قەڵای مادی
شوێنەواری قەڵای مادی لە باکووری ڕۆژئاوای چیای بێستوون هەڵکەوتووە و بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسان لە ساڵی 1966دا بورج و دیواری لاکێشەی هەبووە. دیوارەکانی ئەو قەڵایە بە شێوەی وشکەچن و بە بەردی ورد و درشت دروست کراون. بە هۆی ئەوەی ئەو ئاسەوارە دەستییانەی لەم شوێنە دۆزراونەتەوە هاوشێوەی ئاسەوارەکانی نۆشیجانی مەلایر و گوودین تەپەی کەنگاوەرن، دەگوترێ ئەم قەڵایە هی سەردەمی مادەکانە. دۆزینەوەی دەرزیلەیەکی بڕۆنزی کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین، ئەو شیمانەیە بەهێزتر دەکات. لە هەڵکۆڵینی شوێنەوارناسان لە ساڵی 2002 دا ئاسەواری سەردەمە جیاوازەکانی وەک چاخی مەفرەغ، چاخی ئاسن، سەردەمی هەخامەنەشی، سەردەمی ئەشکانی و سەردەمی ئیسلامی دۆزرایەوە ئەوە دەیسەلمێنێ کە ئەم قەڵایە لە سەردەمی مادەکاندا لە ئەوپەڕی ئاوەدانی و بەهێزیی خۆیدا بووە.
بەردەنەخشی گوودەرز
نەخشەبەردینی گوودەرزی دووهەم شوێنەوارێکی سەردەمی ئەشکانییە کە سەرکەوتنی گوودەرزی دووهەم بەسەر مێهردادی نواندووەتەوە. مێهرداد، شازادەیەکی ئەشکانی بوو کە لە دەرباری ئیمپارتۆری ڕۆما گەورە بوو و گوودەرز لە ساڵەکانی 38 تا 51ی زایین حوکمڕانیی ناوچەکەی بە دەستەوە بوو. لەم نەخشەبەردینەیەدا کە دیمەنێکی ناڕوون لە گۆڕەپانی شەڕەکە پێشان دەدا، سێ جەنگاوەری زرێپۆش بە سواری ئەسپ دێنە بەر چاو کە دەگوترێ جەنگاوەری ناوەڕاست، گوودەرزە. لەم دیمەنەدا "نیکە" خودای سەرکەوتن تاجێک لەسەر سەری گوودەرز دادەنێ لە کاتێکدا کە ئەو لەسەر ئەسپەکەیەوە بە نێزە هێرش دەکاتە سەر سوارکارێکی دیکە کە دەگوترێ مێهردادی دووهەمە و لە ئەسپەکەی دەیخاتە خوارەوە. بەردەنووسێک بە زمانی یۆنانی لە تەنیشت ئەو نەخشەبەردینەیە هەیە کە تێیدا باس لە شەڕەکەی گوودەرز و مێهرداد دەکات.
بەردەنەخشی مێهرداد
بەردەنەخشی مێهرداد کە یەکێک لە گەورەترین پاشاکانی ئەشكانی بووە، یەکێکە لە کۆنترین ئاسەوارەکانی بەجێماو لە حکوومەتی ئەشکانییەکان ئە بایەختێکی مێژووییی زۆری هەیە. ئەم شوێنەوارە دەگەڕێتەوە بۆ 110 تا 123 ساڵ بەر لە زایین و ڕێک لە خوار بەردەنووسی داریووشی هەخامەنەشییەوە جێی گرتووە.
ئەر بەردەنەخشە تایبەتە بە دانی دەسەڵات لە لایەن مێهردادەوە بۆ ساتراپەکان (دەسەڵاتدارانی ناوچەیی) کە هەر کامیان بە گوێرەی ئەو پێگەیەی هەیانە بە ڕیز بە شوێن یەکتردا وێستاون. لەسەر سەری هەر کام لە کەسایەتییەکانی ناو ئەو بەردەنەخشە، بەردەنووسێک بە خەتی یۆنانی هەیە کە دەیانناسێنێ. نەفەری یەکەم گوودەرزی یەکەمە کە دوای مێهرداد دەبێتە جێنشینی ئەو. ناوی نەفەری دووهەم سڕاوەتەوە و ڕەنگە یەکێک لە شازادەکان بێ.. کەسی سێهەم میتراداتە کە لەم کەتیبەیەدا بە نازناوی "پپیس تومینوس" بە مانای ئەمینی شا ناسێنراوە. کەسی چوارەمیش ناوی کوفاساتسە.
ئەم بەردەنەخشە جیا لەوەی بە تێپەڕینی کات زیانێکی زۆری پێ گەیشتووە، لە سەردەمی دەسەڵاتداریی شێخ عەلی خانی زەنگەنە کە سەرۆکوەزیرانی شا سولەیمانی سەفەوی بوو، بەشێکی بە مەبەستی دروست کردنی بەردەنووسی شێخ عەلی خان، لەناو چووە.
بەردەنووسی شێخ عەلی خان
شێخ عەلی خان کە حاکمی کرماشان بوو و کاری زۆری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچەیە کرد دواتر بوو بە سەرۆکوەزیرانی شاعەباسی دووهەم و دواتریش شا سولەیمانی سەفەوی ئەوەندە متمانەیان پێی بوو کە نازناوی "اعتماد السلطنە"یان پێ دابوو.
بەردەنووسی شێخ عەلی خان دەقی وەقفنامەی شێخ عەلی خانە کە لەسەر بەردەنەخشی مێهردادی دووهەم لە ناو کێوی بێستووندا هەڵکۆڵراوە و بەشێک لەو شوێنەوارە مێژوویییەی سەردەمی ئەشکانییەکانی لەناو بردووە.
کاروانسەرای شاعەباسیی بێستوون
کاروانسەرای شاعەبباسی یەکێک لە شوێنەوارە ناوازەکانی کۆمەڵەی بێستوونە کە لەسەر رێگای کۆنی کرماشان بۆ هەمەدان هەڵکەوتووە. ئەو کاروانسەرایە کە ڕووبەرەکەی 6000 مەتر دووجایە، بە شێوەی کاروانسەراکانی سەردەمی سەفەوییەدا دروست کراوە. کاری دروستکردنی ئەم کاروانسەرایە بە فەرمانی شاعەباسی یەکەمی سەفەوی دەستی پێکردووە و وەک لە بەردەنووسی سەردەری کاروانسەراکەدا دەردەکەوێ، بە هەوڵی شێخ عەلی خان کۆتاییی پێ هاتووە.
ئەم کاروانسەرایە لە سەردەمی ناسرەددین شای قاجاردا نۆژەن کرایەوە و لە سەردەمی پاشایەتیی پەهلەویدا کرا بە کۆگای دانەوێڵە. لە پاش دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەی 17 ساڵ کرایە بەندیخانە و دواتر لە لایەن فەرمانگەی میراتی کەلەپووریی کرماشانەوە وەرگیراوە و نۆژەن کرایەوە.
ئەم کاروانسەرایە چوار هەیوانی هەیە و لە هەر لایەکی دوو سەکۆی بەردی و حەوت تاقی خشتی هەڵکەوتووە و لە چوار سووچی دەرەوەی چوار بورج دروست کراوە کە تەنیا دوو بورجیان ماوەتەوە. لە ساڵی 2014دا بڕیار درا ئەم شوێنەوارە مێژیییە بەکرێتە هۆتێلێکی سوننەتیی گەشتیاریی پێنج ئەستێرە کە دەتوانێ پێشوازی لە 100 میوان بکات.
پردی ساسانی
پردی ساسانی یا پردی خەسرەوپەرویز بە درێژیی 152.80 مەتر لەسەر ڕووباری گاماسیاو بە دووریی 2 کیلۆمەتر لە شاری بێستوون هەڵکەوتووە بە سەرنجدارن بە تەکنیکی بیناسازی و چۆنێتیی تاشینی بەردەکان و ئەو نیشانەگەلەی لەسەر بەردەکان بەجێماوە، دەردەکەوێ کە ئەم شوێنەوارە تایبەتە بە سەردەمی ساسانییەکان و هێندێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەم پردە بەشێک بووە لە بەنداوی ساسانییەکان.
پردەکە 10 پایە و 9 چاوەی هەیە کە پایەکانی بە درێژیی 3.14 مەتر و پانیی 2.70 مەتر دروست کراون. پایەکانی ئەو پرسە بە شێوەی شەشپاڵوو لە تێکەڵەی قسڵ و بەردی داتاشراو دروست کراون، پردەکە لەسەر بەستێنێکی بەردی دروست کراوە کە هەم ڕێگا لە شۆرانەوەی بنی ڕووبارەکە دەگرێ و ئەم ئاستی ئاوەکەش ڕێک دەخات. پردەکە ڕووخاوە و لە ساڵانی ڕابردوودا لەسەر پایەی بەردینی ئەو پردە پایەی ئاسن چەقێنراوە و پردێکی ئاسن لەجێی پردە کۆنەکە دروست کراوە.
پردی بێستوون
پردی بێستوون لەسەر ڕووباری دینەوەری هەڵکەوتووە بە چەندین ناوی دیکەش وەک پردی شاعەبباسی، پرسی سەفەوی، پردی کۆن، پردی نادرئاوا و پردی دینەوەر ناسراوە. درێژایی ئەم پردە 144 مەترە و بە هۆی ئەوەی لە کۆتاییی سەدەمی ساسانیدا دروستکراوە دەگوترێ بە فەرمانی خەسرەوپەرویز دروست کراوە.
بە پێی لێکۆڵینەوەکان، پایەکانی ئەو پردە لە کۆتایی سەردەمی ساسانیدا دروست کراون و وەک زۆر ئاسەواری سەردەمی ساسانی لە کۆمەڵەی بێستوون بە ناتەواوی ماوەتەوە و لە سەدەی 11ی زایینیدا واتا چوار سەدە دوای ڕووخانی ساسانییەکان دروستکردنی ئەو پردە کۆتاییی پێ هاتووە. لە سەردەمی ئیلخانییەکاندا چاوەی پێنجەمی پردەکە نۆژەن دەکرێتەوە و لە سەردەمی سەفەوی و پەهلەویشدا جارێکی دیکە پردەکە نۆژەن کراوەتەوە.