بەسەرهاتی برۆیێ حەسکێ و کۆماری ئاگری - بەشی دووەم

کەیهان محەممەدی‌نژاد

کوردشۆپ- لە کۆماری ئاراراتدا سروودێکی پڕناوەڕۆک هەڵبژێردرا؛ ئەمەش سروودی نەتەوەیی کۆماری ئاگری بە ناوی "هلبە ئاگری"یە:

"ئاگری ئاگری تو ئاگر بوویی

ل ناڤ کەتی سەربلند بوویی

ل سەر کوردستانێ تو چرا بوویی

هلبە ئاگری، هلبە ئاگری…!

ئاگر درژاند سەر سەران

رۆناهی درەشاند هەر دەران

ئەردێ دهەژاند جار جاران

هلبە ئاگری، هلبە ئاگری…!

نەڤالێن تە تژی خوین بوون

 خەلخەلێن تە تژی جەندەک بوون

راستە بەرێ تو ئاگر بوویی

هلبە ئاگری، هلبە ئاگری…!

شەرق و خەرب باسک ڤەرگرتییە

سەر سنگێ خوە لاڤ گرتییە

کوردان را تو کابە بوویە

هلبە ئاگری، هلبە ئاگری…!

ئیرۆ دیسا هێرسا تە هات

ئەڤ ئاگران بوونە کەلات

کۆم بوون ئێدی سەر تە جڤات

هلبە ئاگری، هلبە ئاگری…!

رۆژا ئازاد سەر تە هلات

رۆنیا تە بەسرە رەشاند

ناڤ ملەتان ئازادی چاند،

هلبە ئاگری، هلبە ئاگری…!

ژ سەوا تە ترک دگری

تە دیت چاوا رۆمی رەڤی

هلبە ئاگری، هلبە ئاگری…!"

حکوومەتی تورکیا کە خۆی بۆ هێرشی گشتی بۆ سەر کۆماری ئاگری ئامادە دەکرد، بە مەبەستی دەستخستنی کات، چەند پلانێکی دانا. بەم پێیە ساڵی ١٩٢٨ لێبووردنی گشتیی دەرکرد.

لەو کاتەدا تورکەکان کە بینییان پلانی لێبووردنی گشتی ناتوانێت کاریگەریی لەسەر سەرکردەکانی کۆماری ئاگری و خویبوون هەبێت، کەوتنە داڕشتنی پلانێکی تر بۆ دانوستان لەگەڵ فەرماندەکانی ئاگری؛ لەو کاتەدا دەسەڵاتی کەمالیست وەفدێکیان بۆ شاری بازید نارد بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێحسان نووری کۆ ببنەوە.

بەپێی سەرچاوەکان، شاندی کۆماری ئاگری کەسانی وەک برۆیێ حەسکێ، ئێحسان نووری پاشا، فەرزندە بەگ و خالس بەگی لەخۆ گرتبوو. دیداری کورد و تورک لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٢٨دا لە نزیک شاری بازید بەڕێوە چوو.

لەو دیدارەدا نوێنەرانی تورکیا کۆمەڵێک مەرجی بێ بنەمایان خستە بەردەم کورد، بەڵام ئێحسان نووری پاشا سەبارەت بە داواکارییەکانیان گوتبووی: "پێویستە تورکەکان ڕێز لە لایەنی کورد لە ئاگری بگرن. من داوای لێبووردن لە دەوڵەت ناکەم. بەڵام مەرجی وەستاندنی شەڕ ئەوەیە کە دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا بنرێت".

بەڵام ئەوە زانرا کە تورکیا تەنیا دانوستانی بۆ دەستخستنی کات کردووە تاکوو بتوانێت جارێکی تر خۆی بە باشی ڕێک بخاتەوە و هێرش بکاتە سەر کۆماری ئاگری. واتە کۆبوونەوەکەیان هیچ ئەنجامێکی نەبوو.

دوای ئەو دانوستانە، بۆ ماوەی چەند مانگێک هیچ هێرشێک لەلایەن هیچ لایەنێکەوە نەکرا؛ بەپێی کتێبی "عمەرخانی شکاک" لە نووسینی "محەممەدساڵح قادری"، دیدارێکی دیکە لە گوندی "کانیکۆرک" لە نێوان لایەنی کورد و تورک ڕێک خرا. بەڵام ئەو کۆبوونەوەیەش هیچ ئەنجامێکی نەبوو. دوای ئەو وتووێژانە شەڕی گەورە لەنێوان سوپای تورکیا و شەڕڤانانی کۆماری ئاگریدا هاتە ئاراوە.

شەڕی کانیکۆرک کە ساڵی ١٩٢٩ لەنێوان سوپای تورکیا و کۆماری ئاگری ڕوویدا و چەند حەوتوویەکی خایاند، یەکێک بوو لە گەورەترین شەڕەکان. لە پاییزی ئەو ساڵەدا سوپای تورکیا گوندی کانیکۆرکی سەر بە کۆماری ئاگریی داگیر کرد و سووتاندی.

دوای ئەو هێرشە دڕندانەی سوپای تورکیا، هێزە کوردییەکان هێرشیان کردە سەریان و شەڕ لە دەشتی ئەو ناوچەیە هەڵگیرسا و هێزە کوردییەکان دەستکەوتی گەورەیان بەدەست هێنا. هەروەها فڕۆکەیەکی تورکیاش لەلایەن شەڕڤانانی کۆماری ئاگرییەوە خرایە خوارەوە.

ماوەیەک بەسەر ئەو شەڕەدا تێپەڕی و ساڵی ١٩٣٠ سوپای تورکیا جارێکی تر هێزێکی گەورەی کۆ کردەوە. لەو کاتەدا سوپای تورکیا نزیکەی ٧٠ هەزار کەسی بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئاگری ئامادە کردبوو.

سەبارەت بە ژمارەی هێزەکانی تورکیا و چەکەکانیان، "محەممەدساڵح قادری" لە کتێبی "عمەرخانی شکاک"دا بەم شێوەیە نووسیویەتی: "سوپای تورکیا ٥٠ فڕۆکە و ١٠ یەکەی تۆپی گەورەی تۆپخانە و ٥٥٠ دۆشکەی هێنایە دەوروبەری ئارارات. لە بەرامبەر ئەواندا ژمارەی شەڕڤانانی ئاگری زیاتر لە هەزار کەس بوون کە زۆربەیان چەکی سووکیان هەبوو. هەروەها لە تێکهەڵچوونەکاندا هەندێک دۆشکە و تۆپیان لە سەربازانی تورکیا وەدەست کەوتبوو، بەڵام بێ گولـلە بوون".

هەوڵی سوپای کەمالیستەکان بریتی بوو لە داگیرکردنی چیای ئاگری بە هەموو هێزی خۆیانەوە. بە هێرشێکی بەرفراوان لە ڕێگای وشکانی و ئاسمانییەوە پەلاماری چیای ئاگرییان دا، شەڕێکی گەورە ڕوویدا و دواجار توانییان چیای ئاگری داگیر بکەن.

دوای داگیرکردنی ئاگری، لە هاوینی ساڵی ١٩٣٠دا شەڕڤانانی کورد هێرشیان کردە سەر بنکە و شارەکانی حەسەن ئەڤداڵ و نۆشار لە ناوچەی زیلان و سوفان و دوای شەڕێکی قارەمانانە داگیرکەرانیان تێکشکاند و چەندین سەربازی دوژمن خۆیان ڕادەست کرد.

دوای ئەو شەڕە، شەڕڤانانی کورد لە شارەکانی ئەردیش و پاتنۆس ڕاپەڕینی خۆیان بەهێزتر کرد و شەڕێکی گەورە لەوێ ڕوویدا و ئەو شارانەیان لە دەستی سوپای تورکیا ڕزگار کرد. لەو شارانەدا شەڕڤانانی کورد دەیان سەربازی تورکیایان گرت و تەقەمەنییەکی زۆریش کەوتە دەستی شەڕڤانان.

لە کتێبی "عمەرخانە شکاک"دا باس لەوە کراوە: "شەڕڤانە کوردەکان لەلای دۆڵی زیلان کۆ بوونەوە و بۆ فەرمانی فەرماندەکانی ئاگری ئامادە بوون لەو ئاراستەیەوە هێرش بکەنە سەر تورکەکان، بەڵام پێش کاتی دیاریکراو فەرمانیان پێ درا و جووڵەیان کرد، بۆیە بەتەنیا مانەوە. هەروەها ململانێ لەنێوان سەرۆکی عەشیرەتی حەیدەران مەمەد بەگ و شێخ ڕەسووڵ بەرزەنجی هەبوو. هەروەها بەشێک لە عەشیرەتی کەسکۆیی هاوکاریی حکوومەتیان کرد. لەلایەکی ترەوە سوپای تورکیا بە هێزێکی زۆرەوە ناوچەکەی گەمارۆ دا".

جووڵەی خێرای شەڕڤانانی کورد لە زیلان هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی شەڕڤانانی ئاگری نەیانتوانی بە هانایانەوە بڕۆن و ئەو ناوچەیە لەلایەن سەربازانی تورکیاوە داگیر کرا. زانراوە کە شەڕڤانانی کورد لە دیوی زیلان تەنیا توانیویانە ڕێگا بۆ خەڵکی سڤیل و مەدەنی بکەنەوە کە بە شەڕێکی گەورە قەتڵوعام نەکرێن.

سوپای تورکیا دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر گوندەکانی دۆڵی زیلان و دەستی کرد بە کوشتنی گوندنشینانی ئەوێ و کارەساتێکی مرۆیی ڕوویدا و زانراوە کە سوپای داگیرکەری کەمالیست ٣٢٠ گوندی سووتاند و نزیکەی ١٥ هەزار کەسی کوشت کە منداڵ و ژن و بەساڵاچوویان تێدابوو.

ڕۆژنامەی "جمهورییەت"ی تورکیا لە ١٦ی تەمووزی ١٩٣٠ لەژێر ناوی "کۆمەڵکوژی دەستی پێ کردووە؛ خەڵکی دۆڵی زیلان بە گشتی کۆمەڵکوژ کراون" بەم شێوەیەی نووسیبوو: "ئەو گوندانەی هاوکاریی دوژمنیان دەکرد بە تەواوی سووتێنران و بەشێک لە خەڵکی گوندەکە کۆمەڵکوژ کران و هەندێکیشیان گواستراونەتەوە بۆ ئەردیش".

دوای شکستی ڕاپەڕینی ئاگری لەلایەن کەمالییەکانەوە، فەرماندە و شەڕڤانانی ئاگری توانییان ڕێگایەک بکەنەوە و بە شەڕێکی گەورەوە بچنە ئەودیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەو کاتەدا ئێحسان نووری پاشا خۆی تەسلیمی ڕێژیمی ئەوکاتی ئێران کرد و بۆ تاران گواسترایەوە.

درێژەی هەیە...

 

KURDŞOP
694 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!