قەڵای مێژووییی بەستامی ئورارتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

تیمێکی شوێنەوارناسیی ئاڵمانی لە هەڵکۆڵینەکانیاندا لە ناوچەی بەستام و دەوروبەری لە ساڵی ١٩٦٩ تا ١٩٧٨، ٤ قەڵای ئورارتییان دۆزییەوە کە یەکێکیان بەستام بوو کە نووسراوەیەکی ئورارتیی ونبوو و چەندین کەلوپەل و قاپی کانزایییان تێدا دۆزییەوە

شادی

کوردشۆپ- قەڵای بەستام دەکەوێتە تەنیشت گوندی بەستام لە نزیک شاری قەرەزیادین لە پارێزگای ورمێ. دەگوترێت ئەم قەڵایە گەورەترین قەڵای شارستانییەتی ئورارتییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. هەروەها دەگوترێت کە سێیەم گەورەترین قەڵای شارستانییەتی ئورارتییە لە جیهاندا. قەڵای بەستام نزیکەی ٢٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن گەلی ئورارتووەوە دروست کراوە و بۆ ماوەیەک یەکێک بووە لە شوێنە گرینگە پارێزراو و لەگیراننەهاتووەکانی شارستانییەتی ئورارتوو کە کەس نەیتوانیوە بچێتە ناویەوە. قەڵای مێژووییی بەستام یەکێکە لەو شوێنانەی شاری چاڵدرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە شایەنی سەردانکردنە و ساڵی ١٩٧٢ لە لیستی میراتی نەتەوەیی ئێران تۆمار کراوە.

قەڵای بەستام بە یەکێک لە شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی پارێزگای ورمێ دادەنرێت و دەکەوێتە نزیک گوندی بەستام لە نزیک شاری قەرەزیادین. هەروەها گوندی بەستام دەکەوێتە ڕۆژاوای شاری قەرەزیادین و ١٠ کیلۆمەتر لێی دوورە.

قەڵای بەستام لە ڕووی پانتاییەوە بە سێیەم گەورەترین شوێنی مێژوویی ئورارتی دادەنرێت. بەپێی ئەو بەردە نووسراوانەی کە دۆزراونەتەوە، لەلایەن پاشای ئورارتوو بە ناوی "ڕۆسای دووەم"، لەنێوان ساڵەکانی ٦٤٥ بۆ ٦٨٥ی پێش زایین، دروست کراوە.

تیمێکی شوێنەوارناسیی ئاڵمانی لە هەڵکۆڵینەکانیاندا لە ناوچەی بەستام و دەوروبەری لە ساڵی ١٩٦٩ تا ١٩٧٨، ٤ قەڵای ئورارتییان دۆزییەوە کە یەکێکیان بەستام بوو کە نووسراوەیەکی ئورارتیی ونبوو و چەندین کەلوپەل و قاپی کانزایییان تێدا دۆزییەوە.

ئورارتوو شارستانییەتێکی کوردە لە ١٥٠٠ تا ٦٠٠ ساڵ پێش زایین و پایتەختەکەی تووشبا یان وان لە باکووری کوردستان بووە. دەوڵەتی ئورارتوو سنوورەکانی کوردستان و بەرزاییەکانی ئەرمەنستانی لەخۆ گرتبوو.

ئەم قەڵایە دەکەوێتە سەر گردێک لە تەنیشت گوندی بەستام و دیواری ئەستووری هەیە کە بە شێوازی تەلارسازیی سەردەمی ئورارتی دروست کراوە و بەتەواوەتی بەسەر دۆڵی خوارەوەیدا زاڵە. قەڵای بەستام لەو سەردەمەدا بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو ڕێگا بازرگانییانەی کە باکووری کوردستان و شارەکانی تەورێز و ئەردەبیل لە ئێران و دەریاچەی ورمێ بەکاریان دەهێنا، دروست کرا. هەروه‌ها بەپێی زانیاریی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه، ئه‌م قه‌ڵایه به شێوه‌ی تونێلێکی بەرگری بووه که به شاری چورس بەسترابووەوە که پێنجه‌مین شاری گه‌وره له‌و سەرده‌مدا بووە و بورجی بچووک بۆ چاودێری له ده‌وروبەریدا بوونیان هەبووە. شاری چورس ئێستا گوندێکی مێژوویی و گەشتیارییە لە تەنیشت شاری قەرەزیادین لە پارێزگای ورمێ.

ئەم قەڵایە دوای زاڵبوونی مەدان لەو ناوچەیەدا، چۆڵ کراوە، هەرچەندە لە سەدەکانی ناوەڕاست و هەروەها لە سەردەمی مەغۆلەکاندا لەلایەن کۆمەڵێک مەسیحییەوە بەکار هێنراوە و پاشماوەکانیشیان هێشتا ماوە.

قەڵای مێژوویی بەستام گرینگییەکی مێژوویی زۆری هەیە، لەو ڕووەوە دۆسییەی ئەو بەرهەمە مێژوویییە بۆ تۆمارکردن لە لیستی بەرهەمە جیهانییەکان، ئامادە کراوە. هەروەها ئەم قەڵایە، ساڵی ١٩٧٢ لە لیستی میراتە نەتەوەییەکانی ئێراندا تۆمار کرا.

بەشە جیاوازەکانی قەڵای بەستام:

بەپێی زانیاریی شوێنەوارناسان و توێژەران، قەڵای بەستام لە سێ بەشی خوارەوە، ناوەند و لووتکە پێک دێت. بەشی یەکەم تایبەت بووە بە سەرباز و ئەسپەکان، بەشی دووەمی پەرستگا و بەشی سێیەمیش بۆ پاشای ئورارتوو تەرخان کراوە.

ئەو دەقەی کە بە زمانی ئورارتی لە قەڵای بەستام دۆزراوەتەوە، لە مۆزەخانەی نەتەوەیی تاران ڕاگیراوە.

تەلارسازیی قەڵای بەستام:

قەڵای بەستام یەکێک بووە لە شارە بەناوبانگەکانی ئورارتوو، هەر بۆیەش بە شاری ڕۆسای ناسراوە. شاری ڕۆسای، بە دەوروبەری قەڵاکەشەوە، نزیکەی ٣٢ هێکتار ڕووبەرەکەی بووە.

لێکۆڵینەوەکانی شوێنەوارناسان دەریدەخەن کە ئەم قەڵایە لە ماوەی ٥٠ ساڵ و بە سێ قۆناغ دروست کراوە و پەرستگە و بازاڕ و تەختی حکوومەت و بورج و بەنداو و دەروازە و ڕێگەی شاراوەی هەیە.

قەڵای بەستام دیوارێکی بەردیی بەهێزی هەیە کە لەسەر بەردێکی بەرز دروست کراوە و دەڕوانێتە دەشت و دۆڵی بەردەمی. لەنێو قەڵاکەدا چەند بەشێکی جیاواز هەن کە بۆ سەردانکەران و سەربازان و پەرستگەکان بەکار دەهێنران و شوێنی نیشتەجێبوون و بەڕێوەبەری بووە.

قەڵاکە بۆ پاراستنی ئەو ناوچە مێژوویییە دروست کراوە و لە ساڵانی ڕابردوودا بە ٦٢٠ مەتر بەرد دەورە دراوە.

 

KURDŞOP
577 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!