بینایەکی مێژوویی گشتگیر لە دێرسیم دۆزرایەوە

لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە، تا ئێستا ئەو ناوچەیە بە "گۆڕی شاژن" ناو دەبرا و گۆڕەکانی ناو بەردەکە، ڕەفەکان کە لە بەردەکەدا نەخشێنراون، کۆڵەکەکانی وەک دیوار و ژوورەکانی بووک، بە تەواوی ئاماژەن بۆ سەردەمی ئاسنین.

کوردشۆپ- لەم دواییانەدا لە دێرسیمی باکووری کوردستان، هەندێک لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی ئەنجام دراوە و لە ناوچەی پیلەمۆری دێرسیم بینایەکی گشتگیر کە پێک هاتووە لە ژووری بووک و گۆڕی بەرد و پەرستگەگەلی کراوە، لە ڕەوەزێکی بەرزدا دۆزرایەوە. هەروەها ڕاگەیەندراوە کە ئەو بینا مێژووییە هی سەردەمی ئاسنینە و هیچ بینا و نموونەیەکی دیکە لەوە لە ناوچەکەدا بوونی نییە.

ئەو بینا مێژووییە لەسەر ڕەوەزێکی بەرزی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ مەتری هەڵکەوتووە کە پێک هاتووە لە ژوورەکانی بووک، ٤ گۆڕی بەرد، ڕەفەی بەردی بەرز، سەکۆی بەرد و تونێل.

لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە، تا ئێستا ئەو ناوچەیە بە "گۆڕی شاژن" ناو دەبرا و گۆڕەکانی ناو بەردەکە، ڕەفەکان کە لە بەردەکەدا نەخشێنراون، کۆڵەکەکانی وەک دیوار و ژوورەکانی بووک، بە تەواوی ئاماژەن بۆ سەردەمی ئاسنین.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەم بینایە دوای دروستکردنی، لە سەردەمی هەلەنیان بەکار هێنراوە.

د. سەرکان ئەردۆغان، مامۆستای بەشی شوێنەوارناسی لە زانکۆی بۆزۆک لە یۆزگات لە تورکیا، سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاند: "لە لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکان دەرکەوتووە کە ژوورەکانی بووک لە پێکهاتەیەکی گشتگیری گەورە پێک هاتووە".

د. سەرکان ئەردۆغان گوتی: "ئەم بینایە پێک هاتووە لە ژوورەکانی بووک، ٤ گۆڕی بەرد، ڕەفەی بەردی بەرز، سەکۆی بەرد و تونێلی یەک لە دوای یەک. ئەگەر هەندێک کەس شێوازی ژوورەکانی بووک پێناسە بکەن، ئەوا لەسەر دوو سەکۆی بەردی سەرەکی دروست کراون. لە ڕووبەرێکی فراواندا دروست کراون و چەندین بینای جیاواز لەخۆ دەگرن. دەکرێت بڵێین ژوورەکانی بووک گرینگییەکی جیاوازیان هەیە بۆ شوێنەوارناسیی ناوچەکە (کوردستان). لە هیچ شوێنێکی تردا نەکرۆپۆلیسێک نییە کە جیاواز بێت لە هەموو نیشتەجێبوونەکانی تر (نەکرۆپۆلیس: بە شوێنێک دەگوترێت کە گۆڕی بەکۆمەڵ تێیدا بوونیان هەیە). جگە لە گۆڕی نەکرۆپۆلیس، پەرستگەی کراوەش هەن و دەتوانین بڵێین بینایەکی وا گشتگیر لە ناوچەکەدا هەرگیز نەبینراوە".

د. سەرکان ئەردۆغان زیادی کرد: "ژوورەکانی بووک، کولتوور و ژیانی پیاوسالاری لە دوای مردن و شوێنەواری هەندێک بیر و باوەڕی ئایینیی دیکە نیشان دەدەن. دەتوانین بڵێین ژوورەکانی بووک و پەرستگەی کراوە شوێنگەلێک بوون بۆ ئەنجامدانی هەندێک ڕێوڕەسمی ئایینی".

KURDŞOP
624 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!