مێژووی هاوچەرخی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پڕە لە ناوی ئەو ڕێبەرانەی هەموو ژیانی خۆیان لەپێناو کوردایەتی و تێکۆشان بۆ چارەسەریی پرسی نەتەوەی گەلەکەیان تەرخان کردووە. کەمیش نین ئەو ڕێبەرانەی لەو ڕێگایەدا گیانی خۆشیان بەخت کردووە و ناویان لە خەبات و کۆنەستی گەلەکەیاندا بووەتە هێما. بەڵام لەناو ئەو گەلەئەستێرەیەدا خۆرێک بە تاقانەیی دەدرەوشێتەوە و سیمایەک کە هەر بەتەنیا ناوەکەی لە ئاستی جیهانیدا، شکۆ و باوەڕ بە کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەی دەبەخشێت.
عەبدولڕەحمان قاسملوو، ئەو ناوە ناسراو و هێمای نەتەوەیی و خۆری دروەشاوەیەیە کە لە سەدەی بیستەمدا و، لە پانتاییی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەرکەوت و نەک تەنیا گوڕ و تینی بە بزووتنەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان بەخشی، بەڵکوو بە هۆی کەسایەتیی بەرز و توانا هەمەلایەنەکانی لە بوارەکانی سیاسی، زمانزانی و دیپڵۆماسیدا، پرسی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک پرسی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت بە جیهان ناساند.
عەبدولڕەحمان قاسملوو ساڵی ١٩٣٠ی زایینی لە شاری ورمێ لە دایک بووە. ئەو کوڕی موحەممەدخانی قاسملوو، کەسایەتیی سیاسیی بەناوبانگی ناوچەی ورمێ بوو کە بەهۆی پێگە و پلەوپایەی بەرزی کۆمەڵایەتیی نازناوی "وسوقودیوانی" پێ درابوو.
قاسملوو قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە شارەکانی ورمێ و تاران بڕی و پاش تەواوکردنی قۆناخەکانی خوێندن لە ئێران بۆ بەردەوامی لە خوێندن چوو بۆ تورکیا و لە لقی کۆمەڵناسیی زانکۆی ئیستانبووڵدا ناونووسیی کرد. بەڵام پاش چەند مانگ مانەوە لە تورکیا چووە فەڕەنسا و لە زانکۆی سۆربۆنی فەڕەنسا درێژەی بە خوێندن دا. لەو ماوەیەی کە لە فەڕەنسا بوو، بۆ یەکەمجار و بە هەوڵی ئەو و هاوکاریی چەند قوتابی و خوێندکاری دیکەی کورد "کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا"یان دامەزراند. بەڵام بەهۆی گوشاری دەوڵەتی حەمەڕەزا شا بۆ سەر حکومەتی فەڕەنسا، قاسملوو پاریسی بەجێ هێشت و ساڵی ١٩٤٩ وەک یەکەم بوورسیەی ئێرانیی یەکێتیی نێونەتەوەییی خوێندکاران، چووە پڕاگی پایتەختی چیکۆسلۆڤاکیا و لەوێ درێژەی بە خوێندن دا.
قاسملوو لە ساڵی ١٩٥١ی زاینییەوە زۆر جار وەک نوێنەری خوێندکارانی ئێران بەشداریی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی خوێندکارانی جیهانیدا کردووە و هەروەها لە کۆنفڕانسی فیدڕاسیۆنی جیهانیی لاوانیشدا کە لە بوداپێست بەڕێوە چوو، نوێنەرایەتیی خوێندکارانی ئێرانی دەکرد.
قاسملوو دوای وەرگرتنی بڕوانامەی لیسانسی زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەڕایەوە ئێران و خەباتی سیاسیی بەکردەوەی خۆی دەست پێ کرد. لەو سەردەمەدا لەنێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی توودەی ئێران هاوکاریی سیاسی و تەشکیلاتی هەبوو و قاسملووش وەک ئەندامی حیزب لە چالاکییە سیاسییەکانی حیزبدا بەشدار بووە و لە تاران نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی دەکرد.
پاش کودەتای ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی بەرامبەر (١٩٥٣)زایینی و گوشار بۆ سەر هێزە چەپەکان، ناچار گەڕایەوە بۆ مهاباد و لە ژیانێکی پڕ لە نهێنی و دوور لە چاوی ناوەندە هەواڵگرییەکانی حەمەڕەزاشا، خەباتی ژێرزەمینیی خۆی درێژە پێدەدات و هەروەها بەرپرسایەتیی دەرکردنی ڕۆژنامەی "کوردستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی دەگرێتە ئەستۆ.
قاسملوو ساڵی ١٩٥٥ گەڕایەوە چێکۆسلۆڤاکیا و لە زانکۆی پڕاگ درێژەی بە خوێندنی ئاکادێمیک دا. ساڵی ١٩٥٧ دیسان بۆ تێکۆشانی نهێنی گەڕایەوە ئێران، بەڵام ئەمجارە دەستبەسەر کرا و دوای ڕزگاربوونی لە دەست هێزەکانی حکوومەت گەڕایەوە پڕاگ. ساڵی ١٩٥٨ پاش شۆڕشی ئەیلوول و بووژانەوەی بزووتنەوەی کوردی دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و هەوڵی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دەدات. بەڵام لەسۆنگەی ململانێ نێوخۆییەکانەوە ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن دەوڵەتی عێڕاقەوە لەو وڵاتە دەرکرا و بۆ جاری چوارەم گەڕایەوە پڕاگ و لە خوێندنی زانکۆ بەردەوام بوو هەتا بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی ئابووریی سیاسییدا وەرگرت.
"کوردستان و کورد" کە دکتۆرامەکەی دکتۆر قاسملوو بوو، ئێستاش یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و سەرەکیترین سەرچاوە زانستییەکانی ناسینی پرسی کورد و جوگرافیای سروشتی و سیاسیی کوردستان.
د. قاسملوو پاش وەرگرتنی دکتۆرا، وەک مامۆستای زانکۆی پڕاگ خەریکی گوتنەوەی وانەکانی ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و تیۆریی گەشەی ئابووری بوو.
ئەو سەردەم و قۆناغە لە ژیانی د. قاسملوودا سەردەمێکی زێڕینە بۆ ئەزموونی زانستی و پێوەندییە سیاسیەکانی ئەو. لەو سەردەمەدایە وەک یەکێک لە یەکەم کەسایەتییە سیاسییە چەپەکانی جیهان، لە تیۆرییەکانی مارکسیستی ورد دەبێتەوە و بڕوای پێداچوونەوە بەو سیستەمە فکری و سیاسی و ئابوورییەی تێدا پتەو دەبێ. هاوکات لەگەڵ ئەوە کە فەیلەسووفانی وەک بێرنێشتاین کە لە تیۆرییە سیاسییەکاندا بە مارکسیستە ڕێفۆرمخوازەکان ناویان هەیە، دەست بە پێداچوونەوە بەو سیستەمە فکری و سیاسییە دەکەن، د. قاسملووش لە داوێنی شاخە سەرکەشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە نووسینی "کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم" وێڕای ڕەخنە لە سۆسیالیزمی ئارایی، سنووربەندی لەگەڵ ئەو جۆرە لە سۆسیالیزمە دەکا و ئەو خوێندنەوەیە وەک ئامانجی دواڕۆژی حیزبەکەی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەچەسپێنێت.
دوو دەیە لە قۆناغی هەرە زێڕینی ژیان و خەباتی د. قاسملوو
ساڵی ١٩٧٠ و پاش دهرکرانی بهیاننامهی 11ی مارس و ڕێککهوتنی ڕێبهرانی بزووتنەوەی سیاسی لە باشووری کوردستان لهگهڵ دهوڵهتی ئهو وڵاته کە دهرهتانی چالاکیی سیاسی له کوردستان و ئێران رووی له زیاد بوون کرد، د. قاسملوو بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەڕایەوە باشووری کوردستان.
د. قاسملوو لە کۆنفڕانسی سێیەمی حیزبی دێموکراتدا وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی و پاشان وەک سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا و لە دوو دەیەی کۆتایی ژیانی سیاسیی خۆیدا و لە هەموو کۆنگرەکانی حیزبدا، هەتا کاتی تیرۆرکرانی بە زۆربەی دەنگ وەک سکرتێری حیزبەکەی هەڵبژێردرا.
تایبەتمەندییەکی گرینگی د. قاسملوو لەوەدا بوو ئەو هاوکات لەگەڵ ئەوەی توانیبووی بە پشتبەستن بە توانا سیاسی و هزرییەکانی، خۆی وەک کەسایەتیی سیاسیی پلە یەک لە ئاستی جیهانیدا بسەلمێنێ، هەوڵ بۆ بەنێونەتەوەییکردنی پرسی کوردیش بدات. هەر بۆیە لە زۆریەک لەو کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییانەی ئەوڕوپادا کە بۆ پرس و ڕاوێژ بانگهێشت دەکرا، پرسی کوردی وەک پرسی سیاسی و مرۆییی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت دەهێنایە بەر باس و هەوڵی ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانیی کەسایەتی و ناوەندە سیاسییەکانی بۆ لای پرسی کورد دەدا.
هەوڵە سیاسییەکانی د. قاسملوو لە ناساندنی خەباتی ڕەوای گەلی کورد و بۆ وێنە شکۆی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە هۆی ئەوەی دەرگای ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیستی بە ڕوودا بکرێتەوە و لە تریبوونی ئەو دووهەم ڕێکخراوە گەورە جیهانییەوە دەنگی خەبات و بزووتنەوەی سیاسیی کورد بگەیەنێتە هەموو کەلێن و قوژبنەکانی جیهان. هەر بەدوای ئەو هەوڵانەشدا بوو کە حیزبەکەی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک یەکەم حیزبی کوردی بووە ئەندامی ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە.
د. قاسملوو لەو قۆناغە لە ژیانی سیاسییدا توانی ببێتە ئەندازیاری بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد و لەگەڵ دیپڵۆماتە گەورەکانی جیهان، بۆ وێنە دانیەل میتران و فڕانسوا میترانی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و ئەحمەد بێن بێللای سەرکۆماری ئەلجەزایر و زۆر کەسایەتیی سیاسیی دیکە پەیوەندیی زۆر نزیک دابمەزرێنیت و پرسی کورد لە پرسێکی ناوچەییەوە بکاتە پرسێکی جیهانی.
کەسایەتیی سیاسیی د. قاسملوو کاتێک زیاتر دەردەکەوێ کە لە زمان سیاسەتمەدار و بیرمەندانی غەیرە کوردەوە دەیبیستین. دکتۆر فریدریک تێسۆ، کۆنسوولی پێشووی فەڕانسە لە هەرێمی کوردستان لەبارەی د. قاسملووەوە دەڵێ: هەموو ئەو ماوەیەی من هاوکاریی شۆڕشی کوردستانم کردووە بەبۆنەی کەسایەتیی قاسملووەوە بووە. قاسملوو یەکەم مامۆستای من بوو و قەت نەبووە من شتی لێ فێر نەبم. ئەو بۆ منی فەڕانسەوی سەرچاوەیەکی زانستی بووە. یان پرۆفیسۆر فیلیپ پۆلانژێ دەڵێ: قاسملوو ئاکادیمیسیەنێکی ناسراو، مرۆڤێکی پڕاگماتیست، سەرۆکێکی چریک و سیاسییەکی بەئەخلاق بوو.
مەهدی خانباباتارانی کە سەرۆکی یەکێتیی خوێندکارانی چەپی ئەوڕووپا بوو، لە کتێبی "بزووتنەوەی چەپ لە ئێراندا" دەڵێ: "لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا، هیچ کەسایەتییەک نەبوو، هەموو هێزە سیاسی و لایەنە چەپەکان لە سەری هاودەنگ بن، کە وەک سەرکۆمار هەڵیبژێرن. تەنیا یەک کەسایەتی هەبوو کە هەمووان پێیان وابوو شایانی ڕێبەرایەتیی ئێرانە، ئەویش دکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو بوو. بەڵام چونکە کورد و سوننی بوو، پاشگەز بووینەوە. سیاسییەکانی ئێران گوتیان: "چۆن ڕێبەرایەتی ئێران بە کوردێکی سوننی بسپێرین."
بەداخەوە ئەو ڕێبەرە بەوەجەی کورد و ئەو دیپڵۆماتە لێهاتووەی کێشەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کردە بابەتێکی جێگای سەرنجی سیاسییەکانی ڕۆژئاوا، ڕۆژی ١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩ی زایینی و لەتەمەنی ٥٩ ساڵیدا لە لایەن دیپڵۆمات - تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسەر مێزی وتووێژ لە شاری ڤییەنی پایتەختی نەمسا تیرۆر کرا. گۆڕستانی پێڕلاشیزی پاریس تەرمی پیرۆزی ئەوی لە ئامێز گرت، بەڵام خەونەکانی بوونە خولیای دەیان ملیۆن کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، وەک چۆن لە شۆڕشی ژینادا هیچ خۆپێشاندان و کۆڕوکۆبوونەوەیەک و هیچ دیوار و تابلۆیەک نەبوو تێیدا نەگوترێ و نەنووسرێ: "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە.