شوێنەواری مێژوویی قەڵای شێروانە لە شاری کەلار

هانی موڕتەزا

 

قەڵای شێروانە بە یەکێک لەو شوێنەوارە مێژووییە گرنگانەی کوردستان دادەنرێت کە دەکەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی شاری کەلار، لە ناوچەی گەرمیانی باشووری کوردستان.

سەرەڕای بوونی چەند بیروبۆچونێکی جیاواز لەسەر مێژووی قەڵاکە، ئەوەی ئێستا بە فەرمی باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە کە لە ساڵی 1866 بە بڕیاری "محمەد پاشای جاف" دروست کراوە و وەک باس دەکرێت لەو سەردەمەدا ماوەی 8 ساڵی خایاندووە تاکوو قەڵاکە بەتەواوی بنیاد نراوە و لە ساڵی 1874دا کارەکانی دروستکردنی ئەم بینایە کۆتایییان پێ هاتووە.

قەڵای شێروانە لە ناوچەی زەنگابات و ناوچەی قەوبەی برایم بەگ، پێشکەش بە ئەمیر شێروان کوڕی مەنسور کراوە. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بەشێک لەو گردەی قەڵای شێروانەی لەسەر ڕۆنراوە، لە سەردەمی ساسانییەکاندا دروست کراوە و بە پێی سەردەم گۆرانکاریی بەسەردا هاتووە، دواتر لەسەر بڕیاری محمد پاشای جاف، بەشێکی دیکەی گردەکە کە شوێنی ئێستای قەڵاکەیە بنیاد نراوە.

 "محەممەد پاشای جاف" کە سەرۆک هۆزی گەورەی جاف بوو، هەروەها لەلایەن والی بەغداوە پۆستی پاشایەتیی پێ بەخشرابوو، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هۆزەکەی و سەرپەرشتیکردنی سنووری ژێر دەسەڵاتی کە هەر لە شارەبان تاوەکوو جوانڕۆ بوو، ئەم قەڵایەی لەسەر ئەم تەپۆڵکەیە لە شاری کەلار بنیاد نا.

قەڵاکە لە دوو نهۆمی بینا و نهۆمی سێیەم کە بە کڵاو فەرەنگی ناسراوە پێکهاتووە. دروستکردنی قەڵاکە لەو سەردەمەدا بۆ دوو مەبەست بووە:

مەبەستی سیاسی، بۆ چاودێریی دەڤەرەکە و هەروەها ئاگاداربوون لە نزیک بوونەوەی خەڵک و کەسی بێگانە لە دەڤەرەکەدا.

 ٢- بە مەبەستی حەوانەوەی محەممەدپاشا و خێزان و میوانەکانی

قەڵای شێروانە لە رووی هەڵکەوتەی جوگرافیایی، لایەنی سیاسی و ستراتیژییەوە لە سەردەمی دروست کردنیدا گرنگ بووە چونکە بەسەر تەواوی ناوچەکەدا ڕوانیویەتی و لەوێوە چاودێریی ناوچەکە کراوە. ئێستا قەڵای شێروانە وەک شوێنەوارێکی مێژوویی بۆ شارۆچکەی کەلار و گەرمیان گرنگییی تایبەتی خۆی هەیە و بووەتە سیمبولێک بۆ شاری  کەلار و شوێنێکی مێژوویی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا.

شارەزایانی بواری بیناسازی لەسەر ئەو مەوادەی بیناکەی لێ ساز کراوە دەڵێن: بینا و قەڵاکە لە خشتی قوڕ دروست کراوە و دوو جۆر خشتی تێدا بەکار هاتووە، ئەوانیش جۆرێکی خشتی ئاشووری و بابلییەکانی پێ دەڵێن و جۆرەکەی تریشیان خشتی سوورکراوە یاخود برژاوی پێ دەوترێت. هەروەها بەردیشیان بەکار هێناوە و قسڵ و گەچ و داری گوێزیشی تێدا بەکارهاتووە.

ئەم قەڵایە بە هۆی بوومەلەرزە و تێپەڕینی ساڵەکانەوە چەند شوێنێکی داڕماوە و هەر بۆیە لە ساڵەکانی 1925- 1988 و 1998دا سێ جار نۆژەن کراوەتەوە و هەر ئێستاش بۆ جاری چوارەم لە ژێر نۆژەنکردنەوەدایە.

ڕووبەر :

قەڵاکە لەسەر ڕووبەری ٣٢٠ مەتری دووجا و بە شێوەیەکی چوار گۆشەیی دروست کراوە. یەک دەرگای سەرەکیی هەیە کە بە شێوازی نیوەبازنەیی و کەوانەیی لە دار دروست کراوە و دەکەوێتە بەشی باشوورەوە.

 پێکهاتەی هەر نهۆمێکیشی بریتییە لە:

١- نهۆمی یەکەم : پێک دێت لە دوو ژوری گەورە و دوو هۆڵ و چوار ستوون بۆ ڕاگرتنی قەڵاکە، کە تاوەکوو نهۆمی سێیەم دەڕوات.

٢- نهۆمی دووەم : لە چوار ژوور و یەک هۆڵ پێک دێت.

٣- نهۆمی سێیەم : تەنها لە یەک ژوور پێک دێت کە بە شێوەی کڵاوفەڕەنگییە و دەکەوێتە ناوەڕاستی قەڵاکە.

پەنجەرەکانی هەر نهۆمێکیش بە شێوازی کەوانەیە و لە داری گوێز دروست کراون.

بەهۆی کۆن بوونی قەڵاکە  وەک شوێنەوارێکی مێژوویی، ساڵانە قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان سەردانی ئەم شوێنە دەکەن. ئەمە سەرەڕای سەردانی کردنی سەردان گەشتیار کە بۆ دیتنی ئەم قەڵایە ڕوو لە شاری کەلار دەکەن. لە پلانیشدا هەیە لە داهاتوودا لەلایەن شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بە مەبەستی جوانکردنەوەی قەڵاکە و سوود وەرگرتنی خەڵک لە کاتی گەشتوگوزار و سەردان کردنی ناوچەکە، دەورووبەری قەڵاکە بکرێت بە پارک و سەوزایی.

 

 

 

KURDŞOP
593 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!