بەسەرهاتی ڕێبەری ئەفسانەیی سمکۆی شکاک

 

ن: محەمەدساڵح قادری

و: شەهاب خالیدی

 

سمکۆ لە ساڵی ١٨٨٧ لەدایک بووە. دوای ئەوەی جەوەرئاغای برا گەورەکەی لە ساڵی ١٩٠٥ لەلایەن حاکمی تەورێزەوە فێڵی لێ کرا و کوژرا، هەروەها دوای ئەوەی محەمەدئاغای باوکیشی لەلایەن عوسمانییەکانەوە بێسەروشوێن کرا، لە ساڵی ١٩٠٦ەوە لە ناوچەکانی کۆتۆڵ، ماکو، خۆی و سەڵماس بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەی دەستی بە تێکۆشان کرد.

لە ئەیلولی ساڵی ١٩١٢ کاتێک عەبدولڕەزاق بەدرخان و سەید تەها نەوەى شێخ عوبەیدوڵڵا لە تیفلیسەوە دەچوونە شاری خۆی، لەلایەن سەربازە تورکەکانەوە دەستگیرکران و بەرەو تورکیە بردران، بەڵام کاتێک سمکۆ لەم ڕووداوە ئاگادار دەبێ، هێرشیان دەکاتە سەر و لە سەر سنووری نێوان ئێران و تورکیە دوای شەڕێکی کورت "عەبدولڕەزاق" و "سەید تەها"ی لە دەستیان ڕزگار دەکات.

لە سەرەتای ساڵی ١٩١٣ سمکۆی شکاک توانی بە هاوکاریی عەبدولرەزاق بەدرخان "کۆمەڵەی جیهاندانی"  لە شاری خۆی دابمەزرێنێت. لەو چوارچێوەیەدا قوتابخانەیەکی کوردی لە شاری خۆی (شاری خوێ) دەکرێتەوە کە چەند مامۆستایەکی کورد کە لە قەفقازەوە هاتبوون، بە زمانی کوردی و ڕووسی وانە بە  ٢٩-٣٠ منداڵی کوردیان دەگوتەوە.

لە کۆتایی ساڵی ١٩١٤ و لە جەرگەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیە و ئێران لە کاتی دوورخستنەوەی سمکۆ لە لایەن ڕووسەکانەوە بۆ تفلیس، لە نزیک جۆلفا لە لایەن ئەرمەنییەکانەوە تەقەی لێ کرا، بەڵام هیچ زیانێکی پێ نەگەیشت.

ساڵی ١٩١٦ کاتێک ڕووسەکان ئاگادار بوون کە بەبێ بوونی سمکۆ لە ناوچەی خۆی و کۆتۆڵ مەترسیی داگیرکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن عوسمانییەکانەوە هەیە، سمکۆیان ئازاد کرد و ڕێگەیان پێ دا کە بگەڕێتەوە ناوچەی کۆتۆڵ.

سمکۆی شکاک لە ساڵی ١٩١٨ لەسەر داوای مارشیمۆن پێشەوای ئایینیی ئاشوورییەکان، بۆ کۆبوونەوەیەک لە "چاری"یەوە دەچێتە "کۆهنەشەهر" لە نزیک سەڵماس. لەم دیدارەدا کاتێک سمکۆ تێدەگات کە مارشیمۆن بەپێی ئەو بەڵێنانەی کە پێشتر لەلایەن ڕووسەکانەوە پێی درابوون و هەروەها ئەمە کە چەندین چەک و تەقەمەنیشیان پێ دابوو، دەیەوێت دەوڵەتێکی ئاشووری لەسەر خاکی کوردستان دابمەزرێنێت، بۆیە بۆ شکستهێنان بەو پیلانە، لە پرۆسەی ئەم کۆبوونەوەیەدا مارشیمۆنی کوشت.

سمکۆ لە نامەیەکدا کە مەزەندە دەکرێ لە ساڵی ١٩١٩دا بۆ ژینڕاڵ حەسەن موقەدەم زەفەر ئەلدەولەی کاربەدەستی پایەبەرزی ئێرانی نووسیبێت، پێی ڕاگەیاندووە: "زۆرێک لەو گەلانەی کە لە جیهاندا حەشیمەتیان لە کورد کەمترە دەوڵەتی خۆیانیان هەیە. ئەگەر کورد بەو حەشیمەتە زۆرەی خۆی نەتوانێت ئۆتۆنۆمی بە دەست بێنێ، مردنی لە بوونی باشترە.

لە مانگی دووەمی بەهاری ساڵی ١٩١٩ حاکمی تەورێز موکەرەم ئەلمولک بە هاوکاریی ئەرمەنییەکانی ئەو ناوچەیە، پاکەتێکی بۆمبڕێژکراو ئامادە دەکات و لە ژێر ناوی ناردنی "دیاریێک لەلایەن ژنێکی ئازەریزمانی خزمی سمکۆوە بۆ خوسرۆیی کوڕی سمکۆ" بۆمبەکە بۆ کوشتنی سمکۆ دەنێرێتە گوندی چاری. لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبەکەدا، عەلیخانی برای سمکۆ و سێ کەسی دیکە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەست دەدەن و ژمارەیەکیش بریندار دەبن.

هەر بۆیە سمکۆش ڕۆژی ١٧-٧-١٩٢٠ فەرمانی بە عەمەرخانی شکاک ڕاوێژکار و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی داوە کە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی دوژمن و عەمەرخانیش توانیویەتی   دوای شەڕێکی سەخت، بەندەری گۆڵمەخانە و شوێنە ستراتیژییەکانی ورمێ  بگرێ و شاری ورمێ لە دەستی دوژمنان ڕزگار بکات.

شەڕی ڕزگارکردنی شاری مەهاباد

لە ساڵی ١٩٢١ هێزەکانی سمکۆ دوای شەڕێکی سەخت توانیویان زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە هێزەکانی ئێران بکوژن و هەروەها فەرماندەی گشتیی ئەو هێزە لە پادگانی مەهاباد بە ناوی حەسەن مەلەکزادە بە دیل بگرن و شاری مەهاباد لە دەستی داگیرکەران ڕزگار بکەن.

شەڕی شەکەریاز

لە ١٧-١٢-١٩٢١ سوپای ئێران بە ٥ هەزار سەربازەوە بە فەرماندەیی ئەمیر ئەرشەد زرغام قەرەداغی و ڕاوێژکاری سەربازیی سوید بە ناوی "لیندبێرگ" هێرشی کردە سەر سمکۆ. ئەمیر ئەرشەد زرغام قەرەداغی برای محمد حسێن خان بوو، ئەو کەسەی لە ساڵی ١٩٠٥دا جەوەر ئاغای برای سمکۆی لە شاری تەورێز کوشت. لە چوارچێوەی فەرمانەکەی سمکۆدا، عەمەرخانی شکاک وێرای هێزێکی تەیار لەگەڵ ٢٠٠ چەکداری زێباری سەنگەرەکانی دوژمن تێکدەشکێنن و "ئەمیر ئەرشەد"یش دەکوژن.

لە مانگی ژوئیەی ساڵی ١٩٢٢ سمکۆ ڕۆژنامەی "کورد"ی  لە شاری ورمێ بە چاپ گەیاند، کە چەند ژمارەیەکی بە دوو زمانی کوردی و فارسی بڵاوکرانەوە.

سمکۆ لە سەردەمی سەرهەڵدانەکەیدا پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ زۆربەی سەرۆک هۆز و  و ڕەوشەنبیر و شۆڕشگێڕانی کورد هەبووە و لە نامەکەیدا ڕوو لە گەلی کورد دەڵێت:

"ئەی کوردینە! ئێمە جگە لە یەکگرتوویی و پێکەوەبوون هیچ ڕێگایەکی دیکە شک نابەین بۆ ڕزگارکردنی میللەتەکەمان لە دەستی دوژمن. هەروەها جگە لە گوشینی دەستی برایەتیی یەکتر، هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکەمان نیە بۆ دۆخی بێدەسەڵاتیی گەلەکەمان. ڕاستگۆیانە دەستی یەکگرتوویی و برایەتی بدەن بە یەکتر و بە هەموو هێز و توانای خۆتان بەرگری لە خۆتان بکەن لە بەرامبەر دەستدرێژیی دوژمن. ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگاربوون، نە هیچی تر".

ڕۆژی ٢٧-٧-١٩٢٢ بە فەرماندەییی سەرلەشکەر جەهانبانی ١٥هەزار سەربازی حکومەتی ڕەزاخان هێرشیان کردە سەر "قەڵای چاری" شوێنی مانەوەی سمکۆ. لە دۆخێکی وەهادا سمکۆ ناچار بوو لە "قەڵای چاری"یەوە پاشەکشە بکات بۆ ناوچەی شپیران لە نزیک سنووری تورکیا.

لە شەوێکی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٢دا هێزەکانی تورکیە هێرشیان کردە سەر گوندی "شامانێس"ی باکووری کوردستان. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، خاتوو جەواهیر هاوسەری سمکۆ لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە کوژران و کوڕە شەش ساڵانەکەی سمکۆش بە ناوی "خوسرۆ" دەستبەسەر کرا.

ڕۆژی  ٦-١١-١٩٢٢ چەند بەرپرسێکی بەریتانیایی بە سەرکردایەتیی "سیدی ئێدمۆندز" لەگەڵ سمکۆ و سەید تەها و ئەحمەد ئاغای برای سمکۆ لە گوندی بەحرکە لە نزیک هەولێر کۆ بوونەوە. لەم دیدارەدا سمکۆ هەوڵی دا کە پشتیوانیی ئینگلیزەکان بەدەست بێنێ، بەڵام بەرپرسانی ئینگلیز هیچ قەوڵ و بەڵێنێکی پشتیوانییان نەدایە سمکۆ.

لە ڕۆژی ٨-١-١٩٢٣ سمکۆ بۆ سەردانی شێخ مەحمود ڕۆیشتە شاری سلێمانی و لەوێش لەلایەن شێخ مەحمود و خەڵکی سلێمانییەوە بە مەراسیمێکی فەرمی و کەرنەڤاڵێکی گەورە پێشوازیی لێ کرا.

گوند و قەڵای چەهریق

 

لە ماوەی مانەوەی سمکۆ لە سلێمانی دوای چەندین دیدار لەگەڵ شێخ مەحمود، سمکۆ هیچ وەڵامێکی ئەرێنیی لێ وەرنەگرت بۆ ئەوەی کە خۆی لە تورکەکان بەدوور بگرێت و لەگەڵ ئینگلیزەکان ڕێک بکەوێت. هەروەها سمکۆ هیچ هیوای بە پشتیوانیی ئینگلیزەکان لە شۆڕشەکەی لە دژی ئێران نەما. لەو کاتەدا بەهۆی دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان شێخ مەحمود و ئینگلیزەکان سمکۆ  تێدەگات کە مانەوەی لە سلێمانی هیچ سوودێکی نییە و  دواڕۆژی ئەویش ڕوون نییە. بۆیە لە ٢٨-٣-١٩٢٣ شاری سلێمانی بەجێ دەهێڵێت و دەگەڕێتەوە دەوروبەری ڕەواندوز.

دوای بێهیواییی سمکۆ لە ئینگلیزەکان و بەجێهشتنی شاری سلێمانی و هاتنی بۆ ناوچەی ڕواندوز، ئۆزدەمیر کە بەرپرسێکی پایەبەرزی تورکیە بوو، هەندێک بەڵێنی بە سمکۆ دا. حکوومەتی نوێی تورکیە بەمەبەستی ئەوەی ئینگلیزەکان نەتوانن سمکۆ لەدژی ئەوان بە کار بهێنن، وەک تاکتیکێکی کاتی، لەگەڵ ڕێگەدان بە سمکۆ بۆ چوونە ناو تورکیە و ڕادەستکردنی بەشێک لە داراییەکەی و هەروەها ئازادکردنی خوسرۆی کوڕی، زۆر قەوڵ و بەڵێنی دیکەشیان بە سمکۆ دا.

بەڵام دوای ئەوەی پەیمانی لۆزان لە ٢٤-٧-١٩٢٣دا واژۆ کرا و ناکۆکیی نێوان تورکیە و ئینگلیزەکان سەبارەت بە چارەنووسی مووسڵ یەکلا بوویەوە، سمکۆ چیتر نەیتوانی لە تورکیە بمێنێتەوە و جارێکی دیکە بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە سنوور و لە دەوروبەری چیای دالامپەر لەسەر سنووری نێوان ئێران و تورکیا و عێراق گیرسایەوە.

لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٤و دوای ڕێککەوتنی سمکۆ و حکومەتی ئێران، سمکۆ گەڕایەوە ئێران و لە گوندی "هۆوەسنێ"ی سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ نیشتەجێ بوو.

ساڵی ١٩٢٥ لە کاتی پێشوازیکردنی سمکۆ لە هاتنی ڕەزاخان بۆ سەڵماس، کاتێک ڕەزاخان هێزەکانی سمکۆ دەبینێت، ترسی لێ دەنیشێت و پێی وایە کەوتووتە داوی سمکۆ، بە مەبەستی خۆدەربازکردن لەو مەترسییە، بە خێرایی ماڵئاوایی لە سمکۆ دەکات و دەڵێت سەعات 4ی ئێوارە دەچمە کۆهنەشار و ئێوەش وەرنە ئەو شوێنە با پێکەوە قسە بکەین. سمکۆ دوای ماڵئاوایی لە ڕەزاخان، بە دڵتەنگییەکی زۆر و بە دەنگێکی بەرزەوە گوتی:

"دەبوایە بمکوشتبا، لەمەودوا هەرچی بەسەرمدا بێت مافی خۆمە. بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک دێت کە هەمان ڕزۆ (ڕەزاخان) دەمکوژێت".

لە ساڵی ١٩٢٦ سمکۆ بە ١٥٠٠ کەسەوە هێرشی کردە سەر سەڵماس، بەڵام بەهۆی ململانێ ناوخۆییەکانەوە نەیتوانی شارەکە بگرێت و لە کاتی پاشەکشەدا لە ناوچەی سۆما- برادۆست شکستی هێنا و ناچار بوو بەرەو عیراق پاشەکشە بکات و لە ناوچەی سیدەکانی باکووری ڕەواندوز هەڵبگیرسێت.

لە ساڵی ١٩٢٨ جارێکی دیکە سمکۆ لەگەڵ تورکەکان ڕێک کەوت و لەگەڵ لایەنگرانی چوونە ناو سنووری تورکیە و لە هەرێمی "گەوەر"ی باکووری کوردستان گیرسانەوە.

دوای ئەوەی سمکۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ لە دۆخێکی سەختدا لە سێگۆشەی باشوور و باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەمێنێ، لە هاوینی ساڵی ١٩٣٠ سەرهەنگ سادق خانی نەورۆزی لە ڕێگەی تەیمووری شکاکەوە کە پێشتر چەکداری سمکۆ بوو، نامەیەکی بۆ نارد و داوای لێ کرد کە بێت بۆ  شاری شنۆ بۆ ئەوەی کە لەوێ چاوی بە سەرلەشکەر حەسەن موقەدەم فەرماندەی پایەبەرزی ئێران بکەوێ.

سادق خانی نەورۆزی لەگەڵ سمکۆ و هاوڕێیانی - ئەم وێنەیە 24 کاتژمێر بەر لە شەهید بوونی سمکۆ لە شاری شنۆ گیراوە

 

سمکۆ کە بە نیەتپاکییەوە دەیویست لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بۆ چارەسەریی کێشەکانی نێوانیان وتووێژ بکات، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بە پێچەوانەوە دەیانویست ناوبراو بخەنە داو و بیکوژن. بەداخەوە سمکۆ ئاگاداری پیلانە پیسەکەیان نەبوو و زۆر بە ئاسانی کەوتە داوی دوژمن و لە ڕۆژی ١٨-٧-١٩٣٠ (٢٧-٤-١٣٠٩) لە شاری شنۆ تیرۆر کرا. بەم شێوەیە ژیانی ئەو ڕێبەرە ئەفسانەییەی کوردستان دەبێتە قوربانیی نیشتمان و کۆتایی بە بزووتنەوەکەی دێت کە زیاتر لە ٢٠ ساڵی خایاند.

ڕەزاشا پێی وابوو بە نەمانی سمکۆ خەباتی گەلی کورد لە ئێران بۆ هەمیشە کۆتایی پێ دێت، بەڵام لە ساڵی ١٩٤١ لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا ئەمە ڕەزاشا بوو کە کۆتایی بە حکوومەتەکەی هات و جارێکی دیکە گەلی کورد هەستایە سەر پێ و ئەمجارە بە سەرکردایەتیی پێشەوا قازی محەمەد لە ساڵی ١٩٤٦دا  توانیویان کۆماری کوردستانی دابمەزرێنن.

مۆری تایبەتی سمکۆی شکاک

 


سەرچاوە:
کتێبی عەمەرخانی شکاک ، لە سەرهەڵدانی سمکۆوە تا کۆماری کورستان - نووسینی  محەممەدساڵح قادری - 2021

 

KURDŞOP
1409 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!