سمکۆی شکاک؛ شۆڕشگێڕێکی سەربەخۆییخواز

 

سمایل ئاغای شکاک (سمکۆی شکاک)، ناسراو بە سەردار نوسرەت، ساڵی ١٢٦٦ی کۆچی هەتاوی، لە لە ئاوایی چێهریقی سەر بە شاری سەڵماس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  لە دایک دەبێ.

ئەو کوڕی "موحەممەد ئاغا" و نەوەی "عەلیخانی شکاک" بوو. هەر لەسەردەمی مێرمنداڵییەوە هۆگری بزووتنەوەی کورد دەبێ و  خەیاڵی سەربەخۆییی کوردستا ن لە سەریدا  پەروەردە دەکا. لە تەمەنی  لاوییەوە بە کردەوە خەریکی کۆکردنەوەی سوارچاک و  چەکداری کورد دەبێ. چالاکییە چەکدارییەکانی سمایل ئاغا سەرەتا هەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتە و پاشان پەل دەکێشێتە باشووری کوردستانیشەوە کە ئەوکات لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدابووە.

لە جەنگەی  شەڕی جیهانیی  یەکەم و چەند ساڵێش دوای ئەو شەڕە، ناسراوترین کەسایەتی لە سنووری ئێران و عوسمانی، سمایل ئاغا (سمکۆ) سەرۆکی عێلی شکاک بووە. ئەو بە زیرەکی لەو دەرفەتەی ئاڵۆزییەکانی ناوچە لە چارەگە سەدەی یەکەمی سەدەی بیستەم بۆی دەستەبەر کردبوو کەڵکی وەرگرت و هاوسەنگیی  خۆی  لە نێوان عوسمانی و ڕووس و ئێران و ئینگلیزییەکان کە لەگەڵ هەمووان پێوەندییان بوو، ڕاگرتبوو و  پەرەی بە دەسەڵات و کاریگەریی خۆی لە  ناوچە دابوو.

دوای شەڕی جیهانی خۆی وەک حاکمێکی سەربەخۆ دەنواند و لەگەڵ تاقمێک لە ڕێبەرانی نەتەوەییی کورد هاوکاریی دەکرد و حکوومەتی ناوەندیی لەگەڵ کێشە ڕووبەڕوو دەکرد. تەنانەت کاتێک ئەڕتەشی ئێڕان لە ئووتی ١٩٢٢دا بە گوتەی  خۆیان کێشەی ئەویان داکووژاند و ئەو لە خاکی ئێران چووە دەرێ، وەک یاریگەرێکی بەهێز لە کوردستانی ناوەندیدا  مایەوە و ئینگلیس و عوسمانی لە کێشەی ویلایەتی مووسڵدا هەر دووکیان ویستیان لە بەرژەوەندیی خۆیان لێی نزیک  ببنەوە و کەڵک لە هێز و کاریزمای ئەو لە ناو کوردان وەرگرن.

سمکۆ لە شۆڕسی مەشڕووتەی ئێراندا، دەچێتە پاڵ هێز ەکانی "ئیقبالو سەڵتەنە" حاکمی ماکۆ و پاشان دەبێتە دەسەڵاتداری ناوچەی "قوتوور" و حکوومەتیش ئەو دەسەڵاتەی دەسەلمێنێ.

لە ١٩١٣ ەوە سمکۆ لەگەڵ ڕێبەرانی نەتەوەییی  کورد پێوەندیی بەهێزی ساز  کردبوو و گوتاری ئەوانی سەلماندبوو. هەر وەها سمکۆی شکاک  لەگەڵ خوشکی "سەید تەها" جێگرەوەی "شێخ عوبەیدیللای نەهری" زەماوەندی کرد. ئەوەش ئەوەندی دیکە جێ پێی ئەوی قایم کرد.

لە لایەکی دیکەوە سمایل ئاغا لەگەڵ "عەبدولڕەزاق بەدرخان"یش پێوەندیی هەبوو کە لە میرەکانی بۆتان بوو.

لە ساڵەکانی شەڕی جیهانیی یەکەمدا، سمکۆ  خۆی لە شەڕ پاراست و  هێزە کانی خۆی ڕێکخست و وەکی سەرچاوەکان دەڵێن وەک سیاسەتمەدارێکی لێزان هەموو دەرگاکانی بە ڕووی خۆیدا کراوە هێشتەوە. سمایل ئاغا دەیویست بە خوێندنەوەی سیاسەتی ناوچەیی و جیهانی هێزە ئەورووپاییەکان و هەروەها دۆخی کورد و دۆخی ئێران بجوو ڵێتەوە و پارسەنگ ڕابگرێ. گۆڕانکارییەکانیش هێندە ئاڵۆز بوون هەموو چالاکانی سیاسیی ناوچەی تووشی سەرلێشێوان کردبوو.

لە دوای شۆڕشی ڕووسیا کە  لەشکری "ژێنراڵ پاراتۆف"  لە کوردستان کشایەوە، سمکۆ توانی زۆربەی ناوچەکان و چەک و چۆڵەکانی وەک  تۆپخانە  بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

پاش شەڕی جیهانی، عوسمانییەکان ئازەربایجان  بەجێ دێڵن و حکوومەتێکی بە هێز لە ئازەربایجان دانامەزرێ و تەنیا دەسەڵاتی  کاریگەر و خاوەن جێگە و پێگە، سمکۆی شکاک بوو. ئەو جودا  لە هێزەکانی خۆی چەند سەد کەس لە  سەربازانی عوسمانیشی لەگەڵ بوون و پشتیوانییان لێ دەکرد.

مانگی فێورییەی ساڵی ١٩١٩ کۆبوونەوەیەک لە مابەین گەورە خانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا  باسی ڕاپە ڕینێکی گشتی بە دژی دەوڵەتی ئێران کرابوو. بەڵام لەسەر ئەوە پێکهاتن  کە تا دەوڵەتە گەورەکان ڕایان وەرنەگیرێ و ڕەزامەندی  بۆ پشتیوانی و گۆڕانکاری دەرنەبڕن هیچ نەکەن.

پاش ئەوە سمکۆ چاوەڕێی  ڕاپەڕینی خانەکانی دیکەی کوردستان نەمایەوە و شارەکانی "دەیلەمان" و "خۆی"ی گرت و پاشان گەورە شاری وەرمێی گەمارۆ دا، بەشێک لە خەڵکی ئازەریی "لەکستان" واتە بەشی باکووری ڕۆژئاوای دەیلەمان دانیان بە حاکمییەتەکەی دانەنا و ئەویش هێرشی کردنێ و تێکی شکاندن و تا "بەندەری شەڕەفخانە"ی ڕادان. ناوچەکانی باکووری گۆلی ورمێش کەوتە ژێر دەستی هێزەکانی سمکۆوە .

 لەو کاتەدا حاکمی تازەی  تەورێز "سەردار ئینتسار" بە هێزێکی زۆرەوە هێرش دەکاتە سە ڕ هێزی سمکۆ و پاشەکشەیان پێ دەکا و سەرەنجام سمکۆ لە گەڵ فەرماندەی هێزی قەزاق "فیلیپۆف" کە بە نوێنەرایەتیی تەورێز هیرشی کردبوو وتوێژ دەکا و ڕێک دەکەون.

 ئەو ڕێک کەوتنەش هێندی  دیکە پێگەی سمایل ئاغا بەرز دەکاتەوە. لە ساڵی ١٩٢٠دا دیسان دەشتەکانی ورمێ و سەڵماس و خۆی دەگرێ و بۆخۆی حاکم بۆ شاری ورمێ دادەنێ. بەو شێوەیە ڕۆژ  لە گەل ڕۆژ هێزەکانی سمکۆ پەرە دەستێنن .

 لە دوایین هێرشی بۆ سە ڕ سوپای  ئێران  ژمارەی چەکدارانی گەیشتوونەتە دەهەزار کەس.

سمکۆ ساڵی ١٩٢٠ چەندین کۆبونەوە لە نێو هەموو سەرۆک عێلە کوردەکانی ئازەربایجاندا ساز دەکا. هاوێنی ١٩٢١ /١٣٠٠ی هەتاوی هەرێمی دەستەڵاتی سمکۆ بریتییە لە سەرانسەری ڕۆژ ئاوای گۆلی ورمێ تا شاری بانە و سەردەشت و سووچی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتی عێڕاق. لە عێلەکانیش جگە لە عێلی شکاک و تایەفەی هەرکی ، مامەش و مەنگوڕ و دێبوکری و پیران و زەرزا و گەورک و فەیزوڵلابەیگی و پشدەری و تایەفە بچووکەکانی  بانەش ڕەگەڵ سمکۆ کەوتبوون.

شایانی باسە سمکۆ شاری "سابلاغ"یشی لە دەست هێزەکانی دەوڵەت دەرهێنا و لەو شەڕەدا  بەشێک  لە شاری سابڵاغ تاڵان کرا و ئەوەش بوو  بە هۆی  ئەوەی دواتر سمایل ئاغا لە لایەن  نەتەوەخوازانی کوردەوە تانەی  لێ بدرێ، سمکۆ ئەو تاوانەی وەستۆ نەگرتوو ە و پاساوی  بۆ هێناوەتەوە. ئەو گوتوویە هێزەکانی ژاندەرمێری ڕێژیم شەڕەکانیان بەرەو نێو کووچە و کۆڵانەکانی شار بردووە و  منیش نەمتوانیوە  پێش بە دژکردەوەی هێزەکانم بگرم .

بەڵام هەر دوای ئەوە بۆ خۆی سابڵاغ بەجێ دێڵێ و بە "هەمزاغا"ی دەسپێرێ. پاش ئەو هێرش و سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکانەی سمایل  ئاغا و لەشکرە دەهەزار کەسییەکەی، خەڵکانی غەیرە کوردیش دان بە دەستەڵاتەکەیدا دەنێن، بۆ وێنە  خەڵک و  حاکمانی شارەکانی  "میاندواو" و "مەراغە" و "بناو"یش تەسلیم نامەیان بۆ سابلاغ نارد .

سەرکەوتنە یەک لە دوای  یەکەکانی سمکۆ، کەسایەتییەکی بەرزی لێ ساز کردبوو.  لە ژووئییەی ساڵی  ١٩٢٢ هەرێمەکەی ئەو  یەکجار گەورە ببۆوە. لە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە گەیشتبووە "سائین قەڵا" و "سەقز" لە باکوور تا "قوتوور" و تەنانەت لە  ناوچەی "مەریوان" و "هەورامان"یش  کاریگەریی بووە و تەناتەت هێندێ تایەفەی باشووریتریش لە "لوڕستان" ئامادەی ڕاپەڕین بە لاینەگری لە سمایل ئاغا بوون.

لەو سەروبەندەدا ئێران لە هەموو لاوە شێوابوو. لە باکووری ئێران هێزەکانی "میرزا کووچک خانی جەنگەڵی" دەستیان بە ڕاپەڕین کردبوو. لە لایەکی دیکەوە کەسێک بە ناوی "خاڵۆ قوربان"ی هەرسینی لە "پۆشتکووە" بە کۆوە  کردنی هێزەکانی عەشایر بە دژی دەوڵەتی ناوەند ڕادەبێ.

رەزا خان حەولی دا ئەو هێزانەی دیکەی دژبەری  بۆ لای خۆی ڕابکێشێ تا بتوانێ بە تەواوی  لەگەڵ هێزەکانی سمکۆ بەشەڕ بێ.

 میرزا کووچک خان کە پێوەندیی شاراوەی لەگەڵ سمکۆی شکاک هەبوو و نەیارێکی سەرسەختی حکوومەتی ناوەندییش بوو درێژەی بەخەباتی خۆی دا، بەڵام خاڵۆ قوربانی هەرسینی ڕەگەڵ هێزەکانی ڕەزا خان دەکەوێ. لە لایەکیش پێوەندی لەگەڵ میرزا  کوچک خان هەر دەمێنێ و  لە ئاکامدا میرزا کوچک خان دەکووژێ و سەری بڕاوی میرزا کووچک خان بۆ ڕەزا خان دەبا.

پاش ئەو ڕووداوە، ڕەزا  خان خاڵۆ قوربان ڕادەسپێرێ بە هێزێکی پۆشتە و تەیارەوە هێرش بکاتە سەر سمکۆی شکا، لە ساڵەکانی ١٩٢١-١٩٢٢دا خاڵۆ قوربان لەشکرێک لە عەشایر بە مەبەستی هێرش بۆ سەر هێزەکانی سمایل  ئاغا پێک دێنێ. پاش بیستنی ئەو هەواڵە سمایل ئاغا هێزەکانی ئامادە دەکا و لە شەڕێکی گەورەدا  شکستێکی سەخت  بەسەر هێزەکانی خاڵۆ قوربان دێنێ و پاشەکشەیان پێ دەکا.

رەزا خان کە لە شەڕدا دەروەستی سمکۆ و هێزی کورد نەهاتبوو، لە باری سیاسییەوە لە ژێر گوشاری نەتەوەخوازانی ئێرانیدا بوو هەر بۆیە لە ڕێگایەکی دیکەوە حەولی دا زەبر لە سمایل  ئاغا بوەشێنێ و هەر بۆیە داوای ئەوەدەکا لەگەڵ سمایل ئاغا دیدار پێک بێنێ و لە ڕێگای وتوێژەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.

هەر بۆیە ساڵی ١٩٣٠دا ڕەزا خان  بە مەبەستی دانوستان و وتوێژ و سازان بانگێشتنی شاری شنۆی دەکا. سمکۆ وەک دیپڵۆماتێک دەچێتە شنۆ تا لەگەڵ خودی ڕەزا خان دیدار بکا،  بەڵام پاش ئەوەی دوو  ڕۆژ لەوێ میوانی هێزەکانی دەوڵەت دەبێ و چاوەڕوان دەمێنێتەوە،  لە ڕۆژی سێهەمدا لە ١٩٣٠/٧/١٨"سەرهەنگ سادق خان" کە نوێنەری ڕەزا خانە، دەست لە نێو دەستی سمایل ئاغا بەڕێی دەکا و هەر لەوکاتەدا کە ماڵئاواییی  لێ دەکا دەستوور دەدا تەقەی لێ بکەن و بەوشێوەیە هێرش دەکەنە سەر خۆی و شاندی یاوەری و هەموویان جگە لە دووکەس دەکووژرێن. تیرۆری سمایل ئاغا پەڵەیەکی ڕەشی تاوانە بە سەر تەوێڵی  حکوومەتی ناوەندیی ئێرانەوە کە میوانێکی سیاسی بە مەبەستی وتوێژ بانگ کردووە و بە شێوەیەکی دوور لە ئادابی ئینسانی و دیپلۆماتیک تیرۆری دەکەن و  بەو شێوەیە کۆتایی بە شۆڕش و دەسە ڵاتی سمکۆی شکاک دێ.

 

 

KURDŞOP
970 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!