەت بەشێکیشیان لەگەڵ خۆیان دەبەن.  ئەوە بە پێوانەی  هەموو یاساکانی جیهانی مودێڕن کە هەڵبەت  ئەو جینایەتەش لە سەردەمی مودێڕندا ڕووی داوە، جیانەت دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکووژییەکی نێودەوڵەتییە و دەبوو هەر ئەوکات نوخبە و زانایانی کورد لە دژی بنووسن و هەلوێست بگرن و  بیکەنە بەڵگەیەک بۆ چەوساوەیی و مافخوازیی خۆیان . ئەو شتەی کە نە  کورد بۆخۆی کردی و نە سیاسەتمەدارانی ئێرانیش بەلایدا چوون.

KURDŞOP
587 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!