"تەعریب"، سیاسەتێک بە دژی باشووری کوردستان

 

- ڕۆژ قادری

 

ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکان لە عێراق، هەر لە کاتی دامەزرانی ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٢٣ هەتا ٢٠٠٣ی زایینی، لە ڕاستای ئاسمیلاسیۆن و سڕینەوەی شوناسی خەڵکی دیکەی جگە لە عەرەب، بەتایبەتی کوردەکان، سیاسەتێکیان پێڕەو کردووە کە بە سیاسەتی "تەعریب" بەناوبانگە. ئەم سیاسەتە لە سەردەمی مەلەک فەیسەڵ، پاشای عێراق، بە پرۆژەی ئاویاریی حوەیجە لە پارێزگای کەرکووک و نیشتەجێکردنی عەشایەری عەرەب لە ناوچەکە، دەستی پێ کرد و دواتر لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس لە عێراق، بە شێوەیەکی ئاشکرا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافەکانی مرۆڤ و بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی زبر، بەردەوام بوو.

باشووری کوردستان بەهۆی سەرچاوەی دەوڵەمەندی ژێرزەوی، بەتایبەتی نەوت و هەروەها سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئاو و خاک کە بەستێنی ئاسایشی خۆراک دابین دەکات، لە درێژایی حکوومەتە پاشایەتی و کۆمارییەکانی عێراق، تووشی یارییەکی مەترسیداری گۆڕانی شوناسی ئێتنیکی و حەشیمەتی بووە کە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و لە بەرژەوەندیی عەرەب، پێڕەو دەکرێت، سیاسەتێک کە لە کۆڕی زانستی و سیاسی بە "تەعریب" بەناوبانگە.

لە داهێنانەکانی ڕێژیمی بەعس، هەوڵدان بۆ تەعریبی بەردەوامی ناوچە کوردییەکان بوو و ئەمە سیاسەتێکە کە دوای گەڕانەوە بۆ دەسەڵات لە ساڵی ١٩٦٨ی زایینی، دیسانەوە پێڕەوی کرد. هەر لە سەرەتاوە، سوپا دانیشتووانی کوردی لە ناوچەکانی "سوق الجیشی" (واتە ناوچە سنووری و نەوتییەکان) وەدەر نا. گوندە کوردییەکانیان بومباران کرد و ئاگریان دا و بە بۆڵدێزر تەختیان دەکردن. تەنیا لە ناوچەی کەرکووک، زیاتر لە ٤٠ هەزار کورد لە ماڵ و موڵکی خۆیان وەدەر نران. هەروەها لە دەشتی هەولێریش سیاسەتی تەعریب بەڕێوە دەچوو.

عەلی حەسەن ئەلمەجید، ئامۆزای سەدام حوسێن، کە بە "عەلی کیمیایی" بەناوبانگ بوو، سیاسەتی تەعریبی ناوچە کوردییەکانی باشووری کوردستان، بەتایبەت کەرکووکی بەم جۆرە وەسف کردووە: "حەزم لێیە سەبارەت بە دوو بابەت قسە بکەم؛ یەکەمیان تەعریبە و دووەمیان ناوچەگەلێکە کە لەنێوان ناوچە عەرەبییەکان و ناوچەی خودموختار هەڵکەوتوون. خاڵێک کە سەرنجی ئێمەی لەسەرە، کەرکووکە. کاتێک کە من هاتم، کۆی عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک، ٥١ لەسەدی دانیشتووانی کەرکووک نەدەبوون. من بەر لە هەر شتێک شەست میلیۆن دینارم خەرج کردووە تا دۆخەکە ئاوەهای لێ هاتووە. ئێستا پرسەکە بەتەواوی ڕوونە، ئەو عەرەبانەی کە هێنراونەتە کەرکووک، هێشتا ٦٠ لەسەدی حەشیمەتەکە پێک ناهێنن. دواتر ڕامانگەیاند کە کوردەکان مافی کارکردن لە کەرکووک و دەوروبەری و گوندەکان و تەنانەت ناوچەکانی دەرەوەی ناوچەی خودموختاریان نییە...".

سیاسەتی تەعریبی ناوچە کوردییەکان لە عێراق، هەمیشە لە ئارادا بووە. لە هەندێک کاتدا ئەم سیاسەتە هاوکات لەگەڵ ئۆپراسیۆنی سەربازی جێبەجێ کراوە کە لەودا زۆرێک لە گوندە کوردییەکان کاول و وێران کراون و خەڵکی ئەو گوندانە لە ئۆردوگا ناچارییەکان لەژێر کۆنترۆڵی چڕدا نیشتەجێ کراون. سیاسەتی تەعریب بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر کەمبوونەوەی حەشیمەتی کوردەکان کاریگەریی دادەنا. بۆ نموونە لە سەرژمێریی فەرمیی عێراق لە ساڵی ١٩٤٧دا، حەشیمەتی کوردەکان ٣٠.٩ لەسەدی حەشیمەتی عێراق بووە، لە حاڵێکدا لە ئاماری فەرمیی ساڵی ١٩٩٧ حەشیمەتی کوردەکان بووە بە ١٩.٩ لەسەدی حەشیمەتی عێراق.

وێڕای ئەوەیکە جێبەجێکردنی سیاسەتی تەعریب لە باشووری کوردستان لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بەرز و نزمیی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام دەتوانرێت جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە لە چەند قۆناغدا پۆلێنبەندی بکەین کە بریتین لە:

١- قۆناغی ١٩٢٥ - ١٩٥٨: واتە لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە عێراقەوە تا ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە عێراق.

٢- قۆناغی ١٩٥٨ - ١٩٦٣: دامەزراندنی سیستەمی حکوومەتی کۆماری لە عێراق هەتا ڕووخانی حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم.

٣- قۆناغی ١٩٦٣ - ١٩٦٨: بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن لایەنگرانی ئیتنیکیی بەعس هەتا کودەتای دووبارەی بەعسییەکان.

٤- قۆناغی ١٩٦٨ - ١٩٨٠: جێگیربوونی دەسەڵاتی بەعسییەکان هەتا دەستپێکی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق.

٥- قۆناغی ١٩٨٠ - ١٩٩١: سەردەمی جینۆسایدی کوردەکان لەلایەن ڕێژیمی بەعسی عێراق هەتا ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان لە بەهاری ١٩٩١دا.

٦- قۆناغی ١٩٩١ هەتا ٢٠٠٠: ئەم قۆناغە ساڵەکانی دوای ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان دژی ڕێژیمی بەعسی عێراق لەخۆ دەگرێت کە ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ناوچەی خودموختار تووشی سیاسەتی تەعریب بوون.

شایانی باسە کە ئێستاش زۆرێک لە چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن کە سیاسەتی تەعریبی حکوومەتی ناوەندیی عێراق بە شێوازی جۆراوجۆر دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

KURDŞOP
530 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!