ئەنفال، زامێک بە جەستەی کوردستانەوە

 

شەهاب خالیدی

 

 

ئەنفال

"ئەنفال" ناوی هەشتەمین سورەی قورئانە و بە مانای تاڵان و حەڵاڵکردنی ئەو غەنیمەتانە دێت کە لە کاتی شەڕدا بەدەستی دەهێنیت.

ڕێژێمی بەعس بە سەرۆکایەتیی سەدام حوسەین پێنجەمین سەرۆک کۆماری عێراق بە مەبەستی مەشرووعیەت و ڕەواییدان بە گرتن و کوشتن و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی کورد ناوی "ئەنفال"ی لە سەر هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان دانا کە بەداخەوە لە پڕۆسەی ئەنفالدا جاشەکانیش زۆر یارمەتیی ڕێژیمیان دا.

ڕێژێمی بەعس زۆربەی گیراوەکانی بە ژن و منداڵ و بەساڵاچووەوە گواستەوە بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق. لە چۆڵستانەکانی پارێزگای موسەننا (لە قەزای سەماوە) لە باشووری عێراق قەڵای نۆگرە سەلمان هەیە، کە بە سەدان ژن و منداڵ و پیر لە ناو قەڵاکەدا بەهۆی تێنوویەتی و برسیەتی و ئەشکەنجە گیانیان لە دەست دا و تەرمی بەشێکیان دەرخواردی سەگەڕەشەکانی ئەو بیابانە دران.

کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان

ڕێژێمی بەعسی دەسەڵاتدار لە عێراق لە بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٩٨٣.٧.٣١ تا ڕێکەوت ١٩٨٣.٨.١٠ ئۆپەراسیۆنێکی دژ بە بارزانییەکان لە ئۆردوگاکانی قوشتەپە، بەحرکە، حەریر، بەتاس و دیانا ئەنجام دا. ئۆپەراسیۆنەکە لە سێ قۆناغدا دەست بە جێبەجێکردنی کرا:

قۆناغی یەکەم: سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٩٨٨.٧.٣١هێزە چەکدارەکانی ڕێژێمی عێراق بارزانییەکانی نیشتەجێ لە ئۆردوگای قوشتەپەیان گواستەوە بۆ هەردوو کەمپی قودس و قادسییە لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر.

قۆناغی دووەم: لە ڕێکەوت ١٩٨٣.٨.١٠هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی بەعس هێرشیان کردە سەر کەمپی حەریر، دیانا و بەحرکە و بە سەدان کەسیان دەستبەسەر کرد.

قۆناغی سێهەم: لە ڕێکەوت ١٩٨٣.١٠.١هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی بەعس جارێکی دیکەش دەستیان بە گەڕان و پشکنین لە نێو ئەو کەمپانە کرد، بۆ ئەوەی ئەگەر کەسانێک لە دەستیان ڕزگار بووبن بتوانن دەستگیریان بکەن.

بە گشتی لە ئاکامی ئەم هێرشە بێبەزەییانەدا ٨ هەزار بارزانی دەستگیرکران و گواسترانەوە بۆ بەغدا و دواتریش بۆ پارێزگای دیوانیە. دوای ئەوەی لەلایەن دادوەری بەعسی عەواد بەندەرەوە بڕیاری کوشتنیان دەرچوو، هەموویان گواسترانەوە بۆ بیابانەکانی شەترە و شەنافییە و بادییە لە پارێزگای موسەنا (کە سەنتەرەکەی سەماوەیە) و لەوێ تیرباران کران، کە 315 کەسیان مێرمنداڵ بوون.

دوای ڕووخانی ڕێژێمی بەعس لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی دا گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان بدۆزێتەوە و تەرمی قوربانییەکان بگەڕێنێتەوە کوردستان.

لە ساڵی ٢٠٠٤ تەرمی ٥٠٣  ئەنفالکراو لە بیابانێکی پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق دۆزرایەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤ هەر لە بیابانی پێشوودا تەرمی ٩٣ کەسی دیکە لە بارزانییە ئەنفالکراوەکان دۆزرایەوە.

لە ساڵی ٢٠٢١ تەرمی ١٠٠ کەس لە بارزانییە ئەنفالکراوەکان لە بیابانی "عەر عەر" لە پارێزگای موسەننا دۆزرایەوە.

ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨

ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ لە هەشت قۆناغدا جێبەجێ کرا:

ئەو هەشت قۆناغە بۆ ماوەی 198 ڕۆژ بەردەوام بوو لە ڕێکەوتی ١٩٨٨.٢.٢٣ تا ١٩٨٨.٩.٦.

ئەنفال بە بڕیاری سەدام حسێن سەرۆک کۆماری عێراق دەستی پێ کرد کە ناوبراو هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش بوو.

 

قۆناغی یەکەمی ئەنفال:

لە نیوەشەوی ڕێکەوت ١٩٨٨.٢.٢٣دەستی پێ کرد و لە ڕێکەوت ١٩٨٨.٣.١٩ کۆتایی پێ هات.

قۆناغی یەکەم بەرەو بنکەکانی دۆڵی جافایەتی و بنکەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە گوندەکانی سەرگەڵوو و بن گەڵوو، لە چوارتا تا ماوەت و لەوێشەوە بۆ سلێمانی و بۆ سورداش، دوکان و بنگرد (کە ١٥٠ گوندی لەخۆ گرتبوو)، و هەزاران کەس لەو ناوچانە دەستبەسەر کران.

یەکەمین قۆناغی ئەنفال لەلایەن ئەم فەرماندەرانەی حکوومەتی بەعسەوە سەرۆکایەتی دەکرا:

-لیوا ڕوکن سوڵتان هاشم ئەحمەد محەمەد ئەلتائی جێگری فەرماندەی فەیلەقی 1.

(ناوبراو لە دانیشتنی ژمارە 33ی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال لە ڕێکەوت ٢٠٠٦.١٢.٢١ وتی: ئەگەر فەرمانی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییم پێ کرابا، بە دڵنیاییەوە بە کارم دەهێنا).

-عەلی حەسەن مەجید تکریتی، بەرپرسی نووسینگەی باکووری پارتی بەعس، لە ڕێکەوت ٢٠٠٦.١٢.٢١ لە کاتی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال وتی: "پەشیمان نیم لەو کارانەی کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا کردوومەتەوە و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دۆخی ئەوکات، دیسانیش ئامادەم بۆ هەمان کار".

ئۆپەراسیۆنی قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە هەشت میحوەرە دەستی پێ کردبوو. هەرچەندە نەوشیروان مستەفا لە لاپەڕەی ١٥٠ی کتێبی "خولانەوە لە ناو بازنەدا" دەنووسێت کە ئەوان زیاتر لە ٦٠٠ شەهید و برینداریان داوە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیلی ناوچەکە، بەڵام "ی.ن.ک" لە بەیاننامەی فەرمیی خۆیدا لە ڕێکەوت (١٩٨٨.٣.١٩) ڕایگەیاندووە کە زیانەکانمان ٦٠ پێشمەرگە بووە، بەڵام زیانەکانی دوژمن ٨ هەزار چەکدار بووە کە ٤٠٠ کەسیان ئەفسەری پلە بەرز بوون.

قۆناغی دووەمی ئەنفال:

لەم ئۆپەراسیۆنەدا ٢٧ یەکەی سەربازی و هێزی پاسەوانی کۆماری بەشدارییان کرد، کە لە ڕێکەوت ١٩٨٨.٢.٢٣ لە حەوت میحوەرەوە بۆ سەر قەزاکانی "قەرەداغ، سەنگاو، بازیان، دەربەندیخان، زەڕایەن، نەسر و عەربەت" دەستی پێ کرد.

لە ڕێکەوت ١٩٨٨.٣.٢٣ لەسەر داوای فڕۆکەوان غازی ئەحمەد خەلیل هەندێک گوند بۆردومان کران و لە ئەنجامدا 78 کەس شەهید و دوو سەد کەسیش بریندار بوون (هەندێک سەرچاوە باس لە 69 شەهید دەکەن). جگە لەوەش هەزاران کەس زیندانی کران و گواسترانەوە بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق.

ئەو ئۆپەراسیۆنە لە ڕێکەوت ١٩٨٨.٤.٢ کۆتایی پێ هات.

 

قۆناغی سێیەمی ئەنفال

لە ڕێکەوت ١٩٨٨.٤.٧ دەستی پێ کردووە و لە ڕێکەوت ١٩٨٨.٤.٢٠ کۆتایی پێ هاتووە.

ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی قۆناغی سێیەمی ئەنفال، ناوچەی گەرمیان و سنووری ئیداریی کەرکووک (کەرکووک، لەیلان، قادرکەرەم، دەربەندیخان، قەرە حەسەن، کفری، کەلار، سەنگاو، دوزخورماتوو، جەبارە، چەمچەماڵ و... قەرەهەنجیر) بوو. زیاتر لە هەزار گوندی سەر بەو ناوچانە لەگەڵ چوار مەڵبەندی سەر بە ناوچەکانی سەنگاو، قادرکەرەم، قەرەداغ و لەیلان لە نێو بردران.

ئۆپەراسیۆنەکە لە نۆ میحوەرەوە دەستی پێ کرد.

ڕۆژی ١٩٨٨.٤.١٤ ڕۆژێکی ڕەشە کە لەو ڕۆژەدا دڕندانەترین کۆمەڵکوژی ئەنجام درا. بۆیە ئەو ڕۆژە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک ڕۆژی ئەنفال دیاری کراوە.

لەو قۆناغەدا نزیکەی ٥٠ هەزار کەس دەستبەسەر کران.

قۆناغی چوارەمی ئەنفال

ئێوارەی ڕێکەوت ١٩٨٨.٥.٣ بە کیمیابارانکردنی گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر لە 20 مێحوەرەوە دەستی پێ کرد.

ئۆپەراسیۆنەکە گوندەکانی سەر بە (کەرکووک، ئاغجەلەر، پردێ، تەقتەق، تەکیە، خێلەکان، چەمچەماڵ، دوکان، دێگەلە، ڕێدار، سوورداش، شوان و کۆیە)ی لە خۆ دەگرت.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا ٢٨٥٥٠ پیاو و ژن و منداڵ گیران و کۆمەڵکوژ کران.

ئەو قۆناغەی ئەنفال لە ڕێكەوت ١٩٨٨.٥.٨ کۆتایی پێ هات.

قۆناغەکانی ٥، ٦، ٧ی ئەنفال:

ئەم سێ قۆناغەی ئەنفال لە ڕێکەوت ١٩٨٨.٥.١٥دەستی پێ کرد و لە ڕێکەوت ١٩٨٨.٨.٢٦ کۆتایی پێ هات.

ئەم ناوچانە لە بەر  ئەنفال کەوتن:

"پردێ، بەشێک لە هەولێر، مەسیف، شەقلاوە، هیران، دۆلا نازەنین، حەریر، خەلیفان، دۆلی خۆشناوەتی، ڕواندوز، دۆڵی مەلەکان، سۆران، دۆڵی وەرتێ، دۆڵی خانەقا، خەتێ، چۆمان، دێگەلە، دۆلی سماقۆڵی، کۆیە، دەشتی کۆیە، هیزۆپ، چوارقورنە، ڕانیە، قەڵادزێ، چیای قەندیل".

شەڕی خواکورک کە لە ڕێکەوتی ١٩٨٨.٧.١٩لە دژی بنکەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد و ماوەی مانگ و نیوێکی خایاند، بەشێک لەو سێ قۆناغەی ئەنفال بوو.

هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ئەم قۆناغەدا، دوژمن بە چەکی کیمیایی گوندی وەرتێ لە دۆڵی بالیسانی بۆردومان کرد کە لە ئەنجامدا ٢٢ کەس شەهید بوون.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا  بە گشتی ٥٢ گوند وێران بوون کە ٢٦٠٢ کەس لەو گوندانەدا دەژیان، بەڵام سەرژمێرییەکی ورد و دروستی دەستبەسەرکراوانمان لە بەر دەست نیە. سەرەتا دەستبەسەرکراوەکان بۆ ناحیەی تۆپزاوای کەرکووک و دواتریش بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق گواسترانەوە.

قۆناغی هەشتەمی ئەنفال:

ئەو قۆناغە لە ڕێکەوت ١٩٨٨.٨.٢٥بۆ  سەر ناوچەی بادینان دەستی پێ کرد و لە ڕێکەوت ١٩٨٨.٩.٦کۆتایی پێ هات.

ئەو قۆناغەی ئەنفال ئەم ناوچانەی لە خۆ دەگرت: دهۆک، مووسڵ، ئامێدی، ئەتروش، ئیمینکێ، باتوفە، زاخۆ، زاوێتە، زێوە، دێرەلۆک و کانی ماسی.

448 گوند وێران کران و ١٣٣٦١ کەسیش دەستبەسەر و بێسەروشوێن کران. بەڵام هەندێک سەرچاوە باس لە دەستبەسەرکردنی ٣٢ هەزار کەس دەکەن.

لە ڕێکەوتی ١٩٨٨.٨.٢٨ هێزەکانی بەعس لە گوندی "کوورێمێ" ٣٣ هاوڵاتیان تیرباران کرد.

زیاتر لە 200 هەزار سەرباز بەشدارییان لە قۆناغی هەشتەمی هێرشەکەدا کرد  لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە فەوجی جاشەکان کە ژمارەیان ١٧١ فەوج دەبوو. هەروەها زیاتر لە 100 یەکەی سەربازی و کەتیبەی تانک و تۆپخانە و یەکەکانی موغاویری و هێزە تایبەتەکان لەم هەڵمەتەی گرتن و تۆقاندنی کوردەکاندا بەشدار بوون.

 

دادگای باڵای تاوانەکان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوت (٢٠٠٦.٨.٢١) یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەمەڕ دادگاییکردنی تۆمەتباران دەست پێ کرد.

تۆمەتبارانی سەرەکیی ئەنفال کە دادگایی کران ئەم حەوت کەسە بوون:

-سەدام حسێن کە لە ڕێکەوت ٢٠٠٦.١٢.٣٠ لەمەڕ تاوانی دوجەیل لە سێدارە درا، بەڵام بە تۆمەتی ئەنفال دادگایی نەکرا.

- عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمیایی) کە لە ڕێکەوت ٢٠١٠.١.٢٥ بە تۆمەتی ئەنفال لە سێدارە درا.

-سابیر عەبدولعەزیز حوسەین عەلی ئەلدوری (سێ سزای هەتاهەتایی و دە ساڵ زیندان)

-حسێن ڕەشید محەمەد عەرەب ئەلتکریتی (چوار حوکمی لەسێدارەدان و حەوت ساڵ زیندان).

-سوڵتان هاشم ئەحمەد محەمەد (چوار حوکمی لەسێدارەدان، دوو سزای هەتاهەتایی، پانزە ساڵ زیندان، دە ساڵ زیندان، حەوت ساڵ زیندان، حەوت ساڵ زیندان).

-فەرحان موتلەگ ساڵح خەلەف ئەلجبوری (دوو سزای هەتاهەتایی و دە ساڵ زیندان).

-تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی (بڕیاری بێتاوانبوونی دەرچوو).

هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە بە گشتی ١٨٢ هەزار کورد ئەنفال کران، بەڵام هەندێک سەرچاوە باس لە ژمارەیەکی زیاتر دەکەن. بۆ نمونە نزار عەبدولکەریم فەیسەڵ ئەلخەزرەجی کە ئەوکات فەرماندەی هێزی "اللە اکبر" بووە، لەکاتی داوای مافی پەنابەری لە بەرپرسانی دانیمارک پێی وتوون: "پێتان دەڵێم، ژمارەی قوربانیانی کورد لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەسە".

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٧ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەنفالی بە جینۆساید ناساند، بڕیاریشی دا کە پێویستە حکومەتی عێراق پاڵپشتیی دارایی و مەعنەوی لە کەسوکاری قوربانیان بکات.

هەروەها پەرلەمانی عێراق لە ١٤ی نیسانی ٢٠٠٨ ئەنفالی بە جینۆساید ناساند و لە ساڵی ٢٠١٧ بڕیاری دا ١٤ی نیسان بکرێتە ڕۆژێکی نیشتمانی و ئەو کارەساتە ڕەشە یادی بکرێتەوە.

لەسەر ئاستی جیهان تەنها نۆروێژ (٢٠١٢)، سوید (٢٠١٢)، بەریتانیا (٢٠١٣) و کۆریای باشوور (٢٠١٣) پرۆسەی ئەنفالیان وەک جینۆساید ناساندووە.

گەڕان بەدوای تەرمی قوربانیانی ئەنفال:

 

تا مانگی ئابی ٢٠٢٠ تەرمی ٢٦٧٢ قوربانیی ئەنفال دۆزراونەتەوە کە بەشێکیان لەم شوێنانە دۆزراونەتەوە:

لە ساڵی ٢٠٠٤دا  ڕووفاتی ٣٠ ئەنفالکراو لە هەڵەبجە دۆزراونەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٨دا  ڕووفاتی ٣٣ ئەنفالکراو  لە خانەقین دۆزراونەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٠دا  ڕووفاتی ٣٠ ئەنفالکراو لە دهۆک دۆزراونەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١١دا   ڕووفاتی ١٠٦ ئەنفالکراو لە دوبز دۆزراونەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٢ لە دیوانیە شەش گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە ٧٣٠ تەرمیان تێدابوو.

لە ساڵی ٢٠١٣دا ڕووفاتی ١٥٨ ئەنفالکراو لە چیای حەمرین دۆزراونەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕووفاتی ١٤ ئەنفالکراو لە دهۆک دۆزراونەتەوە.

سەرچاوەکان:

١-ئەنسیکلۆپیدیای ئەنفال    ئامادەکار: دەرسیم دیبەگەیی

٢-Qonaxên Enfalê û komkujkirina Kurdan li Başûrê... | Rûdaw.net (rudaw.net)

3- ئامانج لە شالاوی ئەنفال چی بوو؟ حكومه‌تی عێراق چۆن به‌جینۆسایدی ناساند؟ (zamenpress.com).

4- شاڵاوی ئەنفال - ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد (wikipedia.org)

٥-komalkozhy-barzaniyakan (anfalistan.com)

٦- ئەنفال، چەمک و قۆناغەکانی (knwe.org)

 

 

 

KURDŞOP
900 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!