ئەنفال، زامێک کە قەت لەبیر ناچێتەوە

 

کورد سەدان ساڵە لەلایەن دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانەوە دەکوژرێت و جینۆساید دەکرێت. یەکێک لە گەورەترین و دڕندانەترینی ئەو جینۆسایدانە، "ئەنفال"ە کە لەلایەن ڕێژیم بەعسی عێراقەوە دژی کوردانی باشووری کوردستان بەڕێوە چوو و زۆرتر لە ٣ هەزار گوندی کوردستان کاول کران و زۆرتر لە ١٨٢ هەزار کوردی سڤیل لەلایەن هێزەکان و سوپای عێراقەوە جینۆساید کران.

لە مانگی مارسی ١٩٨٨ی زایینی، ڕێژیمی بەعسی عێراق لە سەرتاسەری باشووری کوردستان‌، زنجیرە ئۆپراسیۆنێکی زەوینی و ئاسمانیی بە ناوی "ئەنفال" دەست پێ کرد. لە ئۆپراسیۆنی ئەنفالدا، سوپای عێراق بۆ کاولکردن، ئاگردان و تاڵانکردنی ناوچە کوردییەکان و دەسبەسەرکردن، کوشتن و جینۆسایدی کوردەکان، دەسەڵاتی تایبەتیان هەبوو. عەلی حەسەن ئەلمەجید (عەلی کیمیایی)، ئامۆزا متمانەپێکراوەکەی سەدام حوسێن، سەرپەرستیی ئەو جینایەتە گەورەیەی دەکرد.

ئامانجی سەرەکیی ئەم پەلامارانەش، خەڵکی سڤیل و بێتاوانی گوندەکانی کوردستان بوو و سوپای عێراق لە کاولکردنی کوردستان، بە یەک چاو سەیری چەکدار و خەڵکی سڤیلیان دەکرد. "عەدنان خەیروڵڵا"، وەزیری بەرگریی ئەوکاتی عێراق، بەم شێوەیە پاساوی بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان دەهێنایەوە: "ئێمە ناتوانین یاخی و سڤیل لێک جیا بکەینەوە، چونکە هەموویان جلی کوردییان لەبەردایە...".

سەرکردەکانی حیزبی بەعس، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕاوەستانێک کە لە بەرەکانی شەڕ لەو ساڵانەدا و بەهۆی لاوازیی ئێران دروست ببوو، پلانی جینایەتکارانەی خۆیان بە ناوی ئەنفال (کە دەبا لە هەشت قۆناغدا کۆتایی پێ هاتبا) بردە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. بەپێی ئەم پلانە کە ناوەکەیان لە سوورەی هەشتەمی قورئان وەرگرتبوو، دەبا لە ڕەوتی هەشت قۆناغ ئۆپراسیۆنی کاولکارانە، دانیشتووانی بەشێکی بەرفراوان لە باشووری کوردستان لە مەڵبەندی خۆیان وەدەر نرێن و بۆ بیاوانەکانی باشووری عێراق دوور بخرێنەوە تاکوو وردەوردە لەوێ لەنێو بچن، هەڵبەت ئەگەر کۆمەڵێک لەوان ویستیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵبێن، زۆر ڕێگرییان لێ نەکەن.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە پشتڕاست کراونەتەوە، لە ڕەوتی ئۆپراسیۆنی حەوت مانگەی ئەنفال، لە فێڤرییە تا سێپتامبری ١٩٨٨، کە تەنیا لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە، نەینەوا و سەلاحەدین بەڕێوە چوو، زۆرتر لە ٣ هەزار گوند کاول کران و زۆرتر لە ١٨٢ هەزار کوردی سڤیل لەلایەن هێزەکان و سوپای عێراقەوە جینۆساید کران. هەروەها شارەکانی هەڵەبجە، تەوێڵە، خورماڵ، سەی‌سایەق و پێنجوێن و... کاول کران و چۆڵ کران.

ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمی ئەوکاتی عێراق لە ئۆپراسیۆنی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨دا، نیشاندانی هێزی حکوومەت بەوان نەبوو، بەڵکوو ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە عێراقەوە دەچووە دەرەوە، باسی لەوە دەکرد کە دەوڵەتی عێراق لە چەکی کیمیایی بۆ کوشتاری بەرفراوانی خەڵکی سڤیل کەڵکی وەرگرتووە.

یەکەمین هەولی ڕێژیمی بەعس، ڕێکەوتی ٢٣ی فێڤرییەی ١٩٨٨ دژی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی دووکان، نزیک سنووری ئێران و باکووری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ کرا. نزیکەی مانگێک دواتر، ڕێکەوتی ١٦ی مارسی ١٩٨٨، شاری هەڵەبجە شاهیدی کەڵکوەرگرتنی بەرفراوانی سوپای عێراق لە چەکە نوێیەکەی بوو. هەڵەبجە وەکوو زۆرێک لە شارەکانی باشووری کوردستان، لە کۆتاییەکانی ١٩٧٠ تا ١٩٨٠، بەهۆی کۆچی گوندنشینەکان و ئاوارەکان، گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو. سەرەتا سوپای عێراق بە کەڵکوەرگرتنی بەرفراوان لە چەکە وێرانکەرە ئاگردەرەکان، پەلاماری سەر هەڵەبجەی دا. پاشان بە چەکی کیمیایی پەلاماری ئەو شارەی دا کە ٦ هەتا ٨ هەزار حەشیمەتی هەبوو کە مەزەندە دەکرێت لەو پەلامارەدا ٤ هەتا ٧ هەزار کەس شەهید کرابێت.

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ (HRW)، باسی لەوە کردووە کە لە ئەنفالدا ٥٠ هەتا ١٠٠ هەزار کەس کوژرابێتن، بەڵام "مەک دواڵ" باسی لەوە کردووە کە ١٠٠ هەتا ٢٠٠ هەزار کەس کوژراون.

بەختیار عەلی، نووسەر و ڕۆماننووسی گەورەی کورد، سەبارەت بە ئەنفال لە کتێبی "چێژی مەرگدۆستی"، دەڵێت:

بۆ تێگەیشتن لە ئەنفال، تەنیا یەک ڕێگامان لەپێشدەمدایە، ئەویش ڕێگای تێگەیشتنە لە "بەعس". بەبێ ناسینی بەعس ناتوانین ئەنفال بەکۆی دیاردە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی دیکەوە گرێ بدەینەوە. ئەنفال هەر سەرچاوەیەکی هەبێت، هەر ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی یان ئایدۆلۆژیی هەبێت، پێشتر ئەو هۆکارانە بە هەناوی بەعسیزمدا ڕابوردوون و لەنێوەندی ئەو هەناوەدا شێوەیەکی نوێ و مۆرکێکی تازەیان وەرگرتووە و بوونەتە بەشێک لە کولتووری بەعس. بۆیە گەر بشمانەوێت لەسەرچاوە دوور و دێرینەکانی ئەنفال تێبگەین، پێشوەخت دەبێ لە کارکردنی بەعس و شێوەی مامەڵەکردنی بەعس لەگەڵ ئەو سەرچاوانەدا تێبگەین، چونکە بەعسیزم دیاردەیەکە، سروشت و مۆرکی هەموو ئەو دیاردانەی تر دەگۆڕێت کە بەنێویدا گوزەر دەکەن.

هەروەها ڕەفیق سابیر، شاعیری کورد سەبارەت بە "ئەنفاڵ" وتوویەتی:

ڕاویان دەناین

تەنانەت فریای مردنیش نەدەکەوتین...

KURDŞOP
547 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!