میرانی کوردی دۆنبۆلی لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایانی هەوشار و پاشایانی زەنددا

 

 

پاش کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی سەفەوییە لە زنجیرە پاشایەتییەکانی ئێران دا تورکەمەنە ئەفشارەکان کە خۆیان لە تیرەی قزڵباشەکان و یاریدەدەرانی دەسەڵاتی سەفەوی بوون، دێنە سەر کار و «نادر قولی ئەفشار» دەبێتە یەکەم دامەزرێنەری دەسەڵاتی «ئەفشار» یان بە ڕاوێژی کوردی «هەوشار» ، کە لە وڵاتی خۆراسانەوە ڕادەسێ و وەچەکانی سەفەوی مەفح دەکاتەوە.

 نادر شا پاش ساغ کردنەوەی پازێلی ویلایەتە لە دەس چووکانی ئێرانی سەردەمی سەفەوی، کە یان کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی لە ڕۆژاوا و یان دەسەڵاتی «گەوریکانی» وڵاتی هێند، دەبێتە شای ئیران و بۆ ماوەی سی ساڵ هەوشارەکان دەسەڵاتداریی ئێران بە دەستەوە دەگرن و پاشان «کەریم خانی زەند» دەسەڵاتی هەوشارەکان لە مێژوودا بزر دەکا و پاش هەندێ تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەوانەی ئیددیيعای سەروەریی ئێرانیان دەکرد، بۆی دەلوێ دەسەڵاتی خۆی بێچم ببەخشێ و زەندەکانیش بۆ ماوەی سی ساڵ دەبنە خاوەن حوکمات و دەسەڵاتی ئێران.

 بەڵام دۆنبۆلییەکان لە ماوەی ئەو نزیک شەست ساڵەدا، ناوی سیاسییان لە جاران بەرزتر دەبێتەوە و زۆر بە پوختی گەشە دەکەن. دەسەڵاتی دۆنبۆلییەکان لەو ماوەیە دا زۆر لە جاران پتەوتر و ڕێک و پیکتر بووە و دەکرێ بوترێ وەک نیوە پاشایەتییەک لە جوغرافیای ژێر دەستی خۆیاندا نێودار بوون و ناسێنراون، هەڵبەت بە هۆی دەسەڵاتیانەوە لە سەراسەری ئێرانیشدا وەک هێزێکی بەتوانا و کاریگەر حیسابیان بۆ کراوە.

نادرشای هەوشار، پاش سڕینەوەی ئاسەواری دەسەڵاتی عوسمانی لە ئازەربایجان، سەر لەنوێ «موڕتەزا قولی خانی دۆنبۆلی» کوڕی شابازخانی گۆرین کە باسمان کرد، وەک دەسەڵاتداری ناوچەی میراتی خۆی هەڵدەبژێرێ و شکۆی میراتی خۆی پێ دەبەخشێتەوە. تەنانەت "موڕتەزا قولی بەیگ" لە جێژنی تاج لەسەردانانی نادر شادا، لە ساڵی ١١٤٨ی کۆچی مانگی، بەرامبەر بە ١٧٣٥ی زایینی،  بەشداری دەکات و لەشەڕی قەوقاز فەرماندەی بەشێکی دیار لە لەشکری نادرشای هەوشار بووە.

سنووری دەسەڵاتی نادرشای ئەفشار

 بە وتەی «کازم مەروی» مێژوونووسی دیوەخانی نادرشا، موڕتەزا قولی بەیگ، لە ڕیزی گەورەمیر و خانە مەزنەکانی دەزگای دەسەڵاتی هەوشاردا بووە ؛ بەڵام ئەو پەیوەندییە هێندە پتەو نامێنێ، ئەویش هۆکارەکەی ئەوە بوو کە نادرشا داوای ماڵیات و باجێکی زۆر لە دەسەڵاتی دۆنبۆلی دەکا و موڕتەزا قولی بەیگیش لێی هەڵدەگەڕێتەوە و نامە بۆ دەسەڵاتی عوسمانی دەنێرێ و خەڵکی ناوچەی دۆنبۆلی شۆڕشێکی نوێ دژی نادر شا ڕێک دەخەن.

هەرچەندە موڕتەزا قولی بەیگ حەول دەدا لەگەڵ لەشکری هەناردەی دەسەڵاتی هەوشار دەستەویەخە نەبێ، بەڵام سەرەڕای پشتیوانیی عوسمانی لەشەڕ دا دەکووژرێ، هەرچەند مێژوونووسی بە ڕەچەڵەک دۆنبۆلی کە پێشتر باسمان کرد، عەبدولرەزاق بەیگ، ڕای وایە کە باپیرە گەورەی، یانی موڕتەزا قولی بەیگ، لەسەر ئەمری نادر دەچێتە خۆراسان و لەوێ نادر بە پێی یاسای تاکە کەسیی خۆی حوکم بە کوشتنی دەدا. ئەگەرچی ڕای عەبدولرەزاق بەیگیش لە گەڵ خۆوخدەی توندی نادر دەیخوێنێتەوە و ناکۆک نیە؛ بەڵام بەهەرحاڵ موڕتەزا قولی بەیگ لە ئاکامی شۆڕشی دۆنبۆلیەکاندا دەکووژرێ و نادرشاش ئینجا لە کردەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە و سەرلەنوێ شاباز خانی دۆنبۆلی، باپیری عەبدولرەزاقی مێژوونووس وەک خاوەن دەسەڵاتی ناوچەی دۆنبۆلی هەڵدەبژێرێتەوە.

شابازخان هاوڕێی دەسەڵاتی هەوشار دەمێنێتەوە و پاش نادریش یاریدەی "برایم خان"ی برازای نادرشا کە لە جێی مامی دانیشتبوو، دەدات. بەڵام پاش ئاڵۆزییە درێژ خایەنەکەی کە پاش مەرگی نادر لە نێوان "فەتحعەلی خان"ی هەوشار، "ئازاد خانی ئەفغان"، "کەریم خانی زەند" و "حەمەحەسەن خانی قەجەر" لەسەر دەسەڵاتداریی ئێران ڕوودەدا، شابازخان لە گەڵ ئازادخان و جاری واشە حەمەحەسەن خانی قەجەر دەکەوێ کە هەرتک ئەوانە لە هەمبەر کەریم خاندا لایەنی دۆڕاوی کایەی سیاسی و شەڕ بوون و لە کۆتاییدا کەریمخان لایەنی براوە بوو.

کەریم خان بۆ وست کردنی خوازیارانی دەسەڵات پیشەی وابوو کە کەسێکی گرینگی بنەماڵەی ئەو خوازیارانەی بە بارمتە دەگرت ، وەک چۆن ئاغا محەممەدخانی لە قەجەر و شابازخانی لە دۆنبۆلی بەبارمتە گرت و بردنی بۆ شیرازی پێتەختی ئەوکاتی خۆی.

هەڵبەت بە گوێرەی هەندێ سەرچاوە، نەوەک هەر شابازخان بەڵکوو دوو کەسی گەورەی دیکەش لە خانەدانی دۆنبۆلی بە بارمتە دەگیرێن.

سنووری دەسەڵاتی کەریمخانی زەند

لەلایەکی دیکەوە کەریم خان دەسەڵاتی خۆی و ئازەربایجان دەداتەوە بە نەجەفقولی بەیگ کە کەسێکی بە ئەزموون بووە و هەر لە زەمانی نادرشاوە کاربەدەست و لێوەشاوە بووە و بە گوێرەی مێژوو بۆ ماوەی چل ساڵان دەسەڵاتداری ناوچەی میراتی بووە. پاش ئەویش نۆبەی دەسەڵاتداریی خاندانی دۆنبۆلی دەگاتە ئەحمەدخانی دۆنبۆلی کە ناودارترین دەسەڵاتداری زنجیرەی میرانی دۆنبۆلیە و تا ئێستاش ناوی لە مێژووی وڵاتی خۆی و یادەوەریی خەڵکی ناوچە دا پارێزراوە.

ئەحمەدخان زیاتر لە پەنجاساڵ دەسەڵاتداری ناوچە دەبێ و لە ململانێی کێشەی لوتفعەلی خانی زەند و ئاغامحەممەدخانی قەجەر کە پاش مەرگی کەریمخان بۆ پاوان کردنی عینوانی پاشایەتی بۆخۆیان دەکەونە شەڕەوە، دەسەڵاتی ئەحمەدخان پتەوتر لە هەمیشە بەردەوامە.

KURDŞOP
766 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!